ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، نەیتوانی هەڵبژاردنی لۆگۆی نوێی پارێزگاكە یەكلاییبكاتەوە بەهۆی ناڕەزایی كریستیان و داواكاری ژمارەیەك لە هونەرمەندان، بەڵام تاوتوێی كێشەكانی هەردوو كەرتی پەروەردە و تەندروستی كرد.
ئەمڕۆ سێشەممە 12ـی تشرینی دوەمی 2024، ئەنجومەنی پارێزگا كۆبۆوە و بڕیاربوو دەنگبدات بۆ هەڵبژاردنی لۆگۆی نوێی ئیدارەی كەركوك، كە چەند دیزانێكی جیاواز ئامادەكرابوو، بەڵام نوێنەری كریستیان لەبەر نەبونی زمانی سریانی لەسەر لۆگۆكە تێبینی هەبوو.
محەمەد حافز، سەرۆكی ئەنجومەن لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا كە (كەركوك ناو) ئامادەی بوو، وتی جگە لە ناڕەزایی نوێنەری كریستیان، دەیان داواكارییان لە هونەرمەندان و وێنەكێشانەوە بەدەست گەیشتووە، تا نمونەی كارەكانیان بۆ لۆگۆی نوێ پێشكەشبكەن، بۆیە دەرفەت دەڕەخسێنن بۆ ئەوەی هەموان جێپەنجەیان لە دانانی لۆگۆكەدا هەبێت.
بەپێی راگەیاندراوی كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆی ئەنجومەن، بڕیارە لە كۆبوونەوەی داهاتووی ئەنجومەندا، كە وادەكەی دیارینەكراوە، لۆگۆی نوێی پارێزگاكە یەكلاییبكرێتەوە.
بەپێی یاسای پارێزگا رێكنەخراوەكان لە هەرێمێكدا، هەڵبژاردن و یەكلاییكردنەوەی لۆگۆ و دروشمی پارێزگا لە دەسەڵاتی ئەنجومەندایە كە رەنگدانەوەی مێژوو و كلتوری پارێزگاكە بێت.
بەشێكی دیكەی بەرنامەی كاری ئەنجومەن، بۆ میوانداری مەنسور سەلوم، بەڕێوەبەری پەروەردە و ئەرجان محەمەد، بەڕێوەبەری تەندروستی كەركوك، دەربارەی بەربەست و كێشەكانی بەردەم دامەزراوەكانی هەردوو كەرتەكە.
بەڕێوەبەری پەروەردە دوای میواندارییەكەی ئەنجومەن لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ئاشكرایكرد، رێككەوتوون لەسەر كردنەوەی دەرگای دامەزراندن بۆ چوار پسپۆڕی كە ئەوانیش بیركاری، كیمیا، فیزیا و ئینگلیزییە، بە دیاریكراوی بۆ ئەو شوێنانەی كەمی پسپۆڕییەكانیان هەیە لەوانە ناحیەكانی رەشاد و ریاز زیاد لەگەڵ ناوەندی دوبز و حەویجە.
ئاماژەی بەوەشدا رێككەوتوون دامەزراندن یان یەكلاییكردنەوەی ئەو دۆسیەیە لەسەر بنەمای هەژماركردنی ناوچەی جوگرافی بێت و بڕیاریشدراوە لە ئێستا هەموو جۆرێك گواستنەوەی میلاكات رابیگرێت، "كەركوك شایستەی ئاستێكی زانستی باشترە لەوەی ئێستا هەیە، ئێمە لە ساڵی 2024ـداین، دەبوو پشت بە خوێندن و خوێندنگەی ئەلیكترۆنی و پۆلی ئەلیكترۆنی ببەستین، بەڵام هێشتا ئێمە بەدەست نەبوونی باڵەخانە و پسپۆڕییە زانستییەكانەوە دەناڵێنین".
"پەروەردەی كەركوك ساڵێكە هیچ بودجەیەكی لە وەزارەت یان پارێزگاوە پێنەدراوە، ماڵێكیش ناتوانێت ساڵێكی تەواو بەبێ هیچ پارەیەك بژی، ئیتر چۆن دامەزراوەیەكی پەروەردەیی دەتوانێت بەردەوامبێت" بەوتەی مەنسور سەلوم.
ژمارەیەك ئەندامی ئەنجومەن لە دانیشتنەكەدا بەشدارنەبون، ئەوانیش هاوپەیمانی عەرەبی، بەرەی توركمانی و پارتی، كە چاوەڕێی بڕیاری دادگای ئیداری دەكەن لەسەر ئەو سكاڵایانەی دژی سەرۆكایەتی ئێستای ئەنجومەن و پێكهێنانی حكومەتی خۆجێیی تۆماریان كردووە.
ئەوەش لە كاتێكدایە پێشتر زیاتر لە جارێك سەرۆكایەتی ئەنجومەنی پارێزگا، جەختیكردۆتەوە لەوەی ئاگاداركردنەوە دەدەن بەوانەی بایكۆتی دانیشتنەكانیان كردووە، بەوپێیەی بەپێی یاسا، هەر ئەندامێكی ئەنجومەن ئەگەر چوار دانیشتنی لەدوای یەك یاخود یەك لەسەر چواری دانیشتنەكانی ئەنجومەن لە چوار مانگدا ئامادەنەبوو بەبێ پاساوێكی ڕەوا، ئەوا بە دەستلەكاركێشاوە دادەنرێت.
ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، كە 16 ئەندامی هەیە و بوون بە دوو بەرەی دژبەیەك (9ـی پێكهێنەری حكومەت بەرانبەر بە 7ـی ناڕازی)، هێشتا زۆربەی پۆستە ئیدارییەكانی پارێزگاكەی یەكلایینەكردۆتەوە و سەرباری تێپەڕبوونی چەندین مانگ بەسەر هەڵبژاردندا، نەیتوانیووە بەهۆی ناكۆكیی و بایكۆتەوە بەشێك لە ئەركەكانی دیكەی جێبەجێبكات.
حكومەتی كەركوك چەند مانگێك لەمەوبەر بە رێككەوتنی نێوان یەكێتی، بەشێك لە عەرەب، چەند لایەنێكی توركمانی شیعەی دەرەوەی ئەنجومەنی پارێزگا و كۆتای كریستیان پێكهێنرا بە مەرجی ئاڵوگۆڕی پۆستە باڵاكان، لە نێویاندا پارێزگار و سەرۆكی ئەنجومەن، لە نێوان پێكهاتەكانی كورد و عەرەب دوو ساڵ بە دوو ساڵ.
*ئەم بابەتە لە چوارچێوەی پڕۆژەی "بودجە مافتە" بەرهەمهێنراوە كە لە لایەن پەیمانگەی دیموكراسی نیشتیمانی (NDI) كۆمەكی دارایی دەكرێت.