وەفدێكی باڵای ئێزیدییەكان بە نۆ داواكارییەوە سەردانی سەرۆك كۆماری عیراقیانكرد، لەنێویاندا گەڕانەوەی ئاوارەكان، چارەنوسی رزگاربووان و ئازادكردنی ئەو پێنج ئەندامەی یەبەشە كە لە مانگی ئاداری رابردوو دەستگیركران.
وەفدەكە دووشەممە 5ی ئایار لەگەڵ لەتیف رەشید، سەرۆك كۆماری عیراق كۆبونەوە، كە پێكهاتبون لە ژمارەیەك كەسایەتی سیاسی، ئایینی و حزبی.
سەعید بەتۆش، سەرۆکی حزبی پێشکەوتنی ئێزیدی و ئەندامی وەفدەكە، بە (كەركوك ناو)ی وت "کۆبونەوەیەکی گرنگ و باشمان لەگەڵ سەرۆک کۆماری عیراق كرد، كۆبونەوەكە پەیوەست بوو بە دۆخی شنگال و تەواوی داواكارییەكانمان رادەستكرد".
لە نێو داواكارییەكاندا، جەختكرابۆوە لە كارئاسانی زیاتر بۆ گەڕانەوەی تەواوی ئاوارەكان، چارەنوسی ئێزیدییە رفێنراوەكان بەتایبەت كە بڕیارە سەرۆكی نوێی سوریا سەردانی عیراق بكات، "دەمانەوێت ئەو پرسەی لەگەڵ باس بكرێت".
لە ئاداری ئەمساڵ پێنج لایەنگری یەكینەكانی بەرخودانی شنگال ناسراو بە (یەبەشە)، لەو قەزایە دەستگیركران، ئەوەش دوابەدوای روبەڕوبونەوەیان لەگەڵ سوپای عیراق و هێزە ئەمنییەكانی تر كە بەهۆیەوە پێنج كەس لە هێزە ئەمنییەكان كە سیانیان سوپا بون برینداربون.
وەفدەكە داوای ئازادكردنی ئەو پێنج دەستگیركراوەی یەبەشەیان كرد، كە دوای دەستگیركردنیان گواستراونەتەوە بۆ بەغدا.
سەعید بەتۆش هەروەها وتی "داوای هەندێك راستكردنەوەمان لە یاسای رزگاربووانی ئێزیدی كرد، لەگەڵ هەڵدانەوەی تەواوی گۆڕە بە كۆمەڵەكان و زیادكردنی كورسی كۆتاكان تایبەت بە كەمینە ئایینی و نەتەوەییەكان".
قایمقامی قەزای شنگال هێشتا بەهۆی ناكۆكی حزبییەوە دەستبەكارنەبووە، لەكاتێكدا ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا، لە تەمموزی 2024ەوە هەموو سەرۆكی یەكە ئیدارییەكانی پارێزگاكەی هەڵبژارد، لە نێویاندا قایمقامی قەزای شنگال.
سەعد بەتۆش وتی "ئەوە بەشێكی تری داواكارییەكانمان بوو، لەگەڵ ئاوەدانكردنەوە و نۆژەنكردنەوەی كەنیسەی كریستیانەكان، هەروەها بڕینەوەی موچەیەك بۆ پیاوانی ئایینی ئێزیدی كە مەزارگەكان خزمەت دەكەن".
سەرۆكایەتی كۆماری عیراق لە راگەیەنراوێكدا پەیوەست بەو بابەتە جەختدەكاتەوە لە پێویستی هەوڵی هاوبەشی نیشتیمانی بۆ پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەكان بۆ شنگال و خەڵكەكەی، هەروەها چاودێریكردنی دۆخی ئاوارەكان و لێكۆڵینەوە لە چارەنوسی رفێنراوان. لەگەڵ قەرەبوكردنەوەی زیانلێكەوتووان و فەراهەمكردنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكان.