وەزارەتی دادی عیراق ئامادە نییە راپۆرتی كەیسی گیانلەدەستدانی شایەن عەلی، كچە چالاكوانی نێو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان ئاشكرابكات، كە لەنێو زیندانێكی بەغدا مرد، تەنیا دەڵێت "بەمردنی خودا مردووە"، ئەوەش هاوكاتە لە بێدەنگی فراوانی لایەنە پەیوەندیدارەكانی مافی مرۆڤ، ژنان و حكومەتی عیراق لەسەر ئەو كەیسە كە هەندێك بە "مردنی گوماناویی" دەزانن.
شایەن عەلی (35ساڵ) كە خەڵكی كەركوك بوو و مافی پەنابەرێتی ئەمریكای هەبووە، لە ئێوارەی 30ی تشرینی یەكەمی 2014دا كەسوكاری لە كەركوك ئاگاداركرانەوە لە گیانلەدەستدانی كچەكەیان لەنێو زینداێكی بەغدا كە راستەوخۆ سەر بە وەزارەتی دادی عیراقە.
زیندانیكردنی شایەن عەلی لە بەغدا، دوای ئەوە هات كە دادگای كەركوك لە 17ی تەمموزی 2023 سزای دوو ساڵ زیندانی بەسەردا سەپاند، ئەوەش بە تۆمەتی "سوكایەتی و قسەی نەشیاو" بە دادوەر و دادگاكانی عیراق و بۆ تەواوكردنی سزاكەی گواسترایەوە بۆ بەغدا.
مراد مەهدی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی دادی عیراق، نیگەران بوو لەوەی (كەركوك ناو)، بەدواداچون بۆ كەیسی شایەن عەلی دەكات، وتی "من تێناگەم ئەم كەیسە هی ئێستا نییە و شایەن عەلی پار مردووە، بۆچی ئێستا دەتانەوێت جارێكی تر هەڵیبدەنەوە...". بەبێ بیركردنەوە لە ئەركی رۆژنامەنوسان كە دەتوانێت كەیسە زۆر مێژوییەكان هەڵبداتەوە و بەدواداچونی بۆ بكات.
مراد مەهدی لە بارەی راپۆرتی كەیسی گیانلەدەستدانی شایەن عەلی، بەڵێنیدا دۆسییەكە بۆ (كەركوك ناو) ئاشكرابكات، بەڵام وتی "هەفتەیەك چاوەڕی بن تا وەكو زیندانی ژنانی بەغدا راپۆرتەكەمان بۆ دەنێرن و وەڵامدەدەنەوە، ئەوكات وەڵامی پرسیارەكانی ئێوەش دەدەینەوە". لەگەڵئەوەشدا وتی "بەمردنی خودایی مردووە و جەڵدەی دڵ لێیداوە".
نزیكەی مانگێك بەسەر ئەو بەڵێنەدا تێپەڕی، بەڵام وەزارەتی دادی عیراق، وەڵامی (كەركوك ناو)ی نەدایەوە و سەرەڕای ئەوەی لەڕێی نامەی واتسئەپ-یشەوە ئاگاداركرانەوە، نامەكەش ئاماژەی بینین و خوێندنەوە نیشاندەدات.
هەریەكە لە خالد شوانی، وەزارەتی دادی عیراق و دوو لێپرسراوی تری وەزارەتی داد، بەهیچ شێوەیەك وەڵامی تەلەفون و نامەی (كەركوك ناو)یان نەدایەوە كاتێك ئاگاداركرانەوە كە لەسەر ئەو كەیسە بەدواداچون دەكەین.
هەروەها یوسف بەدر، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی عیراق، ئامادەنەبوو رێپێدان بە (كەركوك ناو) بدات بۆ وەرگرتنی راپۆرتی پزیشكی دادوەری بەغدا، كە توێكاریی بۆ تەرمی شایەن عەلی كردووە.
یوسف بەدر وتی "تەنیا دادوەر دەتوانێت داوای راپۆرتی پزیشكی دادوەری بكات"، ئەوەش لەكاتێكدایە بەپێی یاسا بەركارەكانی عیراق رۆژنامەنوسان دەتوانن داوای هەر زانیارییەك بكەن كە دەیانەوێت بەدواداچونی بۆ بكەن، جگە لە زانیارییە هەستیارەكانی پەیوەست بە ئەمنی نەتەوەیی.
بەڵام وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی سوربوو لەسەر ئەوەی داواكارییەكەی (كەركوك ناو) بۆ كۆكردنەوەی زانیاریی لە پزیشكی دادوەری لەسەر كەیسی شایەن عەلی یاسایی نییە.
شاردنەوەی زانیاریی لەسەر ئەو كەیسە و رێگریكردن لە دەستخستنی هەر زانیارییەك، لەكاتێكدایە كۆمسیۆنی باڵای مافی مرۆڤی عیراقیش سەرەڕای ئاگاداربونیان لەو روداوە، هیچ بەدواداچونێكیان بۆ كەیسەكە نەكردووە، چونكە دەڵێن كەسوكاریی هیچ سكاڵایەكیان نەبووە.
سەرمەد سەعید، لێپرسراوی بەشی راگەیاندن و پەیوەندییەكانی كۆمسیۆنەكە وتی "تەنیا لە چەند حاڵەتێكدا بەدواداچون بۆ ئەو جۆرە كەیسانە دەكەین، یان كەسوكاریی سكاڵا تۆماربكەن، یان لەسەروی خۆمانەوە لەوانەش داواكاریی گشتی دۆسییەكە بجوڵێنن، یان لە سۆشیال میدیا كەسێك یان ڤیدیۆیەكی پێشێلكاریی بەرامبەر بە مافی مرۆڤ بڵاوبكاتەوە، ئینجا بەدواداچونی بۆ دەكەین".
ئەوە لەكاتێكدایە كەیسەكەی شایەن عەلی، بە فراوانی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوبۆوە و نیگەرانی هەبوو لەوەی چۆن مردووە، هەندێك وەكو مردنێكی گوماناویی لێیان دەڕوانی.
سەرمەد وتی "ئێستاش خێزانەكەی دەتوانن بێنە كۆمسیۆنی باڵای مافی مرۆڤ و سكاڵا تۆماربكەن".
شایەن عەلی، بەرلەوەی لەلایەن دادگای كەركوك بە دوو ساڵ سزابدرێت، لە بنكەی پۆلیسی رەحیماوا لە كەركوك دەستبەسەركرابوو، دواتر بۆ گرتوخانەی گرتن و گواستنەوەی كەركوك گوازرایەوە، بەرلەوەی سزابدرێت و بگوازرێتەوە بۆ بەغدا.
ناوبراو بەپێی یاسای سزادانی عیراقی و لەسەر سكاڵای دوو دادوەری دادگای كەركوك سزادرا، بەهۆی هێرشكردنی بە ئەنقەست بۆ سەر كەسێكی تر "لەڕێی كردەوەیەكی پێچەوانەی یاسا".
ئەوە دوای ئەوە هات كە ناوبراو لە 20ی حوزەیران لە چەند ڤیدیۆیەكدا لە ئەكاونتی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك "سوكایەتی و قسەی نەشیاو"ـی بە دادوەر و دادگا كرد، بەبێ ناوهێنانی هیچ دادوەر و دادگایەك.
ئەو هێرشە بۆ سەر دوو دادوەرەكەی كەركوك بەهۆی ئەوەوە بوو كە شایەن عەلی كەیسی جیابونەوەی لە هاوسەرەكەیی و وەرگرتنەوەی منداڵەكەی لە دادگابوو، لەو سەروبەندەدا لە چەند گرتەیەكی ڤیدیۆییدا سوكایەتی بە دادوەرەكان كردووە، بەڵام كاتێك چووە بەدوای كەیسەكەیدا لە دادگای كەركوك، بە بڕیاری دادوەر دەستبەسەركرا.
چالاكوانێكی بەرگریكردن لە مافی ژنان لە كەركوك، كە دەڵێت بەرلەوەی شایەن عەلی بگوازرێتەوە بۆ بەغدا، چەند جارێك لە زیندانی ژنانی كەركوك سەردانی كردووە، وتی "لە نزیكەوە ئاگاداری شایەن عەلی بوم، هیچ كێشەیەكی تەندروستی و دەرونیم لێ بەدی نەدەكرد، پێم سەیربوو كە وتیان لە زیندانی ژنانی بەغدا مردووە".
پشتگوێخستنێكی رونی كەسوكاری شایەن عەلی هەبوو لە كەیسی كچەكەیاندا، نە ئامادەبون هیچ شتێك لەسەر كەیسەكە بڵێن، نە هیچ سكاڵایەكیان بۆ كەیسەكەی هەبوو. تەنانەت مەجیب عەبدوڵا، یاریدەدەری بەڕێوەبەری لقی كەركوكی كۆمسیۆنی باڵای مافەكانی مرۆڤ وتی "هیچ كەسێك لە كەسوكاری نەهاتن سكاڵا بكەن، یان داوای بەدواداچون بۆ كەیسەكە بكەن، ئێمەش كاتێك شایەن عەلی گوازرایەوە بۆ بەغدا ئیتر ئاگامان لە كەیسەكەی نەما".
هەروەها جەختیكردەوە لەوەی كە داواكاریی گشتیش كەیسەكەی نەجوڵاندووە تا ئەوان بەدواداچون بكەن.
دیمەن محەمەد، لێپرسراوی لقی كەركوكی یەكێتی ژنانی كوردستان، بە (كەركوك ناو)ی وت "ئەگەرچی ئامانجی سەرەكی ئێمە بەرگریكردنە لە ژنان و پاراستنیان لە توندوتیژی، بەڵام هیچ شتێكمان بۆ كەیسەكەی شایەن عەلی نەكرد، چونكە ئەو كەسانەی خۆیان لە هەندێك بابەت دەدەن لەوانە وەكو ئەوەی شایەن دەیكرد، ئێمە ناتوانین بەرگرییان لێبكەین و خۆمان لەو بابەتانە بدەین".
شایەن بەرلەوەی كەیسی جیابونەوەی بباتە دادگا، لە چەندین گرتەیەكی ڤیدیۆییدا كە لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك بڵاویدەكردەوە، دژایەتی خۆی بۆ جیاكاریی رەگەزی و نەتەوەیی نیشاندەدا.
هەروەها لە چەند گرتەیەكی ڤیدیۆییدا لە بازگەكان و خاڵی پشكنین كاردانەوەی زۆری تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی بەدواداهات، چونكە كاتێك كارمەندانی بازگەكە داوای ناسنامەیان لێدەكرد و ئەویش گفتوگۆی خۆی و كارمەندەكانی بڵاودەكردەوە و مشتومڕەكانی تۆماردەكرد.