بڕیاردەرانی كەركوك، لە ئەنجومەنی پارێزگا و حكومەتی خۆجێیی بە بەشداری نوێنەرانی رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و رۆژنامەنووسان تاوتوێی دەرەنجام و راسپاردەكانی دوایین راپۆرتی پرۆژەی "بودجە مافتە" دەكەن.
ئەو گفتوگۆیە لە كۆبوونەوەیەكدا هات، كە 31ـی كانونی یەكەمی 2024 لە هۆڵی رەسمی كۆبوونەوەكانی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بەڕێوەچوو، تیایدا چەندین كەس لە چین و توێژەكان ئامادەبوون، لە نێویاندا ئەنجیل زیا، بڕیاردەری ئەنجومەن و عەلی حەمادی، راوێژكاری پارێزگار.
رۆژنامەنووس عومەر هیلالی، نوێنەری پرۆژەی "بودجە مافتە" لە كەركوك، كە گفتوگۆكەی بەڕێوەبرد، پوختەی راپۆرتەكەی خوێندەوە دەربارەی چاودێری و بەدواداچون لەسەر دۆسیەی بودجە لە هەر چوار پارێزگای نەینەوا، كەركوك، دیالە و سەڵاحەدین. (بۆ خوێندنەوەی راپۆرتەكە كلیك لـــێــــرە بكە)
ئەنجیل زیا، بڕیاردەری ئەنجومەنی پارێزگا لە دانیشتنەكەدا وتی "ئەمە هەنگاوێكی گرنگە و تیشك خستنە سەر رێكارەكانی باشكردنی شەفافیەت و دادپەروەرییە لە دابەشكردنی بودجەدا، لە جۆرێك لە ئاست پێداویستیی و داخوازی هەموو پێكهاتەكانی پارێزگاكەدا بێت، هاوكات دەبێتە هۆی بەهێزكردنی بەشداری كۆمەڵگەیی".
هەروەها دەڵێت پرۆژەكە دەبێتە هۆی بەهێزكردنی پرۆسەی دیالۆگ و گفتوگۆ لە نێوان لایەنە حكومییەكان و رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و رۆژنامەنووسان و هاوڵاتیان، لە پێناو گرەنتی بەدیهێنانی دۆزینەوە و دەرەنجامی پەیوەست بە گەشەپێدانی چالاك و گشتگیر.
راپۆرتەكەی پرۆژەی "بودجە مافتە" جگە لە پێشەكییەك سەبارەت بە وردەكاری پرۆسەی چاودێری و بەدواداچوونەكانی كاری ئەنجومەن، لەڕێی 10 دۆزینەوە، كێشە و ئاڵنگارییەكانی بەردەم ئەنجومەنی پارێزگا و پرۆسەی بودجەی رونكردۆتەوە و لە بەرانبەردا، ژمارەیەك راسپاردەی وەكو چارەسەر خستۆتەڕوو.
لە نێو دۆزینەوەكاندا باس لە لێكەوتەكانی ململانێی پێكهێنانی حكومەتی خۆجێیی و دابەشكردنی پۆستەكان كراوە لەسەر ئەركەكانی ئەنجومەن، لەگەڵ مەترسی نەبونی دادپەروەری لە دابەشكردنی بودجە و پرۆژەكاندا، بەهەند وەرنەگرتنی بیروبۆچونی هاوڵاتیان، پەراوێزخستنی هەندێك ناوچە و رۆڵی رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی، نەبوونی شەفافیەت و دەستڕاگەیشتن بە زانیاری و چەندین خاڵی دیكە.
عەلی حەمادی، ئەندازیار و راوێژكاری پارێزگاری كەركوك بۆ كاروباری هونەری و خزمەتگوزاری، كە پێشتر یاریدەدەری پارێزگار بوو، لە گفتوگۆكەدا شیكردنەوەی بۆ راپۆرتی پرۆژەكە كرد، چەندین پێشنیاز و رونكردنەوەی بۆ كاركردن لەسەری خستەڕوو، لەلایەن ئەنجومەن یان رێكخراوەكان و هاوڵاتیانەوە.
راسپاردەكانی پوختەی راپۆرتەكەی "بودجە مافتە" جەختكردنەوەیە لەسەر ئاوڕدانەوەی زیاتری ئەنجومەنی پارێزگا بۆ پێداویستیی هەنوكەیی هاوڵاتیان، دابەشكردنی بودجە بەپێی پرەنسیپی دادپەروەری، بەهێزكردنی شەفافیەت، دورخستنەوەی ململانێی حزبایەتی، بەشداریپێكردنی هاوڵاتیان و دەستڕاگەیشتن بە زانیاری دەربارەی گفتوگۆكانی پەیوەست بە پرۆژە خزمەتگوزارییەكان و نەهێشتنی ئەو ئاڵنگارییانەی لە بەردەم كاری ئەنجومەن و پرۆسەی خزمەتكردندا هەن.
نەبەز هەمەوەندی، رۆژنامەنووس و چالاكوانی مەدەنی، كە پەیامنێری رادیۆی وەزارەتی ناوخۆی عیراقە لە كەركوك، داوایكرد دانیشتنەكانی تایبەت بە بودجە لە ئەنجومەن لەڕێی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە یان كەناڵە ئاسمانییەكانەوە پەخش بكرێن، تا هاوڵاتیان رێكارەكانی ئامادەكردن و دەنگدان لەسەر بودجە بزانن.
هاوكات رەجا فازل، چالاكوانی مەدەنی لە گفتوگۆكەدا بە باشی زانی گرنگی زیاتر بە كەرتی پەروەردە و خوێندن بدرێت لە كەركوك.
پوختەی راپۆرتەكەی "بودجە مافتە"، پاڵپشت بە بەدواداچونی مەیدانی كاری ئەنجومەن، راپرسیی لە هەر چوار پارێزگاكە، هەڵسەنگاندنی چوارچێوەی یاسایی، هەشت فۆكەس گروپ و زیاتر لە 15 چاوپێكەوتن نوسراوە، لەگەڵ ئەندامانی ئەنجومەن و بڕیاربەدەستانی دەسەڵاتی خۆجێیی و چین و توێژە جیاوازەكانی كۆمەڵگە.
مونتەسەر زەكی، رۆژنامەنووس پێیوابوو پێویستە تەركیز بخرێتە سەر پیسوونی ژینگە و چارەسەركردنی، بە گشتی دۆسیەكانی تایبەت بە گۆڕانی ئاووهەوا لە پێشەنگی كارەكانی ئەنجومەن بێت و بودجەی بۆ تەرخانبكرێت.
بەڵام سەیف قەحتان، رۆژنامەنووس و پێشكەشكاری هەواڵ چارەسەری دۆسیەی كارەبا و مۆلیدە ئەهلییەكان، بە تایبەت یەكلاكردنەوەی گرفتی بەشە گازی مۆلیدەكان و دۆزینەوەی چارەسەری كۆتایی، بە گرنگ زانی لە پێشەنگی كارەكاندا بێت.
رەشنوسی پوختەی راپۆرتەكە، پێش چاپی كۆتایی، لەگەڵ ژمارەیەك لە پەرلەمانتار، سەرۆكایەتییەكانی ئەنجومەنی پارێزگا، ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگا، ئەكادیمیی، چالاكوانانی مەدەنی و رۆژنامەنووساندا هاوبەشیی پێكراوە بۆ وەرگرتنی تێبینی و پێداچوونەوە.
"بودجە مافتە"؛ پڕۆژەیەكی گرنگ و وابەستەیە بە ژیانی هاوڵاتیانەوە و دەزگای میدیایی (كەركوك ناو) و رێكخراوی (وادی ئەڵمانی)، بە پاڵپشتی و کۆمەکی پەیمانگای دیموکراسی نیشتمانی - NDI - عيراق، تایبەت بە چاودێریكردنی رۆڵی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە پرۆسەی دانانی بودجەی حكومەتە خۆجییەكان لە هەر چوار پارێزگای كەركوك، نەینەوا، دیالە و سەڵاحەدین جێبەجێیدەكەن.
ئامانجی پڕۆژەكە بەگشتی بۆ زیاتر هاندانی شەفافیەتە لە پرسی بودجە، لەگەڵ خوڵقاندنی گفتوگۆ و لێكتێگەیشتنە لە نێوان هاوڵاتیان، لێپرسراوان، کۆمەڵگەی مەدەنی و میدیا.
*ئەم بابەتە لە چوارچێوەی پڕۆژەی "بودجە مافتە" بەرهەمهێنراوە كە لە لایەن پەیمانگەی دیموكراسی نیشتیمانی (NDI) كۆمەكی دارایی دەكرێت.