دادگای فیدراڵی مانگی 11 سكاڵاكانی جـبوری و تـۆران دەبینێت

راكان سەعید جبوری، سەرۆكی هاوپەیمانی عەرەبی لە كەركوك و حەسەن تۆران، سەرۆكی بەرەی توركمانی عیراقی دەستكاریكردنی وێنە: كەركوك ناو

كەركوك ناو - كەركوك

دادگای باڵای فیدراڵی، بڕیارە دوو مانگی دیكە یەكەم دانیشتن بۆ دادبینی سكاڵاكانی راكان سەعید جبوری و حەسەن تۆران، وەكو نوێنەرایەتی بەشێك لە عەرەب و توركمان دژی پێكهێنانی حكومەتی خۆجێیی كەركوك ئەنجامبدات.

بەپێی راگەیاندنی دادگای فیدراڵی كە (كەركوك ناو) بەدواداچونی بۆ كردووە، هەردوو سكاڵاكە لە یەك رۆژدا دانراون، كە 6ـی تشرینی دوەم (مانگی 11)ـی 2024ـە، ئەوەش دەكاتە دوای نزیكەی سێ مانگ لە پێكهێنانی حكومەتی كەركوك.

سكاڵاكەی حەسەن تۆران، سەرۆكی بەرەی توركمانی بەهاوبەشییە لەگەڵ سەوسەن جەدوع، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگا دژی نۆ ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگا لە كوتلەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، قیادە (عەرەبی)، عروبە (عەرەبی) و كۆتلەی بابلیۆن (كۆتای كریستیان)، لە نێویاندا رێبوار تەها و محەمەد حافز، كە ئێستا وەكو پارێزگار و سەرۆكی ئەنجومەن كارەكانیان راییدەكەن.

بەڵام راكان جبوری، پارێزگاری پێشووی كەركوك بە وەكالەت و سەرۆكی هاوپەیمانی عەرەبی، بە تەنیا و وەك بە تەمەنترین ئەندامی ئەنجومەن سكاڵاكەی تۆماركردووە دژی سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگا.

ناوەڕۆكی هەردوو سكاڵاكە بۆ پوچەڵكردنەوە و هەڵوەشاندنەوەی دانیشتنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوكە لە 10ـی ئابی 2024، كە لە هۆڵێكی هۆتێل رەشید-ـی بەغدا بەڕێوەچوو و تیایدا، هەریەك لە پۆستەكانی سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگا و بڕیاردەری ئەنجومەن، پارێزگار و یەكێك لە جێگرەكانی یەكلاییكرانەوە، بە سەرپەرشتی 9 ئەندامی ئەنجومەن لە كۆی 16 ئەندام، سەرباری بایكۆت و ناڕەزایی حەوت ئەندامی دیكەی ئەنجومەن.

457186606_1043556757140807_2098388880736630326_n
كەركوك/ 2024/ محەمەد حافز، سەرۆكی ئەنجومەن و رێبوار تەها، پارێزگاری كەركوك فۆتۆ: راگەیاندنی پارێزگا

ناڕازییەكانی پێكهاتوون لە هاوپەیمانی عەرەبی (سێ ئەندامی ئەنجومەن)، بەرەی توركمانی (دوو ئەندام) و پارتی دیموكراتی كوردستان (دوو ئەندام)، پارتی-ـیش پێشتر لەڕێی بەیاننامەیەكی رەسمییەوە، دانیشتنەكەی هۆتێل رەشید-ـی بە "نایاسایی" وەسفكرد.

دادگای فیدراڵی، لە 20ـی ئابی ئەمساڵ دوو داواكاری راكان جبوری و حەسەن تۆران-ـی رەتكردەوە، بۆ راگرتنی رێكار و بڕیارەكانی دانیشتنەكەی ئەنجومەن لە بەغدا، بەپاساوی ئەوەی داواكارییەكەیان رەگەزی بەپەلەی تێدانییە و دادگا داوایكرد چاوەڕێی یەكلاییكردنەوەی سكاڵاكانیان بكەن، كە بۆ هەڵوەشاندنەوەی دانیشتنەكە تۆماریانكردووە.

هاوڵاتیانی كەركوك، دوای 18 ساڵ، جارێكیتر بەشدارییان لە هەڵبژاردنی نوێنەرانیاندا كرد بۆ ئەنجومەنی نوێی پارێزگا لە 18ـی كانونی یەكەمی 2023ـدا، بەڵام بەهۆی ناكۆكی نێوان كوتلە جیاوازەكانی لەسەر دابەشكردنی پۆستەكان، بە تایبەت پۆستی پارێزگار، دانیشتنی ئەنجومەن و پێكهێنانی حكومەتی خۆجێیی چەند مانگێك و تائێستاش بەهۆی بایكۆتی چەند كوتلەیەكەوە ئەنجومەن ناتوانێت دانیشتنە ئاسایییەكان و ئەركەكانی خۆی جێبەجێبكات، لە نێویاندا ئەركی چاودێری و دانانی بودجە.

هاوپەیمانی عەرەبی، چەند مانگێك داوای پۆستی پارێزگاری دەكرد بۆ راكان جبوری، كە دوای روداوەكانی 16ـی ئۆكتۆبەری 2017 بەبڕیاری حەیدەر عەبادی، سەرۆكوەزیرانی ئەوكات راسپێردرا بۆ بەڕێوەبردنی پۆستی پارێزگار و پێشتر جێگری پارێزگار بوو. پێشتر و له‌ سه‌رده‌می رژێمی به‌عسدا، زوربه‌ی جومگه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی ئیداره‌دان و حوكمڕانی له‌ كه‌ركوك به‌ده‌ست پێكهاته‌ی عه‌ره‌به‌وه‌ بوو، ‌بێ هیچ هه‌ڵبژاردنێك، له‌ دوای 2003یشه‌وه‌، كورد له‌ ترۆپكی ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردندا (پارێزگار) بوو تا 2017.

بەپێی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان ژمارە 12ـی ساڵی 2008ـی هەمواركراو، دەسەڵات لە كەركوك بەپێی نوێنەرایەتیكردنێكی دادپەروەرانە دابەشدەكرێت، كە زامنی بەشداریكردنی پێكهاتەكانی پارێزگاكە بكات بەدەر لەئەنجامی هەڵبژاردنەكان.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT