شارەوانی كەركوك مامەڵەی تاپۆكردنی خانوی زیادەڕۆ دەستپێدەكاتەوە

كەركوك/ كانونی دوەمی 2022/ خانویەكی زیادەڕۆ لە گەڕەكی موسەیەجەی عەرەفە فۆتۆ: كەركوك ناو

كەركوك ناو

شارەوانی كەركوك پرۆسەی وەرگرتنی مامەڵەی تاپۆكردنی خانوی زیادەڕۆ دەستپێدەكاتەوە، لەكاتێكدا سێ ساڵ لەمەوبەر 90 هەزار مامەڵەی بۆ هەمان مەبەست وەرگرتووە و  هیچی تاپۆ نەكردووە.

ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق لە 28ی تشرینی دووەمی 2022دا بڕیاریدا بۆ  تاپۆكردنی تەواوی خانووە زیادەڕۆكان لەسەر ئاستی عیراق بە پارێزگای كەركوكیشەوە، ئەوكات شارەوانی كەركوك نزیكەی 90 هەزار داواكاریی بۆ تاپۆكردن بەدەستگەیشت.

عەدنان حەمەشکور، لێپرسراوی بەشی راگەیاندنی فەرمانگەی شارەوانی کەرکوک، بە (كەركوك ناو)ی وت "دوبارە وەرگرتنی مامەڵەی تاپۆکردنی بەشێک لە خانووە زیادەڕۆکانی شاری کەركوك دەستیپێكردۆتەوە، بۆ ئەو هاوڵاتییانەی كە خاوەنی خانوی زیادەڕۆن و لە رابردودا نەیانتوانیوە مامەڵە پێشكەش بكەن".

لەبارەی مەرجەكانی مامەڵەی هاوڵاتیان، عەدنان حەمەشکور وتی "مەرجە جۆری ئەو زەوییەی کە خانووە زیادەڕۆکەی لەسەر دروستکراوە لە جۆری زەوی کشتوکاڵی بێت، یان سەر بە وەزارەتی دارایی عیراق بێت"، لەگەڵ جەختكردنەوە لەوەی "دەبێت خانوەکە لە سنوری شارەوانی کەركوك بێت جا چ لەناو شار یان دەرەوەی شار بێت، لەوانە لە قەزاو ناحییەكان".

دەستپێكردنەوەی وەرگرتنی مامەڵەی هاوڵاتیان بۆ تاپۆكردنی خانووەكانیان لەكاتێكدایە، پرۆسەی تاپۆكرنی خانوو لە هەموو عیراق دەستیپێكردووە، تەنیا لە كەركوك پرۆسەكە راگیراوە و رادەستی لیژنە و لیژنەكاریی كراوە.

ئەنجوومەنی وەزیرانی عیراق لە 13ی كانونی دووەمی ئەمساڵ بڕیاریدا تەواوی خانووە زیادەڕۆكانی پارێزگاكانی عیراق تاپۆبكرێن، جگە لە كەركوك.

بەپێی نوسراوێكی ئەمیندارێتی گشتی ئەنجومەنی وەزیران كە لە 13ی كانونی دووەم واژۆكراوە، دوو وەزیری كورد، خالید شوانی، وەزیری داد لە پشكی یەكێتی و بەنگین رێكانی وەزیری ئاوەدانكردنەوە، نیشتەجێكردن و شارەوانی لە پشكی پارتی، لە كۆبونەوەكەی ئەنجومەنی وەزیراندا داوایانكردووە تاپۆكردنی خانووە زیادەڕۆكانی كەركوك بە لیژنە بسپێردرێت.

نوسراوەكە هیچ رونكردنەوەیەكی لەسەر داواكاریی ئەو دوو وەزیرە كوردە نەداوە، تەنیا هاتووە "لەسەر بنەمای ئەوەی ئەوان خستیانەڕوو، رەزامەندی لەسەر پێكهێنانی لیژنەیەك دراوە بۆ لێكۆڵینەوە لە بارودۆخی ئەو زەوییانەی كەوتونەتە چوارچێوەی نەخشەی بنەڕەتی كەركوك كە موڵكی شارەوانییەكانن و بە شێوەیەكی یاسایی ئیفرازكراون، بەڵام لەكاتەكانی پێشتردا زیادەڕۆییان لەسەر كراوە، ئەم لیژنەیە بۆ دانانی میكانیزمێكە بۆ چارەسەركردنی".

بەپێی ئامارەكانی ئیدارەی كەركوك، پارێزگاكە لە دوای هەریەكە لە بەغدا و بەسرە، سێیەم پارێزگایە لە زیادەڕۆییدا، لە بەغدا زیاتر لە 130 هەزار زیادەڕۆی خانوو و لە بەسرە زیاتر لە 90 هەزار هەیە، لە كەركوكیش نزیكەی 90 هەزار هاوڵاتی داواكارییان بۆ بۆ تاپۆكردنی خانووەكانیان رادەستی شارەوانی كردووە.

"زۆرترین ئەو داواكارییانەی بۆ تاپۆكردن هاتووە لە ناوچە كوردنشینەكانەوە بووە، نزیكەی 10 گەڕەكی سەرەكی (زیادەڕۆ)ـمان هەیە كە حەوت گەڕەكیان كوردنشینن، دەتوانم بڵێم سەدا 70ـی داواكارییەكانی تاپۆكردن كورد و لە ناوچە كوردییەكانەوەن"، بە وتەی فەرەیدون عادل، بەڕێوەبەری پێشوی شارەوانی كەركوك.

"لە ساڵی 2022وەوە ئەو 90 هەزار فۆرمە ئامادەن بۆ تاپۆكردن، هەر بڕیارێك لە ئەنجومەنی وەزیرانەوە بێت ئێمە دەتوانن بە زویی رێكارەكان تەواوبكەن"، بەپێی لێدوانێكی پێشوتری بۆ (كەركوك ناو).

ناوبراو وتی "لەو مامەڵانەی ئێستا وەردەگیرێن، مەرجە خانووە زیادەڕۆكان لەناو گەڕەك بن".

لەبارەی نرخی تاپۆكردنی خانووەكان، وتی "نرخی موڵکەکە بەپێی نرخی بازاڕ هەژمار دەکرێت و هاوڵاتیان دەبێت لەسەدا 10ی كۆی نرخی موڵكەكە بدەن، بەڵام قیستیشی تیایە و دەبێت لە ماوەی 20 ساڵدا بدرێتەوە بە حكومەت". 

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT