كەسایەتیی و نوێنەرانی خەڵك لە قەزای داقوق داوا لە سەرۆكایەتی كۆمار دەكەن قسەكانیان بكەنە كردار و بەڵێنەكانیان بۆ خەڵك جێبەجێبكەن، ئەوەش دوای چەند سەردانێكی نوێنەرانی ئەو ناوچانە هات بۆ بەغدا و رەوانەكردنی وەفدێك لە سەرۆكایەتی كۆمارەوە بۆ داقوق.
ئەو داواكارییەی نوێنەران و خەڵكی داقوق، دوای سەردانی وەفدێكی باڵای سەرۆكایەتی كۆمار هات بۆ ئەو ناوچەیە لە 28ی ئاب، بۆ لێكۆڵینەوە لە دۆخی ئەمنی ناوچەكە. ئەوەش دوای زنجیرەیەك رودای ئەمنی هات لە تەقینەوە، هێرشی چەكداریی، كوشتن و رفاندن، كە كاریگەری لەەسر كۆچی گوندنشینانی ناوچەكە هەبووە.
هیوا تاهیر، کەسایەتییەکى ناوچەى تاڵەبانی لە سنوری داقوق، كە بە نوێنەرایەتی خەڵكی ناوچەكە لەگەڵ وەفدەكەی سەرۆكایەتی كۆمار كۆبووەوە، بە (كەركوك ناو)ی وت "هەمو خاڵە لاوازییەكانی ناوچەكەمان بە راوێژکارە سەربازییەکەى سەرۆک کۆمار وت، خۆشیان خاڵە سەربازییەكان گەڕان و تێبینی خۆیان نوسی".
وتیشی "پێمانوتن قسەکردن بەسە، چاوەڕێی کردارین با بەرهەمی ئەم كۆبونەوە و دانیشتنانە وەرگرین".
پێمانوتن قسەکردن بەسە، چاوەڕێی کردارین
وەفدە باڵاكەی سەرۆكایەتی كۆمار داقوق، پێكهاتبون لە عەزیز مەجید، جێگرى سەرۆکی دیوانى سەرۆکایەتى کۆمار، لیوای حاتەم ئەبو ریشە، راوێژكاری سەربازیی سەرۆك كۆمار و ئیسماعیل حەدیدی، راوێژكاری سەرۆك كۆمار و كەسایەتی عەرەبی سوننی كەركوك.
هیوا تاهیر وتی "ئەمجارە بەڵێنمان لێیان وەرگرت كە لەماوەیەكی نزیكدا بەرهەمەكەی ببینین".
وەفدەكەی سەرۆك كۆمار راپۆرتێكی چەند خاڵی ئامادەكرد، لە نێویاندا داوای رەوانەكردنی هێزی زیاتریان كرد بۆ قەزای داقوق، لەگەڵ پێكهێنانی هێزێكی هاوبەش لە عەرەب، كورد و توركمان بۆ گرتنەدەستی دۆسییەی ئەمنی ئەو قەزایە.
هیوا تاهیر، كەسایەتیی ناوچەی تاڵەبانی، وتی "باسمان لەکێشەی دەستوەردانی فەرماندە سەربازییەکان کرد لە بڕیارە ئیدارییەکان لە ناوچەکە و هەروەها زیادەڕۆیی پارێزگاری کەرکوک بۆ گەڕانەوى عەرەبى هاوردە بۆ سنورەكە... ئەوانیش بەڵێنیاندا هەوڵی جدیی بدەن بۆ چارەسەركردنی كێشەكان".
بەڵێنیاندا هەوڵی جدیی بدەن بۆ چارەسەركردنی كێشەكان
ئامادەكردنی ئەو راپۆرتەی سەرۆكایەتی كۆمار، دوای زنجیرەیەك روداوی ئەمنی، لەوانە تەقینەوە، هێرشی چەكداریی و كوشتن و رفاندن هات لە سنوری داقوق، كە دواترینیان روداوەكەی گوندی زهینلعابدین بوو لە شەوی 24ی ئاب، كە بەهۆی بۆردومانی هاوەن، تەقینەوەی بۆمب و دەستڕێژی گولـلە حەوت مەدەنی كوژران و نزیكەی 10ی تر برینداربون.
لە سەرەتای مانگی ئابی رابردوو، ژمارهیهك له كهسایهتی و سهرۆك هۆزهكانی داقوق، بۆ ئەو مەبەستە سەردانی بەغدایان كرد و لەگەڵ لای لێپرسراوانی باڵای عیراق كۆبونەوە لە نێویاندا بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆمار و یاسین یاسری، وهزیری ناوخۆ.
ئەوكات نهجات شێخ موكهرهم تاڵهبانی، كهسایهتی داقوق و ئهندامی شاندهكه به (كهركوك ناو)ی وت "سەرۆك كۆمار پشتیوانی بۆ داواكارییەكانمان دەربڕی كه پهیوهسته به خراپی رەوشی ئەمنی ناوچەكە بەگشتی و بەتایبەتی روداوهكانی بۆردومانی گوندهكانمان كه ئهوانهش زەنگیكی مەترسیدارن".
"سهرۆك كۆمار باسی لهوهكرد لهگهڵ لایهنه پهیوهندیدارهكان لهسهر خهت دهبێت بۆ چارهسهری كێشهكانی داقوق" بهوتهی نهجات تاڵهبانی.
لە 29ی تەمموزی ئەمساڵیش وەفدێكی هەرسێ سەرۆكایەتییەكە سەردانی قەزاكەیان كرد بۆ گوێگرتن لە داواو خەڵكی ناوچەكە، تیایدا سەرۆك هۆز و عەشیرەتەكان داوای پاراستنی ژیانیان كرد، بە پێچەوانەوە هەڕەشەی چۆڵكردنی ناوچەكەیان كرد.
ئەو سەردانەش دوابەدوای زنجیرەیەك هێرش و پەلاماری چەكداریی و ئاڵۆزی لە ناوچەكە هات كە بەهۆیەوە لە ماوەی هەفتەیەكدا 13 كەس كوژران لە نێویاندا ژن و منداڵ هەبون.