ژنانی گوند و ناوچە دورەدەستەكانی شار، جگە لە بارگرانی دوگیانی، هێندەی دیكە بەهۆی نەبوونی پزیشكی پسپۆڕ و خزمەتگوزارییە تەندروستییەكانەوە روبەڕوی نەهامەتی دەبنەوە.
بە هەردوو قەزای شارباژێڕ و ماوەت لە باكور و باكوری خۆرهەڵاتی سلێمانی، كە نزیكەی 200 ناحیە و گوندیان بەسەرەوەیە و ژمارەی دانیشتوانیان زیاترە لە 35 هەزار كەس، تەنیا پزیشكێكی پسپۆڕی ژنان و منداڵبوون نییە، نە لە كەرتی حكومی نە لە كەرتی تایبەت.
خەڵكی ئەو ناوچانە پێویستە بۆ بینینی پزیشك بچنە سلێمانی، لە كاتێكدا دورترین گوند زیاتر لە 75 كیلۆمەتر لە ناوەندی شارەوە دورە و بە ئۆتۆمبێل نزیكەی دوو كاتژمێر رێگایە.
رۆشنا محەمەد، منداڵێکی تەمەن دوو ساڵی هەیە و بە منداڵی دووەمی دووگیانە، بەڵام لەبەر نەبوونی پزیشکی پسپۆڕی ژنان و منداڵ بوون لە گوندەکەیان، کە گەورەترین گوندی ناوچەكەیە، دەبێت بچێتە شاری سلێمانی و بۆ کوتانی منداڵەکانیش هەمووجارێک دەبێت سەردانی ناوەندی قەزای چوارتا یان ماوەت بکات.
ئەو لە گوندی سورەقەڵات-ـی ماوەت نیشتەجێیە، كە زیاتر لە 400 ماڵی تێدایە و بە ئۆتۆمبێل 20 خولەك لە ناوەندی قەزاكە و نزیكەی 50 خولەك لە شاری سلێمانییەوە دورە.

دووجار زەحمەت و ماندوێتی دەبینێت "جارێک بۆئەوەی لە ناوچەكەمان هیچ پزیشکێکی لێ نییە و جارێکیش کە دەبێت بۆ هەموو کوتانێکی خۆم و منداڵەکەم و پشکنینەکانی کاتی دووگیانی، لە گوندەکەی خۆمانەوە بچمە ماوەت یاخود چوارتا" رۆشنا وای وت.
تەنیا لە چوارتا و ماوەت بنكەی تەندروستی لێیە كە خزمەتگوزاری بۆ ژنانی دوگیان و كوتان دەستبەربكات.
رۆشنا دەڵێت چەندینجار داوایانکردووە پزیشکی پسپۆڕی ژنان و منداڵبوون لە چوارتا و ماوەت دابنرێت، هەروەها لە گوندەکەیاندا بنکەی تەندروستی بۆ چاودێری ژنانی دووگیان و کوتانی منداڵان هەبێت، بەڵام هیچ نەكراوە.
دانیشتوانی شارباژێر زیاتر لە 24 هەزار كەسە بەپێی خەمڵاندنی دەستەی ئاماری هەرێمی كوردستان بۆ ساڵی 2025، لەو ژمارەیەش زیاتر لە 16 هەزار كەسیان گوندنشینن، هەروەها ژمارەی دانیشتوانی ماوەت نزیكەی 11 هەزار كەسە و زیاتر لە نۆ هەزاریان گوندنشینن.
ئاوات مەحمود، بەڕێوەبەری مەڵبەندی تەندروستی چوارتا بە (کەرکوك ناو)ـی وت "هیچ پزیشکێکی ژنان و منداڵبوونی لێ نییە، نە لە کەرتی حکومی نە هیچ پزیشکێکیش کە کلینیکی خۆی هەبێت، هۆکارەکەشی کەمتەرخەمی حکومەت و وەزارەتی تەندروستییە کە پزیشکمان بۆ دانامەزرێنێت".
ئەو دەڵێت بەردەوام نوسراو دەکات بەڵام هەر وەڵام نادرێتەوە، "پزیشکیش نایەت بۆ ئەو رێژە کەمەی دانیشتوان کیلینکی تایبەتی ژنان و منداڵبوون بکاتەوە".

هەموو خزمەتگوزارییەکی تەندروستی کە پێویستە بۆ ژنانی دووگیان و کۆرپەلە دوای لەدایکبوون، تەنیا لە بنکەی تەندروستی چوارتا و ماوەت هەیە، دەبێت هەموو هاووڵاتییان لە گوندەکانی شارباژێڕ و ماوەتەوە روو لەو دوو بنکەیە بكەن.
لە شارباژێڕ 54 بنکەی تەندروستی هەیە، تەنیا لە بنکەی تەندروستی ناوەندی چوارتا تەندروستی دوگیانی و کوتان هەیە كە بێبەرامبەر مانگانە خزمەتگوزاری پێشکەش بە 100 بۆ 120 ژن و منداڵ دەکەن.
"بەهۆی نەبوونی میلاک و خانەنشینبوونی بەردەوام و کۆچ و مردن، ئەو 54 بنکە تەندروستییەش رەنگە 10 بنکەی دیکەی لێدابخرێت، زۆربەی بنکەکانیش خۆبەخش دەیبات بەڕێوە، ئێمە تەنیا رۆڵی تێرمیناڵ دەبینین و ئەگەرنەخۆشێکی ژنان و منداڵبوون هەبێت تەنیا دەتوانین بە ئەمبوڵانس بیگوزاینەوە بۆ سلێمانی. تەنانەت کارمەندی مامانیشمان نییە" ئاوات مەحمود وادەڵێت.
لە پارێزگای سلێمانی، یەكەی چاودێری دایكانی دووگیان و كۆرپەلە، لە 74 بنكە و مەڵبەندی تەندروستی هەیە، كە 53ـیان لەناوشار و 21 بنكەیان لە قەزا و ناحییە و گوندەكاندا هەن، مانگانە سێ هەزار ژن لە خزمەتگوزارییەكانی سودمەنددەبن، بەپێی ئامارێكی هۆبەی پتەوکردنی تەندروستی سلێمانی بۆ (كەركوك ناو).
رێزان فەرید، سەرۆکی یاریدەدەریی پزیشکیی لە یەکەی زایندەیی و سەرپەرشتیاری مەڵبەندەکانی تەندروستیی ناوشار و دەرەوەی شار لە بەڕێوەبەرایەتیی خۆپاراستنی تەندروستی سلێمانی لە لێدوانێكی پێشتریدا بۆ (كەركوك ناو) نەیشاردەوە لە هەندێک لە بنکەکانی دەرەوەی شار پێدانی زانیاری دەربارەی رێكخستنی خێزان و تەندروستی ژنانی دوگیان نییە، "ئەوەش بەداخەوە بەهۆی نەبوونی پزیشكی پسپۆڕ لەو شوێنانەدا".