سێ قایمقامی نوێ بۆ كەركوك هەڵبژێردران
ئەنجومەن ئاگاداركردنەوە دەداتە بەرەی بایكۆت و توركمان ناڕازین

كەركوك/ 14ـی تشرینی یەكەمی 2024/ ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگا لە دانیشتنەكەی ئەمڕۆ بۆ دەنگدان دەستی بەرزكردۆتەوە فۆتۆ: راگەیاندنی ئەنجومەن

عومەر هیلالی – كەركوك

ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، سێ قایمقامی نوێی هەڵبژارد لە پێكهاتەی عەرەب هەڵبژارد و لیژنە هەمیشییەكانی یەكلاییكردەوە، ئەوەش لە دانیشتنێكی ئەنجومەنەكەدا هات كە لێكەوتەی پێدانی ئاگاداركردنەوە و هۆشداری بوو بە بەرەی بایكۆت.

بەیانی رۆژی دوشەممە 14ـی تشرینی یەكەمی 2024، لە كاتژمێر 9ـەوە چەندین كۆبوونەوە لە ژوری ئەندامان و سەرۆكی ئەنجومەن هەبوون، تا دواجار لە كاتژمێر 5ـی هەمان رۆژدا بە سەرۆكایەتی محەمەد حافز و ئامادەبونی نۆ كەس لە یەكێـتیی نیشتمانیی كوردستان، قیادە، عروبە و كۆتای كریستیان لە بەرانبەر بایكۆتی سێ عەرەب، دوو توركمان و دوو ئەندامەكەی پارتی، دانیشتنی ئەنجومەن بەڕێوەچوو.

لە دانیشتنی پێنجەمی ئەنجومەن كە دوو كاتژمێری خایاند و پەیامنێری (كەركوك ناو) ئامادەی بوو، جگە لە پەسەندكردنی پەیڕەوی ناوخۆ، جێگری یەكەمی پارێزگار لە پێكهاتەی توركمان هەڵبژێردرا، ئەو پۆستە بۆ یاوز حەمید بوو، كە كاندیدی ئەحمەد رەمزی، ئەندامی ئەنجومەنە لە بەرەی توركمانی و لە گروپی بایكۆت.

هەرچەندە بەر لە هەڵبژاردنی ناوبراو، بەرەی توركمانی كە بایكۆتی كۆبونەوەكەی ئەنجومەنی كردووە، لە راگەیەنراوێكدا لەپاڵ جەختكردنەوە لە بایكۆتكردنی دانیشتنەكانی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، دانانی جێگری پارێزگاری كەركوكی لە نەتەوەكەیاندا رەتكردەوە، "هەڵوێستمان بە جێگیری دەمێنێتەوە كە ئەم حكومەتە شەرعیەتی نییە و چاوەڕێی بڕیاری دادگای فیدراڵی دەكەین"، بەپێی راگەیەنراوەكەی بەرەی توركمانی.

anjuman-1
كەركوك/ 14ی تشرینی یەكەمی 2024/ كۆبونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك. فۆتۆ: كەركوك ناو

هەر لەو دانیشتنەی ئەنجومەن سێ قایمقام لە پێكهاتەی عەرەب هەڵبژێردران؛ سیراجەدین نازم عاسی عوبێدی، بۆ پۆستی قایمقامی قەزای داقوق و عادل محەمەد جەوادی، بۆ قایمقامی قەزای دوبز و سەعدون ئەحمەد قاسم، بۆ پۆستی قایمقامی قەزای حەویجە. بەڵام قایمقامی ناوەندی یەكلایینەكرایەوە چونكە كاندیدی نەبوو.

كەركوك لە چوار قەزا پێكدێت لە ئێستادا قایمقامی قەزای ناوەندی كەركوك بەوەكالەت لەلایەن توركمانەوە بەڕێوەدەچێت، كورد تاكە پێكهاتەیە كە هیچ پۆستێكی قایمقامی بەدەستەوە نییە.

محەمەد ئیبراهیم حافز، سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك دوای كۆبوونەوەكە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا وتی پۆستی قایمقامەكان دواتر و لە چوارچێوەی ئاڵوگۆڕی پۆستەكاندا بەپێی رێككەوتنی پێكهێنانی حكومەت، دەگۆڕدرێن و دەدرێن بە كورد، بە تایبەت دوبز و داقوق. هیواشی خواست بەرەی توركمان لە دادگا بتوانن مافی خۆیان وەربگرنەوە.

حكومەتی كەركوك چەند مانگێك لەمەوبەر بە رێككەوتنی نێوان یەكێتی، بەشێك لە عەرەب، چەند لایەنێكی توركمانی شیعەی دەرەوەی ئەنجومەنی پارێزگا و كۆتای كریستیان پێكهێنرا بە مەرجی ئاڵوگۆڕی پۆستە باڵاكان، لە نێویاندا پارێزگار و سەرۆكی ئەنجومەن، لە نێوان پێكهاتەكانی كورد و عەرەب دوو ساڵ بە دوو ساڵ.

ئەنجومەنی دەوڵەت -دەستەیەكی سەربەخۆیە، ئەركێكی رونكردنەوە و شیكردنەوەی دەقە یاساییەكانە-، لە وەڵامی پرسیارێكی دەستەی هەماهەنگی نێوان پارێزگاكان دەربارەی یاسای كاری پارێزگاكانی عیراق، جەختیكردەوە كە ئەنجومەنی پارێزگا دەسەڵاتی گۆڕین و دانانی قایمقام و بەڕێوەبەری ناحیەكانی هەیە، بەهۆی نەبونی ئەنجومەنی قەزاكانەوە و بەپێی یاسای كاری پارێزگاكانیش، دەستبەكاربونی سەرۆكی یەكە ئیدارییەكان دوای هەڵبژاردنیان، پێویستی بە بڕیاری پارێزگار هەیە.

هەر لەو كۆبونەوەكەی ئەمڕۆدا سەرۆك و ئەندامانی 14 لیژنەی هەمیشەیی ئەنجومەن هەڵبژێردران، ئەوەش تەنیا لەو ئەندامانەی بەشداربون و سەرۆكایەتی لیژنەكان بەمشێوەیە بوون؛ زاهیر ئەنوەر عاسی لیژنەی نەوت و وزە، پەروین فاتیح لیژنەی پەروەردە، رەعد ساڵح لیژنەی دارایی، هۆشیار هیجران لیژنەی پرۆژەكان، نەشئەت شاهوێز لیژنەی ئاسایش و بەرگری، ئەحمەد كەركوكی لیژنەی خزمەتگوزارییەكان، زاهیر ئەنوەر عاسی لیژنەی یاسایی، عەبدوڵا میروەیس لیژنەی كشتوكاڵ، ئەحمەد كەركوكی لیژنەی پەیوەندییە گشتییەكان، هۆشیار هیجران لیژنەی تەندروستی، عەبدوڵا میروەیس لیژنەی ماددەی 140، رەعد ساڵح لیژنەی هاوسەنگی و ئەنجیل زیا لیژنەی نەزاهە.

سەرۆكی ئەنجومەن بەر لە كۆبونەوەكە لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ (كەركوك ناو) جەختیكردەوە لەوەی "بانگهێشتنامە بۆ هەموو ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگا رۆیشتووە، لە نێویاندا ئەوانەی بایكۆتیان كردووە لە عەرەب، توركمان و كوردی كوتلەی پارتی دیموكراتی كوردستان، تا رۆڵی راستەقینەی خۆیان هەبێت لە ئەنجومەن وەكو بەشداربووی دەسەڵات یاخود ئۆپۆزسیۆن".

بەڵام هاوپەیمانی عەرەبی و حزبی سیادە، كە بایكۆتی ئەنجومەنیان كردووە لە بەیاننامەیەكدا هۆشدارییان دا ئەنجامدانی كۆبونەوەی ئەنجومەن بەبێ بەشداری ئەوان دەبێتە هۆی تێكدانی پێكەوەژیانی ئاشتییانەی كۆمەڵایەتی.

هەریەك لە بەرەی توركمانی و هاوپەیمانی عەرەبی، دوو سكاڵایان بە جیا لە دادگای فیدراڵی عیراق تۆماركردووە دژی دانیشتنی پێكهێنانی حكومەتی كەركوك كە لە بەغدا بەڕێوەچوو و داوای هەڵوەشاندنەوەی دەرەنجامەكانی دەكەن، بڕیارە لە 6ـی تشرینی دوەمی ئەمساڵ دادگا وردبینی لە هەردو سكاڵاكەدا بكات.

محەمەد حافز لە كۆنگرەی رۆژنامەوانی دوای كۆبوونەوەكەی ئەنجومەن كە پەیامنێری (كەركوك ناو) ئامادەی بوو، وتی ئەنجومەن ئاگاداركردنەوە دەدات بەو ئەندامانەی كە ئامادەی دانیشتنەكانی داهاتوو نابن. وەك ئاماژەیەك بۆ بەرەی بایكۆت لە عەرەب، كورد و توركمان.

بەپێی یاسای پارێزگاكان، هەر ئەندامێكی ئەنجومەن ئەگەر چوار دانیشتنی لەدوای یەك یاخود یەك لەسەر چواری دانیشتنەكانی ئەنجومەن لە چوار مانگدا ئامادەنەبوو بەبێ پاساوێكی ڕەوا، ئەوا بە دەستلەكاركێشاوە دادەنرێت.

ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، كە 16 ئەندامی هەیە و بوون بە دوو بەرەی دژبەیەك (9ـی پێكهێنەری حكومەت بەرانبەر بە 7ـی ناڕازی)، هێشتا زۆربەی پۆستە ئیدارییەكانی پارێزگاكەی یەكلایینەكردۆتەوە و سەرباری تێپەڕبوونی چەندین مانگ بەسەر هەڵبژاردندا، نەیتوانیووە بەهۆی ناكۆكیی و بایكۆتەوە ئەركەكانی دیكەی جێبەجێبكات.

پێشتر و له‌ سه‌رده‌می رژێمی به‌عسدا، زوربه‌ی جومگه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی ئیداره‌دان و حوكمڕانی له‌ كه‌ركوك به‌ده‌ست پێكهاته‌ی عه‌ره‌به‌وه‌ بوو، ‌بێ هیچ هه‌ڵبژاردنێك، له‌ دوای 2003یشه‌وه‌، كورد له‌ ترۆپكی ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردندا (پارێزگار) بوو تا 2017 و پاشان پۆستی پارێزگا تا ئەمساڵ كەوتەوە دەستی عەرەب، تا جارێكیتر كاندیدی كورد لە كوتلەی یەكێتی ئەو پۆستەی وەرگرت.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT