ده‌یان پۆستی حكومی له‌سه‌ر مێزی گفتوگۆی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای نه‌ینه‌وادایه بۆ یه‌كلاییكردنه‌وه‌یان به‌سه‌ر پێكهاته جیاوازه‌كاندا به‌پێی به‌ركه‌وته‌ی هه‌ڵبژاردن، به‌ڵام سستی كاری ئه‌نجومه‌ن و پێداگریی لایه‌نه‌كان له وه‌رگرتنی پۆسته‌كان پرۆسه‌كه‌ی دواخستووه.
پرۆسه‌ی به‌شكردنی ئه‌و پۆستانه له نێوان پێكهاته‌كان، له كانونی یه‌كه‌می 2026 به یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی نۆ پۆستی باڵا له دانیشتنێكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگادا ده‌ستیپێكرد، بڕیاربوو له ماوه‌ی كه‌متر له مانگێكدا ده‌نگ له‌سه‌ر 27 پۆستی تر بدرێت.
ئەحمەد كیكی، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا، بە (كەركوك ناو)ی وت "وه‌كو كورد هه‌وڵی ئه‌وه ده‌ده‌ین له‌سه‌دا 30ی پۆسته‌كانی پارێزگای نه‌ینه‌وا وه‌ربگرین، چونكه به‌پێی خه‌مڵاندنی ئێمه كورد له‌سه‌دا 30ی پارێزگاكه پێكده‌هێنێت".
هه‌وڵی ئه‌وه ده‌ده‌ین له‌سه‌دا 30ی پۆسته‌كانی پارێزگای نه‌ینه‌وا وه‌ربگرین
كیكی جه‌ختیكرده‌وه كه هه‌رسێ قایمقامی مه‌خمور، شێخان و شنگال به‌ر كورد كه‌وتووه له كۆی نۆ پۆستی قایمقام له سه‌رتاسه‌ری پارێزگای نه‌ینه‌وا.
ئه‌و وته‌یه له‌كاتێكدایه شنگال زۆرینه‌ی دانیشتووانه‌كه‌ی ئێزیدین و قایمقامێكی ئێزیدی له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی پارێزگاوه هه‌ڵبژێردراوه، به‌ڵام به‌هۆی پێداگریی پارتی له ره‌تكردنه‌وه‌ی ئه‌و قایمقامه، هێشتا پارێزگار مه‌رسومی ده‌ستبه‌كاربونی بۆ ده‌رنه‌كردووه.
كورد هه‌وڵده‌دات لانیكه‌م حه‌وت به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌ی به‌ربكه‌وێت، ئه‌وه‌ش له‌و ناوچانه‌ی كه زۆرینه‌ی دانیشتووانه‌كه‌ی كوردن.
كورد له ئه‌نجومه‌نی پارێزگای نه‌ینه‌وا ته‌نیا حه‌وت كورسی هه‌یه له كۆی 29 كورسی ئه‌نجومه‌نه‌كه، له‌وه‌شدا پارتی خاوه‌نی پێنج كورسی و یه‌كێتی دوو كورسی ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ی هه‌یه، ئه‌وه‌ش چواریه‌كی كورسییه‌كانی پارێزگاكه ده‌كات.
"راسته ئەمجارە ژمارەی كورسییەكانی كورد كەمترە، بەڵام هەوڵدەدەین به رێككەوتن و لێكتێگەیشتن بەشی خۆمان لە پۆستەكان وەربگرینەوە..."، كیكی وایوت.
له نه‌ینه‌وا به‌پێی دابه‌شكارییه‌كان، عه‌ره‌به سوننیه‌كان پۆستی پارێزگاریان به‌ركه‌وت، سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نیش بۆ شیعه‌كان بوو، هەردوو جێگری پارێزگاری نەینەواش بۆ پێكهاته‌كانی تر، پارتی دیموكراتی كوردستان له پشكی كورد شه‌به‌ك-ێكی كرد به جێگری پارێزگار، جێگره‌كه‌ی تر درا به بزوتنەوەی بابلیۆن وه‌ك پشكی كریستیان.
ئه‌و 27 پۆسته باڵایه‌ی كه جێی مشتومڕی پێكهاته‌كانی نێو ئه‌نجومه‌نی پارێزگایه، پێكهاتووه له ژماره‌یه‌ك پۆستی به‌ڕێوه‌به‌رانی گشتی، راوێژكار و هاریكاره‌كانی پارێزگار.
عیدان شێخ كالو، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا لە پێكهاتەی ئێزیدی بە (كەركوك ناو)ی وت "بەپێی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران هەر پۆستێك كە چوار ساڵی تەواو بكرێت دەبێت بگوڕدرێت، ئه‌مه جێگران و راوێژكارانی پارێزگار ده‌گرێته‌وه تا دەگاتە بەڕێوەبەرە گشتییەكان و قایمقام و به‌ڕێوه‌به‌ری ناحییه‌كان".
پێكهاته‌ی ئێزیدی به بریاری ئه‌نجومه‌نی پارێزگا، قایمقامی شنگالیان وه‌رگرتووه، له‌گه‌ڵ هاریكاری پارێزگار بۆ كاروباری ئیداری و هاریكاری پارێزگار بۆ كاروباری ئاوارە و رێكخراوەكان، هه‌روه‌ها لەگەڵ بەڕێوەبەری ناحیەكانی سنونێ و گرعوزێر.
"به‌هۆی ناكۆكییه‌كانه‌وه هێشتا قایمقامی شنگال ده‌ستبه‌كارنه‌بووه... هەوڵی جددیمان بۆ ئەوە دەبێت كە ئێزیدییەك پۆستی یەكێك لە بەڕێوەبەرە گشتییەكانی نەینەوا وەربگرێت، كه پێشتر ئه‌وه نه‌بووه"، عیدان وایوت.
هەوڵی جددیمان بۆ ئەوە دەبێت كە ئێزیدییەك پۆستی یەكێك لە بەڕێوەبەرە گشتییەكانی نەینەوا وەربگرێت
هه‌رچه‌نده پارتی و پێكهاته‌ی ئێزیدی خه‌ونی به‌ده‌ستهێنانی پۆستی زیاتریان هه‌یه، به‌ڵام محه‌مه‌د جاسم، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌ن له فراكسیۆنی یه‌كێتی، وتی "پۆسته‌كان به‌پێی ژماره‌ی كورسییه‌كان یه‌كلاییده‌كرێنه‌وه".
كورد له هه‌ڵبژاردنی پێشوی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای نه‌ینه‌وا 14 كورسی ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ی هه‌بوو له كۆی 39 كورسی. كه ده‌كاته سه‌دا 36ی كورسییه‌كان، به‌ڵام له هه‌ڵبژاردنی 12ی كانونی دووه‌می 2023 ته‌نیا حه‌وت كورسی به‌ده‌ستهێنا كه له‌سه‌دا 24.5ی كورسییه‌كان ده‌كات.
كه‌مینه‌كان له‌وانه كریستیان، شه‌به‌ك و ئێزیدی سێ كورسی كۆتایان هه‌یه كه پێكه‌وه له‌سه‌دا 10ی كورسییه‌كانی پارێزگاكه ده‌كات. هه‌رچی پێكهاته‌ی عه‌ره‌به به هه‌ردوو مه‌زهه‌بی شیعه و سوننه سه‌دا 65.5ی كورسییه‌كانیان هه‌یه.
به‌شێك له كه‌مینه‌كان له چوارچێوه‌ی لیست و هاوپه‌یمانێتییه‌كاندا خۆیان كاندید كردووه و گه‌یشتون به ئه‌نجومه‌نی پارێزگا، له‌وانه ئێزیدی، شه‌به‌ك، كریستیان و كاكه‌یی.
محەمەد جاسم كه خۆی كاكه‌ییه و سه‌رۆكایه‌تی لیستی یه‌كێتی ده‌كات له ئه‌نجومه‌ن، وتی "ئەو پۆستانەی كە یه‌كلایینه‌كراونه‌ته‌وه كراون بە دوو پاكێچ، پاكێجی یه‌كه‌م 13 به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتییه، ئه‌و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیانه‌ی كه ده‌سه‌ڵاته‌كانیان گوازراونه‌ته‌وه بۆ پارێزگاكان، كورد به نیازه چوار به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی وه‌ربگرێت".
پاكێجی دووەم، ئەو بەڕێوەبه‌رایەتیانەن كە دەسەڵاته‌كانیان وزارییه، وه‌ك به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی په‌روه‌رده، ته‌ندروستی، پۆلیس و وه‌به‌رهێنان، له‌گه‌ڵ هاریكارانی پارێزگار كه پێنج پۆست و راوێژكارانیش به هه‌مان شێوه پێنج پۆسته، هه‌موی پێكه‌وه 14 پۆست ده‌كات.
پێكهاته‌كان له ئێستادا هه‌ریه‌كه و شه‌ڕی به‌ده‌ستهێنانی زۆرترین پۆست ده‌كات.
بریاربوو ئه‌نجومه‌ن په‌له‌بكات له یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی ئه‌و پۆستانه، به‌ڵام دوای دوو مانگ هێشتا له‌سه‌ر مێزی دانوستان و گفتوگۆدایه.
محه‌مه‌د جاسم، وتی "پۆسته‌كانی كه‌مینه‌كان گۆڕانكاریی زۆری به‌سه‌ردا نایات، چونكه ناوچه و نفوزیان دیاره، هه‌روه‌ها به‌شێكیان به‌سه‌ر حزبه گه‌وره‌كاندا دابه‌شبون"، ئه‌و نمونه‌ی هێنایه‌وه "قایمقامی حه‌مدانییه هه‌ر كریستیانه، به‌ڵام نزیكه له پارتی، به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌ی ئه‌لقوشیش به هه‌مان شیوه، به پێچه‌وانه‌وه قایمقامی تلكێف نزیكه له بزوتنه‌وه‌ی بابلیۆن سه‌ر به ره‌یان كلدانی، ئه‌م دابه‌شبونه بۆ شه‌به‌ك-یش هه‌ر راسته".
په‌یوه‌ست به ئێزیدییه‌كان كه زیاتر له ناوچه‌كانی قه‌زای شنگال ده‌ژین و پێداگریی ده‌كه‌ن له‌سه‌ر پۆسته‌كانیان له‌و ناوچانه. به‌ڵام ئه‌وانیش هاوشێوه‌ی كه‌مینه‌كانی تر جۆرێك له دابه‌شبونیان هه‌یه له نێو خۆیان و هێزه گه‌وره‌كاندا.
محه‌مه‌د جاسم، وتی "ته‌نانه‌ت لایه‌نی كوردیش به‌سه‌ر چه‌ند لایه‌نێكی عه‌ره‌بی جیادا دابه‌شبون، هه‌موو ئه‌وانه وایكردووه یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی پۆسته‌كان ئاسان نه‌بێت"، زیاتر وتی "له نێو هه‌ر پێكهاته‌یه‌كدا چه‌ند هێزێك هه‌ن كه خۆیان به شایسته ده‌زانن بۆ وه‌رگرتنی پۆسته‌كان... بۆ نمونه ئێمه ده‌مانویست له سنوری قه‌زای شنگال و مه‌خمور سێ به‌ڕێوه‌به‌ری ناحيه وه‌ربگرین، به‌ڵام ته‌نیا یه‌ك ناحیه‌مان وه‌رگرت، به‌هۆی ئه‌وه‌ی پارتی رازی نه‌بوو".
لایه‌نی كوردیش به‌سه‌ر چه‌ند لایه‌نێكی عه‌ره‌بی جیادا دابه‌شبون
له كانونی دووه‌می 2026 كاتێك ئه‌نجومه‌ن نۆ پۆستی یه‌كلاییكرده‌وه، بڕیاربوو له ماوه‌ی كه‌متر له مانگێك ئه‌و 27 پۆسته‌ش یه‌كلاییبكرێنه‌وه، به‌ڵام ئه‌نجومه‌نی پارێزگا له‌وكاته‌وه ته‌نیا دوجار كۆبۆته‌وه و نه‌یتوانی ئه‌و پرسانه یه‌كلاییبكاته‌وه، كه به‌پێی وته‌ی ئه‌ندامان پێویسته به‌ر له كۆبونه‌وه‌كانی ئه‌نجومه‌ن رێككه‌وتنیان له‌سه‌ر بكرێت.
ئەحمەد کیکی، وتی "لەبەر ئەم دۆخەی ئێستا و نا ئارامی ناوچەکه كۆبونه‌وه‌كان كه‌متر بون، به‌دڵنیاییه‌وه ئه‌وه‌ش كاریگه‌ریی هه‌یه له‌سه‌ر یەکلایینه‌کردنەوەی پۆستەکان، لەهەمانکاتدا رێککەوتنی سیاسی لەنێوان لایەنەکان و هەماهەنگی باش ئەوەش روڵێکی کاریگەری هەیە".