حەشدی شەعبی داوای لە پێشمەرگە كردووە
چەند خاڵێكی سەربازیی لە باكوری خانەقین چۆڵبكات

خانەقین/ 8ی ئەیلولی 2020/ ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی هێزەكانی حەشدی شەعبی و سوپا فۆتۆ: راگەیاندنی حەشد

ئەمیر خانەقینی

هێزێكی حەشدی شەعبی چونەتە سەر خاڵێكی سەربازی هێزەكانی پێشمەرگە و داوایانكردووە خاڵە سەربازییەكانیان لە باكوری خانەقین چۆڵبكەن، بەڵام پێشمەرگە داواكارییەكەی رەتكردۆتەوە و داوای گفتوگۆی كردووە.

ئەو داواكارییە لە هێزەكانی پێشمەرگە دووشەممە 7ی ئەیلول، دوابەدوای كوژرانی ئەفسەرێكی هەواڵگری حەشدی شەعبی هات لە هێڵی تەماسی نێوان پێشمەرگە و حەشد لە باكوری خانەقین.

سەرچاوەیەكی باڵا لە هێزەكانی پێشمەرگە بۆ (كەركوك ناو)، جەختیكردەوە لەوەی "هێزێكی سەر بە رێكخراوی بەدر، بە 20 ئۆتۆمبێلی سەربازییەوە لە سەنگەرەكانی پێشمەرگە نزیكبونەوە و داوایانكرد سەنگەرەكانمان لەو ناوچەیە چۆڵبكەین، بەڵام ئێمە رەتمانكردەوە و داوامانلێكردن سەردانی بارەگای لیوای ٣ی پێشمەرگە بکەن بەمەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر ئەو بابەتە، نەک ھێنانی ھێز بۆ سەر سەنگەرەکانی پێشمەرگە".

هێزێكی سەر بە رێكخراوی بەدر، بە 20 ئۆتۆمبێلی سەربازییەوە لە سەنگەرەكانی پێشمەرگە نزیكبونەوە و داوایانكرد سەنگەرەكانمان لەو ناوچەیە چۆڵبكەین،

جەختیشیكردەوە لەوەی دوای نزیكەی دوو كاتژمێر لە پەیوەندی و گفتوگۆ هێزەكانی حەشدی شەعبی پاشەكشێیان كردووە.

ئەو داواكارییە دوای ئەوە هات، كە شەوی شەممە 5ی ئەیلول، لەو ناوچەیەی سەنگەرەكانی پێشمەرگەی لێوە نزیكە لە باكوری خانەقین، هێرشكرایە سەر خاڵێکی سەربازی حەشدی شەعبی و ئەفسەرێكی ھەواڵگیرییان كوژرا.

xanaqi-1-1
دیاله‌، ئایاری 2020، هێزێكی ئه‌منی له‌كاتی لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ هێرشه‌كانی سه‌ر گوندێكی قه‌زای خانه‌قین فۆتۆ: ئه‌میر خانه‌قینی

لە ناوچەکانی باکوری خانەقین ژمارەیەک خاڵی سەربازی پێشمەرگە و حەشد بونی هەیە و لە هەندێك ناوچە تەنیا شەقامێك لە نێوانیاندا هەیە.

هاوكات ئەمڕۆ سێشەممە 8ی ئەیلول، ئۆپەراسیۆنێكی حەشد و سوپای عیراق بۆ كەمكردنەوەی مەترسییەكانی "داعش" لە ناوچەكە بەڕێوەچوو، كە بەپێی ئامارێک لە سەرەتای مانگی ئابەوە هەشت كەس لە مەدەنیی و هێزە ئەمنییەكان كوژراون كە دوانیان فەرماندەی سەربازیی حەشدی شەعبی بون. لەگەڵ برینداربونی حەوت كەسی تر.

مورتەزا عوبێدی، لێپرسراوی راگەیاندنی لیوای یەکی حەشدی شەعبی بە (کەرکوک ناو)ی وت "ئۆپەراسیۆنەكەمان لە سنوری باکور و باشوری خانەقین لەسەر چەمی روباری ئەڵوەن و سیروان ئەنجامدا و تێبینی ئەوەمانكرد داعش لەو ناوچەیە جموجۆڵی هەبووە".

هەروەها لە دووشەممە 7ی ئەیلولەوە، هێزەكانی حەشدی شەعبی چونەتەسەر چەند گوندێكی ناوچەی گڵەی لە خانەقین و ھەڵمەتی گەڕان و پشکنینیان لەناو گوندەكان دەستپێكردووە و دەستیانبەسەر ژمارەیەك چەكی گوندنشیناندا گرتووە.

ئەوەش لەكاتێكدایە چەندینجار گوندنشینان خۆیان پاسەوانی گوندەكانیان كردووە لە هێرش و پەلاماری گروپی چەكداری نەناسراو.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT