سه‌دا 40ی ئاواره‌كانی چیای شنگال ئاویان پێناگات

نه‌ینه‌وا، هاوینی 2019، ئاواره‌كانی چیای شنگال به‌ ده‌به‌ و جلیكانه‌ ئاو ده‌كێشن فۆتۆ: تایبه‌ت به‌ كه‌ركوك ناو

عه‌مار عه‌زیز – نه‌ینه‌وا

منداڵه‌كانی مچۆ عه‌ڤدی، له‌ژێر پله‌یه‌كی به‌رزی گه‌رمادا رۆژانه‌ سه‌دان مه‌تر به‌پێ ده‌بڕن، تا جلیكانه‌یه‌ك ئاویان ده‌ستده‌كه‌وێت، ئه‌وه‌ش ته‌نیا به‌شی خواردنه‌وه‌ ده‌كات نه‌ك خۆشتن.

خێزانه‌كه‌ی مچۆ زیاتر له‌ پێنج ساڵه‌ له‌ كه‌مپێكی چیای شنگال نیشته‌جێن، هیچ تۆڕێكی دابه‌شكردنی ئاو نزیكیان نیه‌، به‌ دوری نزیكه‌ی 500 مه‌تر بیرێكی لێیه‌، كه‌ بۆته‌ تاكه‌ سه‌رچاوه‌ی ئاوی پاك بۆ ئه‌وان و سه‌دان خێزانی تر.

"یه‌‌ك دڵوپ ئاوی پاك له‌ماڵه‌كه‌ماندا نییه‌، ده‌بێت رۆژانه‌ منداڵه‌كانم چه‌ند سه‌د مه‌ترێك ببڕن تا ده‌گه‌نه‌ بیرێكی ئاو و چه‌ند جلیكانه‌یه‌ك ئاو ده‌هێننه‌وه‌، بۆیه‌ له‌ گه‌رمایه‌دا (له‌ هاویندا ده‌گاته‌ سه‌روو 45 پله‌ی سیلیزی) تا چوار رۆژ ئاو نیه‌ خۆمان بشۆین، جلیكانه‌كه‌ ته‌نیا به‌شی خواردنه‌وه‌ و چێشتلێنان ده‌كات" مچۆ عه‌ڤدی وای وت.

ئه‌و هاوڵاتییه‌ ئێزیدییه‌ی كه‌مپی چیای شنگال، 13 منداڵی هه‌یه‌ و هه‌ركات منداڵه‌كانی توانای بردنه‌وه‌ی ئاویان نه‌بێت بۆ ماڵه‌وه‌، به‌ ناچاری ئاوی تانكه‌ر ده‌كڕێت، ئه‌وه‌ش بارگرانییه‌كی تره‌ بۆ ئه‌و له‌ ئاواره‌ییدا.

"هه‌ندێكجار ناچار ده‌بین ئاو بكڕین و هیچ چاره‌یه‌كی ترمان نییه‌، پێنج ساڵه‌ له‌و حاڵه‌دا ژیان به‌سه‌رده‌به‌ین و كه‌سیش له‌ ئێمه‌ ناپرسێته‌وه‌".

مچۆ ده‌ڵێت زیاد له‌جارێك داوایان له‌ كارگێڕی كه‌مپ و رێكخراوه‌كان كردووه‌ هاوكارییان بكه‌ن له‌ گه‌یاندنی تۆڕی دابه‌شكردنی ئاو، "هه‌ر ده‌ڵێن ئه‌مڕۆ نا سبه‌ی، به‌ڵام هیچ دیارنیه‌، بۆیه‌ هه‌ندێك خێزان به‌ تانكه‌ر ئاو ده‌كڕن و ئه‌وانه‌یشی هه‌ژارن هه‌ر به‌ جلیكانه‌ ئاو ده‌هێنن".

camp.chyayshngal (2)
كه‌مپه‌كانی چیای شنگال زیاتر له‌ سێ هه‌زار ئاواره‌ی تێدایه‌ فۆتۆ: تایبه‌ت به‌ كه‌ركوك ناو

زۆرینه‌ی هاوڵاتیانی ئاواره‌ی ئێزیدی، له‌ سه‌روبه‌ندی هێرشه‌كانی داعش رویانكرده‌ چیای قه‌زای شنگال (120كم خۆرئاوای نه‌ینه‌وا) و هێشتا سه‌دان خێزان له‌ دوو كه‌مپی ئه‌و سنوره‌دا ماون؛ كه‌مپی چیای شنگال زیاتر له‌ دوو هه‌زار و كه‌مپی سه‌رده‌شت زیاتر له‌ هه‌زار خێزانی تێدایه‌.

خەیری قاسم، نیشته‌جێی كه‌مپی چیای شنگال به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "کەمپه‌كه‌مان ته‌نیا  ناوێکە به‌بێ خزمەتگوزاری، لە هیچ شوێنێکی جیهان کەمپی بێ ئاو نییە لە شنگال نەبێت، هەندێک رۆژ پلەی گەرما دەبێتە 46 و ئاو نیە خۆمان بشوین و توزێک فێنک ببینەوە".

جه‌ له‌ كه‌مپه‌كانی چیای شنگال، به‌پێی ئاماره‌كانی ناوه‌ندى هاوبه‌شى هه‌ماهه‌نگى قه‌یرانه‌كان سه‌ر به‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هاوڵاتیانی ئێزیدی سه‌دا 30ی ئاواره‌كانی هه‌رێمیش پێكده‌هێنن، كه‌ زۆرینه‌ به‌هۆی نه‌بونی خزمه‌تگوزارییه‌ سه‌ره‌تاییه‌كانه‌وه‌ ناگه‌ڕێنه‌وه‌.

"له‌ هه‌ر چوار وه‌رزه‌كه‌ی ساڵدا ئاو ده‌كێشین، ده‌ست و قاچه‌كانمان هه‌مووی شوێنێكی ئازاری هه‌یه‌، له‌كاتێكدا ده‌یان رێكخراو له‌ شنگال هه‌ن و به‌ناوی ئێمه‌وه‌ پاره‌یه‌كی زۆر خه‌رج ده‌كه‌ن به‌بێ ئه‌وه‌ی سودی لێوه‌ربگرین".

خه‌یری ده‌پرسێت؛ ئایا حكومه‌تی عیراق و رێكخراوه‌كان ناتوانن تۆڕی دابه‌شكردنی ئاو بگه‌یه‌ننه‌ خێزانه‌كان؟ هه‌ر خۆیشی وه‌ڵامده‌داته‌وه‌ "به‌دڵنیاییه‌وه‌ ده‌توانن بەڵام ئەوان بیریان چۆته‌وه‌ ئێمه‌ ئاواره‌ین".

حكومه‌تی ناوه‌ندی عیراق، بڕیاریداوه‌ به‌ ته‌رخانكردنی بڕی ملیۆنێك و 500 هه‌زار دینار بۆ هه‌ر خێزانێكی ئاواره‌ تا بگه‌ڕێته‌وه‌، به‌ڵام به‌شێكی زۆر له‌ ئێزیدییه‌كان ره‌تیانكرده‌وه‌، به‌هۆی وێرانكاری زۆری ناوچه‌كه‌یان و خاپوربونی خانوه‌كانیانه‌وه‌.

kochbaran
شنگال/ نوسینگەی وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عیراق لەسەر چیای شنگال بەرلەوەی ناونوسكردنی ئاوارەكان رابگرن فۆتۆ: ئیبراهیم شنگالی

عه‌لی شه‌عبو، به‌ڕێوه‌به‌ری كه‌مپی سه‌رده‌شت له‌ چیای شنگال به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "له‌ هه‌ردوو كه‌مپه‌كه‌ی چیای شنگال سه‌دا 40ی خێزانه‌كان تۆڕی دابه‌شكردنی ئاویان پێناگات، ئه‌وه‌ش له‌به‌ر چه‌ند هۆكارێك؛ یه‌كێكیان سه‌ختی سروشتی چیاكه‌یه‌ و ئه‌ویتریش بڵاوبونه‌وه‌ی ئاواره‌كانه‌ له‌ یه‌كتری، كه‌ ئاسان نیه‌ ئاو بگاته‌ هه‌موو خێزانێك".

به‌وته‌ی شه‌عبو، كێشه‌كه‌ له‌وه‌دا نییه‌ ئاو نییه‌، به‌ڵكو دابه‌شكردنی ئاو و گه‌یشتنی به‌ هه‌موو خێزانه‌كان كێشه‌یه‌، بۆیه‌ ئه‌وانه‌ی تۆڕی دابه‌شكردنی ئاویان پێناگات خۆیان ئاو ده‌كڕن و هه‌ندێكجاریش حزبه‌كانی شنگال هاوكارییان ده‌كه‌ن بۆ دابینكردنی ئاو.

جگه‌ له‌ هاوین، ئاواره‌كانی چیای شنگال له‌ وه‌رزه‌كانی دیكه‌شدا روبه‌روی كێشه‌ی تر ده‌بنه‌وه‌، له‌ زستانی رابردوودا بارانی به‌خوڕ و لافاو زیانی زۆری پێگه‌یاندن.

ئه‌و دوو كه‌مپه‌ی چیای شنگال، له‌ رووی ئیدارییه‌وه‌ ده‌كه‌ونه‌ سنوری كارگێڕی حكومه‌تی عیراق و یه‌كێكیان له‌ژێر سه‌رپه‌رشتی راسته‌وخۆی وه‌زاره‌تی كۆچ و كۆچبه‌راندایه‌.

به‌رێوه‌به‌ری كه‌مپی سه‌رده‌شت وتی "حكومه‌تی عیراق زۆر كه‌مته‌رخه‌مه‌ به‌رانبه‌ر ئاواره‌كانی چیای شنگال، ئاو سه‌ره‌تاییترین خزمه‌تگوزارییه‌ و پێنج ساڵه‌ ئه‌و كێشه‌یه‌ چاره‌سه‌ر نه‌كراوه‌، ده‌یانجار داوامان له‌ قایمقامی شنگال كردوه‌ به‌ڵام سودی نه‌بووه‌ و داواكاری ئه‌ویش له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه‌ جێبه‌جێناكرێت".

قەزای شنگال، كه‌ ناوچه‌یه‌كی جێناكۆكی پارێزگای نه‌ینه‌وایه‌ و زۆرینه‌ی دانیشتوانه‌كه‌ی له‌ ئێزیدی پێكهاتون، لە 3ی ئابی 2014 داعش دەستیبەسەرداگرت ‌و هه‌زاران كه‌س له‌و پێكهاته‌یه‌ی كۆمه‌ڵكوژ كرد و رفاندنی، تا لە 13ی تشرینی دووەمی 2015 قه‌زاكه‌ له‌ژێر ده‌ستی ئه‌و رێكخراوه‌ كۆنتڕۆڵكرایەوه‌.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT