"خوا بتپارێزێت مامه له رێگایه‌كی تره‌وه بمانبه نه‌وه‌ك ئه‌و پرده بڕوخێت" ئیسماعیل، له پێشه‌وه‌ی تاكسییه‌كه دانیشت و وای به شۆفێره‌كه وت، كاتێك ویستی له به‌ری دورگه‌ی گه‌شتیارییه‌وه بپه‌ڕێته‌وه بۆ ناوچه‌ی نه‌بی یونس.
ئه‌و هاوڵاتییه له كاتی به‌كرێگرتنی تاكسییه‌كه، مه‌رجی ئه‌وه‌ی هه‌بوو لهرێگایهكی تره‌وه بڕوات نه‌ك به‌سه‌ر پردی سوێس، به‌هۆی ئه‌و مه‌ترسییانه‌ی له باره‌ی داڕوخانیهوه هه‌یه، له ئه‌نجامی بارانبارین و لافاو.
به‌وته‌ی شایه‌تحاڵه‌كان و چالاكوانان له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كاندا، موسڵ له‌به‌رده‌م كاره‌ساتێكی تردایه و قوربانییه‌كانی زیاتر ده‌بێت له روداوی به‌له‌كه گه‌شتیارییه‌كه، كه ئێواره‌ی 21ی ئازار له روباری دیجله نقوم بوو، به‌هۆیه‌وه زیاتر له 200 كه‌س خنكان و هێشتاش ته‌رمی زۆرینه‌یان دیارنیه.
ره‌نگه پردی سوێس ببێته پردی شه‌هیدان، هاوشێوه‌ی دورگه‌ی گه‌شتیاری دوای نقومبونی به‌له‌مه‌كه
ئه‌و مه‌ترسییانه دوای ئه‌وه‌هات، بارانی به‌خوڕ و لافاو زیانی زۆری لێكهوتهوه، به تایبه‌ت پردی سوێس، كه پایه‌كانی داڕوخاوه و راگره ئاسنه‌كانی به‌ره‌و روباره‌كه رۆچووه، یه‌كێك له راگره كۆنكرێتیه‌كانی خوار بۆته‌وه و له بناغه‌ی پرده جیابۆته‌وه.
ئیسماعیل به (كه‌ركوك ناو)ی وت "له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كاندا هۆشداری له‌باره‌ی روخانی پرده‌كه و رودانی كاره‌سات بڵاوكراوه‌ته‌وه، كه ره‌نگه پردی سوێس ببێته پردی شه‌هیدان، هاوشێوه‌ی دورگه‌ی گه‌شتیاری دوای نقومبونی به‌له‌مه‌كه".
پردی سوێس، ده‌كه‌وێته سه‌ر روباری خهوسهر له به‌ری راستی شاری موسڵ، له سه‌روبه‌ندی شه‌ڕی رێكخراوی داعش له‌لایه‌ن هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تییه‌وه بۆردومان كرا، دوای كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی شاره‌كه و له ساڵی رابردودا پرۆژه‌ی بنیاتنانه‌وه‌ی درایه كۆمپانیایه‌كی تایبه‌ت به پاڵپشتی نێوده‌وڵه‌تی.
ئه‌و كۆمپانیایه‌ی پرۆژه‌كه‌ی وه‌رگرت، له هه‌نگاوه‌كانی سه‌ره‌تادا رێگایه‌كی كاتی بۆ تێپه‌ڕینی ئۆتۆمبێل كرده‌وه، به‌ڵام ئه‌و ده‌رچه‌یه به‌هۆی بارانه‌وه داڕوخا، "ئه‌وه گرێبه‌ستی گه‌نده‌ڵییه، كه‌سی ئاقڵ هه‌یه له‌م وهزری لافاوه‌دا پرۆژه به گرێبه‌ست بدات به كۆمپانیا"، مام ته‌ڵال واده‌ڵێت.
مام ته‌ڵاڵ، شۆفێری ئه‌و تاكسیهیه هاوڵاتییه‌كه‌ی موسڵ داوای لێ‌كرد به‌سه‌ر پرده‌كه‌دا نه‌ڕوات، كاتێك قسه‌ی ده‌كرد ئۆتۆمبێله‌كه‌ی راگرت و وتی "ئه‌و كه‌سانه نه‌زانن و هیچ شتێك له مێشكیاندا نیه ته‌نیا تاڵانكردنی ئه‌و شاره نه‌بێت" وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ لێپرسراوان.
كۆمسیۆنی باڵای مافه‌كانی مرۆز له پارێزگای نه‌ینه‌وا، 23ی ئازاری 2019 له به‌یاننامه‌یه‌كدا هۆشداریدا له روداوی كاره‌ساتی مرۆیی له شاره‌كه به‌هۆی پردی سوێسه‌وه، به‌وپێیه‌ی پرده‌كه له هه‌ردوولاوه روبه‌روی داڕوخان بۆته‌وه.
حوسام، هاوڵاتیه‌كی تری شاری موسڵه و ده‌ڵێت "نازانم كه‌ی پرده‌كه ده‌ڕوخێت، چونكه شۆسته‌كانی روخاوه، چی ماوه بڕوخێت،.. ده‌ترسم بارانی داهاتوو پرده‌كه بڕوخێنێت و قوربانی لێبكه‌وێته‌وه".
بارانی به‌خوڕی به‌هار، له هه‌فته‌ی رابردوشدا زیانی به چه‌ندین پردی تری موسڵ گه‌یاند، كه به‌شێكیان كه‌متر له ساڵێك به‌سه‌ر نۆژه‌نكردنه‌وه و بهگهڕخستنهوهیاندا تێپه‌ڕیوه.
به‌شێك له خه‌ڵك به‌شێوه‌ی گاڵته‌جاڕی باسی مه‌ترسیه‌كان ده‌كه‌ن؛ "بزماری چیمه‌نتۆ ده‌به‌خشمه فه‌رمانگه‌ی رێگاوبان و پرده‌كان تا عه‌مود و راگره‌كانی پردی سوێس جێگیربكه‌ن"، زه‌ید تائی، چالاكوانی مه‌ده‌نی وای وت، ئومێدیشی خواست ده‌نگی بگاته فه‌رمانگه په‌یوه‌ندیداره‌كان، وتی "ره‌نگه پرده‌كه به چه‌ندین ئۆتۆمبێله‌وه داڕوخێت و كاره‌ساتێكی تر روبدات و قوربانی لێبكه‌وێته‌وه".
وه‌زاره‌تی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی عیراق، به‌یاننامه‌یه‌كی سه‌باره‌ت به پردی سوێس بڵاوكرده‌وه و ئاماژه‌ی به‌وه‌داوه، رێگه به تێپه‌ڕینی ئۆتۆمبێل ده‌ده‌ن ته‌نیا بارهه‌ڵگر نه‌بێت.
به‌پێی به‌یاننامه‌كه‌ی وه‌زاره‌ت؛ به‌هۆی ئه‌و زیانانه‌ی به‌ر یه‌كێك له راگره‌كانی پرده‌كه كه‌وتووه لیژنه‌یه‌ك پێكهێنراوه له به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی رێگاوبان و پردهده له نه‌ینه‌وا و نوێنه‌رایه‌تی به‌رنامه‌ی په‌ره‌پێدانی نه‌ته‌وه یه‌كگرتوه‌كان و نوسینگه‌ی راوێژكاری زانكۆی موسڵ.
"ئه‌و لیژنه‌یه راپۆرتێكی پێشكه‌شكردووه بۆ به‌رده‌وامی تێپه‌ڕینی ئۆتۆمبێل به‌سه‌ر پرده‌كه و لابردنی رێڕه‌وی پیاده‌ڕه‌و و گرتنه‌به‌ری رێكاری پێویست".
بزماری چیمه‌نتۆ ده‌به‌خشمه فه‌رمانگه‌ی رێگاوبان و پرده‌كان تا راگره‌كانی پردی سوێس چاكبكه‌ن
وه‌زاره‌تی ئاوه‌دانكردنه‌وه باسی له‌وه‌شكردوه له‌كاتی لافاو و به‌رزبونه‌وه‌ی ئاستی ئاوی روباره‌كه، رێگه به تێپه‌ڕینی بارهه‌ڵگر نادرێت له پرده‌كه، تا ئه‌وكاته‌ی به‌ته‌واوی پرۆژه‌كه ته‌واو ده‌كرێت به‌پێی ئه‌و گرێبه‌سته‌ی له نێوان رێكخراوی UNDPـو كۆمپانیای روعه واژۆكراوه به سه‌رپه‌رشتی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی رێگاوبان و پرده‌كان له نه‌ینه‌وا".
له موسڵ پێنج پردی سه‌ره‌كی له‌سه‌ر روباری دیجله دروستكراوه، بۆ هاتوچۆی ئۆتۆمبێل و هاوڵاتیان، به‌هۆی ئه‌وه‌ی روباره‌كه شاره‌كه ده‌كاته دوو به‌شه‌وه، به‌ڵام هه‌موو پرده‌كان له‌شه‌ڕی داعش له‌لایه‌ن فڕۆكه جه‌نگیه‌كانی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی و چه‌كدارانی ئه‌و رێكخراوه‌وه ته‌قێنرانه‌وه.
چالاكوانانی موسڵ، ئه‌و كاره‌ساتانه ده‌ژمێرن كه ده‌كرا پێشوه‌خته چاره‌سه‌ر بكرێن و رێگری بكرێت، له نێویاندا پرده‌كان، "هه‌موو پرده كاتییه‌كان بۆ خۆی كهڵهكێكه و ده‌كرێت بڕوخێت و له هه‌ر چركه‌یه‌كدا بێت كاره‌ساتی لێبكه‌وێته‌وه"، به‌نده‌ر عه‌كیدی، چالاكوانی مه‌ده‌نی وای وت.