حكومەتی فیدراڵی عیراق، 14 پرۆژەی خستە بواری جێبەجێكردنەوە بۆ دەشتی نەینەوا و شنگال، ئەوەش لە چوارچێوەی زنجیرەیەك پرۆژەدا بۆ ئاوەدانكردنەوە و نەهێشتنی شوێنەوارەكانی شەڕ لە نێویاندا، نۆژەنكردنەوەی رێگاوبان و بنیاتنانی نەخۆشخانەی تێدایە.
ئەو 14 پرۆژەیە، كە زۆرێكیان خزمەتگوزاری رێگاوبانە، 15ـی ئاداری ئەمساڵ محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عیراق لە بەغداوە بە ئۆنلاین و لە نەینەواش عەبدولقادر دەخیل-ـی پارێزگار، پێكەوە بە مەراسیمێك بەردی بناغەی دەستپێكردنیان دانا.
رەفعەت سمۆ، یاریدەدەری پارێزگاری نەینەوا بۆ کاروباری ئیداری بە (کەرکوک ناو)ـی وت "ئەو 14 پرۆژەیە بۆ شنگال و سێ ناوچەی دەشتی نەینەوایە لە نێویاندا تلكێف و بەرتڵە، پرۆژەکانیش جۆراوجۆرن، بەڵام زۆرینەی لە بواری رێگاوباندایە و نەخۆشخانەشی تێدایە".
ئەو پرۆژانە قۆناغی یەكەمە، لە كۆی 89 پرۆژە بۆ شنگال، زومار، قەحتانیە و دەشتی نەینەوا لەسەر بودجەی سندوقی ئاوەدانكردنەوەی شنگال و دەشتی نەینەوا كە راستەوخۆ پەیوەستە بە ئەنجومەنی وەزیرانەوە.
پرۆژەكان نۆژەنكردنەوە و قیرتاوی لە شنگال، تلكێف، قەحتانییە، نەمرود و سنونێ تێدایە لەگەڵ كۆنكرێتی هەندێك گەڕەكی زومار و بەرتڵە.
سمۆ دەڵێت لە رۆژانی ئایندەدا قۆناغی دوەمی جێبەجێكردنی پرۆژەكان رادەگەیەنرێت و هەر ناوچەیەكیش بەپێی پێویستیی و پلانی فەرمانگەكانی پرۆژەی بۆ تەرخاندەكرێت.
زۆرینەی پرۆژەكان لە بواری رێگاوباندایە
شنگال و چەندین ناوچەی دیكەی نەینەوا لە ساڵانی نێوان 2014 بۆ كۆتایی 2017 روبەڕوی شەڕ و ململانێی چەكداری بونەوە بەهۆیەوە ژێرخانی خزمەتگوزاری وێران بوو، بەپێی ئامارێكی دیوانی پارێزگای نەینەوا، زیاتر لە 35 هەزار خانوو خاپور بوون.
عیدان شێخ كالو، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا بە (كەركوك ناو)ـی وت پارەی سندوقی ئاوەدانكردنەوەی شنگال و دەشتی نەینەوا، 150 ملیار دینارە بۆ ماوەی سێ ساڵ (2023، 2024 و 2025)، واتە بۆ هەر ساڵێك بڕی 50 ملیار دینار، "لەم بڕە پارەیە 20ملیار دینار بۆ پرۆژەکانی سنوری شنگالە، ئەوەی تر بۆ ناوچەی زوممار و دەشتی نەینەوایە".
پێشتر و لە ئەیلولی 2024ـدا، بەردی بناغەی نەخۆشخانەی 100 قەرەوێڵەیی لە شنگال دانرا، بەوپێیەی بەگشتی نەخۆشخانەی شنگال و زۆربهی ناوهنده تهندروستییهكانی تر، لە سەردەمی شەڕ و لە لە ئابی 2014 بۆ كۆتایی 2015 خاپورکران.
"ئەو پرۆژانەی راگەیەنراون هی ساڵەکانی 2023 و 2024ـە، پرۆژە لەسەر بودجەی ئەمساڵ هێشتا رانەگەیەنراوە" بەوتەی عیدان شێح كالو هەر پێكهاتەیەكی نەینەوا لە سندوقی ئاوەدانكردنەوە ساڵانە پارە بۆ پرۆژەی خزمەتگوزاری لە ناوچەكانیان دانراوە، بۆ نمونە پارەی شنگال ساڵانە 20 ملیار دینارە بڕیارە لە بوارەكانی رێگاوبان، پەروەردە، تەندروستی، كارەبا و ئاو بۆ سەنتەری شار و ناحیەكانی سنونێ، گرعوزێر و قەیرەوان خەرجبكرێت، لەوچوارچێوەیەشدا بودجەی دووساڵی رابردوو بۆ زیاتر لە 35 پرۆژە تەرخانكراوە.
هەر لە شنگال بڕیارە ئەمساڵ لەسەر بودجەی وەزارەتی سەرچاوەكانی ئاو، سێ بەنداو بنیاتبنرێت، بەپێی بەیاننامەیەكی ئەو وەزارەتە.
ئەوەش لە كاتێكدایە هێشتا هەزاران خێزانی شنگال لە ئاوارەییدا دەژین و بەپێی وتەكانی سەرۆك وەزیران و پارێزگاری نەینەوا، پرۆژەكانی بنیاتنانەوەی ژێرخانی خزمەتگوزارییەكان لەو قەزایە و ناوچەكانی دەشتی نەینەوا، هانی گەڕانەوەی ئاوارەكان دەدات تا ژیانی ئاسایی لە زێدی خۆیاندا دەستپێبكەنەوە.