روداوەكانی سوریا، جارێكیتر دۆسیەی رفێنراوانی ئێزیدی گەرم دەكاتەوە و بەپێی زانیارییەكانی پەرلەمانتارێكی عیراق، نزیكەی 600 بێسەروشوێنی ئەو پێكهاتەیە لە كەمپ و زیندانەكانی ئەو وڵاتەدان.
داواكاری گەڕان بە دوای ئێزیدییەكاندا لە سوریادا، دوای دوو هەفتە دێت لە گۆڕانیی حوكمڕانی ئەو وڵاتە، لە رژێمی بەعسەوە بۆ گروپی چەكداری تەحریر شام.
مەحما خەلیل، پەرلەمانتاری عیراق لە پێكهاتەی ئێزیدی بە (كەركوك ناو)ـی وت "زانیاری وورد و دروستمان هەیە نزیکەی 600 ئێزیدی لە وڵاتی سوریادان، بەشێکیان لەکەمپی هول و بەشێکی تر لەزیندانەکانن"، ئەو دەڵێت رێکخراوە نێودەوڵەتییەكان و حکومەتی عیراقیان ئاگادارکردۆتەوە بەزووترین کات سوراغی ئەو ئێزدییانە بکەن لەڕێی لیژنەیەكی فەرمییەوە، كە سەردانی سوریا بكات.
كەمپی هۆل دەكەوێتە خۆرهەڵاتی شاری حەسەكەی سوریا و ههزاران هاوڵاتی عیراقی، له نێویاندا ژن و منداڵی چهكدارانی داعش له كهمپەكەدا دەژین. ناوبەناو ژن و منداڵی ئێزیدی لەو كەمپەدا دەدۆزرێنەوە و رەوانەی عیراق دەكرێنەوە.
"ئەو رفێنراوانەی داعش رەوانەی سوریای كردون، پەیوەندیمان لەگەڵ كەسوكاریاندا هەیە، زانیاری وردمان لایە و ئەركی حكومەتی عیراقە بەدوای چارەنوسیاندا بگەڕێت" بەوتەی مەحما، كە گلەیی هەیە و پێیوایە كەمتەرخەمی هەیە لەلایەن بەغداوە، لەكاتێكدا هێشتا بێسەرشوێن هەیە.
"چهكدارانی دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام ناسراو بە داعش"؛ له ئابی 2014ـدا دهستیانگرت بهسهر قهزای شنگالدا، شهش ههزار و 417 هاوڵاتی ئێزیدییان رفاند، تائێستا زیاتر له سێ ههزار و 584 ئافرهت و منداڵ و پیاو رزگاركراون، ئەوانیتر كە نزیكەی دوو هەزار و 500 رفێنراون، چارەنوسیان نادیارە، بهپێی ئامارەكانی حكومهتی ههرێمی كوردستان.
حسێن قائیدی، لێپرسراوی نوسینگەی رزگاركردنی رفێنراوانی ئێزیدی -سەر بە حکومەتی هەرێم- به (کەرکوک ناو)ـی وت "گەڕان بەدوای رفێنراوانی ئێزیدی بەردەوامە و کاری ئێمە بەردەوام دەبێت تا یەك رفێنراو مابێت"، هیچ ئاماژەیەكی بە وردەكاری گەڕان بەدوای رفێنراواندا نەكرد و تەنیا باسی لەوەكرد "پلان و بەرنامەی خۆمان بەردەوامە".
حكومەتی عیراق بە سەرۆكایەتی محەمەد شیاع سودانی، لەمساڵدا دەستپێشخەرییەكی راگەیاند بۆ پاداشتی دارایی ئەو كەسانەی زانیاری لەسەر رفێنراوانی ئێزیدی بەدەستدەهێنن، ساڵانی پێشتریش لیژنەیەكی تایبەتمەندی پێكهێنا، تا بەدوای ئێزیدییەكاندا بگەڕێن.
شەهاب ئەحمەد، لێپرسراوی لقی شنگالی فەرمانگەی کاروباری رزگاربوانی دەستی داعش -سەر بە حكومەتی عیراق- بە (کەرکوک ناو)ـی وت "لەکابینەی سودانی گرنگییەکی زۆر دراوە بە دۆسیەی رفێنراوانی ئێزیدی و لەرێی لیژنەیەكیشەوە تائێستا نزیكەی 10 رفێنراو ئازادكراون، كارەكانیش بەردەوامە".
لە هێرشەكانی داعش بۆ شنگال و نەینەوا، هەزار و 293 ئێزیدی كوژران، 68 مەزارگە خاپوركران و تائێستاش نزیكەی 90 گۆڕی بەكۆمەڵ دۆزراونەتەوە، جگە لە دەیان گۆڕی تاكە كەسی.
بەپێی یاسای ژنانی رزگاربوی ئێزیدی كە تایبهته به قهرهبوی دارایی و مهعنهوی ئهو خانمانهی لهلایهن داعشهوه رفێنران و روبهڕوی توندوتیژی جیاواز بونهتەوە، حكومەتی عیراق پابەندكراوە كاربكات بۆ گەڕان و بەدواداچون لەسەر ئەو رفێنراوانەی هێشتا رزگارنەكراون.
ژمارەی ئێزیدییەکان لە عیراق 550 هەزار كەس بووە، زیاتر لە 100 هەزار كۆچیان كردووە و ئەوانەی ماونەتەوە لە ئاوارەیی یان زۆرینه دهكهونه ههریهك له قهزای شێخان (له باكوری موسڵه و ئیدارەكەی بەشێكی سەر بە دهۆكە و بەشێكی لەسەر نەینەوایە) و لهگهڵ قهزای شنگال (120كم خۆرئاوای موسڵ و لهروی ئیدارییهوە سهر به پارێزگای نهینهوایه).