کەمتر لە ساڵێک و پێنج مانگ دوای هەڵبژاردنەی پەرلەمانییەکای 2018ی ووڵات، دەیان هەزار هاوڵاتی عیراقی ڕژانە سەر شەقامەکان بۆ داواکردنی گۆڕینی سیستمی سیاسی و شێوازی سازدانی هەڵبژاردنەکان، یەکێک لەو گروپانەی گەواهی نادادپەروەری دواین هەڵبژاردنی ووڵاتن، چۆنیەتی دەنگدانی سەدان هەزار ئاوارەی ناوخۆ بوو لەو ساڵەدا.
بێ ناسنامه‌یی، رێگریی ئه‌منی، نه‌بونی كارتی ده‌نگدان، دوری بنكه‌كانی كۆمسیۆن، فشار و ئیمتیازاتی حزبه سیاسییه‌كان به‌ربه‌ست بوون له به‌رده‌م به‌شداری ده‌یان هه‌زار هاوڵاتی ئاواره له دوایین پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردندا له عیراق.
به‌پێی به‌دواداچونی په‌یامنێرانی (كه‌ركوك ناو)، له هه‌ڵبژاردنه په‌رله‌مانییه‌كه‌ی 12ی ئایاری 2018دا، له‌كۆی ده‌وروبه‌ری 450 هه‌زار ده‌نگده‌ری ئاواره، زیاتر له نیوه به‌هۆی به‌ربه‌سته‌كانه‌وه نه‌یانتوانی ده‌نگبده‌ن، زۆرینه‌ی ئه‌وانه‌یشی به‌شداری پرۆسه‌كه‌یان كرد به پاساوی جیاواز ده‌نگه‌كانیان پوچه‌ڵكرایه‌وه.
ته‌نیا له كه‌مپه‌كه‌ی ئێمه‌دا هه‌زار و 100 كه‌س ناوی له كۆمسیۆن نه‌گه‌ڕایه‌وه بۆ ده‌نگدان
"چه‌نجارێك چومه كۆمسیۆن، به‌ڵام ناوم له تۆماره‌كه‌دا نه‌بوو، بۆیه بێبهشكرام له ده‌نگدان" شیرین قاسم (45 ساڵ) وای وت.
ئه‌و هاوڵاتییه كه له ئابی 2014وه زێدی خۆی له شنگال به جێهێشتووه، تا دوایین سات هه‌وڵیداوه ده‌نگدانی نه‌فه‌وتێت، به‌ڵام بێ‌سود بوو، له كاتێكدا پێشتریش ناوی بۆ وه‌رگرتنی كارتی ده‌نگدان تۆماركردووه.
به‌پێی ئه‌و ئامارانه‌ی له كۆمسیۆن و رێكخراوه‌كانی چاودێریی هه‌ڵبژاردنه‌وه ده‌ست (كه‌ركوك ناو) كه‌وتون، سه‌دان هه‌زار كه‌س له رۆژی ده‌نگداندا كێشه‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی ناوه‌كانیان هه‌بووه، له نێویاندا ئاواره‌كان، بێئه‌وه‌ی به وردی ژماره‌كه ئاشكرابكه‌ن.
شێرۆ سه‌مو، به‌ڕێوه‌به‌ری كه‌مپی مام ره‌شان له قه‌زای شێخان وتی "له كۆی چوار هه‌زار و 200 ده‌نگده‌ری لای ئێمه ته‌نیا ناوی هه‌زار و 100 كه‌س گه‌ڕایه‌وه بۆ ده‌نگدان، ئه‌وانیتر مافی به‌شدارییان فه‌وتا"، ئه‌و ده‌ڵێت جگه له نه‌بونی ناو، هاتوچۆ و دوری بنكه‌كانیش به‌ربه‌ستێكی تر بون.
كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان له عیراق، چه‌ند رێگه‌یه‌كی بۆ ده‌نگدانی ئاواره دانابوو، كه زۆرینه ده‌كه‌وتنه نه‌ینه‌وا، كه‌ركوك، سه‌ڵاحه‌دین، ئه‌نبار و دیاله.
رێگه‌كانی ده‌نگدان كارتی بایۆمه‌تری یان كارتی ماوه كورت، له‌گه‌ڵ ده‌نگدانی مه‌رجدار بوو، ئه‌ویش ده‌بوو له‌رێی ناسنامهیهكهوه هاوڵاتی ئاواره خۆی بناسێنێت.
بەشێك لە ئاوارەكان، لەماوەی حوكمڕانی رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش)دا بەڵگەنامە فەرمییەكانییان لە دەستداوە یان لەكاتی ئاوارەییدا ونیانكرد، بۆیه له هیچ یه‌كێك له رێگه‌كانی كۆمسیۆن بۆ ده‌نگدان سودمه‌ند نه‌بون.
"له‌كاتی رزگاربوون له‌ده‌ستی داعش و دوای گه‌یشتنمان به كه‌ركوك له تكریته‌وه، ته‌واوی به‌ڵگه‌نامه‌كانیان لێوه‌رگرتین، له كاتێكدا چوار كه‌سی خێزانه‌كه‌م مافی ده‌نگدانیان هه‌بوو، به‌ڵام بێ ناسنامه‌یی بێبهشیكردین" زوهێر محه‌مه‌د وای وت.
به پاساوی ده‌رهێنانی كارتی ده‌نگدان به‌ڵگه‌نامه‌كانیان بردین و دواتر چاومان پێینهكهوتهوه
زوهێر كه ساڵی 2015ەوە ئاواره بووه، ده‌ڵێت له نێو كه‌مپ و به‌ر له هه‌ڵبژاردن، چه‌ندین كاندید سهردانیانكردون، خۆراكیان پێداون و كۆبۆنی خۆراكی زۆرێك له ئاواره‌كانیان بردووه، به پاساوی كارئاسانی بۆ ده‌رهێنانی كارتی ده‌نگدان، به‌ڵام "نه كاندیده‌كانمان بینییه‌وه، نه كارتی ده‌نگدان"، ئه‌و ده‌ڵێت سه‌دان دهنگدهرئ ئەو كه‌مپه‌ی ئه‌و لێیدەژیت هەمان چارەنوس یاوەریان بوو.
تا سه‌ره‌تای 2019، لانیكه‌م 156 هه‌زار كه‌س به‌ڵگه‌نامه‌ی فه‌رمییان نه‌بووه، ئه‌وه‌ش به‌پێی ئامارێك كه ڕێکخراوی هیومان رایتس وۆچ له حوزه‌یرانی 2019دا بڵاویكردۆته‌وه.
ئاماری رێكخراوه‌كانی سه‌ر به نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كانیش هەمان راستی دوپاتدەکەنەوە؛ هه‌زاران خێزان له ئاواره‌ییدا به‌ڵگه‌نامه فه‌رمییه‌كانیان له‌ده‌ستداوه، به‌هۆیه‌وه له زۆر مامه‌ڵه‌ی یاسایی بێبه‌شبون، بۆیه له چه‌ندین كه‌مپ و ناوچه‌ی كۆنتڕۆڵكراو به‌شێكی تایبه‌ت بۆ دوباره پێدانه‌وه‌ی ناسنامه به ئاواره‌كان كراونه‌ته‌وه.
ته‌نیا له نێو ئاواره‌كانی چیای شنگالدا، نزیكه‌ی دوو هه‌زار خێزان به‌ڵگه‌نامه‌ی فهرمیییان له‌ده‌ستدابوو، ئه‌وه‌ش به‌پێی ئامارێكی كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كان له شنگال كه ساڵی 2018 به (كه‌ركوك ناو)ی دا.
ماهر مشۆ، بەرێوەبەری کەمپی بێرسیف 2 لە قه‌زای زاخۆ وتی، "له كهمپهكەماندا، له نزیكه‌ی پێنج هه‌زار ده‌نگده‌ر سه‌دا 70 كارتی بایۆمه‌ترییان نه‌بوو.. جگه له هه‌ڵه‌ی تۆماری ده‌نگده‌ران و نه‌گه‌ڕانه‌وه‌ی ناوه‌كان، به‌شێكی زۆریش له ئاواره به‌ڵگه‌نامه‌ی پێویستی وه‌ك پێناسی باری شارستانی، ره‌گه‌زنامه و پاسپۆرتیان نه‌بوو".
ئه‌و ده‌ڵێت "هه‌ڵبژاردنی رابردوو خراپترین پرۆسه بوو بۆ ئاواره، غه‌درێكی زۆر كرا و ئاماده‌كاری نه‌كرابوو، بۆیه مافی خه‌ڵكێكی زۆر به‌فیڕۆچوو".
له خانه‌قین یه‌ك بنكه‌ی ده‌نگدان بۆ ئاواره‌كان هه‌بوو بۆیه زۆرینه نه‌یانتوانی ده‌نگبده‌ن
به‌پێی ئاماره‌كانی كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردن له قه‌زا و پارێزگاكانه‌وه به (كه‌ركوك ناو) دراون، رێژه‌ی به‌شداری ئاواره له ده‌نگداندا نه‌گه‌یشتۆته سه‌دا 40.
حەسەن پیروەلی، لێپرسراوی راگەیاندنی كۆمسیۆنی هه‌لبژاردنه‌كان له دیاله وتی "له‌سه‌ر ئاستی پارێزگاكه، ته‌نیا له خانه‌قین بنكه‌یه‌ك بۆ ده‌نگدانی ئاواره كرابۆوه، ئه‌ویش رۆژێك به‌ر له‌ده‌نگدان، بۆیه ته‌واوی ئاوارەكانی خانەقین نەیانتوانی دەنگبدەن".
له‌كاتی هه‌ڵبژاردنی رابردوی په‌رله‌مانی عیراقدا، زیاتر له 20 هه‌زار خێزانی ئاواره له دیاله هه‌بون، كه به‌شێكی زۆریان مافی ده‌نگدانیان هه‌بوو.
عەلی غازی، بەرێوبەری فەرمانگەی كۆچ و كۆچبەرانی خانەقین وتی "رێگری و ئاستەنگی زۆر هه‌بوو، له‌وانه دانانی یه‌ك بنكه‌ی ده‌نگدان، كه ئه‌ویش بۆ چه‌ند كاتژمێرێك ئامێره‌كانیان كارینهكرد و دواتر هەر چاره‌سه‌رنه‌كرا، بۆیه زۆرینه‌ی ئاواره‌كان له ده‌نگدان بێبه‌شبون".
روانگه‌ی عیراقی بۆ مافه‌كانی مرۆڤ، له سه‌ره‌تای ئایاری 2018دا بڵاویكرده‌وه، زۆرینه‌ی ئه‌و 450 هه‌زار ئاواره‌یه‌ی مافی ده‌نگدانیان هه‌بوو له 131 كه‌مپدا، روبه‌ڕوی فشاری زۆری به‌شێك له كاندیده‌كان بوونه‌ته‌وه تا له هه‌ڵبژاردندا متمانه‌یان پێبده‌ن، جگه له‌وه‌ی هه‌زاران كارتی ده‌نگدانی ئاواره‌كان راگیران به‌هۆی ئه‌وه‌ی لایه‌نگری داعش بون یان له شه‌ڕه‌كاندا كوژرابون.
"چه‌ند كه‌سێك له ئیداره‌ی كه‌مپه‌كه به ئاشكرا فشاریان ده‌كرد تا ده‌نگ به كاندیدێكی دیاریكراو بده‌ین، به‌ڵام ئێمه قایل نه‌بوین و ناچار به‌شداری ده‌نگدانمان نه‌كرد" سه‌عید ئه‌لیاس وای وت.
سه‌عید ئاواره‌ی شنگاله و له دهۆك ده‌ژی، نیگه‌رانه له‌و فشاره‌ی له كاتی هه‌ڵبژاردنه‌كاندا هه‌یه، "پرۆسه‌كه واتا دیموكراسیه‌ت به‌ڵام بۆ ئێمه بوو به دیكتاتۆریه‌ت".
به‌پێی یاسای هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان، هه‌موو عیراقییه‌ك كه مه‌رجه‌كاتی تێدابێت مافی هه‌یه له هه‌ڵبژاردندا به‌شداریبكات و به شێوه‌یه‌كی نهێنی و راسته‌وخۆ ده‌نگبدات، دهنگدانهكهیشی به نوێنه‌رایه‌تی نابێت و رێگه‌نادرێت كه‌سێكی تر له جێی ئه‌و ده‌نگبدات.
له‌به‌ر سێ هۆكار نه‌مانتوانی ده‌نگبده‌ین كه یه‌كێكیان رێگریی ئه‌منی بوو
"له‌به‌ر سێ هۆكار ده‌نگمان نه‌دا؛ یه‌كه‌م دوری بنكه‌ی هه‌ڵبژاردن، دوه‌م رێگریی هێزه ئه‌منییه‌كان له ئازادی هاتوچۆ و سێیه‌میش ئه‌و ململانێ زه‌قه‌ی گه‌یشتبووه ئاستی شه‌ڕی ئەتنی و هۆز و عه‌شیره‌ت، بێئه‌وه‌ی كه‌س له غه‌می هه‌ژار و لێقه‌وماواندا بێت" حه‌مدییه حه‌مدانی وای وت، كه هه‌شت كه‌سی خێزانه‌كه‌ی به‌شداری هه‌ڵبژاردنیان نه‌كرد.
ئه‌و كه ئێستا گه‌ڕاوه‌ته‌وه بۆ گونده‌كه‌ی خۆی له قه‌زای دوبزی كه‌ركوك، وتی "ئه‌گه‌ر دهنگیشمبدایه ئه‌وا ئێستا زۆر خه‌فه‌تم ده‌خوارد كه ده‌نگم به‌و كه‌سانه داوه و به فیڕۆچووه".
(كه‌ركوك ناو) به‌ر له ده‌ستپێكردنی هه‌ڵمه‌تی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنه په‌رله‌مانییه‌كه‌ی عیراق، سه‌دان مامه‌ڵه‌ی كڕین و فرۆشتنی كارتی ده‌نگدانی هاوڵاتیان به تایبه‌ت ئاواره‌ی پشتڕاستکردۆتەوە، ئه‌وه‌ش له به‌رانبه‌ر بڕه پاره‌یه‌كی دیاریكراو كه ده‌گه‌یشته 100 دۆلار یان بڕێک خۆراك و پێداویستی تر.
عەمار سەباح، لێپرسراوی ئۆفیسی كەركوكی فەرمانگەی كۆچ و كۆچبەران له‌باره‌ی مامه‌ڵه‌ی كڕین و فرۆش به كارتی ده‌نگدانه‌وه له نێو ئاواره‌كاندا وتی "ئێمە لە عیراق دەژین و گوێبیستی هەمو هەواڵێك دەبین.. بەڵام بە فەرمی ئه‌و حاڵه‌ته تۆمارنه‌كراوه".
هه‌روه‌ها ده‌ڵێت سه‌رباری ئاسانكاری بۆ هاتوچۆی ئاواره و گه‌یشتن به بنكه‌ی ده‌نگدان به‌ڵام بە گشتی رێژەی دەنگدان كەم و پرۆسه‌كه‌ش سست بوو.
كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان، له ئایاری 2018دا، له راگه‌یه‌ندراوێكی هه‌ڕه‌شه‌ی سزادانی توندی ئه‌و كه‌سانه‌ی كرد مامه‌ڵه‌ی بازرگانی به كارتی ده‌نگده‌رانه‌وه ده‌كه‌ن.
ئه‌و ئه‌و ده‌نگۆیانه و به‌كارهێنانی زیاد له جۆرێك كارتی ده‌نگدان، (بایۆمه‌تری و ئه‌لیكترۆنی)، وایكرد له چه‌ندین بنكه‌ی ده‌نگداندا، به تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی بۆ ئاواره‌كان تهرخانكرابون، ژماره‌یه‌كی زۆر سندوق پوچهڵبكرێنهوه.
ته‌نیا له دهۆك نزیكه‌ی 240 بنكه‌ی ده‌نگدانی ئاواره پوچه‌ڵكرانه‌وه و ههژمارنهكران
حه‌مدی عه‌بدولباقی، رێكخه‌ری توڕی شهمس بۆ چاودێری هه‌ڵبژاردنه‌كان له دهۆك وتی "نزیكه‌ی 240 بنكه‌ی ده‌نگدانی ئاواره‌كان له دهۆك به‌ته‌واوی ههژمارنهكران"، پێشیوایه هه‌ژمارنه‌كردنی ده‌نگی ئاواره‌كان پێشێلكردنی مافه‌كانی مرۆڤه و ده‌بوو كۆمسیۆن ئاماده‌كاری باشتری بكردایە.
تۆڕی شهمس له زۆرینه‌ی ناوچه‌كانی عیراق راپۆرتی پێشێلكاریی له‌سه‌ر دوایین هه‌ڵبژاردن ئاماده‌كرد له نێویاندا كێشه‌ی نه‌گه‌ڕانه‌وه‌ی ناوی ده‌نگده‌ر، ده‌ستتێوه‌ردانی ئه‌منی، خراپی ئامێری ئه‌لیكترۆنی و چه‌ندین كێشه‌ی تر.
رێبوار هادی، سه‌رۆكی لیژنه‌ی یاسایی له په‌رله‌مانی عیراق وتی "سوتاندنی ده‌نگی ئاواره‌كان له‌به‌ر ئه‌وه‌بوو وتیان هه‌ندێكیان دووجار ده‌نگیانداوه، یان خه‌ڵكی تر له‌جێی ئه‌وان ده‌نگی داوه، به‌ڵام له یاسای نوێی هه‌ڵبژاردندا واكراوه ده‌نگدان ته‌نیا به كارتی بایۆمه‌تری بێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا گەرەنتی نه‌فه‌وتانی ده‌نگی ئاواره‌كان لای كۆمسیۆنه كه ده‌بێت به‌وردی به‌دواداچون بكه‌ن".
ئه‌و په‌رله‌مانتاره رونیكرده‌وه به‌پێی یاسای نوێی هه‌لبژاردنی په‌رله‌مان ئاواره‌كان ده‌توانن هه‌ر له شوێنی ئاواره‌ییدا بێگه‌ڕانه‌وه بۆ زێدی خۆیان ده‌نگبده‌ن.
له هه‌ڵبژاردنی رابردودا، به‌شێك له ئاواره‌كان نه‌یانتوانی بچنه بنكه‌كانی ده‌نگدان له ده‌ره‌وه‌ی كه‌مپ، ئه‌وەش به‌هۆی دوری یان رێگریی ئه‌منی، به‌وپێه‌ی هاتوچۆی ئاواره‌كان سنورداره و پێویستی به ره‌زامه‌ندی هێزه ئهمنییهكانە.
مەسعود داراخان، چاو‌دێر و شاره‌زا له كاروباری هه‌ڵبژاردن وتی "له هه‌ڵبژاردنی رابردودا بۆ نمونه ده‌بوو ئاواره‌ی جەلەولا یان سەعدییە له ناوه‌ندی خانه‌قینه‌وه بگەڕێنه‌وه بۆ ناوچه‌ی خۆیان بۆ ده‌نگدان، خه‌ڵكیش ده‌ترسان و نه‌چوون" وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ مه‌ترسی هێرشی چه‌كداریی كه تائێستاش ناوبه‌ناو له چه‌ندین ناوچه‌ی دیاله به‌رده‌وامه.
به‌پێی به‌دواداچونی (كه‌ركوك ناو)، به‌شێك له ئاواره‌كان له‌ژێر فشار و هه‌ڕه‌شه‌ی گروپه چه‌كدارەكانی سه‌ر به حكومه‌تی فیدراڵی عیراقی، نه‌یانتوانیووه یان رێگه‌ی به‌شداری له ده‌نگدانیان پێنه‌دراوه؛ به‌ڵام (كه‌ركوك ناو) نه‌یتوانی ئه‌و هه‌ڕه‌شه راسته‌وخۆیه پشتڕاستبكاتهوه.
هه‌ندێكجار به‌ربه‌سته ئه‌منییه‌كان خودی كۆمسیۆنیش ده‌گرنه‌وه، له تشرینی یه‌كه‌می 2019دا، رێگه به شاندێكی كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردن نه‌درا بچنه كه‌مپی ئاواره‌كانی كه‌ركوك، كه ده‌یانویست سیمینارێك ده‌رباره‌ی هه‌ڵبژاردنی داهاتوو رێكبخه‌ن.
فه‌رمان فاتیح، لێپرسراوی ئۆفیسی كه‌ركوكی تۆڕی شهمس ده‌ڵێت له رۆژی ده‌نگداندا، چه‌ندین روداوی ئه‌منی هه‌بووه، له نێویاندا بۆردومانی چه‌ند بنكه‌یه‌ك به كاتیۆشا، جگه له كێشه‌ی ئامێری ئه‌لیكترۆنی ده‌نگدان، كردنه ده‌ره‌وه‌ی چاو‌دێر له‌لایه‌ن گروپی چه‌كداریی و چه‌ندین گرفتی تر، "ئه‌وه‌ش وایكرد دەنگدان بەشێوەیەكی بەرچاونەبێت و هاوڵاتیان پەرۆشنهبن".
بەگوێرەی یاسای پێشووی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عیراق، حكومه‌تی فیدراڵ پابهندکرابوو بە جێبەجێكردنی هه‌شت خاڵ بۆ رێکخستنی پرۆسه‌كه، له‌نێویاندا گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ئاواره‌كان بۆ ناوچه‌كانی خۆیان، زامنكردنی به‌شداریكردنی هه‌موو هاوڵاتیان له هه‌ڵبژاردنه‌كاندا و دانانی سندوقی ده‌نگدان بۆ ئاواره‌كان له‌پارێزگا جیاجیاكاندا.
هیچ گره‌نتییه‌ك نییه له هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتوو ده‌نگی ئاواره‌كان جارێكی‌تر نه‌فه‌وتێت
بەهار مەحمود، ئەندامی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عیراق ده‌ڵێت هیچ كارێك نه‌كراوه بۆ گره‌نتی گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كان و جارێكی‌تر نه‌فه‌وتانی ده‌نگه‌كانیان، "ئه‌و یاسایه‌شی ئێستا هه‌یه خۆی له خۆیدا جێبه‌جێكردنی زۆر قورسه" له‌وه‌شدا مه‌به‌ستی فره‌بازنه‌ییه كه پێشتر له‌سه‌ر ئاستی پارێزگا هه‌ژماركراوه و ئێستا دابه‌زیووه بۆ ئاستی قه‌زا.
به‌پێی دوایین ئاماره‌كانی وه‌زاره‌تی كۆچ و كۆچبه‌رانی عیراق، هێشتا 86 كه‌مپی ئاوارەی ناوخۆ ماونه‌ته‌وه و دانه‌خران، سه‌رباری كۆتاییهاتنی داعش.
ته‌نیا له ماوه‌ی ساڵی رابردوودا، نزیكه‌ی نۆ هه‌زار هاوڵاتی دوباره ئاواره بونه‌ته‌وه بۆ كه‌مپه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، دوای ئه‌وه‌ی به‌هۆكاری جیاواز نه‌یانتوانیوه له زێدی خۆیاندا بمێننه‌وه.
له سنوری هه‌رێمی كوردستاندا، زیاتر له 700 هه‌زار ئاواره هه‌یه و هێشتا زۆرینه نه‌بونه‌ته خاوه‌نی كارتی بایۆمه‌تری، كه مه‌رجی سه‌ره‌كی بهشداریکردنە له ده‌نگدانی داهاتوودا، ئه‌وه‌ش بەگوێرەی ئاماره‌كانی ناوه‌ندی هاوبه‌شی هه‌ماهه‌نگی قه‌یرانه‌كان سه‌ر به حكومه‌تی هه‌رێم و كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان له عیراق.
دوای نزیكه‌ی دوو ساڵ به‌سه‌ر دوایین هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌ماندا، عیراق له به‌رده‌م گفتوگۆی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خت و هه‌روه‌ها ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانیشدایه، به‌ڵام هێشتا چەندین هه‌زاران ئاواره گرفتی رابردوویان هه‌یه.
*عه‌مار عه‌زیز له دهۆك، كاروان ساڵحی له كه‌ركوك، ئه‌میر خانه‌قینی له دیاله به‌شدارییان له ئاماده‌كردنی ئه‌م بنكۆڵكارییهدا كردووه