لیژنه‌كانی نه‌هێشتنی زیاده‌ڕۆیی له ئیداره‌ی كه‌ركوك، دوو خانوو له گه‌ڕه‌كێكی شاری كه‌ركوك ده‌روخێنن، تا ته‌واوی ماڵه‌كانی دیكه له ماوه‌یه‌كی دیاریكراودا ناوچه‌كه بهجێبهێڵن.
پێنجشه‌ممه 18ی شوباتی 2021، تیمه‌كانی نه‌هێشتنی زیاده‌ڕۆیی به پاڵپشتی هێزی ئه‌منی و ئامێره‌كانی شاره‌وانی، چونه‌ته گه‌ڕه‌كی ئینزیباتخانه‌ی كۆن له شاری كه‌ركوك و به پاساوی زیاده‌ڕۆیی، خانوی دوو هاوڵاتییان روخاندووه.
"بێ هیچ ئاگاداركردنه‌وه‌یه‌كی پێشوه‌خت لیژنه‌كان هاتون و دوو خانویان روخاندووه، مۆڵه‌تی ته‌نیا چه‌ند رۆژێكیان پێداوین تا هه‌موو ماڵه‌كانی دیكه‌ش بڕۆن" ئیسماعیل حسێن، دانیشتوی گه‌ڕه‌كی ئینزیباتخانه‌ی كۆن وای وت.
به‌وته‌ی ئه‌و هاوڵاتییه و دانیشتوانی دیكه‌ی گه‌ڕه‌كه‌كه بۆ (كه‌ركوك ناو) تا سێشه‌ممه‌ی داهاتوو 23ی شوباتی 2021 دیاریكراوه و ده‌بێت خانوه‌كانیان چۆڵبكه‌ن تا بڕوخێنرێت.
ئیسماعیل حسێن وتی "زه‌وی ئه‌و گه‌ڕه‌كه به وه‌به‌رهێنه‌ر دراوه، بۆیه فشارێكی زۆر هه‌یه بۆ ده‌ركردنمان".
بێ قه‌ره‌بوو له‌م گه‌ڕه‌كه ناڕۆین
زه‌وی ئه‌و گه‌ڕه‌كه به‌شێكیان موڵكی ئه‌وقاف و به‌شێكی دیكه‌یان موڵكی وه‌زاره‌تی دارایی عیراقه، له ساڵی 2003 به‌دواوه 57 خێزان خانویان تیادا بنیاتناوه، دوای گه‌ڕانه‌وه له ئاواره‌یی بۆ كه‌ركوك و له‌و گه‌ڕه‌كه‌دا نیشته‌جێ بون.
"هه‌مومان هه‌ژار و ئاواره‌ین، ئه‌گه‌ر هه‌ژار نه‌بین ناتوانین له‌م گه‌ڕه‌كه‌دا بژین، بۆیه داوای قه‌ره‌بومان كردووه، بێ قه‌ره‌بوو ناڕۆین".
ساڵی رابردوو قایمقامیه‌تی كه‌ركوك داوای له دانیشتوانی ئه‌و گه‌ڕه‌كه كردووه خانوه‌كانیان چۆڵبكه‌ن.
فه‌لاح یایچلی، قایمقامی قه‌زای ناوه‌ندی كه‌ركوك به‌وه‌كاله‌ت له په‌یجی خۆی ته‌نیا هه‌واڵی روخاندنی ژماره‌یه‌ك شوێنی زیاده‌ڕۆیی له‌ناو شاردا بڵاوكردۆته‌وه، له نێویاندا ئه‌و دوو خانوه‌ی گه‌ڕه‌كی ئینزیباتخانه به پاڵپشتی لیوای 61ی تایبه‌ت و هێزێكی پۆلیس، بێ ئه‌وه‌ی رونكردنه‌وه‌ی زیاتر بدات.
ئیداره‌ی پارێزگای كه‌ركوك پێشتریش هه‌ڵمه‌تی لابردن و روخاندنی زیاده‌ڕۆییه‌كانی ناوشاری هه‌بوه، له‌وانه سه‌دان خانوی ناوچه‌ی گۆڕه‌پانی ئاهه‌نگه‌كان، عه‌ره‌فه و په‌نجاعه‌لی، به‌ڵام دواتر پرۆسه‌ی روخاندنه‌كه به‌كاتی راگیراوه.
ڤیدیۆ: كه‌ركوك / 18ی شوباتی 2021 / روخاندنی دوو خانوی گه‌ڕه‌كی ئینزیباتخانه‌ی كۆن به پاساوی زیاده‌ڕۆیی / راگه‌یاندنی قایمقامیه‌ت
ئیسماعیل جەلال، لێپرسراوی بەشی میلاكات لە فەرمانگەی شارەوانی كەركوك به (كەركوك ناو)ی وت "ئەو خانوانەی بڕیاری روخاندنیان دراوه زه‌وییه‌كانیان موڵكی وەزارەتی دارایین، ئێستا وەزارەت زەوییهكهی به وه‌به‌رهێنه‌ر داوه، بۆیه فشار ده‌كات بۆ ئەوەی زەوییه‌كه به ته‌واوی وه‌ربگرێته‌وه".
هه‌روه‌ها رونیكرده‌وه روخاندنی خانوه‌كان په‌یوه‌ندی به شاره‌وانییه‌وه نیه، ته‌نیا ئامێره‌كانیان موڵكی ئه‌وانن كه خانوه‌كانی پێدهروخێنرێت، وه‌ك هه‌ر فه‌رمانگه‌یه‌كی دیكه، شاره‌وانیش له لیژنه‌ی نه‌هێشتنی زیاده‌ڕۆیی ئه‌ندامن و بڕیاره‌كه له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی داراییه‌وه ده‌رچووه.
ئه‌وه‌ش له كاتێكدایه پێشتر ئەمیندارێتی گشتی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق، پاڵپشت به بڕیاری حكومه‌تی ناوه‌ندی بڕیاریدا بە تاپۆكردنی هەموو ئەو خانووانەی تا 19ی تشرینی دوه‌می 2019 له‌سه‌ر زه‌وی زیاده‌ڕۆ دروستكراون، به‌پێی نوسراوێك كه ئه‌وكات ئاڕاسته‌ی هه‌موو پارێزگاكان كرا.
له دوای ساڵی 2003 و نه‌مانی رژێمی به‌عس به سه‌رۆكایه‌تی سه‌دام حسێن، هه‌زاران خانوو له‌سه‌ر ئه‌و زه‌وییانه بنیاتنراون كه موڵكی ده‌وڵه‌ت بون له پارێزگاكانی عیراق به كه‌ركوكیشه‌وه.