باشترین شێوازی رێگریكردن لە دووگیانی بەندە بە تەندروستی دایك

كەركوك ناو

پسپۆڕانی نەخۆشییەكانی ژنان، منداڵبون و نەزۆكی رێنمایی دایكان دەكەن لە خۆیانەوە هیچ رێگەیەكی رێگریكردن لە دووگیانبون بە باشترین رێگە دانەنێن، تاوەكو تەندروستی خۆیان هەڵنەسەنگێنن، "باشترین رێگە بەندە بە تەندروستی دایك كە پزیشك دیاری دەكات"، بەپێی وتەی پزیشكێكی پسپۆڕ.

رێگریکردن لە دووگیانی، ئاماژەیە بۆ گرتنەبەری ئەو رێگایانەی كە دایكان بۆ رێگریکردن لە دروستبونی دووگیانی بەکاریدەهێنن. بە وەستاندنی پرۆسەی دابەزینی هێلکە، رێگریکردن لە پیتاندن، یان لە چاندنی هێلکەیەکی پیتێنراو.

کەژان کاوە، پزیشکی نەشتەرگەریی و نەخۆشییەکانی ژنان و مناڵبوون و نەزۆکی، دەڵێت هەڵبژاردنی رێگەیەك وەك باشترین رێگە بۆ رێگریكردن لە دوگیانبون، لێكەوتەی خراپی دەبێت لەسەر تەندروستی دایكان، ئەگەر تەندروستی و دۆخی ژیانی دایكەكە هەڵنەسەنگێنرێت، لە لێكەوتەكانیش تێكچون و ناڕێكی سوڕی مانگانە، دروستبونی گرفتی دەرونی و لاوازبونی ئارەزوی سێكسی.

بەگشتی سێ جۆری باوی رێگریكردن لە دوگیانبون هەن، هەر جۆرێكیان بەسەر چەند شێوازێكدا دابەشدەبن، بەكارهێنانی هەر شێوازێكیش بەندە بە لەبەرچاوگرتنی تەندروستی ئەو دایكەی كە دەیەوێت رێگریی لە دوگیانبون بكات، كەژان كاوە وایوت.

جۆری یەكەم، وەك كەژان كاوە جەختیلێكردەوە، پێی دەوترێت شێوازە هۆرمۆنییەكان، لەوانە حەبی رێگریکردن لە دووگیانی – رۆژانە دەخورێت، دەرزی رێگریکردن لەدوگیانبون، كە هەرسێ مانگ جارێك لێدەدرێت جۆرێكی تری شێوازە هۆرمۆنییەكانە بۆ رێگریكردن لە منداڵبون.

لەولەبی قۆڵ كە لە ژێر پێست دادەنرێت و 3 بۆ 5 ساڵ كاردەكات، لەگەڵ ئەڵقەی زێ – ئەڵقەیەكی نەرمە كە لەناو زێدا دادەنرێت و مانگانە دەگۆڕدرێت-، دوو شێوازی تری رێگریكردنن لە دوگیانبون بە شێوەی هۆرمۆنییەكان.

كەژان كاوە وتی "كۆندۆم، لە جۆرێكی تری رێگریكردنە لە دوگیانبون كە ژنان لە نەخۆشییە سێکسییەکان دەپارێزێت"، لەگەڵ ئاماژەدان بە جۆری سێیەمی رێگریكردن لە دوگیانبون كە بە لەولەلب ناو منداڵدان ناسراون.

لەو سێ جۆرەی كەژان باسیكرد بۆ رێگریكردن لە دوگیانبون، وتی "ناكرێت دایكان یەكێكیان هەڵبژێرن بڵێن ئەوە باشترین رێگەیە... باشترین شێوازی رێگریکردن لە دووگیانبون بەندە بە تەندروستی و شێوازی ژیانی ژن و ئارەزوی کەسییەوە، بەگشتی، بەڵام بۆ ئەو خانمانەی دەیانەوێت خۆیان لە هۆرمۆنەکان بەدوربگرن  لەولەبی رەحم باشتریین هەڵبژاردەیە، هەروەها رێگریکردن لە منداڵبون بە کۆندۆم  کەمترین کاریگەری لاوەکی هەیە، هەروەها ئەگەر کەسێک بیەوێت بۆ ماوەیەکی درێژخایەن و پێویست بە چاودێریکردنی بەردەوام نەبێت: لەولەب رەحم باشترە".

haml

بەڵام لەگەڵئەوەشدا وتی "شێوازە هۆرمۆنییەکان (حەب، دەرزی، چاندن)، ئەمە دەبێتەهۆی ناڕێکی سوڕی مانگانە یان ئازاری مەمک، سەرئێشە یان گۆڕانی باری دەرونی، زیادبون یان کەمبونەوەی ئارەزوی سێکسی".

لەبارەی كۆندۆم-یشەوە جارێكی تر جەختیكردەوە "بۆ هەندێك دەبێتەهۆی دروستبونی هەستیاری، ناڕەحەتی لە کاتی جوتبوندا، هەروەها لەولەبی ئاسایی رەنگە ببێتە سوڕی مانگانەی زۆر، ناڕێکی سوڕی مانگانە، کۆتا رێگاش بەستنەوەی بۆری ڤالوپە کە رێگاییەکی هەمیشەییە، گەڕانەوەی تێدا نییە کە بە نەشتەرگەری دەکرێت رەنگە هەندێکجار ببێتە هۆی هەوکردن، ئازار یان ئاڵۆزی دیکە دروستبکات".

بەگشتی كەژان كاوە، جارێكی تر ئەو قسە باوە رەتدەكاتەوە كە لەبارەی باشترین رێگە بۆ رێگریكردن لە دوگیانبون جەختیلێدەكرێتەوە و وتی "هەڵبژاردنی باشترین رێگە بۆ رێگریكردن لە دووگیانبون بە جۆرێک دەبێت كە دایکەکە تەندروستی خۆی هەڵبسەنگێنێت".

ئەو نمونەی هێنایەوە، "ئەگەر پەستانی خوێنت بەرزە، شەقیقەت هەیە، یان نەخۆشی مەینی خوێنت هەیە، دوربکەوەرەوە لە دەرمانی ئیسترۆجین، هەروەها پلانەکانی داهاتوتان لەبەرچاو بگرن – ئەگەر دواتر منداڵتان دەوێت، رێگەیەکی گەڕاوە هەڵبژێرە (لەولەب، حەب).

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT