"بكوژه‌كه‌ی" ره‌حیماوه‌ به‌ منداڵه‌كه‌یه‌وه‌ هه‌ڵاتووه‌
به‌ر له‌ "كوشتنی" دوو خوشكه‌كه‌ی، دایك و باوكی له‌ ماڵ ده‌ركردووه‌

كه‌ركوك، 2020، بازگه‌یه‌كی كاتی هێزه‌ ئه‌منییه‌كان له‌ناوشاردا فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

كه‌ركوك ناو

ئه‌و گه‌نجه‌ی تۆمه‌تباره‌ به‌ كوشتنی دوو خوشكی له‌ كه‌ركوك، به‌ منداڵێكی ته‌مه‌ن دوو ساڵه‌وه‌ له‌ ماڵ هه‌ڵاتووه‌ و تائێستا له‌لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منییه‌كانه‌وه‌ ده‌ستگیرنه‌كراوه‌.

ئێواره‌ی یه‌كشه‌ممه‌ 31ی كانونی دوه‌می 2021 له‌ نزیك مزگه‌وتی برایه‌تی گه‌ڕه‌كی ره‌حیماوه‌ی شاری كه‌ركوك، هاوڵاتییه‌ك دوو خوشكی خۆی كوشت و هه‌ڵات، ئه‌وه‌ش به‌پێی لێكۆڵینه‌وه‌ سه‌ره‌تاییه‌كانی پۆلیس.

رائید عامر نوری، لێپرسراوی راگه‌یاندنی فه‌رمانده‌یی پۆلیسی پارێزگای كه‌ركوك به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت ئه‌و گه‌نجه‌ به‌ره‌و شوێنێكی نادیار هه‌ڵاتووه‌ و هێزه‌ ئه‌منییه‌كان به‌دوایدا ده‌گه‌ڕێن.

به‌پێی به‌دواداچونه‌كانی (كه‌ركوك ناو) تائێستا (دوانیوه‌ڕۆی دووشه‌ممه‌ 1ی شوبات) شوێنی هه‌ڵاتووه‌كه‌ نادیاره‌ و گه‌ڕانی هێزه‌ ئه‌منییه‌كانیش به‌رده‌وامه‌.

سه‌رچاوه‌یه‌كی نزیك له‌ بنه‌ماڵه‌ی تۆمه‌تباره‌كه‌ به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "ئه‌و گه‌نجه‌ له‌كاتی هه‌ڵاتنیدا منداڵه‌كه‌ی كچه‌كه‌یی خۆیشی بردووه‌ كه‌ ته‌مه‌نی ته‌نیا دوو ساڵه‌ و كه‌س شوێنی نازانێت".

ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ ده‌ڵێت هێنده‌ی بیستویانه‌ و ئاگاداری روداوه‌كه‌ن، ئه‌و گه‌نجه‌ی بنه‌ماڵه‌كه‌یان بانگی هه‌ردوو خوشكه‌كه‌ی كردۆته‌وه‌ بۆ ماڵی باوكی، به‌ پاساوی ئه‌وه‌ی ده‌یه‌وێت بیانبینێت، "له‌وێ كوشتونی".

"پێش دوو مانگ دایك و باوكی له‌ ماڵه‌وه‌ ده‌ركردووه‌، هه‌ر خۆی بووه‌ له‌و خانوه‌دا له‌گه‌ڵ كچه‌ دوو ساڵه‌كه‌یدا".

rahimawa
كه‌ركوك، شوباتی 2021، كۆڵانی ئه‌و ماڵه‌ی دوو خوشكه‌كه‌ی تێدا كوژراوه‌ فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

سه‌رچاوه‌كه‌ ده‌ڵێت دوو خوشكه‌كه‌ی یه‌كێكیان ته‌مه‌نی 25 ساڵه‌ و هاوسه‌رگیری كردووه‌، دایكی سێ منداڵ و دووگیان بووه‌، ئه‌ویتر 19 ساڵ بووه‌ و له‌ شوێنێكی تر له‌گه‌ڵ دایك و باوكیدا ده‌ژی.

هه‌روه‌ها وتی تۆمه‌تباره‌كه‌ پێشتر دووجار هاوسه‌رگیری كردووه‌ و له‌ هه‌ردوكیان جیابۆته‌وه‌، ته‌نیا كچێكی هه‌یه‌ و ئه‌وه‌ی بیستویانه‌ "ئالوده‌بوی مادده‌ی هۆشبه‌ریش بووه‌".

به‌پێی به‌دواداچونی مه‌یدانی (كه‌ركوك ناو)، ئه‌ندامانی ئه‌و خێزانه‌ چه‌ندین دۆسیه‌ی دیكه‌یان له‌سه‌ره‌ و برای دیكه‌ی تۆمه‌تباره‌كه‌ش له‌لایه‌ن دادگاوه‌ داواكراون.

سه‌رچاوه‌كه‌ وتی "برایه‌كی تۆمه‌تباره‌ به‌ كوشتنی مامی خۆی، ئه‌ویش ماوه‌یه‌كه‌ هه‌ڵاتووه‌ و فه‌رمانی ده‌ستگیركردنی هه‌یه‌".

پۆلیس له‌سه‌ره‌تای لێكۆڵینه‌وه‌كاندایه‌ و نایانه‌وێت زانیاری زیاتر ده‌رباره‌ی دۆسیه‌كه‌ بۆ میدیا بدركێنن.

لێپرسراوی راگه‌یاندنی فه‌رمانده‌یی پۆلیسی كه‌ركوك ده‌ڵێت "روداوه‌كه‌ به‌هۆی كێشه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه بووه‌".

له‌ سه‌ره‌تای ساڵی رابردووه‌وه‌ ده‌یان دۆسیه‌ی توندوتیژی خێزانی له‌ كه‌ركوك تۆماركراون.

به‌پێی ئامارێكی بەشی پاراستنی خێزان و منداڵ لە پۆلیسی كەركوك، له‌ شوباته‌وه‌ تا كۆتایی ئه‌یلولی 2020 زیاتر له‌ 200 كەیسی توندوتیژی خێزانی تۆماركراوە.

هه‌ر له‌ ساڵی رابردودا 65 حاڵه‌تی "خۆكوشتن" تۆماركراوه‌ كه‌ 50یان له‌ ره‌گه‌زی مێ بون، به‌پێی ئاماره‌كانی نوسینگه‌ی كه‌ركوكی كۆمسیۆنی باڵای مافه‌كانی مرۆڤ له‌ عیراق.

ئه‌و روداوانه‌ هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ هه‌وڵه‌كانی ده‌رچواندنی یاسای به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی توندوتیژی خێزانی، كه‌ له‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عیراقه‌وه‌ په‌سه‌ند كراوه‌ و ره‌وانه‌ی په‌رله‌مان كراوه‌، تا گفتوگۆی له‌سه‌ر بكرێت و بخرێته‌ به‌رنامه‌ی كاره‌وه‌. 

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT