سێ كەس دەستگیركران
"داعش بەنیازبون یەكەم رۆژی رەمەزان لەناو كەركوك چالاكی بكەن"

كه‌ركوك، 2020، هه‌ڵمه‌تێكی گه‌ڕان و پشكنینی هێزه‌ ئه‌منییه‌كان له‌ گه‌ڕه‌كه‌كانی ناوشار فۆتۆ: راگه‌یاندنی لیوای 61ی تایبه‌ت

كەركوك ناو

هێزەكانی لیوای 61ی تایبەت سێ كەسیان بە تۆمەتی تیرۆر دەستگیركرد، كە بەپێی سەرچاوەیەك بەنیازبون لەیەكەم رۆژی رەمەزاندا لەناو كەركوك چالاكییان هەبێت لە دژی هاوڵاتیان و دەزگا ئەمنییەكان.

ئەو سێ كەسە، ئەمڕۆ هەینی 24ی نیسان، لە گەڕەكی عەسكەری كەركوك دەستگیركران، بەرلەوەی "چالاكییەكە ئەنجامبدەن".

سەرچاوەیەك لە لیوای 61ی تایبەت بە(كەركوك ناو)ی وت "هێزەكانمان بەپشتبەستن بەزانیارییە هەواڵگریییەكانمان توانیان ئەو سێ كەسە دەستگیربكەن، كە سەر بە رێكخراوی داعشن و بڕیاربوو هەر ئەمڕۆ لەناو شاری كەركوك چالاكی دژی هاوڵاتییان و هێزەئەمنییەكانیش ئەنجامبدەن و پشێویی و نائارامی دروستبكەن".

سەرچاوەكە جەختیكردەوە لەوەی "دانیان بەوەداناوە سەر بە رێكخراوی داعشن و بەنیازی چالاكیی بون، بەڵام خۆشبه‌ختانه‌ به‌ر له‌ ئه‌نجامدانى کرده‌وه‌کانیان دەستگیرمان كردن"، بەبێ ئەوە رونكردنەوە بدات لەسەر جۆر و شوێنی چالاكییەكە، تەنیا جەختیكردەوە لەوەی بڕیار بووە لەناو شار پشێوی بنێنەوە.

ئەو سێ كەسە بەپێی ماددەی چواری تیرۆر دەستگیركراون.

daash
كەركوك/24ی نیسانی 2020/ دەستگیركردنی سێ كەس كە بەپێی لیوای 16ی تایبەت سەر بە رێكخراوی داعش بون و بەنیازبون یەكەم رۆژی رەمەزان چالاكیی بكەن فۆتۆ:راگەیاندنی لیوای 61ی تایبەت

هێزه‌كانی لیوای 61ی تایبه‌ت، سه‌ر به‌ سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانه‌ و  له‌ سه‌ره‌تای 2019دا ره‌وانه‌ی كه‌ركوك كران له‌ جێی دژه‌تیرۆری عیراق، ئه‌وه‌ش به‌ بڕیاری عادل عه‌بدولمه‌هدی، سه‌رۆكوه‌زیران و فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه‌ چه‌كداره‌كان.

لە 16ی نیسانیش شانه‌یه‌كی نوستوی داعش ده‌ستگیركران و ژماره‌یه‌ك چه‌ك ده‌ستی به‌سه‌رداگیرا، ئەوەش له‌ چوارچێوه‌ی هه‌ڵمه‌تی هێزه‌ ئه‌منییه‌كاندا له‌ سێ گه‌ڕه‌كی ناوشاری كه‌ركوك و به‌وته‌ی زیاد له‌ سه‌رچاوه‌یه‌ك بۆ (كه‌ركوك ناو).

ئه‌و هه‌ڵمه‌ته‌ ئه‌منییه‌ی هێزه‌ چه‌كداره‌كانی كه‌ركوك،  پێنجشه‌ممه‌ 16ی نیسان به‌ڕێوه‌چوو له‌ سنوری گه‌ڕه‌كه‌كانی په‌نجاعه‌لی، فه‌یله‌ق و عه‌مه‌له‌ شه‌عبی، كه‌ چه‌ند كاتژمێرێكی خایاند.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT