عومەر كروی، وەكو سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای دیالە دەستبەكاربووەوە دوای چەند رۆژێك لە دورخستنەوەی، ئەوەش بەبڕیاری دادگای ئیداری تا سكاڵاكەی یەكلاییدەكرێتەوە.
دەستبەكاربوونەوەی كروی، دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ یەكشەممە 3ـی تشرینی دوەم بوو، بەپێی گرتەیەكی ڤیدیۆیی، لەگەڵ ژمارەیەك چەكدار دەچێتەوە ناو ئەنجومەن و تا ژورەكەی خۆی یاوەری دەكەن. ئەوەش هاوكات بوو لەگەڵ سوێندخواردنی كەسێكی تر لە هەمان پۆستدا.
بڕیارەكەی دادگای ئیداری، ئەمڕۆ دەرچووە بۆ راگرتنی رێكار و گۆڕانكارییەكانی ئەنجومەنی پارێزگا تا یەكلاییكردنەوەی دۆسیەكە لە دادگا. بەبێ ئەوەی وادەی دادبینی دۆسیەكە روون بێت.
عومەر لە یەكەم فەرمانیدا دوای دەستبەكاربوونەوەی، بڕیاریداوە بە گرتنی هەموو ئەو رێكارە ئیداری و یاساییانەی لە دوای 29ـی تشرینی یەكەمەوە ئەمساڵ دەرچوون.
ئەنجومەنی پارێزگا، 29ـی تشرینی یەكەم لە دانیشتنێكدا دەنگیاندا بە لابردنی عومەر كروی، لە پۆستی سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگا و كردنەوەی دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ پۆستەكە. ئەوەش بە ئامادەبونی 9 ئەندام لە كۆی 15 ئەندام، بەڵام دواتر عومەر كروی، دورخستنەوەی بە "نایاسایی و نارەسمی" ناوبرد.
هەر ئەمڕۆ پێشنیوەڕۆ، پێش دەرچوونی بڕیاری دادگای ئیداری، نزار لێهبی لەبەردەم دەسەڵاتی دادوەری پارێزگاكەیدا، وەكو سەرۆكی نوێی ئەنجومەنی پارێزگای دیالە سوێنی یاسایی دەستبەكاربوونی خوارد و لە راگەیەندراوێكی كورتیشدا بڵاویكردەوە، ئەنجومەن رۆڵی راستەقینەی خۆی دەبینێت وەكو دەسەڵاتی یاسادانان و چاودێری لە داهاتوودا.
لهێبی شەوی 31ـی تشرینی یەكەمی 2024، لە دانیشتنێكی ئەنجومەنی پارێزگا بە ئامادەبوونی 10 ئەندام لە كۆی 15 ئەندام، بۆ پۆستی سەرۆكی ئەنجومەن هەڵبژێردرا.
لهێبی لەسەر لیستی تەقەدوم بۆتە ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگا، پێشتر یەكێك بوو لە ناڕازییەكان و چەند جارێك بایكۆتی دانیشتنەكانی ئەنجومەنی كردووە، یەكێك لەوانە بایكۆتی دانیشتنی ئەنجومەن بوو لە بەغدا بۆ پێكھێنانی حكومەتی خۆجێی و یەكلاییكردنەوەی پۆستەكانی سەرۆكی ئەنجومەن و پارێزگار، تا دواتر گەڕایەوە و بوو بە سەرۆكی لیژنەی پلاندانان، بەرلەوەی ببێتە سەرۆكی ئەنجومەن.
هەروەها كروی، كە لە لیستی سیادە (بە سەركردایەتی خەمیس خەنجەر، یەكێك لە سەركردەكانی سوننە)ـیە، لە كاردانەوەی بڕیارەكەدا، دۆسیەكەی خۆی بەستەوە بە ناكۆكی سیاسی لایەنەكانی دیكە لەگەڵ خەمیس خەنجەر. وەك ئاماژەیەك بۆ ململانێی سیاسی نێوان خەنجەر و حەلبوسی لەسەر چەند پرسێك، بە تایبەت پۆستی سەرۆكی پەرلەمان لەیەك ساڵی رابردوودا، كە دواتر لە بەرژەوەندی حەلبوسی یەكلابۆوە.
یەكەم دانیشتنی ئەنجومەن دوای هەڵبژاردن لە 5ـی شوبات بەڕێوەچوو، بەهۆی ناكۆكی و ململانێی نێوان كوتلە جیاوازەكانەوە، بەكراوەیی مایەوە تا 1ـی ئاب، لە هۆتێل رەشید-ـی بەغدای پایتەخت، پرۆسەی هەڵبژاردن بۆ پۆستەكانی سەرۆكی ئەنجومەن و جێگرەكەی، پارێزگار و دوو جێگرەكەی بەڕێوەچوو، ئەوەش قۆناغێكی دیكە لە بایكۆتی بەدوای خۆیدا هێنا و لە مانگی ئەیلول، ناڕازییەكانیش بۆ ئەنجومەن گەڕانەوە، بەڵام دانیشتنی هەڵبژاردنی سەرۆكی یەكە ئیدارییەكان و دوایینیشیان بۆ لابردنی سەرۆكی ئەنجومەن، ناكۆكییەكانی ئەو دامەزراوەیەی زیندوكردەوە.
*ئەم بابەتە لە چوارچێوەی پڕۆژەی "بودجە مافتە" بەرهەمهێنراوە كە لە لایەن پەیمانگەی دیموكراسی نیشتیمانی (NDI) كۆمەكی دارایی دەكرێت.