پۆلیسی كەركوك: پیاوێك ئاگر لە جەستەی ژنەكەی بەردەدات و هەڵدێت

كه‌ركوك، 2019، بازگه‌یه‌كی كاتی هێزه‌ ئه‌منییه‌كان له‌ ناوشاری كه‌ركوك فۆتۆ: راگه‌یاندنی پۆلیس

گۆران بابان - كەركوك

ژنێكی 28ساڵ، مێردەكەی تۆمەتبار دەكات بەوەی ئاگری لە جەستەی بەرداوە و دواتر بۆ شوێنێكی نادیار هەڵاتوە، ئەوەش بەپێی وتەی بۆ پۆلیس.

ئەو ژنە، ئەمڕۆ شەممە 27ی ئادار، لە نەخۆشخانەی ئازادی كەركوك چارەسەری وەرگرت، لەوكاتەشدا پۆلیس لە روداوەكە ئاگاداركرایەوە.

یوسف ساڵح، بەڕێوەبەری بنکەی پۆلیسی دۆمیز، بە (کەرکوک ناو)ی وت "دوای ئاگاداركردنەوەمان لەو حاڵەتە، راستەوخۆ چوینە نەخۆشخانەی ئازادی و وتەمان لەو ژنە وەرگرت".

"ژنەكە وتی پیاوەكەم ئاگری لە جەستەم بەرداوە و هەڵاتووە، بەهۆی كێشەی خێزانییەوە"، بەڕێوەبەری پۆلیسی دۆمیز وردەكاری زیاتر لەسەر كێشە خێزانییەكە باس نەكرد. تەنیا وتی "دوێنێ دەمەقاڵێیان بووە و ئەمڕۆش جارێكی تر ئەو دەمەقالێیە دوبارە بۆتەوە".

بەڵام وتی "ئەو كێشەیە لە گەڕەكی دۆمیز رویداوە و لە ئێستادا هاوسەرەكەی هەڵاتووە، تەندروستی ژنەكەش رووە و باشی دەڕوات و قۆناغی مەترسی تێپەڕاندووە".

تەندروستی ژنەكەش رووە و باشی دەڕوات و قۆناغی مەترسی تێپەڕاندووە

ژنەكە 28 ساڵە و جەختیكردۆتەوە لەوەی سكاڵا لە دژی هاوژینەكەی تۆماردەكات.

به‌پێی ئامارێكی بەشی پاراستنی خێزان و منداڵ لە پۆلیسی كەركوك، له‌ شوباته تا كۆتایی ئه‌یلولی 2020 زیاتر له‌ 200 كەیسی توندوتیژی خێزانی تۆماركراوە.

هه‌ر له‌ ساڵی رابردودا 65 حاڵه‌تی "خۆكوشتن" هەبووه‌،‌ 50یان له‌ ره‌گه‌زی مێ بون، ئەوەش به‌پێی ئاماره‌كانی نوسینگه‌ی كه‌ركوكی كۆمسیۆنی باڵای مافه‌كانی مرۆڤ له‌ عیراق.

ئه‌و روداوانه‌ هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ هه‌وڵه‌كانی ده‌رچواندنی یاسای به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی توندوتیژی خێزانی، كه‌ له‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عیراقه‌وه‌ په‌سه‌ندكراوه‌ و ره‌وانه‌ی په‌رله‌مان كراوه‌، تا گفتوگۆی له‌سه‌ر بكرێت و بخرێته‌ به‌رنامه‌ی كاره‌وه‌ كە ئامانج لێی كەمكردنەوەی توندوتیژیی خێزانییە.

ئێواره‌ی‌ 31ی كانونی دوه‌می 2021یش له‌ گه‌ڕه‌كی ره‌حیماوای شاری كه‌ركوك، گەنجێك دوو خوشكی خۆی كوشت، دواتر لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیركراو دۆسییەكەی لە دادگایە.

رێكخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان، نیسانی 2020، له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا نیگه‌رانی ده‌ربڕی به‌هۆی زیادبونی توندوتیژییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه‌، له‌ مامەڵەی خراپ لەلایەن هاوسەر، سوتاندن و خۆسوتاندن، بریندارکردنی خود، گێچەڵی سێکسی بۆ سەر نەوجەوانان و خۆکوشتنی ژنان.

نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان هۆكارێكی زیادبونی توندوتیژییه‌ خێزانییه‌كانی ‌گه‌ڕانده‌وه‌ بۆ ئه‌و بارودۆخه‌ی به‌هۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوه‌ دروستبووه‌ و خه‌ڵك له‌ ماڵه‌وه‌ ده‌مێننه‌وه‌.

(كەركوك ناو) لە راپۆرتێكیدا لە ئایاری 2020، بڵاویكردەوە كە كۆرۆنا و دواتر كه‌ره‌نتینەکردن‌ شه‌پۆلێكی نوێی توندوتیژی خستۆته‌ ناو خێزانەكان و وه‌ك هه‌موو جارێكیش پشكی شێری قوربانییه‌كه‌ به‌ر ژنان كەوتووە.

 

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT