سۆشیال میدیاش پاڵنەر بووە
زۆرینەی ئەو ژنانەی توندوتیژییان بەرامبەر كراوە خاوەنی ئابوری سەربەخۆ نەبون

فۆتۆ: Melanie Wasser، ئەم وێنەیە لە ماڵپەڕی unsplash وەرگیراوە لە 16ی نیسانی 2020

فەرمان سادق

ئەو ژنانەی خاوەنی ئابوری سەربەخۆ نین، زۆرترین توندوتیژییان بەرامبەركراوە، بەپێی ئامارێكی پەیمانگەی ئامێزی خێزانی، هاوكات هاوسەرەكانیان لە پلەی یەكەم دێن بە ئەنجامدانی توندوتیژی و سۆشیال میدیاش پاڵنەری سەرەكی بووە.

پەیمانگەی ئامێزی خێزانی كە بەشێكە لە یەكێتی ئافرەتانی كوردستان، چوارشەممە 26ی تشرینی دووەم، ئاماری كەیسی ئەو ژنانەی بڵاوكردەوە كە لە 11 مانگی رابردودا هانایان بۆ بردون، دوای ئەوەی توندوتیژییان بەرامبەر كراوە.

بەپێی ئامارەكە، لەو 11 مانگەدا 78 ژن روبەڕوی توندوتیژی بونەتەوە، 39 ژن كە لەسەدا 51ی ژنان دەكات لەلایەن هاوسەرەكانیانەوە توندوتیژییان بەرامبەر كراوە و لەسەدا 68ی كۆی ئەو ژنانەی كەیسەكانیان بردۆتە پەیمانگەكە خاوەنی ئابوری و داهاتی سەربەخۆ نەبون.

لەسەدا 18ی كەیسەكانیش بەهۆی خیانەتی هاوسەرگیرییەوە بووە، لەوەدا لەسەدا 14ی خیانەتەكە لەلایەن پیاوان و لەسەدا 4ی لەلایەن ژنانەوە كراوە. لەسەدا 13ی كۆی كەیسەكانیش سۆشیال میدیا پاڵنەر بووە.

شاد رزگار، بەڕێوەبەری پەیمانگەی ئامێزی خێزانی بە (كەركوك ناو)ی وت "هەر کەیسێک لە پەیمانگای ئامێزی خێزانی چارەسەر نەکرێت، ئەوا كەیسەكەی بۆ دادگا یان بۆ بەڕێوەبەرایەتییەکانی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی خێزانی رەوانە دەكەین".

Shad Rizgar
شاد رزگار، بەڕێوەبەری پەیمانگەی ئامێزی خێزانی

بەگشتی لەسەدا 62ی كەیسەكانی ژنان لەو پەیمانگەیە چارەسەركراون، بەشێكی دیكەش لەژێر چارەسەر دایە، لەسەدا 30ی كەیسەكان رەوانەی دادگا كراون و ئەوانی تر رەوانەی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی خێزانی كراون كە سەر بە وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستانە.

شاد رزگار، زیاتر وتی "ساڵی رابردوو 105 کەیس هاتنە پەیمانگەكە، ئەمساڵ رێژەكە بۆ 78 كەمبۆتەوە، كەیس هەبووە 13 دانیشتنی پێویست بووە تا هەردولا ئاشتكراونەتەوە".

لە یەكەم رۆژی 16ی رۆژەی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، پەیمانگای ئامێزی خێزانی پڕۆژەی پەناوار-ی راگەیاند، كە بریتییە لە دابینکردنی هێڵی گەرم و پارێزەری خۆبەخش بۆ ئەو ژنانەی روبەڕوی توندوتیژی خێزانی دەبنەوە.

پەیمانگەكە کەیسەکانی توندوتیژی بۆ سێ جۆر دابەشكردووە، توندتیژی لەلایەن هاوسەران، توندوتیژی خێزانی و توندوتیژی دیجیتاڵی.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT