لە ژینگەوە

لە تلكێف.. خەریكە كشتوكاڵ كۆتاییدێت

  • 2024-01-09
لە تلكێف.. خەریكە كشتوكاڵ كۆتاییدێت
زەوییەكی چێنراو بە گەنم فۆتۆ: كەركوك ناو
ئەحمەد بلە

هەزاران دۆنم زەوی كشتوكاڵی لە تلكێف بەرهەمی نییە، بەهۆی گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوا و چەند تەحەدییەكی دیكەوە، كە بەوتەی لێپرسراوان خەریكە كۆتایی بەو كەرتە دەهێنێت.

ئەو مەترسییانە وایكرد دامەزراوەی عیراقی بۆ گەشەپێدان (IID) –ناحكومییە-، چەند رۆژێك لەمەوبەر و لە چوارچێوەی پرۆژەیەكی ژینگەییدا، گفتوگۆ و كۆبوونەوە دەربارەی كێشەكانی كەرتی كشتوكاڵ لە تلكێف و چۆنیەتی چارەسەركردنیان، رێكبخات.

"یەكێك لە كێشە دیارەكانی ناوچەكە، بێبەشكردنمانە لە پلانی كشتوكاڵی پارێزگاكە، واتە رێگەنادەن زەوییەكانمان بكێڵین، چونكە هەندێكمان بریكارنامەمان نییە یان بەڵگەیەكمان بەدەستەوە نییە بیسەلمێنێت زەوی خۆمانە و لە باوباپیرانمانەوە بۆمان ماوەتەوە"، سوفیان عەدنان، جوتیار لە تلكێف بۆ (كەركوك ناو) وای وت.

تلكێف لە دەشتی نەینەوا، ناوچەی جێناكۆكە بەپێی رێكارەكانی ماددەی 140ـی دەستوری عیراق و وەك زۆر ناوچەی دیكە كێشە لەسەر خاوەندارێتی روبەرێكی فراوان لە زەوییە كشتوكاڵییەكانی هەیە.

باسم بلو، قایمقامی پێشوی تلكێف بە (كەركوك ناو)ـی وت "تەحەدی زۆر لەبەردەم جوتیاراندایە تا زەوییەكانیان بەكاربهێنن، بەوپێیەی ناوچەكە جێناكۆكە، جگەلەوەش دەستتێوەردان هەیە و هەندێك زەوییەكان دەكەن بە شوێنی نیشتەجێبون و داگیری دەكەن"، بەبڕوای ئەو "خراپی پلانی دەوڵەت" لە پرۆسەی نیشتەجێكردندا وادەكات خەڵك زەوی كشتوكاڵی بكەن بە خانوو.

قەزای تلكێف بە دوری 20 كیلۆمەتر دەكەوێتە باكوری موسڵ، ژمارەی دانیشتوانی بە نزیكەی 300 هەزار كەس دەخەمڵێنرێت، لە سێ ناحیە و زیاتر لە 100 گوند پێكهاتووە، بەپێی ئەو ئامارانەی لە فەرمانگە و لێپرسراوانی ناوچەكەوە دەست (كەركوك ناو) كەوتوون.

UNDP-IQ-Mosul-Oxfam-35
نەینەوا/ بەرهەمی خەیاری خانوی پلاستیكی فۆتۆ: UNDP

فەزع موغەیەر، بەڕێوەبەری بەشی گەشەپێدان لە دیوانی پارێزگای نەینەوا بە (كەركوك ناو)ـی وت لەڕێی چەند لیژنەیەكەوە هەوڵی هاوكاریكردنی جوتیاران و چارەسەری كێشەكانیان دەكەن، لەوانە "چارەسەری كەمی پەیین و كەمئاوی و بەرەنگاربونەوەی لێكەوتەكانی گۆڕانی كەشوهەوا، لەگەڵ نەهێشتنی ئەو زیادەڕۆییانەی دەكرێنە سەر زەوی كشتوكاڵی".

لێكەوتەی گۆڕانی كەشوهەوا، لە نێویاندا كەمی ئاو و بارانبارین و وشكەساڵی، لە تەحەدییە سەرەكییەكانی بەردەم جوتیارانی تلكێفە و بەپێی بەدواداچونێكی نەتەوە یەكگرتووەكان، بە رێژەی زیاتر لە سەدا 50 كاریگەری لەسەر كەرتی كشتوكاڵ لەو ناوچەیەدا هەبووە و بەرەو زیادبون دەچێت.

زۆرینەی دانیشتوانی تلكێف لە پێكهاتەی كریستیانن كە پێشتر ئاوارە بون و هێشتا زۆرێكیان نەگەڕاونەتەوە.

"تەحەدی گەورەی بەردەم جوتیاران ئێستا گۆڕانی كەشوهەوایە، بەجۆرێكە ساڵانە دەگۆڕێت، ساڵێك باران هەیە و ساڵێكی تر نییە، ئێستا باران نییە و پلانی كشتوكاڵیش لە ناوچەكەدا جێبەجێنەكرا چونكە داوای بەڵگەنامەی خاوەندارێتی زەوییەكانیان كرد لە جوتیاران كە هی باوباپیرانیانە و بریكارنامەیان بۆ نەكراوەتەوە، هەموو ئەوانەش وایكردوە كشتوكاڵ پەكیبكەوێت" بەوتەی محەمەد ئیبراهیم، بەڕێوەبەری پێشوی كشتوكاڵی تلكێف.

ئیبراهیم دەڵێت تەحەدی دیكەی وەكو بەرزبونەوەی نرخی پەیین و كەمی سوتەمەنی و دابیننەكردنی دەرمانی قەڵاچۆكردنی مێروو لە كێشەكانی بەردەم جوتیارانن كە خەریكە كۆتایی بە كشتوكاڵ دەهێنێت.

پارێزگای نەینەوا بە گشتی، بە ناوچەیەكی دەوڵەمەندی كشتوكاڵیی هەژماردەكرێت، كە بەپێی دەزگای ناوەندی ئامار، سەدا 40ـی دانیشتوانەكەی گوندنشینن و لە ساڵی 2021 پلانی چاندنی گەنم و جۆ زیاتر لە شەش ملیۆن دۆنم بووە، جگە لە پەتاتە و گەنمەشامی و گوڵەبەڕۆژە و برنج و چەندین بەرهەمی دیكەی كشتوكاڵی.

زیاتر

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT