داوایەكی یاسایی لە دژی هەریەكە لە رێبوار تەها، پارێزگاری كەركوك و كۆمپانیایەك دەجوڵێنرێت، ئەوەش لە دۆسییەك پەیوەست بە كڕینی 19 ئۆتۆمبێلی گرانبەهای مۆدێل بەرز بۆ كاروباری "فەرمانگەكانی كەركوك".
ئەو داوایە لەلایەن پارێزەر هەژار نورەدین كاكەیی، لە 14ی نیسان گەیەنراوەتە سەرۆکایەتی داواکاری گشتیی كەركوك و لەوێوە رەوانەی دەستەی دەستپاكی كراوە بۆ لێكۆڵینەوە.
هەژار كاكەیی، لە رونكردنەوەیەكدا پەیوەست بە تۆماركردنی سكاڵاكەی، جەختیكردەوە "ئەو 19 ئۆتۆمبێلە گرانبەهایە كە نزیكەی سێ ملیار دیناری تێچووە، بەشێوەیەكی نایاسایی بۆ ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك كڕدراون، چونكە هەم گەندەڵی تێداکراوە لەڕوی نرخی ئۆتۆمبێلەکان، هەم كارەكە بە پێچەوانەی رێکارە یاساییەکان كراوە".
هەژار یەكێكە لەو پارێزەرانەی كە لە دوو خولی پێشوی حكومەتی خۆجێی كەركوكیش بەردەوام چاودێر بووە بەسەر حكومەتە خۆجێییەكان و سكاڵای لەهەر پرسێك جوڵاندووە كە پێیوابووە گەندەڵی تیاكراوە.
لەپرسی كڕینی 19 ئۆتۆمبێلەكەی حكومەتی ئێستای كەركوك، دەڵێت "بەپێی گرێبەستی کڕینی ئۆتۆمبێلەکان کە لە نێوان رێبوار تەها وەک پارێزگار و کۆمپانیای جێبەجێکار ئەنجامدراوە، ئەو ئۆتۆمبێلانە بۆ دامودەزگاكانی کەرکوک کڕدراون، نەک بۆ ئەندامانی ئەنجومەن، بەڵام بەسەر ئەندامانی ئەنجومەندا دابەشكراون"، زیاتر دەڵێت "رەنگە بپرسن ئەنجومەنی پارێزگا یەکێکە لە دامودەزگاکان؟ بەڵێ ئەوەیان راستە دەکرێت دانەیەک دوو، هەتا پێنج ئۆتۆمبێل بۆ ئەنجومەن بێت، نەک تەواوی ئۆتۆمبێلەکان".
هەروەها دەڵێت لەڕوی نرخەوە "گەندەڵی تیاكراوە و بەجۆرێك هەر ئۆتۆمبێلێك نرخەکەی نزیکە حەوت بۆ 10 هەزار دۆلار لە نرخی بازاڕ گرانتر كڕدراوە، لە کاتێکدا دەبێت کڕینی ئۆتۆمبێل بکرێتە تەندەر و بە نرخی کەمتر لە نرخی بازار بكڕدرێت".
گەندەڵی تیاكراوە و بەجۆرێك هەر ئۆتۆمبێلێك نرخەکەی نزیکە حەوت بۆ 10 هەزار دۆلار لە نرخی بازاڕ گرانتر كڕدراوە
گرێبەستی كڕین و هێنانی ئۆتۆمبێلەكان بەپێی وتەی ئەحمەد كەركوكی، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك كە پێشتر قسەی لەسەر كردووە، تێچووەكەی "دوو ملیار و 629 ملیۆن دینارە بۆ 16 ئۆتۆمبێل بۆ هەر 16 ئەندامەكەی ئەنجومەن"، بەو پێیە نرخی هەر ئۆتۆمبێلێك 164 ملیۆن دینار (زیاتر لە 100 هەزار دۆلار)ی تێدەچێت.
بەڵام بەپێی سكاڵاكەی هەژار كاكەیی، 19 ئۆتۆمبێلە و 292 ملیار دیناری تێچووە، 17 ئۆتۆمبێلیان لە جۆری تاهوو، لەگەڵ دوو ئۆتۆمبێلی تر (لاندكرۆزەر و لێكزز)، هەر 19 ئۆتۆمبێلەكە مۆدیل 2024ن، ئەو 19 ئۆتۆمبێلە لە گرێبەستی نێوان ئیدارەی كەركوك و كۆمپانیای دەلتا كە ئەركی هێنانی ئۆتۆمبێلەكانە جەختیلێكراوەتەوە.
ئەحمەد كەركوكی، كە نزیكە لە رێبوار تەها پارێزگاری كەركوك و هەردوكیان لە یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستانن، لە رونكردنەوەی پێشتریدا لەسەر ئەو پرسە، وتی "ئۆتۆمبێلەكان لە داهاتی خاڵە گومرگییەكانی كەركوك كڕدراون"، جەختیكردەوە "بەپێی ماددەی 21ی یاسای بودجە لەسەدا 50ی داهاتی خاڵە سنوررەكانی هەر پارێزگایەك دەگەڕێتەوە بۆ پارێزگاكە خۆی".
بەڵام هەژار كاكەیی تێبینی لەسەر ئەوە هەیە و دەڵێت "راستە سەرچاوەی پارەكە گومرگەكانە لەوانەش بازگەی چیمەن و دارەمان، بەڵام با بیرتان نەچێت چەندین جار بۆ موزایەدەی سیاسی و خۆڵکردنە چاوی خەڵک چەند ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگا و پارێزگار لە بەردەم کەناڵەکانی راگەیاندن ناڕەزاییان دەردەبڕی و دەیانوت ئەو گومرکانە لادەبەین، بەڵام ئەنجامەكەی ئەوەیە لە پارەی ئەو گومرگانە ئۆتۆمبێلی گرانبەها دەكڕن".
رەخنەیەك كە لە ئیدارەی كەركوك دەگیرێت، ئەوەیە ئەو كەسەی بە كڕینی ئۆتۆمبێلەكان هەستاوە، قاسم ئیبراهیم، یاریدەدەری پارێزگاری كەركوكە، كە هاوكات برای محەمەد ئیبراهیم، سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگایە.
زیاتر لە مانگێكە (كەركوك ناو) لە هەوڵی بەردەوامدایە بۆ وەرگرتنی زانیاریی لەسەر ئەو پرسە لە دیوانی پارێزگای كەركوك، بەڵام ئامادەنین رونكردنەوە لەسەر ئەو پرسە بدەن.
هەژار كاكەیی دەڵێت "لەم دۆسییەیە و لە دۆسیەی تریش بەردەوامدەبین لە بەگژداچونەوەی گەندەڵی بە رێكارە یاساییەكان و لەڕێی دەستەی دەستپاکییەوە".
هەژار دەڵێت هەر بەو هۆیەوە لە سەردەمی راكان سەعید، پارێزگاری پێشوی كەركوك رێگەی پێنەدراوە بچێتە دیوانی پارێزگای كەركوك و لەسەر سكاڵایەكی ئەویش سزای دارایی دراوە.