یەكەم بنكەی تایبەت بە دەرهێنانی كارتی نیشتیمانی لە كەمپی ئاوارەكان لە پارێزگای دهۆك كرایەوە و رۆژانە 100 كارتی نیشتیمانی دەردەهێنرێت، ئەوەش وەك هاوكارییەك بۆ ئاوارەكان.
بەر لە كردنەوەی ئەو بنكەیە ئاوارەكان ناچاربون بە چون و هاتن لانیكەم پێنج كاتژمێر ببڕن تا بۆ دەرهێنانی كارتی نیشتیمانی دەگەڕانەوە بۆ قەزای شنگال یان موسڵ، ئەوەش جگە لە ماندوێتی و بارودۆخی ئەمنی و تێچووەیەكی زۆرتر كە لە توانای بەشێك لە خێزانەكاندا نەبوو.
پیر دەیان جەعفەر، بەڕێوەبەری فەرمانگەی کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکان سەر بە حکومەتی هەرێمی كوردستان، بە (كەركوك ناو)ی وت "زۆرجار ئاوارەکان داوایاندەکرد کارئاسانیان بۆ بکرێت و بتوانن لەناو كەمپ كارتی نیشتیمانی دەربهێنن، دوای هەوڵێكی زۆر سەرەنجام، لە كەمپی شاریا بنکەیەکی کارتی نیشتیمانی کرایەوە".
"لەو بنکەیە رۆژانە 100کارتی نیشتیمانی بۆ ئاوارەکان دەردەهێنرێت، هەرچەندە ئەمە ژمارەیەکی کەمە بەروارد بە ژمارەی ئاوارەکان، بەڵام لەمكاتەدا تواناكە هەر ئەوەندەیە"، پیر دەیان زیاتر وتی "بۆ ئایندە مەجالی زیاترکردنی ئەو ژمارەیە هەیە".
بنكەكە سەرەتا لەکەمپی شاریا لە پارێزگای دهۆك كرایەوە، كە زۆرینەی ئاوارەكان ئێزیدین، بڕیارە دوای تەواوبونی ئەو كەمپە، بچنە كەمپی تر.
بەپێی نوێترین ئاماری وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێم، هێشتا 137 هەزار و 616 ئاوارە كە زۆرینەی هەرە زۆریان ئێزیدین لە كەمپەكانی هەرێمی كوردستاندا دەژین، كە دابەشبون بەسەر 27 هەزار و 69 خێزان، بەڵام رون نییە لەو رێژەیە چەندیان كارتی نیشتیمانیان نییە.
بەرەکات خەڵەف، دانیشتوی کەمپی قادیایە لە سنوری زاخۆ، یەكێكە لەو هاوڵاتیانەی بەهۆی دوری شنگال و تێچوی هاتوچۆوە نەیتوانوە كارتی نیشتیمانی بۆ پێنج منداڵەكەی دەربهێنێت، وتی "کردنەوەی ئەو بنکەیە لە شاریا شتێکی زۆر گرنکە، بەڕاستی ئێمە نەماندەتوانی بچینەوە بۆ شنگال یان موسڵ، چونكە كرێكارم و ئۆتۆمبێلیشم نییە... هەركات سەردانی شنگال بكەم تەنیا خۆم 30 هەزارم پێویستە".
ئێمە نەماندەتوانی بچینەوە بۆ شنگال یان موسڵ، بۆ دەركردنی كارتی نیشتیمانی، چونكە كرێكارم و ئۆتۆمبێلیشم نییە
هەندێك كات ئاوارەكان بۆ دەرهێنانی كارتی نیشتیمانی ناچاربون زیاتر لە جارێك سەردانی ناوچەكانی خۆیان بكەن، وەك بەرەكات دەڵێت بە یەك سەردان نەیاندەتوانی كارتی نیشتیمانی دەربهێنن.
"داواکارین لە هەموو كەمپەكان بكرێتەوە، بۆ ئەوەی هەمومان ببین بە خاوەنی كارتی نیشتیمانی".
لە ئەیلولی رابردوو (كەركوك ناو) لە راپۆرتێكیدا بڵاویكردەوە كە ئاوارەكان گیرۆدەبون بەدەست دەرهێنانی كارتی نیشتیمانییەوە و ناچارن رێگەیەكی درو ببڕن كە دڵنیاش نین ئایا كارتەكەیان بەیەكجار بۆ دەردەكرێت یاخود نا.
كارتی نیشتیمانی عیراق، بەپێی یاسا بەركارەكان جێگرەوەی هەردوو رەگەزنامەی عیراقی و ناسنامەی باری شارستانییە و چیتر ئەو دوو بەڵگەنامەیە كاریان پێناكرێت. بۆیە هەموو هاوڵاتییەكی عیراقی دەبێت كارتی نیشتیمانی دەربكات.
پیر دەیان داوای لە ئاوارەکان كرد، لەكاتی دەرهێنانی كارتی نیشتیمانیدا فشار نەخەنە سەر تیمەکانیان تا پرۆسەکە بە رێکوپێکی بەرێوەبچێت و وتی "دڵنیاییان پێدەدەین تیمەكان راناوەستن تا هەموو ئاوارەکان دەبن بە خاوەنی كارتی نیشتیمانی".