جیاواز له هه‌موو پارێزگاكانی تری عیراق، كه‌ركوك به یاسا ئه‌و مافه‌ی لێسه‌ندراوه‌ته‌وه له‌رێی هه‌ڵبژاردنه‌وه گۆڕانكاریی دروستبكات و له بازنه‌ی پشكپشكێنه بچێته ده‌ره‌وه، له كاتێكدایه زیاتر له ملیۆنێك دەنگدەری ئه‌و پارێزگایه به ئومێدی گۆڕانكارییه‌وه بەنیازن بچنە سه‌ر سندوقه‌كانی ده‌نگدان.
ته‌نیا یه‌ك جار هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا له كه‌ركوك سازکراوە، ئه‌ویش له ساڵی 2005دا؛ له‌وكاته‌وه هیچ پرۆسه‌یه‌كی هاوشێوه به‌رێوه‌نه‌چووه و پۆسته ئیدارییه‌كان، به ته‌وافوق و رێككه‌وتنی حزبه سیاسییه‌كان پڕده‌كرێنه‌وه.
كه‌ركوك له یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كاندا
به‌پێی یاسای ژماره‌ی 12ی ساڵی 2018ی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانی عیراق، كه‌ركوك له هه‌ڵبژاردنی داهاتوودا هاوشێوه‌ی پارێزگاكانی تر به‌شدارده‌بێت، كه 15 ساڵه به‌هۆی ناكۆكی پێكهاته‌كانه‌وه له‌و پرۆسه‌یه بێبه‌شه.
به‌شێكی ئه‌و یاسایه، له چوارچێوه‌ی مادده‌ی 35دا ته‌رخانكراوه بۆ هه‌ڵبژاردن له كه‌ركوك، چه‌ند مه‌رج و رێكارێكی داناوه، ئه‌وه‌ش دوای ده‌یان كۆبونه‌وه‌ی كوتله و نوێنه‌رانی پێكهاته‌كانی پارێزگاکە له په‌رله‌مانی عیراق.
بڕگه‌یه‌كی مادده‌كه تایبه‌تە به هه‌ماهه‌نگی كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌ته په‌یوه‌ندیداره‌كان بۆ وردبینی تۆماری ده‌نگده‌ران، كه جێی ناڕه‌زایی حزبه‌كانی توركمان و عه‌ره‌بی كه‌ركوكه.
له بڕگه‌یه‌كی تردا هاتووه، ئه‌نجومه‌نی پارێزگا رێكارێك داده‌نێت بۆ دابه‌شكردنی پۆسته باڵاكانی كه‌ركوك، به‌ده‌ر له پۆسته فیدراڵییه‌كان، ئەو پێگانەش سەرەتا بۆ رۆڵه‌كانی پارێزگاکەیە ئه‌گه‌ر مه‌رجه یاساییه‌كانیان تێدابوو، به مه‌رجێك له‌وه‌شدا ره‌چاوی پشكی نه‌ته‌وه‌كان بكرێت.
بڕگه‌یه‌كی دیكه‌ی مادده‌كه ده‌ڵێت ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردن نابێته هۆی هیچ گۆڕانكارییه‌كانی ئیداری و یاسایی په‌یوه‌ست به داهاتووی كه‌ركوكه‌وه.
له هه‌مواری یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كاندا، ژماره‌ی كورسییه‌كانی كه‌ركوك وه‌ك پارێزگاكانی تر كه‌مكراوه‌ته‌وه بۆ 14 كورسی، كه پێشتر 41 كورسی هه‌بوو.
ده‌نگده‌ری ناقایل
هاوڵاتیانی كه‌ركوك، له 15 ساڵی رابردودا ته‌نیا یه‌كجار توانیویانه نوێنه‌ری خۆیان بۆ به‌ڕێوه‌بردنی پارێزگاکەیان هه‌ڵبژێرن، بۆیه نایانه‌وێت ده‌نگێگی بێ كاریگه‌ربن.
"له دوای ساڵی 2003ـه‌وە، (عیراقی دوای رژێمی به‌عس) تا ئێستا كەركوك هیچ كاتێك هەڵبژاردنێكی حەقیقی بەخۆوە نەبینیووه، بەڵكو توێژێکی سیاسی دیاریكراو پۆستەكان لە نێوان خۆیاندا دەگۆڕنەوە و بوار بۆ كەسانی ئەكادیمی و خاوەن بڕوانامەی بەرز و بەتوانا نەدراوە بێنە پێشه‌وه بۆ خزمه‌تكردن" هانا ئیبراهیم وای وت.
هانا گه‌نجێكی (28 ساڵ)ی نیشته‌جێی كه‌ركوكه و فه‌رمانبه‌ری حكومییه، ده‌ڵێت له‌بری خزمه‌ت، ده‌ره‌نجامی هه‌لبژاردن بۆته ئامرازێك بۆ شه‌ڕی ناسنامه و پێكهاته‌كان، "ئه‌وه‌یشی له ئه‌رزی واقیعدا توانیویه‌تی خۆی بسه‌پێنێت هه‌ر ئه‌و حوكمی كردوه نه‌ك ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردن"، هانا ده‌ڵێت هۆكاره‌كانی بێ كاریگه‌ری هه‌ڵبژاردن وایكردوه متمانه‌ی به پرۆسه‌كه لاواز بێت.
ئه‌وه‌ی جێی باس نییه ئه‌نجامی راسته‌قینه‌ی هه‌ڵبژاردنه له كه‌ركوك، كه وه‌ك ده‌نگده‌ر خواستی منه
به‌پێی ئاماره فه‌رمییه‌كانی كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كان، له كۆی زیاتر له ملیۆنێك و 600 هه‌زار هاوڵاتی كه‌ركوك، ملیۆنێك و 100 هه‌زار كه‌س مافی ده‌نگدانی هه‌یه.
سالار رابه‌ر، هاوڵاتی كه‌ركوك، وتی "له دوای هه‌ر هه‌ڵبژاردنێك، گوێمان له قه‌وانی پشكپشكێنه ده‌بێت، ئه‌وه‌ی جێی باس نییه ئه‌نجامی راسته‌قینه‌ی هه‌ڵبژاردنه له كه‌ركوك، كه وه‌ك ده‌نگده‌ر خواستی منه".
"ئەگەر دەنگی منی هاوڵاتی هیچ لەواقیع نەگۆڕێت، ئەوكات چ بەهایەك بۆ دەنگەكەی من دەمینێتەوە؟".
سالار (37 ساڵ)، به‌شداری چه‌ند هه‌ڵبژاردنێکی كردووه، هەڵبژاردنی یه‌ك ئه‌نجومه‌ن و چه‌ند جارێكیش ده‌نگدان بۆ په‌رله‌مان، له هه‌ر پرۆسهیهكیشدا ئومێدی بهوهههبووه ده‌نگه‌كانی گۆڕانكاریی دروستبكەن، "به‌ڵام وادهرنهچووە، دۆخی شاره‌كه وه‌ك خۆی ده‌مێنێته‌وه، چونكه ململانێ مێژوییهكه له‌سه‌ر ناسنامه‌ی كه‌ركوك رێگره له هه‌ر گۆڕانكارییه‌ك".
ته‌واوی پارێزگای كه‌ركوك، ناوچه‌یه‌كی جێناكۆكه له نێوان هه‌ردوو حكومه‌تی فیدراڵی عیراق و هه‌رێمی كوردستان، یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی چاره‌نوسیشی له چوارچێوه‌ی مادده‌ی 140ی ده‌ستوردایه له‌رێی سێ قۆناغی ئاساییكردنه‌وه، سه‌رژمێری و راپرسی.
گۆڕانكاریی بەگوێرەی ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردن
هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك، وه‌ك چۆن سازدانی بۆته گرێكوێره‌ی نێو لایه‌نه سیاسییه‌كان و پێكهاته‌كان؛ له هه‌مانكاتدا، به‌كارهێنانی ئه‌نجامه‌كانیشی بۆ پڕكردنه‌وه‌ی پۆست و ئیداره‌كانی پارێزگاکە جێی ناكۆكی زۆره.
"باشترین چارەسەر بۆ راستکردنەوەی هەڵەكانی ڕابردوو، په‌یڕه‌وی مەبدەئی سازان و ئیدارەدانی هاوبه‌شه، لانیكه‌م بۆ 10 ساڵ؛ به‌و جۆره دۆخی كه‌ركوك لانیكەم تا 10 ساڵ لەڕوی سیاسی، ئەمنی، ئیداری و كۆمەڵاتییهوه جۆرێك لە سەقامگیریی و ئارامی بەخۆوە دەبینێت" ئه‌وه‌ش به بۆچونی ماردین جۆككایا.
جۆككایا، كه سەرکردەیەکی به‌ره‌ی توركمانییە، لهگهڵئهوهدایه هاوشێوه‌ی پێكهێنانی حكومه‌ت، لە كەركوك و ناوچەكانی تری جێناكۆك به سازان پۆسته‌كان دابه‌شبكرێن؛ ئیداره‌یه‌كی هاوبه‌ش هه‌بێت نه‌ك بە ده‌ره‌نجامی هه‌لبژاردن پۆسته‌كان دابنرێن.
"جگه له‌و رێگەیه، هه‌ر رێگەیه‌كی تر شكستده‌هێنێت" ماردین جۆج قایا وای وت.
دوایین ئەنجومەنی پارێزگا كە لە 41 ئەندام پێكهاتبوو، 26 ئەندامی لە لیستی برایەتی (كورد)، توركمان بە هەردوو مەزهەبی شیعە و سوننە نۆ ئەندام و پێكهاتەی عەرەبیش شەش ئەندامیان هەبوو.
ئەگەر جارێكی‌تریش هه‌ڵبژاردن سازبکرێت، پێناچێت گۆڕانكاری دروستبكات
عه‌لی قه‌ڵایی، كارگێڕی مه‌ڵبه‌ندی كه‌ركوكی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان ده‌ڵێت تاكه رێگه‌ی ئاشتییانه‌ی ده‌سه‌ڵات هه‌ڵبژاردنه، "به‌ڵام به داخه‌وه ئه‌و دیموكراسییه لەعیراق هێشتا جێی خۆی نەكردۆتەوە و تەواوی جومگەكانی دەسەڵاتیشی نەگرتۆتەوە، بۆیە سروشتیە هەڵبژاردن هەندێكجار ئاكامی باش به‌ده‌سته‌وه نه‌دات".
"هەڵبژاردن نەیتوانیووە گۆڕانكاری لە كه‌ركوك دروستبكات، ئەوەی كراوە هێنانە پێشەوەی هەندێ لایەنی سیاسی بووە وەك پێكهاتە تا بتوانن پیادەی دیموكراسی و هەڵبژاردن بكەن، چونكە پێشتر حكومەتی بەعس ئەو مافەی لێ زەوتكردبون".
پێشتر و له سه‌رده‌می رژێمی به‌عسدا، زوربه‌ی جومگه سه‌ره‌كییه‌كانی ئیداره‌دان و حوكمڕانی له كه‌ركوك به‌ده‌ست پێكهاته‌ی عه‌ره‌به‌وه بوو، بێ هیچ هه‌ڵبژاردنێك. له دوای 2003یشه‌وه، كورد له ترۆپكی ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردندا بوو تا 2017.
نازم شممەری، سەركردە لە بەرەی عەرەبی یەكگرتوو له كه‌ركوك، وتی "ئەگەر جارێكی‌تر هه‌ڵبژاردن سازبکرێت، ئه‌وا پێناچێت گۆڕانكاری دروستبكات، به‌ڵكو ره‌نگه هه‌نگاوێكیش بێت به‌ره‌و ئاڵۆزی و ناكۆكی زیاتر".
ئه‌و پێیوایه "خه‌ڵكێكی زۆر سڵ له هه‌ڵبژاردن ده‌كه‌نه‌وه، چونكه متمانه‌یان نه‌ماوه، له‌به‌رئه‌وه‌ی له‌رابردودا نه‌ك نه‌بۆته هۆی گۆڕانكاری به‌ڵكو هه‌لی بۆ گه‌نده‌ڵی ره‌خساندووه".
"پێویستمان به جێگرەوەیه، ڕێگە چارەیەكی تر بۆ ئیدارەدان؛ ئه‌ویش هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەردی كاریگه‌ر لەژێر سەرپەرشتی نەتەوە یەكگرتووەكاندا، كه ئه‌نجامێكی باش و چه‌سپێنه‌ری خواستی خه‌ڵكی لێبكه‌وێته‌وه" شممەری وای وت.
نزیكه‌ی سێ ساڵه، له 16ی ئۆكۆتبه‌ری 2017وه، پۆستی پارێزگار و ده‌سه‌ڵاتی یه‌كه‌می جێبه‌جێكردن گه‌ڕاوه‌ته‌وه بۆ عه‌ره‌بی كه‌ركوك، دوای ناكۆكییه‌كانی نێوان هه‌ردوو حكومه‌تی به‌غدا و هه‌ولێر له ئه‌نجامی ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆی هه‌رێم.
پشكپشكێنه یان سندوقی ده‌نگدان؟
ساڵانێكه له كه‌ركوك، پۆسته باڵاكان له نێوان پێكهاته سه‌ره‌كییه‌كاندا دابه‌شكراون، به‌جۆرێك خه‌ریكه ده‌بێته كلتور و ئه‌و دابه‌شكارییه به جێگیری ده‌مێنێته‌وه.
ئێستا كه پارێزگار لای پێكهاته‌ی عه‌ره‌به، كورد وه‌ك مافێكی خۆی داوای ده‌كاته‌وه و توركمانیش ده‌یه‌وێت لانیكه‌م بۆ یه‌كجاریش بێت ئه‌و پۆسته پڕبكاته‌وه.
ئه‌وكاته‌ی پارێزگار لای كورد بوو، سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا لای توركمان و جێگری پارێزگاریش به‌ده‌ست عه‌ره‌به‌وه بوو.
"ده‌بوو به‌ر له هه‌ر رێگه چاره‌یه‌ك مادده‌ی 140ی ده‌ستور جێبه‌جێبكرێت بۆ چاره‌سه‌رکردنی كێشه سیاسی و ئیدارییه‌كان، .. به‌وه‌ش پێویستمان به پشكپشكێنه نه‌ده‌بوو، به‌ڵکو له‌سه‌ر بنه‌مای هه‌ڵبژاردن پێگه‌ی هێز و ئیداره‌كانیش یهكلادهبونهوه" قه‌ڵایی واده‌ڵێت.
ئه‌گه‌ر مادده‌ی 140 جێبه‌جێبكرایه بۆ چاره‌سه‌ری كێشه ئیدارییه‌كان ئه‌وا پێویستمان به پشكپشكێنه نه‌ده‌بوو
كارگێڕی مه‌ڵبه‌ندی كه‌ركوكی یه‌كێتی وتی "پێمانوایه عیراق مافی كوردی وەك پێویست لەم ناوچانە نەداوە، بۆیە هەڵبژاردنیش نەیتوانیوە ببێتە میكانیزمێك بۆ هێنانەكایەی ئارامی لەم سنورانەدا".
عەلی قەڵایی ئاماژه به رێژه‌ی كورد له ئیداره‌ی كه‌ركوك ده‌كات، ده‌ڵێت سه‌دا 17 بۆ 18یه، توركمان سه‌دا 26 بۆ 27ـه، ئه‌وانیتر هه‌مووی له پێكهاته‌ی عه‌ره‌بن.
پارێزگای كەركوك، وەكو ناوچەیەكی جێناكۆك لە دوای ساڵی 2003وە لەسەر بنەمای پرۆژەیەكی جەلال تاڵه‌بانی، سكرتێری كۆچكردوی یەكێتیی پۆستەكانی لەسەدا 32 بۆ هەریەك لە پێكهاتەكانی كورد، عەرەب‌و توركمان دیاریكرا، لەگەڵ سەدا چوار بۆ كریستیان، به‌ڵام ئێستا ناكۆكی له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ش هه‌یه.
سه‌ركرده‌كه‌ی به‌ره‌ی توركمانی له‌گه‌ڵ پێكهێنانی ئیداره‌یه‌كی پشپشكێنهدایه بۆ 10 ساڵ، بێ له‌به‌رچاوگرتنی ده‌ره‌نجامی هه‌ڵبژاردن، تا دواتر میكانیزمی دیكه بۆ ئیداره‌دانی پارێزگاكه بدۆزرێته‌وه.
"دەمانەوێت پاش هەر پڕۆسەیەكی هەڵبژاردن، هەر سێ نەتەوەكە لەنێوان خۆمان دابنیشین و بە ڕێكەوتن پۆستەكان دابەشبكەین، بۆ نمونە پارێزگار بۆ ماوەیەك لای ئێمە بێت، بەڕێوه‌بەری پۆلیس عەرەب بێت، ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ش تەنها بۆ بواره‌كانی ئیداره‌دانی خزمەتگوزاری بێت نه‌ك نەخشە سیاسییهكە".
ماردین جۆككایا هۆكارێكی تر له‌وه‌ی نایانه‌وێت پشت بە ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كان ببەستن و كاری پێبكه‌ن، ئه‌و ساختهكارییهیه ئه‌وان پێیانوایه له هه‌ر پرۆسه‌یه‌كدا دەکرێت، به‌وه‌ش هێزی راسته‌قینه‌ی لایه‌نه‌كان ده‌رناكه‌وێت.
توركمانی كه‌ركوك كه پۆستی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای بۆ دانرابوو، له 2014وه لهناخۆیاندا رێكنه‌كه‌وتون بۆ پڕكردنه‌وه‌ی ئه‌و پۆسته، بۆیه كورد به وه‌كاله‌ت پڕیكرده‌وه.
نازم شممەری ده‌ڵێت "هەڵبژاردن ناتوانێت گۆڕانكاری دروستبكات، ته‌نیا ئەو هەڵبژاردنە نەبێت كە لەژێر چاودێری و سەرپەرشتی نەتەوە یەكگرتوەكاندا بێت، له‌گه‌ڵ كۆمسیۆنێكی بێلایەنی دور لەدەستی حزبەكان".
ئه‌و سه‌ركرده‌یه‌ی به‌ره‌ی عه‌ره‌بی پێیوایه كاتی ئه‌وه‌هاتووه "سیستمێكی نوێی سیاسی بۆ ئیداره‌دانی كه‌ركوك و حوكمڕانی له عیراقیش دابڕێژرێته‌وه كه له‌گه‌ڵ گۆڕانكارییه‌كانی جیهان و بارودۆخی شاره‌كه‌شدا یه‌كبگرێته‌وه".
حكومه‌تی فیدراڵی، له ساڵانی رابردودا، زیاد له جارێك پێشنیازی بۆ پێكهاته‌كانی كه‌ركوك كردووە له‌سه‌ر ئیداره‌دانی هاوبه‌ش و هاوسه‌نگ و دابه‌شكردنی پۆسته‌كان رێكبكه‌ون، به‌ڵام حزبه كوردی، عه‌ره‌بی و توركمانییه‌كان چه‌ندین كۆبونه‌وه‌یان کردووە و نهگهیشتونەتە هیچ رێككه‌وتنێك.
تا لايه‌نه‌كان له‌نێوان خۆیاندا نه‌سازێن پێدانی دۆخی تایبه‌ت به كه‌ركوك له یاساكاندا هه‌ر ده‌مێنێت
تایبه‌تمه‌ندێتی یاسایی كه‌ركوك
"تا ململانێی سیاسی هەبێت و لایەنەكان لەنێوان خۆیاندا نەسازێن، یان بەر بەدەستێوەردانی دەرەكی و ئیقلیمی نەگیرێت، پێدانی دۆخی تایبەت بە كەركوك له یاساكاندا بەردەوام دەبێت" به‌بڕوای حسێن شێخانی، شاره‌زای بواری هه‌لبژاردن.
ئه‌و ده‌ڵێت ناكۆكییه تونده‌كان له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردن، وایكردووه به‌رده‌وام دۆخێكی تایبه‌ت به كه‌ركوك بدرێت، كه یه‌كلاكه‌ره‌وه نه‌بێت، بۆ نمونه "كورد داوای كردووە كەركوك لەهەڵبژاردندا هاوشێوەی پارێزگاكانی تربێت و جیاوازی نەبێت، بەڵام ئەمە لە بەرامبەردا دوچاری بەرهەڵستی لایەنەكانی تر بۆتەوە".
"هەڵبژاردن له رابردوو نەیتوانیوە خواستی دەنگدەر بەدیبهێنێت، چونكە وەك بەدیكراوە دەستكاری دەنگەكان دەكرێت، ساختەكاریش هه‌یه، كه پێچەوانەی حەز و خولیا و روانینی خه‌ڵكە بۆ نەخشەی سیاسی پارێزگاكە".
حسێن ده‌ڵێت دواجار بژارده دروستەکە هه‌ر هه‌ڵبژاردنه، چونكه پڕكردنه‌وه‌ی پۆستێك له‌و رێگەیەوه بێت باشتره بەبەراورد بە هه‌ر رێگەیه‌كی تر.
ساڵی رابردودا، هه‌ڵبژاردن له كه‌ركوك و مه‌رجه‌كانی په‌یوه‌ست به‌و پرۆسه‌یه، زۆرترین كاتی گفتوگۆكانی په‌رله‌مانی عیراق برد، به‌وپێیه‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان و لیژنه‌ی یاسایی نزیكه‌ی 10 كۆبونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ نوێنه‌ری پێكهاته‌كانی شاره‌كه کردووە تا بگه‌نه لێكتێگه‌یشتنێکی هاوبه‌ش.
رێبوار هادی، سەرۆكی لیژنەی كاروباری یاسایی له په‌رله‌مانی عیراق وتی "هەندێكجار یاساكان لەبەرژەوەندی لایەنێكە و هەندێ لایەنی تریش پێی قایلنین" بۆ ئه‌وه‌ش نمونه‌ی یاسای هەڵبژاردنی په‌رله‌مانی هێنایه‌وه، كه كورد به چه‌ند مادده‌یه‌كی قایلنه‌بووه و دواتر رای زۆرینه تێیپه‌ڕاندووه.
له‌و یاسایه‌شدا، به‌شێكی كێشه‌كان په‌یوه‌سته به كه‌ركوكه‌وه، "قسه‌كه له‌سه‌ر ئه‌وه‌یه چه‌ند بازنه‌ی هه‌ڵبژاردن له كه‌ركوك هه‌بێت"، به‌ڵام پێشنیازەکانی كورد لایه‌نه‌كانی تر پێی قایلنهبون.
دوای بارودۆخی ئێستا و تێپه‌ڕاندنی، وه‌ك رێبوار هادی وتی، له په‌رله‌مانه‌وه هه‌وڵده‌ده‌ن بۆ دانانی یاسایه‌كی نوێ بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان و هه‌روه‌ها پێداچونه‌وه به یاسای هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا.
له كۆتایی 2019وه ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانی عیراق به كه‌ركوكیشه‌وه هه‌ڵوه‌شێنراونه‌ته‌وه، كه به‌رهه‌می تاكه ده‌نگدانی خه‌ڵكی پارێزگاکە بوو له 15 ساڵی رابردودا؛ واده‌ی هه‌ڵبژاردنی داهاتوو نادیاره، كێشه‌ی ئیداره‌دان و پڕكردنه‌وه‌ی پۆسته‌كانیش هێشتا گه‌رمترین دۆسیه‌ن، زۆرترین مشتومڕیان له‌سه‌ره بێ ئه‌وه‌ی هیچ لێكتێگهیشتنێکیان لێبكه‌وێته‌وه.