كه‌مپه‌كان داده‌خرێن
ئیداره‌ی نه‌ینه‌وا ده‌یه‌وێت كۆتایی به‌ ئاواره‌یی بهێنێت

نه‌ینه‌وا، 2019، كه‌مپی جدعه‌ى ئاواره‌كان له‌ باشوری موسڵ دوای داخستنی فۆتۆ: راگه‌یاندنی وه‌زاره‌تی كۆچ و كۆچبه‌ران

كه‌ركوك ناو – نه‌ینه‌وا

ئيداره‌ی خۆجێیی نه‌ینه‌وا، دوو كه‌مپی داخست و له‌ هه‌وڵیشدایه‌ به‌ یه‌كجاری كۆتایی به‌ ئاواره‌یی بهێنێت له سنوره‌كه‌یدا، له‌رێی ناردنه‌وه‌ی خه‌ڵك بۆ زێدی خۆیان و ناوچه‌ كۆنتڕۆڵكراوه‌كانی ژێر ده‌ستی داعش.

له‌ دوایین هه‌نگاودا، ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 15ی ئه‌یلول كه‌مپی جدعه‌ داخرا، ئه‌وه‌ش دوای چه‌ند رۆژێك دێت له‌ داخستنی كه‌مپی نه‌مرود، پاڵپشت به‌ بڕیاری ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عیراق.

مه‌نسور مه‌رعید، پارێزگاری نه‌ینه‌وا كه‌ خۆی سه‌رپه‌رشتی داخستنی كه‌مپی نه‌مرودی كرد، ده‌ڵێت دانیشتوانی ئه‌و كه‌مپه‌ -كه‌ تۆمه‌تبارن به‌ لایه‌نگرێتی و وه‌ك كه‌سوكاری داعش ناوده‌برێن- گواستراونه‌ته‌وه‌ بۆ كه‌مپی سه‌لامییه‌ی یه‌ك‌.

مه‌رعید به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "ئامانج له‌و رێكاره‌ كۆنتڕۆڵكردنی ئاواره‌ییه‌" ره‌تیشیكرده‌وه‌ له‌ پرۆسه‌كه‌دا مافه‌كانی مرۆییه‌كانی ئاواره‌كان پێشێلكرابێت.

كه‌مپی نه‌مرود، ده‌كه‌وێته‌ باشوری موسڵ و له‌ ته‌مموزی 2017دا بنیاتنرا.

پارێزگاری نه‌ینه‌وا باسی له‌وه‌كرد كه‌مپی سه‌لامییه‌ی دوویش هێشتا ئاواره‌ی تێدایه‌.

هه‌ردوو كه‌مپی سه‌لامییه‌ی یه‌ك و دوو، ده‌كه‌ونه‌ باشوری نه‌ینه‌وا له‌ به‌ری خۆرهه‌ڵاتی روباری دیجله‌، پێشتر له‌لایه‌ن نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانه‌وه‌ بۆ ئاواره‌كانی شه‌ڕی داعش بنیاتنران.

 نازحة تقطن في خيمة بمخيم السلامية
نه‌ینه‌وا، خێزانێكی ئاواره‌ی نیشته‌جێی كه‌مپی سه‌لامییه‌ له‌ باشوری موسڵ

ناردنه‌وه‌ی ئاواره‌كان و داخستنی كه‌مپه‌كان له‌ كاتێكدایه‌، زۆربه‌ی ناوچه‌ كۆنتڕۆڵكراوه‌كان به‌ تایبه‌ت له‌ نه‌ینه‌وا به‌هۆی شه‌ڕه‌وه‌ بونه‌ته‌ وێرانه‌، جگه‌ له‌ خاپوربونی سه‌دان خانوو، هێشتا زۆرینه‌ی خزمه‌تگوزارییه‌ سه‌ره‌تاییه‌كانیش نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌.

هاوڵاتییه‌كی 47 ساڵی ئاواره‌ی نه‌ینه‌وا، ناڕازی بوو له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ و داوایكرد ناوی بڵاونه‌كرێته‌وه‌، ده‌ڵێت له‌كاتێكدا له‌ كه‌مپی حه‌سه‌ن شام گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌، هیچ شوێنێكی مانه‌وه‌یان نییه‌ و خانووه‌كه‌ی له‌ به‌ری چه‌پی موسڵ به‌شێكی خاپور بووه‌.

"له‌گه‌ڵ خێزانه‌كه‌م كه‌ شه‌ش كه‌سین، له‌سه‌ر داروپه‌ردوی خانوه‌كه‌مان دانیشتوین، به‌بێ ئاو و كاره‌با، هیچ كار و سه‌رچاوه‌یه‌كیش بژێویشم نیه‌، ئیتر چی بكه‌م؟".

ئه‌و هاوڵاتییه‌ به‌ پێوستی زانی حكومه‌ت به‌ر له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كان، بیر له‌ ره‌خساندنی كه‌شێكی گونجاو بكاته‌وه‌، "ئه‌وه‌ی رووده‌دات ناچاركردن و گه‌ڕاندنه‌وه‌ی زۆره‌ملێیه‌".

وه‌زاره‌تی كۆچ و كۆچبه‌رانی عیراق، سه‌ره‌تای ئه‌م مانگه‌ ره‌تیكرده‌وه‌ هیچ خێزانێكی ئاواره‌ به‌ زۆره‌ملێ گه‌ڕێندرابێته‌وه‌، ئه‌وه‌ش له‌ وه‌ڵامی ئه‌و ره‌خنانه‌ی له‌سه‌ر پرۆسه‌كه‌ هه‌بوو.

به‌پێی نوێترین به‌یاننامه‌ی ئه‌و وه‌زاره‌ته‌، ئه‌مڕۆ 15ی ئه‌یلول، كه‌مپی جدعه‌ی شه‌ش له‌ نه‌ینه‌وا داخراوه‌ و خه‌ڵكه‌كه‌ی، گواستراونه‌ته‌وه‌ بۆ زێدی خۆیان له‌ پارێزگاكانی سه‌ڵاحه‌دین و ئه‌نبار.

awara.garanawa
نه‌ینه‌وا، 2019، گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كان له‌ كه‌مپه‌كانه‌وه‌ بۆ زێدی خۆیان به‌ هاوكاری حكومه‌ت و له‌رێی ته‌رخانكردنی پاسه‌وه‌ فۆتۆ: راگه‌یاندنی وه‌زاره‌تی كۆچ و كۆچبه‌ران

عه‌لی عه‌باس، به‌ڕێوه‌به‌ری فه‌رمانگه‌ی كاروباری لقه‌كانی وه‌زاره‌تی كۆچ و كۆچبه‌ران له‌ به‌یاننامه‌كه‌دا ده‌ڵێت هۆكاره‌كانی بنیاتنانی ئه‌و كه‌مپه‌ كۆتایی هاتووه‌ و خه‌ڵكه‌كه‌ی بۆ ناوچه‌كانی خۆیان گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌، "كه‌مپی حاج عه‌لی-ش له‌ رۆژانی داهاتوودا داده‌خرێت، دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كان، هه‌روه‌ها كه‌مپه‌كانی حه‌مام عه‌لیلی یه‌ك و دوو یه‌كده‌خرێن به‌هۆی كه‌مبونه‌وه‌ی ژماره‌ی دانیشتوانیانه‌وه‌".

له‌ پارێزگای نه‌ینه‌وا، 13 كه‌مپ بۆ ئاواره‌كانی شه‌ڕی داعش كراونه‌ته‌وه‌، كه‌ به‌شێكیان زیاتر له‌ پێنج ساڵه‌ خه‌ڵكی تێدا نیشته‌جێیه‌.

حسێن نه‌رمو، ئه‌ندامی په‌رله‌مانی عیراق له‌ پشكی نه‌ینه‌وا، ره‌تیكرده‌وه‌ هیچ خێزانێكی ئاواره‌ به‌ بێ شوێنی مانه‌وه‌ بێت دوای گه‌ڕانه‌وه‌یان له‌ كه‌مپ، ئه‌وه‌شی به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "ئاواره‌كان به‌ زۆره‌ملێ ناگه‌ڕێندرێنه‌وه‌، ناشكرێت بارودۆخه‌كه‌ به‌وشێوه‌یه‌ تا ماوه‌یه‌كی درێژتر بمێنێته‌وه‌، به‌ تایبه‌ت كه‌ ورده‌ورده‌ خزمه‌تگوزاری بۆ ناوچه‌ كۆنتڕۆڵكراوه‌كان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌".

به‌وته‌ی ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌، رێكاری گه‌ڕاندنه‌وه‌ی خێزانه‌كانی كه‌مپی جدعه‌ بۆ پارێزگاكانی سه‌ڵاحه‌دین و ئه‌نبار، به‌ هه‌ماهه‌نگی بووه‌ له‌گه‌ڵ ئیداره‌ی ئه‌و دوو پارێزگایه‌، به‌ ئامانجی جێبه‌جێكردنی بڕیاره‌كه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران.

ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران چه‌ند هه‌فته‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر بڕیاریدا به‌ هاوكاری و كارئاسانی بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی ته‌واوی ئاواره‌كان، له‌وكاته‌شه‌وه‌، سه‌دان خێزان گه‌ڕێندراونه‌ته‌وه‌ بۆ پارێزگاكانی خۆیان، به‌شێك له‌ كه‌مپه‌كانیش ده‌ست به‌ داخستنیان كراوه‌.

 في مخيم الجدعة جنوب الموصل
ژنێكی ئاواره‌ له‌ سێبه‌ری خێوه‌تێكی كه‌مپی جدعه‌ شیر به‌ منداڵه‌كه‌ی ده‌دات به‌ر له‌ داخستنی كه‌مپه‌كه‌

"پارێزگاری نه‌ینه‌وا به‌ڵێنیداوه‌ به‌ سه‌قامگیری و دابینكردنی خزمه‌تگوزارییه‌كان، بۆ ئه‌و خێزانانه‌ی ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ و ژیانێكی نوێ ده‌ستپێده‌كه‌نه‌وه‌"، حسێن نه‌رمو ده‌ڵێت پرۆسه‌كه‌ بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی ته‌واوی خێزانه‌ ئاواره‌كانه‌، به‌پێی پلانێكی ئه‌منی و ئیداری، ئه‌وه‌ به‌سه‌ر حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیشدا جێبه‌جێده‌كرێت.

له‌ پارێزگا و كه‌مپه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، زیاتر له‌ 700 هه‌زار ئاواره‌ هه‌یه‌، كه‌ زۆرینه‌یان خه‌ڵكی نه‌ینه‌وان، به‌پێی ئاماره‌كانی ناوه‌ندی هاوبه‌شی قه‌یرانه‌كان سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تی ناوخۆی هه‌رێم.

پێشتر و له‌ چه‌ند ناوچه‌یه‌ك، له‌ نێویاندا قه‌زای شه‌رگات سه‌ر به‌ پارێزگای سه‌ڵاحه‌دین و كه‌مپه‌كانی پارێزگای كه‌ركوك، گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كان ناڕه‌زایی لێكه‌وته‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ش ئیداره‌ی هه‌ردوو ناوچه‌كه‌ بڕیاریاندا لێكۆڵینه‌وه‌ بكه‌ن و ئه‌وانه‌ی تۆمه‌تبارن به‌ هاوكاری داعش جیابكرێنه‌وه‌.

له‌ سه‌روبه‌ندی ده‌ستپێكردنی پرۆسه‌ی گه‌رانه‌وه‌ی ئاواره‌كاندا، نێرده‌ی تایبه‌ت نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كانیش بۆ عیراق به‌یاننامه‌یه‌كی نیگه‌رانی بڵاوكرده‌وه‌، تێیدا هۆشداری داوه‌ له‌ روداوی نه‌خوازراو له‌و دۆسیه‌یه‌دا، به‌وپێیه‌ی به‌شێك له‌ ئاواره‌كان له‌ گه‌ڕانه‌وه‌دا بۆ زێدی خۆیان روبه‌ڕوی هه‌ڕه‌شه‌ بونه‌ته‌وه‌، به‌ تۆمه‌تی هاوكاری داعش.

له‌ ناوه‌ڕاستی ساڵی 2014وه‌ به‌هۆی هێرشه‌كانی داعش و دواتر شه‌ڕی ئه‌و رێكخراوه‌، نزیكه‌ی شه‌ش ملیۆن هاوڵاتی ئاواره‌ بوون كه‌ ده‌كاته‌ نزیكه‌ی سه‌دا 15ی ژماره‌ی دانیشتوانی وڵات، له‌و ژماره‌یه‌ش تائێستا زیاتر له‌ چوار ملیۆن كه‌س گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT