ماددەی 140ـی دەستوری عیراق دەربارەی كەركوك و ناوچەكانی دیكەی جێناكۆك، بە تەنیا وشەیەكیش لە كارنامەكەی حكومەتی نوێی عیراق بە سەرۆكایەتی عەلی زەیدی باسنەكراوە.
زەیدی، كاندیدی راسپێدراوی سەرۆك وەزیران بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت، 7ـی ئایاری 2026 كارنامەكەی رادەستی سەرۆكی پەرلەمان كرد، تا پەرلەمانتاران بیخوێننەوە و ئامادەبن بۆ پەسەندكردنی.
بەپێی كارنامەكە كە وێنەیەكی لای (كەركوك ناو)ـە، بە هیچ شێوەیەك ئاماژە بە ماددەی 140ـی دەستور نەكراوە، كە یەكێكە لە دۆسیە هەڵسەپێردراوە درێژخایەنەكانی نێوان هەردوو حكومەتی عیراق و هەرێمی كوردستان.
فەهمی بورهان، سەرۆکی دەستەی گشتی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم لە راگەیەندراوێكدا دەڵێت لە كارنامەی چوارساڵی داهاتووی زەیدی كە چوار بەشە، "هیچ روبەرێكی بۆ کێشە دەستورییەكانی خەڵکی کوردستان تێدا نییە"، جەختیشیكردەوە سەركردایەتی كورد و حكومەتی هەرێم "كەمتر لەوەی لە مادەی (140)ی فەرامۆشکراودا هاتووە ڕازی نابین".
بەپێی بەدواداچوونی (كەركوك ناو)، لە زنجیرە كۆبوونەوەكانی نێوان لێپرسراوانی حزبی و حكومی هەرێمی كوردستان لەگەڵ عەلی زەیدی لە هەفتەكانی رابردوودا، باس لە جێبەجێكردنی دەستور وەكو چارەسەرێك بۆ كێشە هەڵپەسێردراوەكان كراوە، بەبێ ئەوەی لە راگەیەندراوی هیچ یەكێك لەو كۆبوونەوانەدا ناوی ماددەی 140 بهێنرێت.
بڕیارە لەم مانگەدا پەرلەمان لە دانیشتنێكدا تاوتوێی متمانەدان بە كابینەی نوێی حكومەتی عیراق و پەسەندكردنی كارنامەكەی بكات.
حكومەتی عیراق بە سەرۆكایەتی محەمەد شیاع سودانی (2022 - 2026) لە كارنامەكەیدا بەشێكی تەرخانكرد بە كەركوك و ناوچەكانی دیكەی جێناكۆك و ماددەی 140ـی دەستور، لە نێویاندا كاركردنەوەی لیژنەی باڵای جێبەجێكردنی ماددەی 140 لەگەڵ تەرخانكردنی بودجە و خەرجكردنی شایستەی دارایی ئەوانەی لەو ماددەیە سودمەندن.
لیژنەی دەستوری جێبەجێکردنی ماددەی 140 له ساڵی 2006ـدا پێکهێنرا، کاری ئەو لیژنەیە گەڕاندنەوە و قەرەبوکردنەوەی ئەو خێزانانە بوو کە لە سەردەمی رژێمی پێشوو (1968 - 2003) لە شوێنەکانی خۆیان راگوێزران و زەرەرمەندبون یان ئەوانەی لەشوێنی راگوێزراوەکان نیشتەجێکران.
بەڵام حكومەتی پێشوتری عیراق بە سەرۆكایەتی مستەفا كازمی (2020 - 2022)، كاركردن بۆ ماددەی 140ـی دەستور لە بەرنامەی كارەكانیدا نەبوو.
فەهمی بورهان دەربارەی ماددەی 140 و ناوچەكانی جێناكۆك، چاوی لە دەستی پەرلەمانتارانە و دەڵێت "كە ئەم کارنامەیە دێتە ناو پەرلەمان پێوستە لە چوارچێوەی دەستوری بڕیارلێدراودا پارێزگاری لە ماف و دەسکەوتەکانمان بکەن".
بهپێی دهستوری عیراق کە لەسەرەتای ساڵی 2005ـدا زۆرینەی دەنگدەرانی عیراق بە بەڵێ پەسەندیان کردووە، پێویستە چارەنووسی ناوچەكانی جێناکۆک دوای هەر سێ قۆناغی ئاساییکردنەوە، سەرژمێریی و دواتر راپرسی بڕیاریان لەبارەوە بدرێت، ئهوهش بهپێی ماددهی 140 كه وادەی جێبەجێکردنەکەی تا کۆتایی ساڵی 2007 دیاریکراوە له دهستوردا.
بەڵام دادگای باڵای فیدراڵی ساڵی 2019 جهختیكردەوە له كارابونی ماددهی 140ی دهستور تا ئهوكاتهی تهواوی رێكارهكانی پهیوهست بهو ماددهیه جێبهجێدهكرێن.
ئەو ماددە دەستوورییە، پشتی بەستووە بەجێبەجێکردنی ناوەڕۆکی ماددەی 58ـی یاسای بەڕێوەبردنی دەوڵەتی عێراق بۆ قۆناغی گواستنەوە، کە لەمانگی 3ـی ساڵی 2004ـدا دەرکراوە و لەسێ بڕگەی سەرەکی پێکدێت.