رۆژنامەنوس ئومێد بەرۆشکی
حوكمەكەی تەواوكرد و زیندانی بەجێهێشت

رۆژنامەنوسی فریلانس، ئومێد بەرۆشکی. فۆتۆ: ئەكاونتی ناوبراو لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك

كەركوك ناو

ئومێد بەرۆشکی رۆژنامەنوسی فریلانس، شەوی رابردوو 22ی شوبات دوای تەواوكردنی حوكمەكەی،  زیندانی بەجێهێشت و گەڕایەوە ناو كەسوكارری.

ئومێد بەرۆشكی، لە 23ی ئەیلولی رابردوو بەتۆمەتی ناوزڕاندن و بڵاوکردنەوەی پۆستی فەیسبوک لەسەر پۆلیس و پارێزگاری دھۆک، بە ساڵێک زیندانی حوکمدرا. هاوكات لە 23ی حوزەیرانیش بەهەمان تۆمەت سزای ساڵێك زیندانی بۆ دەرچوو بوو.

پەیامنێری (كەركوك ناو) لە پارێزگای دهۆك، بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 23ی شوبات، جەختیكردەوە لە گەڕانەوەی ئومێد بەرۆشكی بۆ ناو كەسوكاری، ئەوەش دوای تەواوكردنی حوكمەكەی.

رێكخراوی (CPT) پێشتر لە بارەی سزادانی ئومێد بەرۆشكی، لە راگەیەنراوێكدا بڵاویكردەوە "خراپ بەکارھێنانی یاسا و ئەم جۆرە لە حکومدان و تاوانبارکردنانە بۆ سنوردارکردنی ئازادی ڕادەربڕینە لە ھەرێمی کوردستانی عیراقدا".

ئومێد بەرۆشکی، بەر لە کردنەوەی ئەو دۆسییانە لە دژی، لە ستۆرییەکدا کە لە ماڵپەڕی (کەرکوک ناو) بڵاوبۆتەوە، باس لەو پێشێلکارییانە دەکات کە لەلایەن لێپرسراوان و پەرلەمانتارانەوە دەکرێتە سەری و تیایدا نیگەرانی خۆشی نیشاندەدات لەوەی کە بە تەنیا بە تەلەفونی پەرلەمانتارێکی پارتی شەش رۆژ دەستبەسەرکراوە.

ئومێد یەکێکە لەو دەیان رۆژنامەنوس و چالاکوانەی پارێزگای دهۆك لە هەرێمی كوردستان كە لە ساڵی 2020 لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە لە دهۆک دەستگیركران و بەشێكیان سزای شەش ساڵ زیندانیان بۆ دەرچووە.

rojnamanus-2
له‌ ده‌سته‌ راسته‌وه‌:شڤان سه‌عید، گۆهدار محه‌مه‌د، هاریوان عیسا، شێروان ئه‌مین شێروانی و ئه‌یاز كه‌ره‌م

ئومێد بەرۆشكی، لە 23ی حوزەیران، بە ساڵێک زیندانی و 240 هەزار دیناری عیراقی غەرامە کرا، ئەوەش بەپێی ماددەی دوو لە یاسای قەدەغەکردنی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن لە هەرێمی کوردستان و پێشێلکردنی ماددەی 240 لە یاسای سزادانی عیراقی، بەهەمان ماددەش لە 23ی ئەیلول سزادرا.

لە سزادانەكەیدا ئەو رۆژانە هەژماركراوە كە بەر لە دادگاییكردنی لە زیندان هێڵدرابۆوە.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT