پترۆدۆلار ملیارێك و پەرەپێدان 200 ملیارە
بودجە لە ئەنجومەنی نەینەوا تێپەڕی و چاوەڕێی "دادپەروەرى" دەكەن

نەینەوا/ 2024/ شەقامێكی سەرەكی لە ناوەندی شاری موسڵ فۆتۆ: ئەحمەد بلە

عەمار عەزیز – نەینەوا

بودجەی نەینەوا نزیكەی 400 ملیار دینارە، بە پترۆدۆلار و ئاوەدانكردنەوە و پەرەپێدانەوە، كە ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگا چاوەڕێن بەشێوەی "دادپەروەرانە" خەرجبكرێت.

بەپێی بەدواداچونەكانی (كەركوك ناو)، چەند جۆرێك لە بودجە گەیشتۆتە نەینەوا، لە نێویاندا پترۆدۆلار، بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاكان و بڕیارە ئەو پارەیەش بگات كە لەچوارچێوەی سندوقی ئاوەدانكردنەوەدا بۆ ناوچە زیانلێكەوتووەكانی شەڕ تەرخانكراوە.

ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا، لە 24ـی تشرینی دوەم بودجەی پترۆدۆلاری پەسەند كرد، كە بڕەكەی یەك ملیار و 100 ملیۆن دینارە، بەوتەی محەمەد جاسم كاكەیی، ئەندامی ئەنجومەن بۆ (كەركوك ناو).

ئەو كۆبوونەوەیەی ئەنجومەن، كە بەشێكی تایبەت بوو بە دەنگدان و پەسەندكردنی بودجەی پترۆدۆلار و بودجەی دەروازە سنورییەكان، بەڵام ئەوكات نە ئەندامانی ئەنجومەن و نە راگەیەندراوی كۆبوونەوە، هیچ زانیارییەكی لەسەر وردەكاری و بڕی ئەو بودجانە بۆ رایگشتی بڵاونەكردەوە.

"ئەو بڕە پارەیە (پترۆدۆلار) زیاتر بۆ ئەو فەرمانگانەیە كە بودجەیان نییە، بەشێكی تری بۆ بیمەی كۆمەڵایەتییە، هەروەها بۆ بەڕێوەبەرایەتی پۆلیس و بەشەكانی، بەشێكی بۆ كڕینی كەلوپەلی دیوانی پارێزگا، نۆژەنكردنەوەی بازگە و گومرگەكان دەڕوات"، كاكەیی رونیشیكردەوە، لە پترۆدۆلار بڕی 450 ملیۆن دینار دانراوە بۆ هاوكاری نەخۆش، كە لە دەرەوەی وڵات پێویستیان بە چارەسەر هەیە.

وەك ئەو وتی؛ چۆنیەتی دابەشكردنی و خەرجكردنی بودجەكە، لە ئەستۆی دیوانی پارێزگایە، كە پاشان ئەنجومەنی گفتوگۆی لەسەر دەكات بۆ پەسەندكردن.

بودجە پێویستە لەسەر ژمارەی دانیشتوان دابەشبكرێت، بەڵام تائێستا ئەم بڕگەیە بەتەواویی و رێكوپێكی جێبەجێنەكراوە

بەپێی ياساى پارێزگا رێكنەخراوەكان لە هەرێمێكدا ژمارە 21 بۆ ساڵی 2008 – هەمواركراو، لە سەرچاوەكانی دارایی هەندێك پارێزگا بودجەی پترۆدۆلاری هەیە، كە بریتییە لە پێنج دۆلار لە هەر بەرمیلێك نەوتی خاوی بەرهەمهێنراوی پارێزگاكە، لەگەڵ پێنج دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك نەوتی خاو پاڵێوراو لە پاڵاوگەی پارێزگاكە و هەروەها پێنج دۆلار لە هەر (150) مەتر سێجا لە بەرهەمهێنانی غازی سروشتی لە پارێزگاكەدا.

نەوتی گەیارە لە نەینەوا، هەناردەی مانگانەی جێگیرنییە، لە نێوان 500 هەزار تا زیاتر لە ملیۆنێك بەرمیلدایە. گەیارە یەكێكە لە كێڵگە گەورەكانی پارێزگاكە لەگەڵ كێڵگە نەوتییەكانی دیكەی وەك عەین زالە، نەجمە، بەتمە و سەفیە.

ئەحمەد كیكی، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا بە (كەركوك ناو)ـی وت "تائێستا تەنیا بودجەی پەرەپێدانی پارێزگا و پترۆدۆلار گەیشتۆتە ئەنجومەن و پەسەندكراوە"، هێشتا بودجەی بەردەوامی پرۆژە خزمەتگوزارییەكان ماوە گفتوگۆی لەسەر بكرێت.

"هەر بودجەیەك پێویستە لەسەر ژمارەی دانیشتوان دابەشبكرێت، بەڵام تائێستا ئەم بڕگەیە بەتەواویی و رێكوپێكی جێبەجێنەكراوە، دەڵێن لەسەر ژمارەی دانیشتوان دانراوە، بەڵام تێكەڵییەك هەیە"، كیكی رونكردنەوەی زیاتری نەدا، بەڵام دەڵێت لەمەودوا هیچ پاساوێك نامێنێت بەوپێیەی دەرەنجامی سەرژمێری دەردەچێت و روونە لە هەر ناوچەیەكدا چەند دانیشتوان هەیە.

هەروەها وتی "لە ئەنجومەن هەموو هەوڵێك دەدەین بودجە و پرۆژەكان هەمووی لەسەر بنەمای رێژەی دانیشتوان پەسەندبكرێت تا زیاتر یەكسانی و دادوەری تیادابێت".

anjwmani musil
نەینەوا/ كانونی یەكەمی 2024/ كۆبونەوەیەكی ئاسایی ئەنجومەنی پارێزگا فۆتۆ: ئەحمەد بلە

یاساكەی ئەنجومەن زیاتر لە جارێك باسی دابەشكردنی بودجەی تێدایە بەپێی رێژەی دانیشتوان، دەربارەی سەرچاوەكانی دیكەی دارایی پارێزگاكانیش هاتووە؛ بەشێكی بریتییە لە بەشە بودجەی تەرخانكراو لە بودجەی فیدراڵی بۆ پارێزگاكە هێندەی بەشی هەڵگرتنی بارگرانی و بەرپرسیارێتی بكات، بەپێی رێژەی دانیشتوان و بە جۆرێك ببێتە هۆی گەشەپیدانی هاوسەنگ لە ناوچە جیاوازەكاندا، لەگەڵ داهاتی بەدەستهاتووی نا نەوتی.

"لە بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاكان، پشكی نەینەوا كەمكراوەتەوە بۆ 200 ملیار دینار" محەمەد جاسم دەڵێت ئەو بودجەیە بۆ پرۆژەی خزمەتگوزاری لە سەرانسەری پارێزگاكە دەڕوات، ئەوەش بەپێی ژمارەی دانیشتوانی هەر ناوچەیەك دەبێت.

لە كۆبوونەوەكانی پێشتری ئەنجومەنی پارێزگا، گفتوگۆ و دەنگدان كرا دەربارەی ناوەڕۆكی نوسراوێكی دیوانی پارێزگای نەینەوا، دەربارەی پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان و لێپرسراوێتی كۆمەڵایەتی كۆمپانیاكان بۆ پارێزگاكان بۆ ساڵەكانی 2024 و 2025 و 2026، لەگەڵ یەكلاكردنەوەی چەند دۆسیە و تەوەرێكی دیكەی دارایی.

"پارەی سندوقی ئاوەدانكردنەوەی شنگال و دەشتی نەینەوا، 150 ملیار دینارە بۆ ماوەی سێ ساڵ (2023، 2024 و 2025)، واتە بۆ هەر ساڵێك بڕی 50 ملیار دینار، ئەوەش هەر لەسەر پێوەری دانیشتوان دابەشدەكرێت، بەڵام تەنیا بۆ ناوچەی زیانلێكەوتووی شنگال و دەشتی نەینەوایە، یەك دیناری بۆ ناو سەنتەری موسڵ نییە" محەمەد جاسم وادەڵێت.

رێكخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام ناسراو بە داعش" لە شنگال و چەندین ناوچەی دەشتی نەینەوا جگە لە وێرانكاری، هەزاران هاوڵاتی روبەڕوی كوشتن، رفاندن و ئاوارەیی كردەوە لە ناوەڕاستی 2014ـەوە تا كۆتاییهاتنی دەسەڵاتی لە ناوەڕاستی 2017ـدا.

عیدان شێخ كالو، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا بە (كەركوك ناو)ـی وت "لە پارەی سندوقی ئاوەدانكردنەوەی شنگال و دەشتی نەینەوا، كە هەر ساڵێك 50 ملیار دینارە، بڕی 20 ملیار دیناری بۆ شنگال دیاریكراوە و 20 ملیار دیناری تر بۆ دەشتی نەینەوا و 10 ملیار دینار بۆ ناوچەی زوممار".

پشكی نەینەوا لە بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاكان كەمكراوەتەوە

یەكە ئیدارییەكانی ئەو ناوچانە ژمارەیەك پرۆژە پێشنیاز دەكەن، لە چوارچێوەی خزمەتگوزاری گشتیدا بێت، دواتر پێشنیازەكان دەچێتە دوانی پارێزگا و لەوێوە بۆ ئەنجومەنی پارێزگا تا پەسەند بكرێـت، بەوتەی عیدان.

لە یاسای پارێزگا رێكنەخراوەكان لە هەرێمێكدا هاتووە؛ دەسەڵاتی خۆجێیی پشكی دادپەروەرانە (بودجە) بۆ یەكە ئیدارییەكانی تەرخاندەكات، بە جۆرێك بەشی هەستانەوەی بارگرانی و بەرپرسیارێتییەكان بكات بەپێی رێژەی دانیشتوان تیایاندا.

عیدان شێخ كالو دەڵێت 34 پرۆژەی جۆراجۆر بۆ قەزای شنگال پێشكەشكراون، بە بڕی زیاتر لە 40 ملیار، هەر كاتێكیش پرۆژەكان پەسەندكراون، ئەوكات پارەیان بۆ تەرخاندەكرێت.

دۆسیەیەكی دیكە كە بە جیا بودجەی بۆ تەرخاندەكرێت؛ دۆسیەی زیانلێكەوتوانی شەڕە، بەپێی بەدواداچونەكانی پێشتری (كەركوك ناو)، نزیكەی 90 هەزار مەدەنی لە نەینەوا هەوڵیی بەدەستهێنانی قەرەبوكردنەوە دەدەن.

لە مانگەكانی رابردودا عەبدولقادر دەخیل، پارێزگاری نەینەوا لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا، كە پەیامنێری (كەركوك ناو) ئامادەی بوو ئاشكرایكرد، لە چوارچێوەی سەردانێكیدا بۆ بەغدا رەزامەندی خەرجكردنی بڕی 100 ملیار دیناری وەرگرتووە بۆ قەرەبووی زیانلێكەوتوان.

گفتوگۆی بودجەكانی نەینەوا لە كاتێكدایە، هێشتا ناكۆكییەكانی ناو ئەنجومەن یەكلانەكراونەتەوە كە لە سەرەتای تەمموزەوە ئەنجومەنی بەسەر بەسەر دوو بەرەی دژ بە یەكدا دابەشكردووە، بەهۆیەوە چەند مانگێكیش دانیشتنە ئاساییەكانی پەكیكەوت. ئەو قەیرانە دوای ئەوەهات، هاوپەیمانی نەینەوا موستەقبەل بە 16 كورسییەوە لە كۆی 29 كورسی، پرۆسەی هەڵبژاردنی بۆ حەوت قایمقام و 13 بەڕێوەبەری ناحیە ئەنجامدا، لە بەرانبەردا فراكسیۆنەكانی پارتی و هاوپەیمانی نەینەوا موەحەدە بە 13 كورسییەوە بڕیاریاندا بایكۆتی دانیشتنەكان بكەن.

 

*ئەم بابەتە لە چوارچێوەی پڕۆژەی "بودجە مافتە" بەرهەمهێنراوە كە لە لایەن پەیمانگەی دیموكراسی نیشتیمانی (NDI) كۆمەكی دارایی دەكرێت.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT