له‌ زه‌نقه‌ره‌وه‌ تا مێخاس؛ سۆراخی كاكه‌ییه‌ك به‌ دوای ئارامیدا

دیاله‌، ئایاری 2020، سوتاندنی ده‌غڵ و دانی هاوڵاتیانی كاكه‌یی له‌ گوندی مێخاسی خانه‌قین فۆتۆ: ئه‌میر خانه‌قینی

محه‌مه‌د ئه‌ڵماس

هه‌ڕه‌شه‌ و كرده‌وه‌ی توندوتیژی زۆر بۆ ناجی كاكه‌یی ده‌هێنن، به‌ ناچاری ماڵ و گوندێكی پڕ له‌ گه‌رموگوڕی خزمان به‌جێده‌هێڵێت بۆ ژیانی ساردوسڕی ئاواره‌یی؛ بەڵام له‌وێش ناحه‌سێته‌وه‌ و ئه‌وه‌ی لێی ده‌ترسا رویدا.

كاتژمێر 9:30 خوله‌كی شه‌وی 10ی ئایاری 2020، ژماره‌یه‌ك چه‌كدار هه‌ڵده‌كوتنه‌ سه‌ر زه‌وییه‌ كشتوكاڵییه‌كانی خانه‌واده‌كه‌ی ناجی، دوو هاوڵاتی ده‌كوژن و ئاگر له‌ سێ تراكتۆر و ته‌واوی ده‌غڵ و دانیان به‌رده‌ده‌ن.

ئه‌وه‌ش له ‌كاتێكدایه‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كان سه‌رقاڵن به‌ جێبه‌جێكردنی رێكاره‌كانی روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی كۆرۆنا و قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ له‌ شه‌واندا.

رووداوه‌كه‌ له‌ گوندی مێخاس بوو له‌ قه‌زای خانه‌قین (باكوری خۆرهه‌ڵاتی دیاله‌)، ئه‌و ناوچه‌یه‌ی ناجی كاكه‌یی و خێزانه‌كه‌ی سێ ساڵ له‌مه‌وبه‌ر تێیدا نیشته‌جێبون، دوای به‌جێهێشتنی گوندی زه‌نقه‌ری داقوق.

له‌ زه‌نقه‌ر ماڵ و حاڵی خۆمان به‌جێهێشت، له‌ مێخاس ماڵ و جه‌رگیشمان سوتا

"جوتیاره‌كان دوای دروێنه‌ سه‌رقاڵی نان خواردنی ئێواره‌ بون، له‌وكاته‌دا چه‌كداره‌كان ده‌ركه‌وتون و ده‌ستڕێژی گولـله‌یان كردووه‌، دوو جوتیار هەر له‌وێدا گیانیان له‌ده‌ستداوه‌" ناجی خورشید كاكه‌یی وای وت.

ئه‌و دوو جوتیاره بۆ به‌یانی دوای روداوه‌كه‌ ته‌رمه‌كانیان دۆزرایه‌وه، كه‌ درابونه‌ به‌ر ده‌ستدرێژی گولـله‌، ئه‌وانیش بورهان حاته‌م، زاوای ناجی كاكه‌یی و نه‌به‌رد ناسر-ی خوشكه‌زای بون.

ئه‌وان پێكه‌وه‌ ئه‌و زه‌وییه‌ كشتوكاڵییه‌یان ده‌چاند و ساڵانه‌ به‌رهه‌مه‌كانیان دروێنه‌ ده‌كرد.

naji kakiy
ناجی خورشید كاكه‌یی (68 ساڵ)

چه‌كداره‌كان كه‌ به‌وته‌ی خه‌ڵكی گونده‌كه‌ هی "رێکخراوی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی – داعش" بون، تا به‌ره‌به‌یان به‌ قه‌ناس و چه‌كی تر ته‌قه‌یانكردووه‌، بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵك به‌ فریای جوتیاره‌كانه‌وه‌ نه‌گات، ته‌نیا شۆفێری ده‌ڕاسه‌یه‌كیان ئازاد كردووه‌، به‌رله‌وه‌ی ئاگر له‌ دانه‌وێڵه‌كه‌ و تراكتۆره‌كان به‌ربده‌ن و هه‌ڵبێن.

كوڕێكی ناجی، له‌نێو ئه‌و كه‌سانه‌دایه‌ هه‌وڵیداوه‌ به‌ هانای خزمه‌كانیه‌وه‌ بڕوات، ته‌قه‌ی زۆری لێكراوه‌ و تراكتۆره‌كه‌ی به‌جێهێشتووه‌، خۆیشی به‌ زەحمه‌ت رزگاری بووه‌.

"ئێمه‌ له‌ زه‌نقه‌ر ماڵ و حاڵی خۆمان به‌جێهێشت و هاتینه‌ خانه‌قین تا پارێزراوبین، به‌ڵام لێره‌ ماڵ و جه‌رگیشمان سوتا،" ناجی كاكه‌یی وای وت، كاتێك له‌ پرسه‌ی قوربانییه‌كاندا قسه‌ی بۆ (كه‌ركوك ناو) كرد.

ناجی (68 ساڵ)، خێزانداره‌ و باوكی شه‌ش منداڵه‌؛ چوار كچ و دوو كوڕ، ئه‌و خه‌ڵكی ره‌سه‌نی گوندی زه‌نقه‌ری كاكه‌ییه‌ له‌ داقوق (44كم باشوری كه‌ركوك).

له‌ داقوقیش رۆژانێكی سه‌ختمان به‌ڕێكرد، خۆمان به‌ هاوكاری هێزه‌ ئه‌منییه‌كان پاسه‌وانی گونده‌كانمان بوین

"له ‌ساتی سه‌رهه‌ڵدانی داعشه‌وه‌، گونده‌ كاكه‌ییه‌كان به‌ تایبه‌ت زه‌نقه‌ر له‌به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌دا بووه‌ تا ئێستا، به‌وپێیه‌ی دوا گوندی كوردنیشنی باشوری خۆرئاوای داقوق بوو".

ناجی ده‌ڵێت بۆ ماوه‌یه‌كی زۆر به‌ هاوكاری پێشمه‌رگه‌ پارێزگارییان له‌ ناوچه‌كانیان كرد، كاتێك خۆشیان چه‌كیان هه‌ڵگرت و به‌ شه‌وان پاسه‌وانییان ده‌كرد، تا نه‌كه‌ونه‌ ده‌ستی گروپه‌ چه‌كدارییه‌كان.

"ده‌ترساين وه‌ك ئێزیدییه‌كان كه‌ داعش رفاندنی و كۆمه‌ڵكوژ كران، وامان لێبكرێت، بۆیه‌ هه‌موان پاسه‌وانیمان ده‌كرد، رۆژانێكی سه‌ختمان به‌ڕێكرد و له‌ دوای ئۆكتۆبه‌ری 2017وه‌، مه‌ترسییه‌كان زیاتر بون و هێرشه‌كان گه‌یشتنه‌ ناو گونده‌كانمان" به‌وته‌ی ناجی كاكه‌یی.

daquq (1)

كه‌ركوك،  2018، كه‌سوكاری ناجی كاكه‌یی له‌ گوندی زه‌نقه‌ری داقوق فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

 

له‌ ئۆكتۆبه‌ری ئه‌و ساڵه‌دا ناكۆكی توندی كه‌وته‌ نێوان هه‌ردوو حكومه‌تی فیدراڵی عیراق و هه‌رێمی كوردستانەوە به‌هۆی ریفراندۆمی كورده‌وه‌، به‌هۆیه‌وه‌ پێشمه‌رگه‌ له‌ داقوق و چه‌ندین ناوچه‌ پاشه‌كشێیان كرد، تا هێزه‌كانی حكومه‌تی فیدراڵی جێیان گرتنه‌وه‌.

ناجی كاكه‌یی باسی له‌وه‌كرد به‌هۆی نه‌بونی هێزی پێویست، نه‌توانراوه‌ پارێزگارییان لێبكرێت، كرده‌وه‌ی توندوتیژی و هێرشی چه‌كداری زیاتر بون، بۆیه‌ چه‌ندین خێزان به‌ ناچاری ئاواره‌ بون.

خانه‌واده‌كه‌ی ناجی كاكه‌یی، له‌ نێو خێزانه‌ ئاواره‌كاندا بون و له‌ گوندی مێخاسی خانه‌قین گیرسانه‌وه‌.

"ئه‌وە ناخۆشترین رۆژ بوو، هه‌موو برا و ئامۆزا له‌ یه‌كتری دابڕان، هه‌ریه‌كه‌ و رویكرده‌ ناوچه‌یه‌ك، ئه‌وه‌ش یه‌كه‌مجار بوو له‌نێو ئێمه‌دا روبدات" شڤان ئازاد، ئامۆزای ناجی بۆ (كه‌ركوك ناو) وای وت.

شڤان ده‌ڵێت ئاواره‌یی رۆژانێكی زۆر سه‌خت بون بۆ ئامۆزاكه‌ی، سه‌ره‌تایه‌كی پڕ له‌ ده‌ربه‌ده‌ری و نه‌هامه‌تی بوو، تا به‌ هاوكاری خه‌ڵكی مێخاس خانوی پێدرا و توانی بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ كاری كشتوكاڵی.

دەربەدەری و خەفەت بەرۆكی ئێمە بەرنادات

له‌ به‌ختی ناجی كاكه‌یی و خانه‌واده‌کەی، سێ ساڵی رابردوو چه‌ندین ناوچه‌ی قه‌زای خانه‌قین، به‌ تایبه‌ت زێدی كاكه‌ییه‌كان پڕ له‌ روداو و هێرشی چه‌كداری بون، به‌و هۆیه‌شەوە‌ زیاتر له‌ 12 گوند چۆڵكراون.

له‌ ئاواره‌ییدا، ناجی نه‌شته‌رگه‌ری دڵی بۆ كرا و كوڕه‌ گه‌وره‌كه‌یشی به‌ جه‌ڵته‌ی دڵ گیانیله‌ده‌ستدا.

"دەربەدەری، نەداری و خەفەت بەرۆكی ئێمەی كاكه‌یی هه‌ر بەرنەدا" ناجی كاكه‌یی واده‌ڵێت.

له‌ دوو مانگی رابردوی ده‌ركه‌وتنی ڤایرۆسی كۆرۆنا و قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆدا، لانیکەم 15 کردەوەی توندوتیژی ده‌رهه‌ق به‌ دانیشتوانی كاكه‌یی تۆماركراون له‌ ناوچه‌كانی دیاله‌، كه‌ركوك و نه‌ینه‌وا، بێ ئه‌وه‌ی هیچ لایه‌نێكی ئه‌منی رونكردنه‌وه‌ و دڵنیایی به‌ خه‌ڵك بدات.

ئه‌دهه‌م حاته‌م، برای یه‌كێك له‌ قوربانییه‌كانی گوندی مێخاس له‌رێی (كه‌ركوك ناو)ەوه‌ داوای له‌ هه‌ردوو حكومه‌تی عیراق و هه‌رێمی كوردستان هه‌بوو، پێشمه‌رگه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ خانه‌قین و هێزی زیاتری ئه‌منیش ره‌وانه‌ بكرێت له‌ پێناو سه‌قامگیری ناوچه‌كانیاندا.

كاکەییەکان، ئایینی تایبه‌ت خۆیان هه‌یه‌ و لە کەرکوک، هەڵەبجە، نه‌ینه‌وا، هه‌ولێر، خانەقین و چه‌ند شوێنێكی تری دیاله‌ نیشتەجێن، بەگوێرەی ئامارە نافەرمییەکان ژمارەیان بە 100 هەزار کەس مه‌زنده‌ده‌كرێت.

ئه‌وان له‌ ناوه‌ڕاستی 2014ەوە تا كۆتایی 2017 روبه‌ڕوی پێشێلكاریی و راوه‌دونان بونه‌تەوه‌ له‌لایه‌ن داعشەوە. هێشتا ژمارەیەک له‌ خێزانه‌كانیان بە ناچاری له‌ ئاواره‌ییدا ده‌ژین، بەرادەیەک لە کۆی زیاتر لە ٧٨٧ هەزار ئاوارەی ناوخۆ، لە سەدا دەیان لە پێکهاتەکانی وەک کاکەیی، تورکمان، شەبەک و ئەرمەنن.

ناجی كاكه‌یی، ئێستا بژارده‌یه‌كی ئەوتۆی وه‌ك سێ ساڵ له‌مه‌وبه‌ر لەبەردەمدا نییە؛ نە دەتوانێت بگەڕێتەوە گوندەکەی، نە ئۆقرەیی لە ئاواره‌ییدا دەدۆزێتەوە.

ئیتر زه‌نقه‌ر و مێخاس بۆ ئه‌و جیاوازییه‌كی ئه‌وتۆیان نییە، ناجی وتی "له‌ هه‌ر جێگایه‌ك بین ئێمه‌ی كاكه‌یی ئامانجه‌كه‌ین".

 

ئه‌میر خانه‌قنی، به‌شداری له‌ ئاماده‌كردنی ئه‌م راپۆرته‌دا كردووه‌

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT