پرسی بودجە و بەربەستەكانی بەردەم كاری ئەنجومەنی پارێزگا، بابەتی گەرمی گفتوگۆیەكی كراوە بوو لە سەڵاحەدین، لەسەر بنەمای پوختەی راپۆرتی سیاسی پرۆژەی "بودجە مافتە".
لەو گفتوگۆیدا كە 22ـی كانونی یەكەمی 2024 بەڕێوەچوو، زۆرێك لە چین و توێژە جیاوازەكانی سەڵاحەدین بەشداربوون، لە نێویاندا نەوفڵ غازی، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگا و ژمارەیەك لە چالاكوان، رۆژنامەنوس، هاوڵاتی ئاسایی و بەڵێندەر.
حسێن ئەبو جاسم، نوێنەری پرۆژەی "بودجە مافتە" لە سەڵاحەدین، كە سەرپەرشتی گفتوگۆكەی كرد، پوختەی راپۆرتەكەی خوێندەوە دەربارەی چاودێری و بەدواداچون لەسەر دۆسیەی بودجە لە هەر چوار پارێزگای سەڵاحەدین، كەركوك، نەینەوا و دیالە. (بۆ خوێندنەوەی راپۆرتەكە كلیك لـــێــــرە بكە)
راپۆرتەكە جگە لە پێشەكییەك سەبارەت بە وردەكاری پرۆسەی چاودێری و بەدواداچوونەكانی كاری ئەنجومەن، لەڕێی 10 دۆزینەوە، كێشە و ئاڵنگارییەكانی بەردەم ئەنجومەنی پارێزگا و پرۆسەی بودجەی رونكردۆتەوە و لە بەرانبەردا، ژمارەیەك راسپاردەی وەكو چارەسەر خستۆتەڕوو.
لە نێو دۆزینەوەكاندا باس لە لێكەوتەكانی ململانێی پێكهێنانی حكومەتی خۆجێیی و دابەشكردنی پۆستەكان كراوە لەسەر ئەركەكانی ئەنجومەن، لەگەڵ مەترسی نەبونی دادپەروەری لە دابەشكردنی بودجە و پرۆژەكاندا، بەهەند وەرنەگرتنی بیروبۆچونی هاوڵاتیان، پەراوێزخستنی هەندێك ناوچە و رۆڵی رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی، نەبوونی شەفافیەت و دەستڕاگەیشتن بە زانیاری و چەندین خاڵی دیكە.
راسپاردەكانیش جەختكردنەوەیە لەسەر ئاوەڕدانەوەی زیاتری ئەنجومەنی پارێزگا بۆ پێداویستیی هەنوكەیی هاوڵاتیان، دابەشكردنی بودجە بەپێی پرەنسیپی دادپەروەری، بەهێزكردنی شەفافیەت، دورخستنەوەی ململانێی حزبایەتی، بەشداریپێكردنی هاوڵاتیان و دەستڕاگەیشتن بە زانیاری دەربارەی گفتوگۆكانی پەیوەست بە پرۆژە خزمەتگوزارییەكان و نەهێشتنی ئەو ئاڵنگارییانەی لە بەردەم كاری ئەنجومەن و پرۆسەی خزمەتكردندا هەن.
عەلی موسەوی، رۆژنامەنوس و توێژەر لە ناوەندی توێژینەوەی سەڵاحەدین، دەڵێت گفتوگۆكە گرنگ بووە تا تێگەیشتنێكی گشتیی دەربارەی مافی هاوڵاتیان لە پرۆسەی بودجەدا دروستبێت، هەروەها بچنە وردەكاری چۆنیەتی دابەشكردنی پرۆژەكان و ئەو رێكارانەی دەگیرێنەبەر، بەوپێیەی لە هەندێك ناوچە، كە نوێنەریان لە ناوەندی بڕیاردان و سیاسەتدا نییە، هەست بە پەراوێزخستن دەكرێت بەراورد بە ناوچەی دیكە.
پوختەی راپۆرتەكەی "بودجە مافتە"، پاڵپشت بە بەدواداچونی مەیدانی كاری ئەنجومەن، راپرسیی لە هەر چوار پارێزگاكە، هەڵسەنگاندنی چوارچێوەی یاسایی، هەشت فۆكەس گروپ و زیاتر لە 15 چاوپێكەوتن نوسراوە، لەگەڵ ئەندامانی ئەنجومەن و بڕیاربەدەستانی دەسەڵاتی خۆجێیی و چین و توێژە جیاوازەكانی كۆمەڵگە.
رەشنوسی پوختەی راپۆرتەكە، پێش چاپی كۆتایی، لەگەڵ ژمارەیەك لە پەرلەمانتار، سەرۆكایەتییەكانی ئەنجومەنی پارێزگا، ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگا، ئەكادیمیی، چالاكوانانی مەدەنی و رۆژنامەنووساندا هاوبەشیی پێكراوە بۆ وەرگرتنی تێبینی و پێداچوونەوە.
سەلوان ئیبراهیم، چالاكوانی مەدەنی و بەشداربوی گفتوگۆكەی سەڵاحەدین دەڵێت ئەو هەنگاوەی پرۆژەی "بودجە مافتە"، زۆر گرنگ بووە بۆ بەهێزكردنی شەفافیەت و رۆڵی دەبێت لە كەمكردنەوەی بۆشایی نێوان هاوڵاتیان و دەسەڵاتی خۆجێیی.
"بودجە مافتە"؛ پڕۆژەیەكی گرنگ و وابەستەیە بە ژیانی هاوڵاتیانەوە و دەزگای میدیایی (كەركوك ناو) و رێكخراوی (وادی ئەڵمانی)، بە پاڵپشتی و کۆمەکی پەیمانگای دیموکراسی نیشتمانی - NDI - عيراق، تایبەت بە چاودێریكردنی رۆڵی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە پرۆسەی دانانی بودجەی حكومەتە خۆجییەكان لە هەر چوار پارێزگای كەركوك، نەینەوا، دیالە و سەڵاحەدین جێبەجێیدەكەن.
ئامانجی پڕۆژەكە بەگشتی بۆ زیاتر هاندانی شەفافیەتە لە پرسی بودجە، لەگەڵ خوڵقاندنی گفتوگۆ و لێكتێگەیشتنە لە نێوان هاوڵاتیان، لێپرسراوان، کۆمەڵگەی مەدەنی و میدیا.
*ئەم بابەتە لە چوارچێوەی پڕۆژەی "بودجە مافتە" بەرهەمهێنراوە كە لە لایەن پەیمانگەی دیموكراسی نیشتیمانی (NDI) كۆمەكی دارایی دەكرێت.