لەرۆژی جیهانی پەنابەراندا
ئاڵنگارییە نوێیەكانی  بەردەم ئاوارە ئێزدییەكان لە كۆنگرەیەكدا دەخرێتەڕوو

پۆستەرەكە زانیاریی لەسەر كۆنگرە رۆژنامەوانییەكە دەخاتەڕوو

كەركوك ناو

رێكخراوی وادی ئەڵمانی و هاوبەشەكانی كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیی رێكدەخەن بۆ رونكردنەوەی ئەو ئاڵنگاریی و بەربەستانەی روبەڕی پێكهاتەی ئایینی ئێزیدی دەبنەوە لە كەمپەكانی ئاوارەیی لە پارێزگای دهۆك.

كۆنگرەكە كە پێنجشەممەی داهاتوو 19ی حوزەیران رێكدەخرێت، رۆژێك بەر لە رۆژی جیهانی پەنابەران دەبێت، بۆ  گفتوگۆكردنی ئەو دۆخەی كە لە ئێستادا ئێزیدییەكان روبەڕویان بۆتەوە، ئەوەش بە ئامانجی دۆزینەوەی چارەسەر.

رێكخراوی وادی ئەڵمانی و هاوبەشەكانی لە راگەیەنراوێكدا بانگهێشتی رۆژنامەنوسان، نوێنەرانی میدیا، بەرگریکارانی مافی مرۆڤ، داڕێژەرانی سیاسەت و هاوڵاتیانی نیگەران دەكەن بەشداربن لەو كۆنگرە رۆژنامەوانییە، تا پێكەوە تیشکبخەنەسەر ئەو ئاڵنگارییانەی روبەڕوی ئێزیدییەكان بۆتەوە لە كەمپەكاندا.

هەروەها جەختكراوەتەوە لەسەر ئەوەی لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا رۆشنایی دەخرێتە سەر دۆخی ئێستای کەمپەکانی ئاوارەیی، دەستگەیشتن بە چاودێری تەندروستی و خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان و دۆخی ئەو ئێزیدییانەی بۆ ژیانێكی باشتر كۆچییان كردووە و لە ئێستادا دیپۆرتی عیراق كراونەتەوە و لە دۆخێكی ناجێگردا ژیان دەگوزەرێنن.

ئەو كۆنگرە رۆژنامەوانییەی رێكخراوی وادی و هاوبەشە ناوخۆییەكانی لە چوارچێوەی پڕۆژەی هاوڵاتیبون-دا رێكدەخرێت، لە 19ی حوزەیران لەكاتژمێر 2ی پاشنیوەڕۆ لە هۆتێل شیراتۆن لە هەولێر.

hawlatibun-1
هاوبەشەكانی پڕۆژەی هاوڵاتیبون

هاوڵاتیبون پڕۆژەیەكی نوێی پاڵپشتیكراوە لەلایەن  رێكخراوی وادی ئەڵمانی كە کونسوڵخانەی هۆڵەندا پاڵپشتی دارایی دەكات، ئامانج لێی دەستپێشخەریی نوێ و چارەسەرکردنی ئاستەنگە گرنگەکانی كۆمەڵگەن وەک تێکچونی ژینگە، توندوتیژی لەسەر بنەمای جێندەری، هەموو جۆرەکانی توندوتیژی لە قوتابخانەکان، نەبونی دەستڕاگەیشتن بە چاودێری تەندروستی و زانیاری سنوردار لەسەر مافە یاساییەکانی ژنان.

(كەركوك ناو) كە هاوبەشێكی رێكخراوی وادیی ئەڵمانییە، لە دوو مانگی رابردودا ژمارەیەك بابەتی رۆژنامەوانیی لەسەر كەمپەكانی ئاوارەیی لە چوارچیوەی پڕۆژەی هاوڵاتیبوندا بەرهەمهێنا، لەیەكێكیاندا ئاماژە بەوە دەكات كە ئاوارەكان لەوانەش ئێزیدییەكان بە ئاسانی دەستیان بە خزمەتگوزاریی تەندروستی ناگات، ئەوەش بەهۆی ئەوەی لە لە کۆی 16 کەمپ تەنها شەش کەمپ سەنتەری چاودێری تەندروستییان هەیە و ئەوانی تر داخراون. ئەمە جگە لە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكانی تر وەكو ئاو، كارەبا و پەروەردە.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT