ئاسایشی كورد، حه‌شدی شه‌عبی و هێزه‌ عیراقییه‌كان تۆمه‌تبارده‌كه‌ن

كه‌سوكاری بێسه‌روشوێنان: چاره‌نوسی رۆڵه‌كانمان ده‌وێت

كه‌ركوك، ئه‌یلولی 2019، گردبونه‌وه‌ی ناڕه‌زایی كه‌سوكاری بێسه‌روشوێن و رفێنراوان فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

 كه‌ركوك ناو – كه‌ركوك

كه‌سوكاری بێسه‌روشوێنان و رفێنراوان له‌ كه‌ركوك، داوای یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی چاره‌نوسی رۆڵه‌كانیان ده‌كه‌ن؛ به‌ مان و نه‌مان، بۆ ئه‌وه‌ش په‌نجه‌ی تۆمه‌ت و روی ده‌میان ده‌كه‌مه‌ ئاسایشی كورد، حه‌شدی شه‌عبی و هێزه‌ عیراقییه‌كانی تر.

له‌ گردبونه‌وه‌یه‌كی ناڕه‌زاییدا له‌ كه‌ركوك، ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 12ی ئه‌یلول، ژماره‌یه‌ك له‌ كه‌سوكاری بێسه‌روشوێنان جارێكیتر داواكارییه‌كانیان دایه‌ ئیداره‌ی پارێزگا، تا په‌له‌ له‌ ئاشكراكردنی چاره‌نوسی ده‌ستگیركراو و رفێنراوه‌كاندا بكرێت.

سەبیحە عەبدوڵا، كوڕه‌كه‌ی ته‌مه‌نی 25 ساڵه‌ و كاتێك ویستویه‌تی له‌ ناحیه‌ی زابی حه‌ویجه‌وه‌ بچێته‌ ناوچه‌ی مه‌كحول له‌ تكریت، تا له‌ داعش هه‌ڵبێت، به‌ڵام وای گه‌یشتنی به‌ هێزه‌ عیراقییه‌كان دیارنه‌ماوه‌.

"له‌لایه‌ن ده‌زگا ئه‌منییه‌كانه‌وه‌ له‌گه‌ڵ زاوایه‌كمدا گواسترانه‌وه‌ بۆ ناوچه‌ی ئه‌سمیده‌، زاواكه‌مان دوای 12 رۆژ ئازادكرا، ئه‌و كوڕه‌كه‌م (فواد خه‌ڵه‌ف)ی بینیووه‌ به‌ ده‌ست و چاو به‌ستراوی" سه‌بیحه‌ بۆ (كه‌ركوك ناو) وای وت.

كوڕه‌كه‌ی سه‌بیحه‌، خێزاندار و باوكی مندالێكه‌، چه‌ند ساڵێكه‌ هیچ هه‌واڵێكی نییه‌ و چاره‌نوسی نادیاره‌.

لە 20ی تەمموزی ئەمساڵ، گردبونەوەى سیاسى عەرەبى لە کەرکوک، ناوی 1000 بێسەروشوێنی رادەستی راكان سەعید پارێزگاری كەركوك كرد و هەردوو ئاسایشی یەكێتیی و پارتیان تۆمەتباركرد بە دەستگیركردن و زیندانیكردنی رۆڵەكانیان.

wnbu-4
كەركوك/4ی ئابی 2019/ پیاوێكی بە تەمەن، وێنەیەكی كوڕە بێسەروشوێنەكەی بەدەستەوەیە و بۆی دەگریت، لە كۆنگرەی خاچی سوری نێودەوڵەتی فۆتۆ: سۆران محەمەد

فاتمە عەبدولكەریم سەفوت، لە نەتەوەی توركمانی كه‌ركوكه‌ و كوڕه‌كه‌ی چوار ساڵه‌ بێسه‌روشوێنه‌، له‌وكاته‌وه‌ ئه‌و و خێزان و چوار منداڵه‌كه‌ی ته‌نیا چاوه‌ڕێی هه‌واڵێكی ده‌كه‌ن، "ئه‌و كرێكاری و شمه‌كی ده‌گواستنه‌وه‌ به‌ ماتۆڕسكیلێك كه‌ عه‌ره‌بانه‌ی هه‌یه‌، له‌ 2015وه‌ له‌ كه‌ركوك رفێنرا، ئه‌وكات ته‌نیا حزبه‌ كوردییه‌كان ده‌سه‌ڵاتداربون و جگه‌ له‌وان كه‌سی تر نه‌بووه‌".

وه‌زاره‌تی ناوخۆیی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، هه‌فته‌ی رابردوو له‌ وه‌ڵامی داواكاری كه‌سوكاری بێسه‌روشوێنان و حزبه‌ عه‌ره‌بییه‌كان، له‌ نێویاندا ئیداره‌ی كه‌ركوك، راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌ و جه‌ختیكرده‌وه‌ "بانگه‌شه‌ی ده‌ستگیركردنی دانیشتوانی كه‌ركووك و ناوچه‌كانی دیكه‌ له‌ به‌ندیخانه‌كانی هه‌رێم دوورن له‌ راستییه‌وه‌ و هیچ بنه‌مایه‌كیان نییه‌، ده‌رگای به‌ندیخانه‌كانیش له‌به‌رده‌م رێكخراوه‌ مرۆییه‌كان و مافی مرۆڤی نێوده‌وڵه‌تی و لۆكاڵی كراوه‌یه‌ بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌".

هه‌روه‌ها پێیوایه‌ له‌و دۆسیه‌یه‌دا میدیاكان "پشتیان به‌ لێدوان و قسه‌ی دوور له‌ راستی و نابه‌رپرسانه‌ی كه‌سانێك به‌ستووه‌، كه‌ به‌رده‌وام بێده‌نگ بوونه‌ له‌ بارودۆخه‌ سه‌خته‌كان، ته‌نانه‌ت له‌و كاتانه‌ی كه‌ ناوچه‌كه‌ خه‌ریك بوو بكه‌وێته‌ بنده‌ستی دڕنده‌ترین دوژمن له‌ مێژووی نوێی مرۆڤایه‌تی كه‌ (داعش) بوو، ئه‌گه‌ر پێشمه‌رگه‌ و ئاسایش نه‌بووایه".

له‌ گردبونه‌وه‌كه‌ی كه‌ركوك، روی ده‌می كه‌سوكاری بێسه‌روشوێنان ته‌نیا له‌ ئاساییشی كوردی نه‌بوو، ئه‌وان داوای رۆڵه‌كانیان له‌ حه‌شدی شه‌عبی و هێزه‌ عیراقییه‌كانی دیكه‌ش ده‌كرده‌وه‌.

قەیس محەمەد، دوو كوڕ و برایه‌كی له‌ 2017وه‌ دیارنین، كاتێك ویستویانه‌ له‌ حه‌ویجه‌ ده‌ربچن و له‌ سنوری شه‌رگات كه‌وتونه‌ته‌ ده‌ستی هێزه‌ عیراقییه‌كان و چاوه‌ڕێی مۆڵه‌تی ئه‌منی بون تا بچنه‌ نێو تكریته‌وه‌، قه‌یس له‌ رێی (كه‌ركوك ناو)ه‌وه‌ داوای له‌ سه‌رۆكوه‌زیرانی عیراق كرد "چارەنوسیان یەكلاییبكەنەوە، گەر تیرۆریستن بدرێن بە دادگا و ئه‌گەر نه‌ماون شوێنی تەرمەكانمان پێبڵێن".

besarwshwen (2)
كه‌ركوك، ئه‌یلولی 2019، كه‌سوكاری بێسه‌روشوێنان هێزه‌كانی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان، حه‌شدی شه‌عبی و هێزه‌ عیراقییه‌كانیان تۆمه‌تبار ده‌كرد فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

به‌پێی راگه‌یه‌ندراوێكی ئیداره‌ی پارێزگای كه‌ركوك، راكان سه‌عید جبوری پارێزگار، داواكاری به‌شداربوانی گردبونه‌وه‌كه‌ی وه‌رگرتووه‌ و ئاماژه‌ی به‌وه‌داوه‌، تائێستا دۆسیه‌ی هه‌زار و 700 بێسه‌روشوێن و رفێنراو و ده‌ستگیركراو له‌ زیندانه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ره‌وانه‌ی نوسینگه‌ی سه‌رۆكوه‌زیرانی عیراق كراوه‌.

به‌وته‌ی راكان جبوری، كه‌ پێشتریش ره‌خنه‌ی له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی ناوخۆی هه‌رێم هه‌بوو، پێیویسته‌ دۆسیه‌ی بێسه‌روشوێنه‌كان یه‌كلایبكرێنه‌وه‌، ئه‌وانه‌ی بێتاوانن ئازادبكرێن و ئه‌وانه‌یشی تۆمه‌تیان له‌سه‌ره‌ دادگایی بكرێن.

ئیناس جاسم، جیاواز له‌وانه‌ی تر، له‌ گردبونه‌وه‌كه‌دا هاواری چاره‌نوسی كوڕه‌كه‌ی له‌ حه‌شدی شه‌عبی ده‌كرد، به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "كوڕه‌كه‌م له‌ هه‌وڵی خۆرزگاركردندا له‌ ناوچه‌ی ئه‌سمیده‌ له‌ قه‌زای بێجی، له‌لایه‌ن ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی سه‌ڵاحه‌دینه‌وه‌ ده‌ستگیركرا و له‌وكاته‌وه‌ بێسه‌روشوێنه‌".

كوڕه‌كه‌ی ئیناس ناوی سه‌دام یونس-ـه‌ و ته‌مه‌ن 27 ساڵه‌، پێشتر له‌ ده‌زگا ئه‌منیه‌كاندا بووه‌، خێزاندار و باوكی پێنج منداڵه.

"دوای ماوه‌یه‌ك كه‌سێك له‌ هه‌واڵگری حه‌شدی شه‌عبییه‌وه‌ په‌یوه‌ندی پێوه‌كردین و وتی كوڕه‌كه‌تان بۆ ده‌گه‌ڕێنمه‌وه‌ به‌ پێنج هه‌زار دۆلار، ناچار قه‌رزمان بۆ كرد، به‌ڵام پاره‌كه‌ی خوارد و ئێستاش هه‌ڕه‌شه‌مان لێده‌كات ئه‌گه‌ر هێزه‌ ئه‌منییه‌كان له‌و بابه‌ته‌ ئاگاداربكه‌ینه‌وه‌" ئیناس واده‌ڵێت.

به‌ڵام حه‌شدی شه‌عبی، ده‌ستبه‌جێ وه‌ڵامی گردبونه‌وه‌ ناڕه‌زاییه‌كه‌ی كه‌ركوكی دایه‌وه‌ و ره‌تیكرده‌وه‌، هیچ كه‌سێكیان ده‌ستگیركردبێت به‌بێ فه‌رمانی دادوه‌ر.

besarushwenn
كەركوك/20ی تەمموزی 2019/ كەسوكاری بێسەروشوێنان 1000 فۆرمی زانیارییان لەبارەی رۆڵەكانیان رادەستی پارێزگاری كەركوك كرد فۆتۆ: كاروان ساڵحی

له‌ به‌یاننامه‌یه‌كی فەرماندەی میحوەری باكوری حەشدی شەعبیدا هاتووه‌ "پێمانسەیرە هەندێك لایەن حەشدی شەعبی تۆمەتبار دەكەن بە رفاندنی رۆڵەكانیان كە تا دوێنی ئاسایشی كوردیان تۆمەتبار دەكرد، .. حەشدی شەعبی لایەنێكی فەرمیە و لە خۆیەوە كەس دەستگیرناكات تا بۆی رون نەبێتەوە كە تیرۆریستە یاخود هاوكاری تیرۆریستانە، ئەوەیش بە بڕیاری دادوەر".

دۆسیه‌ی بێسه‌روشوێنان، ته‌نیا له‌ كه‌ركوكدا نیه‌، له‌ پارێزگاكانی تر و به‌ تایبه‌ت نه‌ینه‌واش، هه‌زاران كه‌س له‌ سه‌رده‌می شه‌ڕی داعش و هێزه‌ عیراقییه‌كاندا، دیارنه‌ماون و كه‌سوكاریان زیاد له‌ جارێك به‌ خۆپیشاندان و گردبونه‌وه‌ی ناڕه‌زایی داوای ئاشكراكردنی چاره‌نوسیان كردون.

عەلی حسێن، وتەبێژ بە ناوی كه‌سوكاری دەستگیركراو و بێسه‌روشوێنانی به‌شداربوی گردبونه‌وه‌كه‌ی كه‌ركوك، به‌یاننامه‌یه‌كی بۆ میدیاكان خوێندنه‌وه‌ و تێیدا وه‌ڵامه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی ناوخۆی هه‌رێمی كوردستانی ره‌تكرده‌وه‌، پرسی "كه‌واته‌ چارەنوسی رۆڵەكانمان چی لێهات كه‌ به‌ر له‌ 16ی ئۆكتۆبه‌ر كه‌وتنه‌ ده‌ست ده‌زگا ئه‌منییه‌ كوردییه‌كان و كاتێك ئه‌وان باڵاده‌ست بون له‌ كه‌ركوك".

ئه‌و داواشیكرد هه‌رچی زووه‌ ده‌ستگیركراوان راده‌ستی ئیداره‌ی كه‌ركوك بكرێنه‌وه‌، تا دۆسیه‌كانیان یه‌كلاییبكرێته‌وه‌.

لیژنه‌ی مافه‌كانی مرۆڤ له‌ په‌رله‌مانی عیراق، له‌رێی پرۆژه‌ یاسایه‌كه‌وه‌، هه‌وڵی یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی چاره‌نوسی بێسه‌روشوێنان ده‌دات.

ئه‌رشه‌د ساڵحی، سه‌رۆكی ئه‌و لیژنه‌یه‌ دوای سه‌ردانی كه‌ركوك و كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ پارێزگار، 11ی ئه‌یلول له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا كه‌ په‌یامنێری (كه‌ركوك ناو) ئاماده‌ی بوو وتی "پرۆژه‌كه‌ هیچ لایەنێكی دیاریكراوی تێدا بەئامانج ناگرین و دەزانین ئەم پرۆژە یاسایە بەئاسانی پەسەند ناكرێت، بەڵام هەوڵی تەواوی بۆدەدەین".

پێشتر و له‌ شوباتی ئه‌مساڵدا، له‌ هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ 12 به‌ندكراوی عه‌ره‌ب به ‌نهێنیی و دور له‌ چاوی راگه‌یاندنه‌كان بۆ كه‌ركوك گه‌ڕێنرانه‌وه‌، دوای ئه‌وه‌ و له‌ 11ى نیسانیشدا، 24 به‌ندكراوی تر به ‌ئاماده‌بونی نوێنه‌رانی پێكهاته‌كان، ده‌زگا ئه‌منییه‌كان و نوێنه‌ری سه‌رۆك كۆمار (ئاراس شێخ جه‌نگی برازای جه‌لال تاڵه‌بانی) گه‌ڕێنرانه‌وه‌ بۆ كه‌ركوك و هه‌ندێكیان دواتر ئازادكراون.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT