ژوره هاوبه‌شه‌كانی هه‌ردوو حكومه‌تی عیراقی و هه‌رێمی كوردستان له بواری سه‌ربازیدا، نه واده‌ی پێكهێنانیان دیاره نه شوێنه‌كانیشیان یه‌كلاكراونه‌ته‌وه، كه بڕیاره ته‌نیا بۆ پڕكردنه‌وه‌ی بۆشایی ئه‌منی بن نه‌ك گه‌ڕانه‌وه‌ی پێشمه‌رگه بۆ كه‌ركوك و ناوچه‌كانی تری جێناكۆك.
هه‌ردوو شاندنی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم و به‌رگری عیراق، چاوه‌ڕێی دانانی واده‌یه‌ك ده‌كه‌ن بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی دانوستانه‌كانی قۆناغی كۆتایی، به ئامانجی پێكهێنانی شه‌ش ژوری ئۆپه‌راسیۆنی هاوبه‌ش.
ئه‌و شه‌ش ژوره هاوبه‌شه بڕیاره دوانیان له به‌غدا و هه‌ولێر بن، ئه‌وانیتر له كه‌ركوك، مه‌خمور، دیاله و موسڵ دابنرێن.
لیوا قارەمان كەمال، جێگری سوپاسالاری پێشمەرگە به (كه‌ركوك ناو)ی وت "نوێنه‌رانی هه‌ردوو وه‌زاره‌ت به مه‌یدانی سه‌رقاڵی دیاریكردنی سنور و ئه‌و ناوچانه‌ن كه جێی گرنگیپێدانی هه‌ردوو حكومه‌تن تا دواتر كاریان له‌سه‌ر بكرێت له پرۆسه‌ی پێكهێنانی ژوره هاوبه‌شه‌كاندا".
وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه چاوه‌ڕێی به‌غدا ده‌كه‌ن تا كاتی دیداری داهاتوو دیاریبكه‌ن.
بۆچونی جیاواز هه‌یه له‌سه‌ر شوێنی باره‌گای ژوره هاوبه‌شه‌كان
"هەندێكجار بانگەشەی ئەوە دەكرێت پێشمەرگە دەگەڕێتەوە كەركوك، ئەمە ڕاست نییە، ئەوەی هەیە گفتوگۆكردنە لەسەر پێكهێنانی ژوری هاوبەشی سەربازی كە ئه‌ركیان گۆڕینەوەی زانیاری و كاری هاوبەش دەبێت" به‌وته‌ی لیوا قاره‌مان.
هه‌روه‌ها ده‌ڵێت چاوه‌ڕوانده‌كرێت له كۆبونه‌وه‌ی داهاتوودا بڕیار له شێواز و كاری پێكەوەیی ژوره هاوبه‌شه‌كان بدرێت.
گفتوگۆی پێكهێنانی ژوری هاوبه‌ش له نێوان هه‌ردوو وه‌زاره‌تدا، دوابه‌دوای زنجیره‌یه‌ك دانوستان هات به‌هۆی هه‌ڵكشانی ئاڵۆزی و كرده‌وه چه‌كدارییه‌كان له كه‌ركوك و ناوچه‌كانی تری جێناكۆكی نه‌ینه‌وا، دیاله و سه‌ڵاحه‌دین.
لیوا ته‌حسین خه‌فاجی، وته‌بێژی ئۆپه‌راسیۆنه هاوبه‌شه‌كانی عیراق 19ی ئاب به میدیای نیمچه‌فه‌رمی عیراقییه‌ی راگه‌یاند "هێزه‌كانی پێشمه‌رگه بۆ كه‌ركوك ناگه‌ڕێنه‌وه"، رونیشیكرده‌وه كه دۆسیه‌ی ئه‌منی پارێزگاكه له‌ژێر ده‌ستی فه‌رمانده‌یی ژوری ئۆپه‌راسیۆنه هاوبهشهكاندایه.
خه‌فاجی ده‌ڵێت هه‌ماهه‌نگی له‌نێوان هێزه‌كانی فیدراڵی و پێشمه‌رگه‌دا هه‌ن ده‌رباره‌ی كه‌ركوك و كاری هاوبه‌ش بۆ روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی تیرۆر و ته‌حه‌دییه ئه‌منییه‌كان.
بەپێی دەستوری عیراق، هێزی ئەمنی هەردوو حکومەتی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان دەتوانن بە هاوبەشی ناوچەکانی جێناکۆک بەڕێوەببەن.
جێگری سوپاسالاری پێشمه‌رگه وتی "هه‌ندێك شوێن وه‌ك باره‌گای ژوره هاوبه‌شه‌كان دیاریكراون بۆ نمونه له كه‌ركوك و مه‌خمور، بەڵام هێشتا بۆچونی جیاواز هەیە لەسەر ئەوەی هەندێك لەو بارەگایانە لەشوێنی دیكەبن".
"ئه‌گه‌ر له كۆبونه‌وه‌ی داهاتوو شوێنی باره‌گا هاوبه‌شه‌كان جێگیربكه‌ین و رێككه‌وتنه‌كان واژۆ بكرێن ئه‌وا پێموایه ده‌توانین له‌مساڵدا ژوری ئۆپه‌راسیۆنی هاوبه‌ش پێكبهێنین" لیوا قاره‌مان وای وت.
ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه نوسراوێكی فه‌رمانده‌یی ژوری ئۆپه‌راسیۆنه هاوبه‌شه‌كانی عیراق بڵاوكراوه‌ته‌وه، كه له 8ی ئاب ده‌رچووه و تێیدا ئاماژه به ره‌زامه‌ندی مسته‌فا كازمی، سه‌رۆك وه‌زیران و فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه چه‌كداره‌كان دراوه له ته‌مموزی ئه‌مساڵ بۆ كردنه‌وه‌ی چوار ژوری ئۆپه‌راسیۆنی هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان.
به‌پێی ئه‌و نوسراوه -كه‌ركوك ناو نه‌یتوانی له راستی نوسراوه‌كه دڵنیابێته‌وه- ژوره هاوبه‌شه‌كان له ناوچه‌ی چیمه‌نی كه‌ركوك، خانه‌قین، مه‌خمور و خۆرئاوای نه‌ینه‌وا ده‌بن.
ئاگادارین خەڵكی ئەو ناوچانە ژیانیان لەمەترسیدایە
شۆڕش ئیسماعیل، وه‌زیری پێشمه‌رگه ده‌ڵێت "به‌رده‌وام له هه‌وڵداین له‌گه‌ڵ سوپای عیراقی تا پێكه‌وه خاڵی هاوبه‌ش دابنێن، به‌ئامانجی پڕكردنه‌وه‌ی بۆشایی ئه‌منی له‌و ناوچانه، كه بۆته مه‌یدانی چالاكی و كار و كرده‌وه‌ی تیرۆریستانی داعش".
ئه‌و وتانه‌ی وه‌زیر له كۆبونه‌وه‌یه‌كی په‌رله‌مانی كوردستاندا هات، له 27ی تهمموز، ده‌رباره‌ی بارودۆخی ناوچه‌كانی جێناكۆك.
وه‌زیری پێشمه‌رگه جه‌ختیشیكرده‌وه دانوستانه‌كانیان له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی به‌رگری "به ئاڕاسته‌یه‌كی باش چونه‌ته پێش و له‌هه‌وڵداین هه‌رچی زووه بگه‌ینه رێككه‌وتن".
لەئێستادا دۆخی ئەمنی هەندێک ناوچەی جێناکۆک باش نییە و چەکدارانی نەناسراو ناوبەناو هێرشدەکەنە سەر هێزە ئەمنییەکان، مەدەنیی و گوندنشینان و دەیانکەنە ئامانج.
"حكومەتی عێراقی ئەمجارە جددییە لەكاری پێكەوەیی، بەڵام هێشتا ناتوانین بەتەواوەتی دڵنیابین لەنیازی ئەوان، ئێمەش موهتەمین بەناوچە كوردستانییە دابڕێنراوەكان و پێشتر لەوێ بوین، ئاگادارین خەڵكی ئەو ناوچانە ژیانیان لەمەترسیدایە" به‌وته‌ی جێگری سوپاسالاری پێشمه‌رگه.
لیوا قاره‌كان كه‌مال نمونه‌ی رێككه‌وتنێكی هه‌ردولا ده‌هێنێته‌وه له كفری بۆ پڕكردنه‌وه‌ی بۆشایی ئه‌منی به‌درێژایی 27 كیلۆمه‌تر، كه پێشتر ئه‌و ناوچه‌یه پڕ جموجۆڵی داعش بوه، "دوای چه‌ندجارێك ره‌تكردنه‌وه‌ی یه‌كتری، دواجار له‌وێ رێككه‌وتین، بۆیه ده‌توانین بۆ ناوچه‌كانی دیكه‌ش رێكبكه‌وین".
ئه‌و رێككه‌وتنه‌ی پێشمه‌رگه و سوپا، له ناوه‌ڕاستی ته‌مموزدا بوو، بۆ دروستكردنی 10 سه‌نگه‌ر له‌و ناوچانەی گروپە چەكدارییەكان لە نێوان هەردوو قەزای كفری و دوزخورماتوودا جموجۆڵیان تیایدا هەیە.
هێزه‌كانی پێشمه‌رگه له‌دوای ساڵی 2014 و هێرشه‌كانی داعشه‌وه له زۆربه‌ی ناوچه‌كانی جێناكۆك جێگیربون، تا كشانه‌وه‌یان له روداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017دا، كاتێك هێزه‌كانی حكومه‌تی فیدراڵی گه‌ڕانه‌وه، له ئه‌نجامی ناكۆكییه‌كانی به‌غدا و هه‌ولێر به‌هۆی ریفراندۆمه‌وه.
"پێشمەرگە شارەزایی زیاتری هەیە لەجوگرافیای ئەو ناوچانە،... هێزە عیراقییەكان ناتوانن بە ته‌نیا ئەمنیەتی ئەو ناوچانە بپارێزن"، لیوا قاره‌كان ده‌ڵێت گفتوگۆكانیان به چاودێری هێزه‌كانی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تییه و بڕیاری تاكلایهنهش قبوڵناكه‌ن.
حزب و لایه‌نه توركمانی و عه‌ره‌به‌كانی كه‌ركوك، به پهرلهمانتارانیشیانهوه، له ته‌مموزی ئه‌مساڵدا به چه‌ندین به‌یاننامه دژایه‌تی بڕیاری پێكهێنانی ژوری ئۆپه‌راسیۆنی هاوبه‌شی نێوان سوپا و پێشمه‌رگه‌یان راگه‌یاند، رهتیشیانكردهوه به گه‌ڕانه‌وه‌ی هێزه‌كانی سه‌ر به حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ پارێزگاكه قایل بن.
به‌وته‌ی سوپاسالاری پێشمه‌رگه وتی "ئه‌و ناڕه‌زایه‌تییانه به جۆرێك له جۆره‌كان كاریگه‌ری له‌سه‌ر حكومه‌تی فیدراڵی دروستده‌كات، چونكه ئه‌وان فشار ده‌كه‌ن تا له‌گه‌ڵ پێشمه‌رگه رێكنه‌كه‌ون و هه‌ردولا هه‌ماهه‌نگییان نه‌بێت".