ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا، بڕیاری قەدەغەكردنی بڕینەوەی دار و چالاككردنی بڕگە یاساییەكان دەردەكات، بە ئامانجی پارێزگاری لە ژینگە.
بڕیارەكان لە دانیشتنی ئاسایی ئەنجومەنی پارێزگاكەدا هات، كە 24ـی تشرینی دووەم بە ئامادەبونی 21 ئەندام بۆ تاوتوێی چەند پرسێكی ژینگەیی و خزمەتگوزاری بەڕێوەچوو.
ئەحمەد عەبدرەبە، سەرۆكی لیژنەی وزە لە ئەنجومەنی پارێزگا لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا كە پەیامنێری (كەركوك ناو) ئامادەی بوو، وتی بڕیاریانداوە بە گرتنەبەری رێكار و لێپێچینەوە لە پێناو ژینگەدا لە نێویاندا بڕینەوەی دار، كە "دیاردەیەكی ناشارستانییە".
بەپێی راگەیەندراوی ئەنجومەن جگە لە چالاككردنی یاسای پاراستن و باشكردنی ژینگە ژمارە 27ـی ساڵی 2009، بڕیاردراوە بە قەدەغەكردنی بڕینەوەی دار و هەروەها پاراستنی ناوچەكانی سەوزایی و تەرخانكردنی روبەری زیاتر بۆ سەوزكردن و چاندنی دار.
لەو یاسایەدا هەرشتێك زیان بە ژینگە بگەیەنێت قەدەغەكراوە، لە فڕێدانی پاشماوەی شل و رەق بۆ سەرچاوەكانی ئاو، بڕینەوەی داری 30 ساڵ، دوكەڵی كارگە و ئۆتۆمبێل، ماددەی زیانبەخش و قڕكەر، لەناوبردنی روەكی دەگمەن و راوی ئاژەڵی كێوی، تا زیانگەیاندن بە خاك و چالاكییەكانی دەرهێنانی نەوت، هەروەها سزای ئەو پێشێلكاریی و تاوانكارییە ژینگەییانە سێ مانگ زیندانی كەمتر نییە لەگەڵ غەرامەی ملیۆنێك تا 20 ملیۆن دینار.
بەشێكی تری دانیشتنەكەی ئەنجومەنی پارێزگا، تایبەت بوو بە دەنگدان و پەسەندكردنی بودجەی پترۆدۆلار و بودجەی دەروازە سنورییەكان، بەڵام نە ئەندامانی ئەنجومەن و نە راگەیەندراوی كۆبوونەوە، هیچ زانیارییەكی لەسەر وردەكاری و بڕی ئەو بودجانە بۆ رایگشتی بڵاونەكردۆتەوە.
عەبدرەبە دەڵێت ئەوان بەردەوام دەبن لە تاوتوێی دۆسیەكانی خزمەتگوزاری، هەر لە كۆبوونەوەكەدا دەنگ لەسەر پلانی رێگای گەشەپێدان كراوە، كە لە بەسرەوە تا زاخۆ دەڕوات بەرەو توركیا و وڵاتانی ئەوروپا، روبەرێكی دەكەوێتە سنوری نەینەوا.
هەروەها باسی لەوەشكرد دۆسیەی دانانی موختارەكانی نەینەوا یەكلانەكراوەتەوە، چونكە دۆسیەی بەشێكیان ئامادەنەبووە و نایانەوێت هەندێك ناوچە دەنگی لەسەر بدەن و ئەوانیتر بمێننەوە.
لە كۆبوونەوەكەی ئەنجومەن هیچ گفتوگۆیەك لەسەر قەیرانی سەرۆكی یەكە ئیدارییەكان نەكراوە، بەوپێیەی دۆسیەكە لە دادگای ئیدارییەوە و چاوەڕوانی وەڵامی كۆتایی دادگا دەكەن.
ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا، لە سەرەتای تەمموزەوە بەسەر دوو بەرەی دژ بە یەكدا دابەشبوون و بەهۆیەوە چەند مانگێك دانیشتنە ئاساییەكانی پەكیكەوت. ئەو قەیرانە دوای ئەوەهات، هاوپەیمانی نەینەوا موستەقبەل بە 16 كورسییەوە لە كۆی 29 كورسی، پرۆسەی هەڵبژاردنی بۆ حەوت قایمقام و 13 بەڕێوەبەری ناحیە ئەنجامدا، لە بەرانبەردا فراكسیۆنەكانی پارتی و هاوپەیمانی نەینەوا موەحەدە بە 13 كورسییەوە بڕیاریاندا بایكۆتی دانیشتنەكان بكەن.
عیدان شێخ كالۆ، نوێنەری كۆتای ئێزیدی لە ئەنجومەنی نەینەوا، لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا وتی گفتوگۆ لەسەر دۆسیەی ئاوارەكان كراوە، كە هێشتا هەزاران خێزانی نەینەوا لە خێوەتەكانی هەرێمی كوردستان دەمێننەوە.
"بڕیاربوو تا كۆتایی تەمموزی ئەمساڵ كەمپەكان دابخرێن و ئاوارەكان بگەڕێنەوە، بەڵام پێموابێ ئەو وادەیە تا سەرەتای ساڵی داهاتوو درێژكرایەوە"، كالۆ دەڵێت گەڕانەوەی ئاوارەكان لە مانگەكانی وەرزی هاوین خێراتر بووە و "ئێستا نیمچە وەستاوە" و هەوڵدەدەن بەربەستەكانی بەردەم گەڕانەوە نەهێڵن.
*ئەم بابەتە لە چوارچێوەی پڕۆژەی "بودجە مافتە" بەرهەمهێنراوە كە لە لایەن پەیمانگەی دیموكراسی نیشتیمانی (NDI) كۆمەكی دارایی دەكرێت.