ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، كۆتایی بە 180 رۆژ لە پەككەوتنی دانیشتنەكانی هێنا و بە ئامادەبوونی ژمارەی یاسایی ئەندامەكانی كۆبووەوە، ئەوەش دوای چەند رۆژێك لە هەڕەشەكانی سەرۆكی ئەنجومەن.
محەمەد حافز، سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، 28ـی ئابی ئەمساڵ و دوای شكستهێنانی ئەنجومەن لە كۆبوونەوە، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا كە (كەركوك ناو) ئامادەی بوو، هەڕەشەی گرتنەبەری رێكاری یاسایی كرد ئەگەر ئەندامانی ئەنجومەن نەگەڕێنەوە بۆ دانیشتنەكان.
بەگوێرەی پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجومەن و بەپێی یاسای پارێزگاكان، هەر ئەندامێكی ئەنجومەن ئەگەر چوار دانیشتنی لەدوای یەك یاخود یەك لەسەر چواری دانیشتنەكانی ئەنجومەن لە چوار مانگدا ئامادەنەبوو، بەبێ پاساوێكی رەوا، ئەوا بە دەستلەكاركێشاوە دادەنرێت.
دوای چەند رۆژێك لەو هەڕەشەی سەرۆكی ئەنجومەن، ئەمڕۆ دووشەممە 1ـی ئەیلول ئەنجومەنی پارێزگا كۆبووەوە، بە ئامادەبوونی 10 ئەندام لە كۆی 16 ئەندام. لە كاتێكدا دوایین كۆبونەوەیان لە 4ـی ئاداری ئەمساڵدا بوو.
بەپێی پەیامنێری (كەركوك ناو)، لە دانیشتنەكانی ئەمڕۆدا هەریەك لە رەعد ساڵح، ئەندامی ئەنجومەن لە لیستی تەقەدوم، زاهیر ئەنوەر عاسی، ئەندامی لیستی عروبە و سەلوا مەفرەجی، ئەندامی جیابووەوە لە لیستی هاوپەیمانی عەرەبی بەشداربوون كە پێشتر بایكۆتیان كردبوو.
بەپێی یاسا كۆبونەوەی ئەنجومەن پێویستی بە ئامادەبونی 50+1 ئەندامان هەیە، ئەوەش بەو مانایەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك پێویستی بە نۆ ئەندام دەبێت.
حافز لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا دەربارەی دانیشتنەكانی ئەمڕۆ وتی باسی دۆسیەی زیادەڕۆیی لە كەركوك كراوە، كە بۆتە كێشە و بەربەرستێكە لەبەردەم ئەوەی زەوی نیشتەجێبون بۆ فەرمانبەران تەرخانبكرێت و شایستەی خۆیان وەربگرن، هەروەها تەوەرێكی دیكەی گفتوگۆكانیان بۆ دۆسیەی دامەزراندنی حەوت هەزار كەس بە گرێبەست تەرخانكردووە، كە بەهۆی پەككەوتنی ئەنجومەنەوە چەند مانگێكە راوەستاوە.
وتیشی لەگەڵ پارێزگاری كەركوك هەوڵدەدەن سبەینێ سێشەممە وادەیەك بۆ كردنەوەی دەرگای پێشكەشكردن بۆ دامەزراندنەكە دیاریبكەن.
هەر لەو دانیشتنەدا بەوتەی سەرۆكی ئەنجومەن، باسی كارەكانی ئەنجومەن و پەیڕەوی ناوخۆ كراوە، بەبێ ئەوەی باسی ئەو ئەندامانە بكاتەوە كە بایكۆتیان كردووە.
كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆی ئەنجومەن، 11ـیەمین كۆبوونەوەی ئەنجومەنەكە بوو لە دوای هەڵبژاردنیەوە (لە 18ـی كانونی یەكەمی 2023 هەڵبژاردن كرا).
سەلوا مەفرەجی، كە چەند هەفتەیەك لەمەوبەر لە هاوپەیمانی عەرەبی بە سەرۆكایەتی راكان جبوری جیابووەوە، پێشتر سكاڵای دژی پێكهێنانی ئەنجومەن و ئیدارەی كەركوك تۆماركردبوو، بەڵام لەلایەن دادگاوە سكاڵاكەی رەتكرایەوە.
هەریەك لە رەعد ساڵح و زاهیر ئەنوەر عاسی، كە پێشتر ئامادەی دانیشتنەكانی ئەنجومەن دەبوون و بەشێك بوون لە پرۆسەی پێكهێنانی ئیدارەی ئێستای كەركوك، لە 21ـی ئایاری ئەمساڵ پاشەكشێیان لە هاوپەیمانی ئیدارەی پێكهێنانی حكومەتی خۆجێیی راگەیاند و لەوكاتەوە بایكۆتی دانیشتنەكانیشیان كرد تا ئەمڕۆ گەڕانەوە.
ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لە 16 ئەندام پێكهاتووە، پێكهاتەی كورد، 7 كورسی (یەكێتی نیشتمانی كوردستان 5 كورسی، پارتی دیموكراتی كوردستان 2 كورسی)، پێكهاتەی عەرەب 6 كورسی، (هاوپەیمانی عەرەبی 3 كورسی، هاوپەیمانی قیادە 2 كورسی و هاوپەیمانی عروبە 1 كورسی)، هاوكات توركمانەكان 2 كورسی لەگەڵ یەك كورسی كۆتای مەسیحییەكان.
ئەو 16 ئەندامەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، دابەشبوون بەسەر حەوت هاوپەیمانێتی و حزبی سیاسی، حەوت ئەندامیان لە سەرەتای پێكهێنانی حكومەتی خۆجێی كەركوكەوە بایكۆتیان كرد، چونكە هەڵبژاردنی پارێزگار و سەرۆكی ئەنجومەنیان لە دانیشتنەكەی هوتێل رەشید بە نایاسایی زانی، ئێستا ژمارەی ناڕازییەكان كەمبۆتە بۆ شەش ئەندام.