ئه‌حمه‌د سابیر 30 ساڵی ره‌به‌قه كرێكاری ده‌كات، به‌ڵام وه‌ك خۆی ده‌ڵێت نه‌ك هه‌ر هیچی به هیچ نه‌كردووه، به‌ڵكو به‌رده‌وام برسی و نه‌دار بووه.
"هیوادارین خوای گه‌وره به یه‌كجار هه‌مومان بباته‌وه بۆ لای خۆی زۆر باشتره له‌وه‌ی رۆژانه بكه‌وینه دوای خاوه‌نكار و كاریش به‌ده‌ستنه‌هێنین" ئه‌حمه‌د به نیگه‌رانی زۆره‌وه وای وت، كاتێك (كه‌ركوك ناو) پرسیاری گوزه‌رانی لێ‌كرد.
له گۆڕه‌پانی كرێكارانی ئه‌حمه‌د ئاغای شاری كه‌ركوك، هه‌موان وه‌ك ئه‌حمه‌د نیگه‌رانن، رۆژی جیهانی كرێكاران كه ئه‌مڕۆ 1ی ئایاره، به ده‌رفه‌ت ده‌زانن تا نه‌هامه‌تییه‌كانیان باسبكه‌ن.
ئه‌حمه‌د سابیر ته‌مه‌نی له‌سه‌روو 60 ساڵییه‌وه‌یه، شه‌كه‌وت و ماندوو دیاره، "له‌و 30 ساڵه‌ی كرێكاری ده‌كه‌م تائێستا هیچم به هیچ نه‌كردووه، هه‌موو ژیانم بۆته راكردن به‌دوای پارویه‌ك ناندا، به‌ڵام ئه‌وه‌شمان ده‌ستناكه‌وێت".
ئه‌و ده‌ڵێت له هه‌ر وڵاتێكی دیكه‌دا بێت، له عیراق به باشتری ده‌زانێت، چونكه گه‌یشتۆته ئه‌و ته‌مه‌نه و ناتوانێت گره‌نتی ژیانی باش بۆ منداڵه‌كانی بكات، تائێستا ته‌نانه‌ت خاوه‌ن موڵكی خۆی نییه.
له ساڵی رابردووه‌وه، بارودۆخه‌كه هێنده‌ی دیكه بۆ كرێكاران ئه‌سته‌م بووه، چونكه قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ و سستی بازاڕ به‌هۆی رێكاره‌كانی خۆپارێزی له ڤایرۆسی كۆرۆنا، كاروباری ئه‌وانی بۆ ماوه‌یه‌كی زۆر وه‌ستاند.
به‌شێك له‌و هاوڵاتییانه‌ی رۆژانه له پێناو به‌ده‌ستهێنانی كاردا روده‌كه‌نه چه‌ند گۆڕه‌پانێكی ناوشاری كه‌ركوك، له هه‌فته‌یه‌دا دوو بۆ سێ رۆژ كرێكارییان ده‌ستده‌كه‌وێت، هه‌ندێكجار ئه‌وه‌شیان نامێنێت به‌هۆی نیمچه‌قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆوه.
عه‌لی نامیق، گه‌نجێكی ته‌مه‌ن 28 ساڵی شاری كه‌ركوكه و له گۆڕه‌پانی كۆبونه‌وه‌ی كرێكاران، به مه‌رجی ئه‌وه‌ی وێنه‌ی نه‌گیرێت داخی دڵی هه‌ڵڕشت، "یه‌كێك بوم له خوێندكاره هه‌ره به‌تواناكان و بڕوانامه‌ی ماسته‌رم له مێژودا به‌ده‌ستهێناوه" ئه‌و ده‌ڵێت ده‌ره‌نجامی ئه‌و ماندوبونه‌ی ئه‌وه‌یه كرێكاریشی ده‌ستناكه‌وێت.
ئه‌و خێزانداره و باوكی چوار منداڵه.
"به منداڵه‌كانم ده‌ڵێم هێنده بخوێنن خوێنده‌واریتان هه‌بێت، چونكه له‌م وڵاته ئه‌گه‌ر زۆر دوای به‌ده‌ستهێنانی بڕوانامه بكه‌ویت كاتێك ده‌زانیت ژیانت رۆیشتوه و هیچ به‌هیچ ناكه‌یت".
عه‌لی چه‌ند جارێك له‌كاتی كرێكاری‌دا بریندار بووه، له روداوێكیاندا له‌سه‌ر په‌یژه كه‌وتۆته خواره‌وه، ده‌ست و قاچێكی شكاوه، "كه‌س به ده‌ممه‌وه نه‌هات و پێداویستی ناوماڵم بۆ چاره‌سه‌ر فرۆشت تا بتوانم بگه‌ڕێمه‌وه سه‌ر كار".
ئه‌و گه‌نجه هیواخواز بوو ته‌واوكردنی ماسته‌ره‌كه‌ی بكه‌وتایه‌ته دوای ئه‌و ئه‌زمونه‌ی له كرێكاری‌دا وه‌ریگرتووه تا توێژینه‌ی له‌سه‌ر ژیان و گرفتی كرێكاران له عیراقدا بكردایه.
ساڵانه له كه‌ركوك ده‌یان كرێكار به‌هۆی نه‌بونی رێكاره‌كانی خۆپاراستنه‌وه له شوێنی كاره‌كانیان گیانله‌ده‌ستده‌ده‌ن یان بریندارده‌بن.
له سه‌ره‌تای ساڵی 2021ـه‌وه تائێستا پێنج كرێكار له‌كاتی كاركردندا له كه‌ركوك گیانیانله‌ده‌ستداوه و نۆ كرێكاری دیكه برینداربون، ئه‌وه‌ش به‌پێی ئامارێكی سەندیكای كرێكارانی كەركوك بۆ (كه‌ركوك ناو).
دوایین روداو 10ی نیسانی ئه‌مساڵ بوو، كاتێك له گه‌ڕه‌كی گورگه‌چاڵ_ی شاری كه‌ركوك، سێ كرێكار دیوار به‌سه‌ریاندا روخا و گیانیانله‌ده‌ستدا، كه یه‌كێكیان باوكی 14 منداڵ بوو.
رزگار سه‌عید محه‌مه‌د بابان، جێگری به‌ڕێوه‌به‌ری لقی كه‌ركوكی سه‌ندیكاكانی كرێكاران به (كه‌ركوك ناو)ی وت "تائێستا 80 بۆ 90 كرێكار توانیویانه له‌رێی دادگاوه مافه‌كانی خۆیان له خاوه‌نكار وه‌ربگرنه‌وه، ئێمه‌ش بێ به‌رانبه‌ر پارێزه‌رمان بۆ دابینكردون تا به‌رگری له خۆیان بكه‌ن و له مافه‌كانیان خۆشنه‌بن".
به‌پێی یاسای كار له عیراق، كرێكار مافی به‌ده‌ستهێنانی بڕه پاره‌یه‌كی هه‌یه كه به‌پێی گرێبه‌ست و رێككه‌وتنی كاره‌كه‌ی دیاریده‌كرێت، ئه‌گه‌ر له‌كاتی كاردا روبه‌ڕوی روداوێك بووه‌وه و زیانی پێگه‌یشت.
به‌وته‌ی رزگار ئه‌و یاسایانه‌ی به‌ركارن و په‌یوه‌ندیدارن به كرێكارانه‌وه، ئه‌گه‌ر هه‌موو بڕگه‌كانیان جێبه‌جێبكرێن یاسای باشن، هه‌رچه‌نده تێبینیشیان له‌سه‌ر به‌شێك له بڕگه و مادده‌كانیان هه‌یه.
به‌پێی یاسا و رێنماییه‌كان ته‌نیا ئه‌و كرێكارانه مافی بیمه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تییان پێده‌درێت له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه كه كاری به‌رده‌وام و درێژخایه‌نیان هه‌یه، نه‌ك ئه‌وانه‌ی به كرێی رۆژانه كارده‌كه‌ن، وه‌ك ئه‌وانه‌ی له گۆڕه‌پانی كرێكارانی كه‌ركوك به‌دوای كاری رۆژدا ده‌گه‌ڕێن.
"بیمه زیاتر ئه‌و كه‌سانه ده‌گرێته‌وه له كارگه‌یه‌كدا كارده‌كه‌ن و ده‌بێت سه‌دا 5ی موچه‌كه‌ی بدرێته سندوقی بیمه و خاوه‌نكاره‌كه‌ش سه‌دا 21ی بیمه‌كه بدات، ئه‌وكات له‌كاتی روداوی گیانله‌ده‌ستدان یان هه‌ر روداوێكی دیكه كه توانای كاركردنی نه‌مێنێت، حكومه‌ت پابه‌ند ده‌بێت به پێدانی موچه‌ی خانه‌نشینی كه كه‌مترینیان به 350 هه‌زار دیناری مانگانه دیاریكراوه" رزگار بابان واده‌ڵێت.
له چوارچێوه‌ی یاسا و رێنماییه كارپێكراوه‌كاندا خاوه‌نی كارگه و ئه‌و كارانه‌ی هه‌میشه‌یین پابه‌ندن به تۆماركردنی كرێكاران له بیمه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و پێدانی ئه‌و بڕه پاره‌یه‌ی حكومه‌ت دیاریكردووه.