14 مانگە دەستگیرکراون، بەڵام حوکمەکەیان 12 مانگە
بـەدەل بـەرواری و ئـومێد بەرۆشكی بـە سـاڵێك حوكمدەدرێن

هەولێر/ 2021/ ناڕەزایی دژی دادگاییكردنی بەدەل بەرواری لە بەردەم دادگا فۆتۆ: رۆژنیوز

كەركوك ناو – هەولێر

پێش ئەوەی بەدەل بەرواری و ئومێد بەرۆشكی بانگهێشتی ژورەوە بكرێن؛ هۆڵەکە پڕ دەبێت لە كارمەندانی ئاسایش بە جلوبەرگی مەدەنییەوە، بۆیە پارێزەرانی بەرگری داوای چونە دەرەوەیان دەكەن، بەڵام هیچ ئەنجامێكی نابێت. ئا بەو شێوەیە، دانیشتنێکی تری دادگاییکردنی هەریەك لە ئومێد بەرۆشكی، رۆژنامەنوس و بەدەل بەرواری، مامۆستا و چالاكوان بەڕێوەدەچێت.

سەرباری ناڕەزایی پارێزەرانی بەرگری، دانیشتنی دادگاییكردنی ئومێد و بەدەل دەستپێدەكات؛ بانگهێشتی هۆڵی دادگا دەكرێن و دەخرێنە ئەودیو شیشی تۆمەتبارییەوە، دوای گفتوگۆکردن لەسەر وردەكاریی دۆسیەكان و ئەو تۆمەتانەی روبەڕویان كراونەتەوە، دادوەر وتەی تۆمەتبارەكان وەردەگرێت.

لە بەردەم دادوەر و بە بەرچاوی ئاسایشەكانی ناو هۆڵەكەوە، ئومێد بەرۆشكی دەڵێت "جەنابی دادوەر بە 20 كەس لێیاندام، بە قۆناغە كڵاشینكۆف لە پشتی سەرم دراوە"، كامەران عوسمان، ئەندامی تیمی رێكخراوی (CPT) واى وت، كە خۆی ئامادەی دانیشتنەكەی دادگا بووە.

داننیشتنەكەی ئەمڕۆ سێشەممە 19ی تشرینی یەكەمی 2021ی دادگای تاوانەكانی هەولێر بۆ دادگاییكردنی هەریەك لە ئومێد بەرۆشكی، رۆژنامەنوس و بەدەل بەرواری، مامۆستا و چالاكوانی بادینان بوو، بە ئامادەبونی ژمارەیەك پەرلەمانتار و كەسوكاری زیندانییان و نوێنەری چەند وڵاتێك و ژمارەیەك رێكخراو لەنێویاندا تیمی رێکخراوی نەتەوە یەكگرتوەكان.

"ئەگەرچی ناو هۆڵی دادگا بە سەربازگە كرابوو، بەڵام ژمارەیان بەراورد بە دادگاییەكانی تر كەمتر بوون" بەوتەی كامەران عوسمان بۆ (كەركوك ناو)، هەروەها وتیشی "بەرۆشكی بە دادوەریی وت لەكاتی لێكۆڵینەوەدا پێیانوتووە بۆ دژی بنەماڵەی بارزانی و پارتی دیموكراتی كوردستان ئیش دەكەن، بۆیە پرۆسەی لێكۆڵینەوە پەیوەندی بە تۆمەتەكانەوە نییە كە ئاڕاستەمان كراوە".

dadga-2
هەولێر/ 19ی تشرینی یەكەمی 2021/ كۆنگرەی رۆژنامەوانی پارێزەرانی بەرگری لە ئومێد بەرۆشكی و بەدەل بەرواری لەبەردەم دادگا فۆتۆ: فەرمان سادق

ئومێد بەرۆشكی و بەدەل بەرواری، بە تۆمەتی "تێكدانی ئاسایش و گێرەشوێنی و كاری تێكدەرانە" و بەپێی یاسای ژمارە 21ی ساڵی 2003 روبەڕوی دادگا كراونەتەوە.

لە ماددەی یەكی ئەو یاسایەدا هاتووە "هەركەسێ بە دەستی ئەنقەست و بە هەر شێوەیەك دەبێ ببێ‌، لە كارێكدا تێوەگلێ بە مەبەستی زیاندان لە ئاسایش و سەقامگیری و سەروەریی دامودەزگاكانی هەرێمی كوردستانی عێراق و ببێتە هۆی كەوتنەوەی ئەو زیانە، بە بەندكردنی هەتا هەتا یان بە بەندكردنی كاتی سزادەدرێت".

هەرێم رەفعەت، ئەندامی تیمی پارێزەرانی بەرگری لە رۆژنامەنوس و چالاكوانانی دەستگیركراوی بادینان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا وتی "دادگای تاوانەكانی هەولێر ئەو ماددەیەی گۆڕی كە ئومێد بەرۆشكی و بەدەل بەرواری پێ دەستگیركرابوو، بۆیە بەپێی ماددەی 222ی یاسای سزادانی عیراقی دادگایی كران".

بەپێی بڕگەی یەكەمی ئەو ماددەیە، هەر گردبونەوەیەك، ئامانج لێی ئەنجامدانی تاوان، یان كەتن، یان رێگریی لە جێبەجێكردنی یاسا و بڕیارەكاندا هەبێت، یاخود كاریگەری بكاتە سەر كارەكانی دەسەڵات، یان هاوڵاتیان لە ئازادی كاركردن بێبەش بكات، ئیتر ئەو كاریگەرییە بەهێز بێت، یان هەڕەشە، ئەوا ئەو كەسە سزادەدرێت بە زیندانی كە لە دوو ساڵ زیاتر نەبێت، یان سزای ماددی دەدرێت یان هەردوو سزاكە دەیگرێتەوە.

بەپێی مادەكە، سزاكە ئەو كەسانەش دەگرێتەوە كە بانگەوازیان بۆ گردبونەوە كردووە، یان بەڕێوەیانبردووە، یان بەشداریان تیاداكردبێت و ئاگاداری ئامانجەكەی بوون. هەروەها ئەو كەسانەش دەگرێتەوە كە لە گردبونەوەكە دورنەكەوتونەتەوە، هەرچەندە زانیویانە ئامانجەکەی چییە.

دادگای تاوانەكانی هەولێر بەپێی ئەو ماددەیە سزای یەك ساڵ زیندانی بەسەر هەریەك لە ئومێد بەرۆشكی و بەدەل بەرواری-ـیدا سەپاند.

دادگا ئەو ماددەیەی گۆڕی كە ئومێد بەرۆشكی و بەدەل بەرواری پێ دەستگیركرابوو

نیوار بەرۆشكی، برای ئومێد بەرۆشكی بە (كەركوك ناو) ئەوان پێشوازی لە بڕیارەكەی دادگا دەكەن و داواكاریشن براكەی بگوازرێتەوە بۆ زیندانی دهۆك، "هەفتەی رابردوو بۆ نیو سەعات ئومێدم بینی، رەوشی تەندروستی زۆر باش بوو، تەنیا داوای دەكرد بگوازرێتەوە بۆ گرتوخانەی زركا لە دهۆك".

بەدەل بەرواری و ئومێد بەرۆشكی لە 18ی ئابی 2020دا دەستگیركراون دوابەدوای خۆپیشاندانێكی ناڕەزایی لە دهۆك،  كە دژی خراپی گوزەران و دواكەوتنی موچە بوو، بۆیە بەپێی بڕیارەكەی دادگا ماوەی دەستبەسەركردنیشیان هەژمار دەكرێت.

"لە بڕیارەكەی دادگا بە هەڵە لە بەرواری 25ی تشرینی دوەمی 2020ـەوە بۆ بەدەل بەرواری هەژماركراوە، لەكاتێكدا دەبوو لە 18ی ئابەوە هەژمار بكرایە، بۆیە قسەمان لەگەڵ سەرۆكایەتی دادگا كردووە بەروارەكە راستبكەنەوە" ئاسۆ هاشم، پارێزەری بەدەل بەرواری بۆ (كەركوك ناو) وای وت.

ئەگەر لە 25ی تشرینی دوەمی 2020ـەوە بۆ بەدەل بەرواری هەژماربكرێت ئەوا پێویستە لە 25ی تشرینی دوەمی ئەمساڵدا ئازادبكرێت، بەوپێیەی تەنیا ئەو دۆسیەیەی لەسەرە.

ئاسۆ هاشم وتی "داواكاری گشتی رۆڵێكی زۆر خراپی هەبوو لەناو دادگا و تانەی لە بڕیارەكەی دادگادا، بەڵام دادگا ئیشی لەسەر بەڵگەكان كرد" هەروەها دەڵێت "داوای تەمیزی بڕیارەكەی دادگا دەكەین و پێمانوایە بەدەل بەرواری هیچی لەسەر نییە و بە ناحەق تاوانی خراوەتەپاڵ".

badal w omed
ئومێد بەرۆشكی، رۆژنامەنوس و بەدەل بەرواری، مامۆستا و چالاكوانی مەدەنی

بەدەل عەبدولباقی، ناسراو بە بەدەل بەرواری، ساڵی 1965 لە دهۆك لەدایكبووە و دەرچوی كۆلێژی پەروەردەی بنیات بەشی زمانی كوردییە لە زانكۆی دهۆك، 28 ساڵە مامۆستایە‌ و جێگری بەڕێوەبەری خوێندنگەی بەهدینانە لە دهۆك و لێپرسراوی ڕێكخراوی میللییە، باوكی دوو كچ و سێ كوڕە.

مامۆستا مەروان میكائیل دۆسكی، هاوڕێی مامۆستا بەدەل بەرواری كە بەیەكەوە گروپی (كوانێ پاشكەوت)یان لە دهۆك دامەزراندووە، ئەمڕۆ دوای كۆتاییهاتنی دانیشتنی دادگا بە (كەركوك ناو)ی وت "ئێمە لەو گروپە هیچمان نەكردووە، تەنیا داوای مافی خۆمان كردووە و بەردوامیش دەبین لەو گروپەدا".

پێشتر چەندین گردبونەوەی ناڕەزایی دژی دادگاییكردنی بەدەل بەرواری، ئومێد بەرۆشكی و دەستگیركراوانی دیكەی بادینان لە شار و شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان كراوە.

بڕیاری ئەمڕۆ ئەوەی سەلماند كە سزادانی شێروان شێروانی و هاوڕێكانی زوڵمێكی گەورەیان لێكراوە

ئومێد بەرۆشكی جیا لە دۆسیەكەی ئەمڕۆ كە یەك ساڵ زیندانییە، پێشتر شەش تۆمەتی تری لە دادگای تاوانی دهۆك لەسەر یەكلایی بووەتەوە، دوا تۆمەت 17ـی ئەم مانگە بوو كە سزای شەش مانگی بەسەردا سەپێنرا و چوار دۆسیەی تریش بە هەمان شێوە هەر یەكەیان سزای شەش مانگی بەسەردا سەپێنراوە بە كۆی گشتی سزای دوو ساڵ و شەش مانگ دراوە و لە دۆسیەیەكی دیكەشدا سزای 240 هەزار دینار دراوە.

هەرێم رەفعەت، ئەندامی تیمی پارێزەرانی بەرگری لە دەستگیركراوانی بادینان دەڵێت بەرۆشكی رۆژنامەنوسە و دەبوو بەپێی یاسای رۆژنامەگەری دادگایی بكرێت، "تۆمەتەكانی ئەنجومەنی ئاسایش بۆ بەدەل بەرواری و ئومێد بەرۆشكی دوورن لە راستییەوە و ئەوانیش لەبەردەم دادگا هەموو ئەو تاوانانەیان رەتكردۆتەوە، بەڵام ئەمجارە تۆمەتی یارمەتیدانی پەكەكەیان خستنە پاڵ، بەڵام ئێمە وتمان كە پەكەكە لە هەرێمی كوردستان هێزێكی قەدەغەكراو نییە".

بەپێی ئامارێكی دەستەی سەربەخۆی مافەكانی مرۆڤ لە هەرێمی كوردستان، لە مانگی ئابی 2020دا تا تشرینی یەكەمی هەمان ساڵ، حکومەتی هەرێم زیاتر لە 300 کەسی بەتۆمەتی "رێکخستنی خۆپیشاندان و ئاژوەگێڕی" دەستگیرکردوە، زۆرینەیان لە پارێزگای دهۆك بون؛ لە ئێستاشدا زیاتر لە 50 كەس هێشتا لە زیندانەكاندا ماون.

بەپێی بەپێی ئامارەكانی رێكخراوی (CPT) ژمارەی دەستگیركراوانی بادینان زیاتر لە 70 كەسن، بەشێكیان وادەی دادگاییكردنیان نادیارە و زۆرینەشیان لە زیندانی هێزە ئەمنییەكاندا مانیانگرتووە.

زۆرینەی دەستگیركراوەكان بەماددەی 2ی یاسای ژمارە 21 تۆمەتباركراون.

rojnamanus-2
له‌ ده‌سته‌ راسته‌وه‌:شڤان سه‌عید، گۆهدار محه‌مه‌د، هاریوان عیسا، شێروان ئه‌مین شێروانی و ئه‌یاز كه‌ره‌م كە لە شوباتی ئەمساڵ بەپێی یاسای ژمارە 21ی ساڵی 2003 هەریەكێكیان سزای شەش ساڵ زیندانیكردنی بەسەردا سەپێنرا

بەشدار حەسەن، پارێزەری بەرگری لە رۆژنامەنووسان و چالاكانی بادینان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا وتی ئەو سزایەی بۆ بەدەل بەرواری و ئومێد بەرۆشكی دەركراوە بۆ شێروان شێروانی و ئەوانی تریش راستە كە سزای شەش ساڵیان بەسەردا سەپێنراوە، چونكە هەمان "هەواڵدەری نهێنی و تاوانیان خراوەتەپاڵ"، هەروەها جەختیكردەوە "بڕیارەکەی ئەمڕۆی دادگا ئەوەی سەلماند كە شێروان شێروانی و هاوڕێكانی زوڵمێكی گەورەیان لێكراوە".

بەپێی ماددەی یەكەمی یاسای ژمارە 21 دادگای تاونەكانی هەولێر، لە 16ی شوباتی 2021 سزای شەش ساڵ زیندانی بۆ هه‌ریه‌ك له‌  رۆژنامەنوسان و چالاکوانانی مەدەنی  (شێروان شێروانی، گۆهدار محەمەد، ئەیاز کەرەم، شڤان سەعید و هاریوان عیسا) ده‌ركرد.

ئومێد بەرۆشکی رۆژنامەنوسی فریلانس، بەر لە دەستگیرکردنی، لە ستۆرییەكدا كە لە (كەركوك ناو) بڵاوبۆتەوە، باس لەو پێشێلكارییانە دەكات لەلایەن لێپرسراوان و پەرلەمانتارانەوە دەكرێتە سەری و تیایدا نیگەرانی خۆشی نیشاندەدات لەوەی لەسەر یەک تەلەفۆنی پەرلەمانتارێكی پارتی شەش رۆژ دەستبەسەركراوە.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT