پوختەی راپۆرتی پرۆژەی "بودجە مافتە"، گفتوگۆیەكی گەرم لە نێو ئەنجومەنی نەینەوا دروستدەكات، دەبێتە دەرفەتێك بۆ كۆكردنەوەی لێپرسراوانی ناو ئەنجومەن لەگەڵ چین و توێژە جیاوازەكانی پارێزگاكەدا.
لەو گفتوگۆ كراوەیەدا كە 30ـی كانونی یەكەمی 2024 لە هۆڵێكی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا بەڕێوەچوو، دەربارەی پوختەی راپۆرتی سیاسی پرۆژەی "بودجە مافتە"، تیایدا ژمارەیەك لە لێپرسراو و ئەندامانی ئەنجومەن، چالاكوانانی كۆمەڵگەی مەدەنی و رۆژنامەنووسان بەشداربوون.
لە نێو بەشداربواندا محەمەد عەبدوڵا جبوری، جێگری سەرۆكی ئەنجومەن و موهەنەد نەجم جبوری، سەرۆكی كوتلەی نەینەوا موەحەدە و سەعدون شەمەری، سەرۆكی لیژنەی یاسایی و محەمەد كاكەیی، سەرۆكی لیژنەی ئەمنی و مەعاز حەجی عەباس، ئەندامی لیژنەی نەزاهە و عەبدولكەریم جەربا، سەرۆكی كۆمەڵەی تەحریر بۆ گەشەپێدان ئامادەبوون.
ئەحمەد بلە، نوێنەری پرۆژەی "بودجە مافتە" لە نەینەوا، كە گفتوگۆكەی بەڕێوەبرد، پوختەی راپۆرتەكەی خوێندەوە دەربارەی چاودێری و بەدواداچون لەسەر دۆسیەی بودجە لە هەر چوار پارێزگای نەینەوا، كەركوك، دیالە و سەڵاحەدین. (بۆ خوێندنەوەی راپۆرتەكە كلیك لـــێــــرە بكە)
محەمەد جبوری، جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نەینەوا ئاماژەی بە دانیشتنەكەدا كردووە دەربارەی بودجە و بەشداریپێكردنی هاوڵاتیان لە بڕیاردان و ئامادەكردنی بودجە و بەهێزكردنی شەفافیەتدا، جەختیكردۆتەوە لە بەهێزكردنی هەماهەنگی و پەیوەندی نێوان ئەنجومەن و حكومەتی خۆجێیی لەگەڵ رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و رۆژنامەنووساندا، بەپێی راگەیەندراوێكی نوسینگەكەی.
راپۆرتەكەی پرۆژەی "بودجە مافتە" جگە لە پێشەكییەك سەبارەت بە وردەكاری پرۆسەی چاودێری و بەدواداچوونەكانی كاری ئەنجومەن، لەڕێی 10 دۆزینەوە، كێشە و ئاڵنگارییەكانی بەردەم ئەنجومەنی پارێزگا و پرۆسەی بودجەی رونكردۆتەوە و لە بەرانبەردا، ژمارەیەك راسپاردەی وەكو چارەسەر خستۆتەڕوو.
لە نێو دۆزینەوەكاندا باس لە لێكەوتەكانی ململانێی پێكهێنانی حكومەتی خۆجێیی و دابەشكردنی پۆستەكان كراوە لەسەر ئەركەكانی ئەنجومەن، لەگەڵ مەترسی نەبونی دادپەروەری لە دابەشكردنی بودجە و پرۆژەكاندا، بەهەند وەرنەگرتنی بیروبۆچونی هاوڵاتیان، پەراوێزخستنی هەندێك ناوچە و رۆڵی رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی، نەبوونی شەفافیەت و دەستڕاگەیشتن بە زانیاری و چەندین خاڵی دیكە.
موهەنەد نەجم جبوری، سەرۆكی كوتلەی نەینەوا موەحەدە لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردۆتەوە، دانیشتنەكە لە پێناو گفتوگۆی بودجە و بەهێزكردنی شەفافیەت و بەشداریی كۆمەڵگەیی بووە لە ئامادەكردنی بودجەدا، تیایدا جەختكراوەتەوە لەوەی هاوڵاتیان رۆڵیان لە دانانی ئەولەویەت و چاودێری جێبەجێكردنی پرۆژەی بودجەدا هەبێت.
راسپاردەكانی پوختەی راپۆرتەكەی "بودجە مافتە" جەختكردنەوەیە لەسەر ئاوڕدانەوەی زیاتری ئەنجومەنی پارێزگا بۆ پێداویستیی هەنوكەیی هاوڵاتیان، دابەشكردنی بودجە بەپێی پرەنسیپی دادپەروەری، بەهێزكردنی شەفافیەت، دورخستنەوەی ململانێی حزبایەتی، بەشداریپێكردنی هاوڵاتیان و دەستڕاگەیشتن بە زانیاری دەربارەی گفتوگۆكانی پەیوەست بە پرۆژە خزمەتگوزارییەكان و نەهێشتنی ئەو ئاڵنگارییانەی لە بەردەم كاری ئەنجومەن و پرۆسەی خزمەتكردندا هەن.
حسێن هەزاع، چالاكوانی مەدەنی و بەشداربوی گفتوگۆكە دەڵێت سودی گەورەی ئەوەبوو، ئاشنابوون لە ژمارەیەك یاسا و شێوازی كاری ئەنجومەن، لەگەڵ شێوازی هەڵسەنگاندنی پێداویستیی هەر ناوچەیەك لە چوارچێوەی دیاریكردنی پشكی بودجە و دابەشكردنیی بودجە.
پوختەی راپۆرتەكەی "بودجە مافتە"، پاڵپشت بە بەدواداچونی مەیدانی كاری ئەنجومەن، راپرسیی لە هەر چوار پارێزگاكە، هەڵسەنگاندنی چوارچێوەی یاسایی، هەشت فۆكەس گروپ و زیاتر لە 15 چاوپێكەوتن نوسراوە، لەگەڵ ئەندامانی ئەنجومەن و بڕیاربەدەستانی دەسەڵاتی خۆجێیی و چین و توێژە جیاوازەكانی كۆمەڵگە.
عەجیل خالد، لە دانیشتنەكەدا نوێنەری خاوەن پێداویستی تایبەتی دەكرد، دەڵێت لە دانیشتنەكەدا هەندێك پرسیاریان روبەڕوی ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگا كردەوە تا بۆیان رونبێتەوە چۆن بودجە و پرۆژەكان بەسەر ناوچە جیاوازەكانی پارێزگاكەدا دابەشدەكرێت، دەرفەتێكیش بووە بۆ ئەوەی داواكاری دابینكردنی پاركێك بۆ خاوەن پێداویستی تایبەت تەرخانبكرێت و هەر لەوێ جێگری سەرۆكی ئەنجومەن رەزامەندی لەسەر داواكارییەكە نیشانداوە.
رەشنوسی پوختەی راپۆرتەكە، پێش چاپی كۆتایی، لەگەڵ ژمارەیەك لە پەرلەمانتار، سەرۆكایەتییەكانی ئەنجومەنی پارێزگا، ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگا، ئەكادیمیی، چالاكوانانی مەدەنی و رۆژنامەنووساندا هاوبەشیی پێكراوە بۆ وەرگرتنی تێبینی و پێداچوونەوە.
"بودجە مافتە"؛ پڕۆژەیەكی گرنگ و وابەستەیە بە ژیانی هاوڵاتیانەوە و دەزگای میدیایی (كەركوك ناو) و رێكخراوی (وادی ئەڵمانی)، بە پاڵپشتی و کۆمەکی پەیمانگای دیموکراسی نیشتمانی - NDI - عيراق، تایبەت بە چاودێریكردنی رۆڵی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە پرۆسەی دانانی بودجەی حكومەتە خۆجییەكان لە هەر چوار پارێزگای كەركوك، نەینەوا، دیالە و سەڵاحەدین جێبەجێیدەكەن.
ئامانجی پڕۆژەكە بەگشتی بۆ زیاتر هاندانی شەفافیەتە لە پرسی بودجە، لەگەڵ خوڵقاندنی گفتوگۆ و لێكتێگەیشتنە لە نێوان هاوڵاتیان، لێپرسراوان، کۆمەڵگەی مەدەنی و میدیا.
*ئەم بابەتە لە چوارچێوەی پڕۆژەی "بودجە مافتە" بەرهەمهێنراوە كە لە لایەن پەیمانگەی دیموكراسی نیشتیمانی (NDI) كۆمەكی دارایی دەكرێت.