مه‌ترسی بڵاوبونه‌وه‌ی كۆرۆنا؛ خێزانه‌كه‌ی سه‌عد عه‌باس بۆ یاده‌وه‌رییه تاڵه‌كانی چه‌ند ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر ده‌گه‌ڕێنێته‌وه، جارێكی‌تر به ناچاری پشتدهكهنهوه زێدی باوباپیران و به‌رهه‌مه كشتوكاڵییهكانیشیان به‌جێده‌هێڵن.
سه‌عد و براكانی، دوای چەندین ساڵ ئاواره‌یی و گوند چۆڵکردن؛ جارێکی تر زه‌وییه‌كانیان به دانه‌وێڵه و به‌رهه‌می هاوینه چاندەوە، تا بتوانن لانیکەم به رۆژی روناك چه‌ند كاتژمێرێك خزمه‌تی بكه‌ن.
"به‌هۆی كۆرۆنا و قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆوه، ئه‌وه‌شمان نه‌ما به‌رۆژ بچینه‌وه گونده‌كه، بۆیه زوربەی به‌رهه‌مه‌كانمان وشكبون" سه‌عد سه‌ید عه‌باس (37 ساڵ) وای وت.
"كۆرۆنا بۆ ئێمه یه‌كسان بوو به مه‌ترسییه‌كانی داعش، دوباره غەمباریکردینەوە".
كۆرۆنا بۆ ئێمه یه‌كسان بوو به مه‌ترسییه‌كانی داعش
زێدی ئه‌و خێزانه؛ گوندی سه‌ید وه‌ڵه‌دی كاكه‌ییه له باشوری قه‌زای داقوق (44كم باشوری كه‌ركوك). ئه‌و گونده پشكی شێری له هێرشه‌كانی ساڵی 2014ی داعش به‌ركه‌وتووە، دواتر ناوچه‌یه‌كی گه‌رمی شه‌ڕ و كرده‌وه‌ی چه‌كداری بوو، بۆیه خه‌ڵكه‌كه‌ی به‌جێیانهێشت.
"ئه‌وكات خۆمان پارێزگاریمان له خۆمان كرد، تا هه‌ندێك هێز گه‌یشتن و كه‌مێك سنوره‌كه ئارامبۆوه" به‌وته‌ی سه‌عد، كه ئه‌نجومه‌نی گونده‌كه‌یه.
له ناوه‌ڕاستی 2014 به‌دواوه، هێزی پێشمه‌رگه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له ناوچه كاكه‌ییه‌كانی داقوق جێگیربون، تا له ئۆكۆتبه‌ری 2017دا هێزه‌كانی حكومه‌تی فیدراڵی گه‌ڕانه‌وه و هێزی هه‌رێم پاشەکشێیان کرد، به‌هۆی ناكۆكی هه‌ردوو حكومه‌ت دوای ریفراندۆمی هه‌رێمی كوردستان.
سه‌عد سه‌ید عه‌باس وتی "دوای نه‌مانی پێشمه‌رگه و دروستبونی بۆشایی ئه‌منی، داعش هێرشیكرد، نزیكه‌ی 30 خولهك روبه‌ڕویان بوینه‌وه و له‌و شه‌ڕه‌دا جه‌نگیز-ی برام كه خوێندكاری كۆلێژی ڤێتێرنه‌ری بوو شه‌هید بوو، جگه له برینداربونی برایه‌كی دیكه‌م".
روداوه ئه‌منییه‌كان و كرده‌وه‌ی چه‌كداری له‌و گونده زیاد ده‌كات؛ ئه‌وه‌ش ده‌بێته بە ناچاری خه‌ڵكه‌كه‌ی ئاواره‌بن. بۆیە خێزانه‌كه‌ی سه‌عد له گوندی وه‌ڵه‌دی كاكه‌ییه‌وه گواستیانه‌وه بۆ ناوشاری كه‌ركوك.
"بەخوێنی برا و کەسوكار، شەرف و ناموسی خۆمان پاراست، بێئەوەی كه‌س به هانامانه‌وه بێت، دوای چه‌ند روداوێكی تر، هه‌ستمانكرد مه‌ترسییه‌كان له زیادبوندان و ده‌بێت بڕۆین" سه‌عد وای وت.
لە قەزای داقوق لەكۆی 15 گوندی كاكەیی، پێنجیان بە تەواوی چۆڵبون و سێی تریان بەرەو چۆڵبون دەچن، به‌پێی به‌دواداچونه‌كانی (كه‌ركوك ناو).
له ماڵه‌وه به‌ند بوین و ئیشوكارمان بۆته غه‌م و ئازار
خه‌ڵكی گوندی وه‌ڵه‌دی كاكه‌یی، دوای به‌جێهێشتنی ماڵه‌كانیان له ترسی هێرشی شه‌وانی داعش، به رۆژ گه‌ڕانه‌وه تا خزمه‌تی زه‌وییه‌كانیان بكه‌ن، كه كشتوكاڵ و ئاژه‌ڵداری ته‌نیا سه‌رچاوه‌ی بژێوییانه.
"لە ھەموی ناخۆشتر كۆرۆنا و قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆیه، له ماڵه‌وه به‌ند بوین و ئیشوكارمان بۆته غه‌م و ئازار، به به‌رچاومانه‌وه به‌رهه‌می هاوینه‌مان وشك بون و نه‌مانتوانی بگه‌ڕێینه‌وه گوند و خزمه‌تی بكه‌ین" سه‌ف وای وت.
سه‌فا عه‌باس (28 ساڵ)، برینداری یه‌كێك له هێرشه‌كانی داعشه بۆ سەر گوندی وه‌ڵه‌دی كاكه‌یی، له‌وكاته‌وه هه‌وڵیداوه به كشتوكاڵه‌وه سه‌رقاڵ بێت و كه‌مێك بیره‌وه‌رییه‌كانی رابردوو له بیر بكات، تا كۆرۆنا جارێكی‌تر له کار و ماڵەکەیانی دابڕینەوە.
"ژیانێكی دژوارمان برده‌سه‌ر، برایه‌كم له‌باوه‌شمدا گیانی سپارد، ئاواره‌بوین و رۆژانێكی سه‌ختمان بەڕێکرد، كشتوكاڵ ته‌نیا بژێویمانه و كۆرۆنا رێنادات له‌وه‌شدا به‌رده‌وامبین" سه‌فا ده‌رباره‌ی كاریگه‌رییه‌كانی كۆرۆنا واده‌ڵێت.
رێكاره‌كانی قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ و خۆپارێزی له كۆرۆنا، زیانی زۆری به كاكه‌ییه‌كانی داقوق گه‌یاندووە، له زیادبونی روداوی ئه‌منی به‌هۆی سه‌رقاڵی هێزه ئه‌منییه‌كانه‌وه تا په‌ككه‌وتنی بازاڕ و كشتوكاڵکردن.
پارێزگای كەركوك زەوییەكی بە پیتی کشتوكاڵی هەیە، ملیۆنێك دۆنم كراوه به به‌رهه‌می هاوینه، به‌پێی ئامارێكی فه‌رمانگه‌ی كشتوكاڵ بۆ (كه‌ركوك ناو).
ده‌شتی وه‌ڵه‌د (34 ساڵ)، كاتێك ئاواره بوو له گوندی وه‌ڵه‌دی كاكه‌یی ئاژه‌ڵداری ده‌كرد، "هه‌ر وا چاوه‌ڕێم رۆژێك بێت و بگه‌ڕێمه‌وه بۆ گونده‌كه‌مان چونكه هه‌رچی یاده‌وه‌ری منداڵیم هه‌یه له‌وێیه".
ئه‌و دوای ئاواره‌ییش هه‌ر ئاژه‌ڵی مابوو، به‌ڵام له كۆرۆنادا هاتوچۆ زه‌حمه‌ت بوو، بۆیه به‌شێكیان هه‌رزانفرۆش كرد، "كۆرۆنا زیانی زۆری له خێزانی ئێمه دا" ده‌شتی وای وت.
هه‌ر وا چاوه‌ڕێم رۆژێك بێت و بگه‌ڕێمه‌وه بۆ گونده‌كه‌مان
له ئاداری رابردووه‌وه، هه‌ردوو حكومه‌تی عیراق و هه‌رێمی كوردستان هاتوچۆیان له نێوان پارێزگاكاندا راگرتووە و تا ئێستاش به‌رده‌وامە، به ئامانجی رێگری له ته‌شه‌نه‌سه‌ندنی كۆرۆنا.
سه‌عد و براكانی؛ نایانه‌وێت چاره‌نوسی كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌ی بژێوییان به ده‌ردی ماڵ و حاڵیان بڕوات، لانیكه‌م گره‌نتی پاراستنی ژیان و نه‌بونی رێگریی به‌سه تا رۆژانه چه‌ند كاتژمێرێك له شاره‌وه بچنه گوندی وه‌ڵه‌دی كاكه‌یی و سه‌رێك له زه‌وییه‌كانیان بده‌ن.