ئەحمەد رەمزی؛ لەبایكۆتەوە بۆ دانیشتنەكانی ئەنجومەن
گلەیی لەبەرەی توركمانی هەیە و باسی "شكستی پلانەكان" دەكات

كەركوك/ كانونی یەكەمی 2023/ ئەحمەد رەمزی لەگەڵ ئەرشەد ساڵحی لە هەڵمەتی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگا فۆتۆ: راگەیاندنی نوسینگەی رەمزی

عومەر هیلالی

ئەحمەد رەمزی، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك گەڕایەوە بۆ دانیشتنەكانی ئەنجومەن، دوای نزیكەی حەوت مانگ لە بایكۆت و تەمەنی پێكهێنانی حكومەتی خۆجێیی لە هۆتێل رەشید-ـی بەغدای پایتەخت.

دوای بەشداریكردنی لە دانیشتنی ئەنجومەنی پارێزگا، 3ـی ئاداری 2025، رەمزی بۆ (كەركوك ناو)، هۆكاری گەڕانەوەی بۆ ئەنجومەن و روداوەكانی پشت هەڵوێستی بایكۆتكردن ئاشكرادەكات، سەرباری توڕەیی بەرەی توركمانی، كە ناوبراو جگەلەوەی لە لیستی بەرەیە، هاوكات لە ڕوی پەیڕەویی و سیاسی و نەتەوەییەوە لەسەر ئەو حزبە هەژمار دەكرێت.

ئەحمەد رەمزی، نزیك لە ئەرشەد ساڵحی، سەرۆكی پێشووی بەرەی توركمانی و پەرلەمانتاری ئێستای عیراق، بە (كەركوك ناو)ـی وت "بڕوام بە بایكۆت نەبوو، چونكە پێشتر ئەزمونمان كردووە و یادەوەری تاڵمان لەگەڵیدا هەیە، هەر بایكۆتێكیش تەنیا زیانی بۆ خاوەنی بایكۆتەكە هەیە، بۆیە لە یەكەم رۆژەوە لەگەڵ بەشدارییەكی بەهێزدا بووم" رەمزی دەڵێت دواجار هەموو بەرە و لایەنێك هاوپەیمانی و پلانی تایبەت بە خۆی هەیە، هەرچەندە دەبێت بۆ هەر پلانێكی (ا) پلانی (ب)ـیش هەبێت ئەگەر ئەوەی یەكەم شكستیهێنا.

لە 10ـی ئابی 2024ـدا هەریەك لە پارێزگار، سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگا، جێگری هونەری پارێزگار و بڕیاردەری ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك هەڵبژێردران، ئەوەش لە دانیشتنێكدا كە درەنگانی شەو لە هۆڵێكی هۆتێل رەشید-ـی بەغدا بەڕێوەچوو، بەبێ ئامادەبوونی نوێنەرانی هاوپەیمانی عەرەبی، كوتلەی توركمانی و پارتی دیموكراتی كوردستان، لە دانیشتنەكەدا 9 ئەندام لە كۆی 16 ئەندام بەشداربوون و نیساب تەواو بوو.

ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لە 16 كورسی پێكهاتووە؛ كورد حەوت كورسی هەیە (پێنجیان لە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و دوانیان لە پارتی دیموكراتی كوردستان)، شەش كورسی بۆ عەرەب (سێ لە هاوپەیمانی عەرەبی، دوو لە قیادە و یەك كورسی عروبە)، توركمان دوو كورسی و یەك كورسی كۆتا بۆ كریستیان تەرخانكراوە.

"دوای شكستی هاوپەیمانی سێ قۆڵی، كە بەرەی توركمانی و پارتی دیموكراتی كوردستان و پێنج ئەندامی عەرەبی تێدابوو، پێویست بوو بچینە پلانی جێگرەوەوە، بەڵام پێداگری سەركردایەتی بەرە بە رەتكردنەوەی ئەوەی هەبوو، زۆر لەسەرمان كەوت" بەوتەی رەمزی.

هۆكاری "شكستی" ئەو هاوپەیمانییە سێ لایەنییە، كە دەیانویست حكومەتی خۆجێیی پێكبهێنن، ئەحمەد رەمزی دەڵێـت كێشەی نیساب نەبوو بەوپێیەی دەگەیشتن بە نۆ ئەندام، بەڵكو پێداگری سێ كەس بوو لە سەركردایەتی هاوپەیمانییەكە كە قایل نەبوون بۆ پێكهێنانی حكومەت بۆ ماوەی شەش تا حەوت مانگ، "بە پاساوی بەردەوامیدان بە كاركردنی ئیدارەی پێشوو لە كارەكانیدا"، ئەو دواكەوتنەش بێ ئومێدی لای ئەندامانی دیكە دروستكرد و پاڵنەر بوو بچنە ناو هاوپەیمانی نوێوە.

بڕوام بە بایكۆت نەبوو، چونكە پێشتر ئەزمونمان كردووە و یادەوەری تاڵمان لەگەڵیدا هەیە

شــــــــەوەكەی "هۆتێل رەشید"

هەڵبژاردنی رێبوار تەها بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك، لە ناكاو و چاوەڕواننەكراو نەبوو، بەوپێیەی بە درێژایی چەند مانگێك دوای هەڵبژاردن تا شەوی یەكلاییكردنەوەی پۆستەكان ناوی بۆ ئەو پۆستە دەهێنرا، تەنانەت پێش پرۆسەی هەڵبژاردنیش، بەڵام زیاتر مشتومڕ لەسەر پۆستی سەرۆكی ئەنجومەن دروستبوو.

زۆرێك چاوەڕێی شەڕێكی چاوەڕوانكراو و ناكۆكی زۆر گەورە و زەق بوون لە كاتی یەكلاییكردنەوەی حكومەتدا، پێش ئەوەی نۆ ئەندامی ئەنجومەن لە هۆڵێكی هۆتێل رەشیدی بەغدا كۆببنەوە و بە خێرایی، هێمنی، بە زەردەخەنە و وێنەی یادگاریی "سێڵفی"ـیەوە هەرزوو حكومەت و پۆستەكان یەكلابكەنەوە، لە ئەنجامدا، كەركوك بۆ یەكەمجار لەدوای ساڵی 2005ـەوە بوو بە خاوەنی پارێزگار و سەرۆكی ئەنجومەنی هەڵبژێردراو.

رێبوار تەها، پارێزگار لە پشكی كورد/ یەكێـتیی نیشتمانیی كوردستانە و محەمەد حافز، سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگا لە پشكی عەرەب/ حزبی تەقەدوم-ـی محەمەد حەلبوسی، سەرۆكی پێشووی پەرلەمانە.

فشاری زۆر هەبوو بۆ یەكلاییكردنەوەی حكومەتی كەركوك، بە هەموو لایەنەكانەوە، بە تایبەت محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عیراق رۆڵێكی رون و ئاشكرای هەبوو بۆ چارەسەری قەیرانی ئیدارەدان لە پارێزگاكەدا، زیاتر لە جارێك، هەموو لایەنە براوەكانی ناو ئەنجومەنی پارێزگای لەسەر مێزێك كۆكردەوە.

شاندی بەشێك لە لایەنی عەرەبی، كە لایەنێكی سەرەكی كۆبوونەوەكەی هۆتێل رەشید بوون، بە چەند خولەكێك پێشتر لە ماڵی محەمەد حەلبوسی بوون، لە ئەنجامی رێككەوتنەكانیشدا، ئەوەی زیاتر لە هەموان ئاهەنگی و خۆشحاڵی دەربڕی، رەیان كلدانی، سەرۆكی بزوتنەوەی بابلیۆن بوو، كە رۆڵی سەرەكی لە یاری ژمارەكان و دابینكردنی رێژەی یاسایی دانیشتنەكەی ئەنجومەندا هەبوو، ئەوەش هاوشانی بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی كە توانی دوای حەوت ساڵ پۆستی پارێزگار بۆ حزبەكەی وەربگرێتەوە.

هەرچەندە توركمان لێدوان و ناڕەزاییان دژی پەراوێزخستنیان بڵاوكردەوە، بەڵام وێنەكان دیمەنێكی جیاوازیان نیشاندا، لە كۆبوونەوەكەی هۆتێل رەشید غەریب عەسكەر، پەرلەمانتاری كەركوك لە پشكی توركمان و بڕیاردەری پەرلەمانی لێ بوو، پیرۆزبایی لە رێبوار تەها و سەركەوتنی دانیشتنەكە كرد، بەپێی زانیارییەكانی ئەوكات بڵاوكرایەوە، توركمان چەندین پۆستیان بۆ دانراوە لەوانە جێگری پارێزگار و جێگری سەرۆكی ئەنجومەن.

هەرچی لایەنەكانی دیكەی عەرەبییە، بە تایبەت راكان جبوری كە حەوت ساڵ لە پۆستی پارێزگاردا بوو، بەشداری بەشێك لە عەرەبیان لەو دانیشتنەدا بە "خیانەت" زانی، بەدوای ئەوەشدا، شەپۆلێك لە تۆمەت و شەڕی میدیای هەردوو بەرەی ناو پێكهاتەی عەرەبی بەدوای خۆیدا هێنا.

مافی هاوڵاتیان و "شەرمەزاری" توركمان

ئەحمەد رەمزی كە 19 هەزار و 993 دەنگی بەدەستهێناوە لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، وتی "چاوەڕوانیمان بۆ حوكمی دادگا دەربارەی شەرعیەتی حكومەتی خۆجێیی و رێزگرتنمان لە بڕیاری مەرجەعیەتی سیاسیمان، رێگر نەبوو لە بەردەمماندا بۆ پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری، لە ماڵەكانماندا نەماینەوە و یان لە نوسینگەكانماندا، بەڵكو چوینە شەقام و گرنگیماندا بە دۆسیەكانی خزمەتگوزاری".

ئەو دەڵێت بەردەوام پەیوەندی لەگەڵ هاوڵاتیاندا نەپچڕاوە، هەوڵیداوە كاربكات بۆ چارەسەری زۆرێك لە كێشەكانی پەیوەست بە فەرمانگەكانی خزمەتگوزاری و "توانیم زۆرشت بكەم، دەربارەی كردنەوەی زۆرێك لەو رێگایانەی لە 2003ـەوە داخراون، رێگاكانمان كردەوە كە سودی گەورەی بۆ پارێزگاكە هەیە، گرنگیمان دا بە دۆسیەی تەندروستی، ئێستا كار لەسەر ئەوە دەكەم نەخۆشخانەی شیفا بكرێت بە گشتی یان فریاكەوتن، كە حوسێنییە رۆڵی لە بنیاتنانیدا هەبوو، ئەو كارانە و كاری دیكەش پێش یەكلابونەوەی بڕیارەكانی دادگا كردوومن".

هەردوو دادگای كارگێڕی و فیدراڵی ژمارەیەك داوای ناڕازییەكانیان رەتكردۆتەوە، دواینیان كە بە یەكجاری دانی بە حكومەتی خۆجێیی كەركوكدا نا، لە 22ـی كانونی دوەمی 2024 بوو، كە جەختیكردەوە لە هەموو رێكارەكانی دانیشتنەكەی بەغدا بۆ یەكلاییكردنەوەی حكومەتی كەركوك.

لە نێو سكاڵاكاراندا هەریەك راكان سەعید جبوری، سەرۆكی هاوپەیمانی عەرەبی و پارێزگاری پێشووی كەركوك، حەسەن تۆران، سەرۆكی بەرەی توركمانی هەبوون و پاساوێكیان ئەوەیە بەبێ ئاگاداری و بەشداری و هاوبەشیكردنی ئەوان، دانیشتنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لە بەغدا كراوە و تیایدا هەریەك لە رێبوار تەها، بە پارێزگار و محەمەد حافز، بە سەرۆكی ئەنجومەن هەڵبژێردران لەگەڵ دانانی ئیبراهیم تەمیم، برای محەمەد تەمیم وەزیری پلاندانان بە جێگری پارێزگار و یەكلایكردنەوەی چەند پۆستێكی دیكە.

بەرەی ناڕازیی لە بەرەی توركمانی، پارتی دیموكراتی كوردستان و هاوپەیمانی عەرەبی و سیادە پێكهاتوون، لە بەرانبەردا، پێیانوایە حكومەتی ئێستای كەركوك لە پێكهێنانی "پێشێلكاری یاسایی" كراوە، لەوكاتەشەوە بایكۆتی ئیدارەی پارێزگاكەیان كردووە و تەنیا ئەحمەد رەمزی گەڕاوەتەوە.

رەمزی كە تاكە كاندیدی پاڵپشتیكراو بوو لەلایەن ئەرشەد ساڵحییەوە لەكاتی هەڵبژاردندا، دەڵێت "تاوانی هاوڵاتی چییە كە بەشداری هەڵبژاردنی كردووە و ئێستا باجی ململانێی سیاسی بدات، هاوڵاتی خزمەتگوزاری و دامەزراندنی دەوێت، بۆیە ئێمە لە بەرەی بایكۆت لە مەوقیفێكی زۆر شەرمەزاركەرانەدا بوین، بەوپێیەی كەوتینە نێوان پابەندبوون بە بڕیارەكانی مەرجەعیەتی سیاسی یان داواكاری هاوڵاتیان".

482228904_1050733477099723_1639111626530573418_n
كەركوك/ ئاداری 2025/ رێبوار تەها، پارێزگار و ئەحمەد رەمزی، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگا لەكاتی بەسەركردنەوەی گەڕەكێكی ناوشار فۆتۆ: راگەیاندنی نوسینگەی رەمزی

هەروەها جەختیكردەوە ئەو هۆكارانە پاڵنەربوون تا بەشداری دوایین دانیشتنی ئەنجومەنی پارێزگا بكات، "بەرژەوەندی هاوڵاتیانم هەڵبژارد، سەرباری ئەو فشار و رەخنانەی روبەڕوی بومەوە، بەڵام توانیم دەستكەوتم هەبێت دەربارەی دۆسیەی مۆلیدە ئەهلییەكان، هەرچەندە ناڕەزایی مەرجەعیەتی سیاسی و توڕەیی ئەوان بەرانبەر بە بڕیاری بەشداریكردنم هەبوو".

"ئەوەی دەمەوێت جەختی لێبكەمەوە ئەوەیە؛ بەشداریكردن گرنگە تەنانەت ئەگەر لە پێگەی ئۆپۆزسیۆنیشدا بیت، باشترە لەوەی لە دەرەوەی دانیشتنەكاندا بمێنیتەوە، ئۆپۆزسیۆنی راستەقینە پێویستە لەناو ئەنجومەندا بێت نەك لە نوسینگەكانیان".

مێژوی دابەشكاری پۆستەكان

گفتوگۆی گەرم و ناكۆكی سەرەكی لەسەر پۆستی پارێزگار، بە تایبەت بۆ كورد (حەوت كورسی) و عەرەب (شەش كورسی)، ئەوەبوو هەر لایەكیان یەكی دوو ساڵ پۆستەكەی لابێت، دواتر لەگەڵ پۆستی سەرۆكی ئەنجومەن لە نێوانیاندا ئاڵوگۆڕ بكرێت، بەڵام بەرەی توركمانی (دوو كورسی) داوای دەكرد ئەو دوو پۆستە لە نێوان هەرسێ پێكهاتەكەدا ئاڵوگۆڕی پێبكرێت لەو چوار ساڵەدا.

پێشتر و له‌ سه‌رده‌می رژێمی به‌عسدا، زوربه‌ی جومگه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی ئیداره‌دان و حوكمڕانی له‌ كه‌ركوك به‌ده‌ست پێكهاته‌ی عه‌ره‌به‌وه‌ بوو، ‌بێ هیچ هه‌ڵبژاردنێك، له‌ دوای 2003یشه‌وه‌، كورد له‌ ترۆپكی ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردندا (پارێزگار) بوو تا 2017 و پاشان پۆستی پارێزگا كەوتەوە دەستی عەرەب تا ساڵی رابردوو، پاشان جارێكیتر كاندیدی كورد لە كوتلەی یەكێتی ئەو پۆستەی وەرگرت.

یەكەم پارێزگاری كەركوك، دوای هەڵبژاردنی 2005ـی ئەنجومەنی پارێزگا، عه‌بدولڕه‌حمان مسته‌فا بوو له‌ پشكی كورد، دواتر و له‌ ساڵی 2011دا نه‌جمه‌دین كه‌ریم، له‌لایه‌ن هه‌مان ئه‌نجومه‌نه‌وه‌ وه‌ك پارێزگار له‌ پشكی كورد/ یه‌كێتیی هه‌ڵبژێردرا، دوای شه‌ش ساڵ به‌بڕیاری په‌رله‌مانی عیراق له‌ پۆسته‌كه‌ی دورخرایه‌وه.

لە دوای ساڵی 2003ــەوە لەسەر بنەمای پرۆژەیەكی جەلال تاڵەبانی، سەرۆك كۆماری پێشوتری عیراق و سكرتێری پێشوی كۆچكردوی یەكێتیی، پۆستە ئیدارییەكانی كەركوك بەڕێژەی لەسەدا 32 بۆ هەریەك لە پێكهاتەكانی كورد، عەرەب‌ و توركمان دیاریكرا، لەگەڵ سەدا چوار بۆ كریستیان. پڕۆژەكە لە تەمموزی 2009ـدا لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، رێككەوتنی لەسەر كرا، هەرچەندە ئەو رێككەوتنەش شۆڕنەبۆوە بۆ پۆستەكانی خوارەوە.

ته‌واوی پارێزگای كه‌ركوك (دانیشتوانەكەی زیاتر لە ملیۆنێك و 770 هەزار كەسە)، ناوچه‌یه‌كی جێناكۆكه‌ له‌ نێوان هه‌ردوو حكومه‌تی فیدراڵی عیراق و هه‌رێمی كوردستان، یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی چاره‌نوسیشی له‌ چوارچێوه‌ی مادده‌ی 140ـی ده‌ستوردایه‌ له‌ڕێی سێ قۆناغی ئاساییكردنه‌وه‌، سه‌رژمێری و راپرسی.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT