شاخەوان عەبدوڵا، ئەندامی پارتی دیموكراتیی كوردستان لە شاندی دانوستكاری حكومەتی هەرێم بۆ ئاسییكردنەوەی دۆخی كەركوك، ئاشكرای دەكات بۆ ئەوەی لایەنەكان بە شێوەیەكی ئازادانە بانگەشەی هەڵبژاردن بكەن، "دەبێت دۆخی پارێزگاكە بەر لە هەڵبژاردن ئاساییبكرێتەوە"، جەختیشیكردەوە وەكو پارتی "بەبێ چەك ناگەڕێنەوە"، وەك ئەوەی مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عیراق داوای دەكات.
كازمی، لە 8ی ئایاری ئەمساڵ، لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ ژمارەیەك كەناڵی ئاسمانی عیراقی، جەختیكردەوە لەوەی كە بەپێی شایستەی کۆمەڵایەتیی خۆی بۆ خزمەتکردن، پارتی دەبێت بارەگاكانی لە كەركوك بەدەستبهێنێتەوە، بەڵام وتی "بەبێ چەكدار"، بۆ ئەوەش ئاماژەی بە لیژنەیەك كرد لە نێوان هەردوو حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵ بۆ ئەو مەبەستە.
شاخەوان عەبدوڵا، كە هاوكات كاندیدی پارتی دیموكراتی كوردستانە لە پارێزگای كەركوك بۆ هەڵبژاردنی تشرینی یەكەمی ئەمساڵ، بە (كەركوك ناو)ی وت "پارتی بەبێ چەك ناگەڕێتەوە كەركوك، هیچ کەس و لایەنێک ناتوانێت مەرج بۆ پارتی دابنێت لەوەی بەبێ چەک بگەڕێتەوە... ئێمە ناگەڕێینەوە كەركوك کە نەتوانین بارەگاکانی خۆمان بپارێزین، بۆیە ئێمە هێزی پاراستنی بارەگامان دەبێت و دەبێت هێزمان لەگەڵ بێت، نەک هێزێک بە چەکی قورسەوە، بەڵکو بۆ پاراستنی بارەگاکانمان و پێشمەرگەش بگەڕێتەوە".
هیچ کەس و لایەنێک ناتوانێت مەرج بۆ پارتی دابنێت لەوەی بەبێ چەک بگەڕێتەوە
لەبارەی دانوستانەكانیان لەگەڵ حكومەتی عیراق، كە خۆی ئەندامی ئەو لیژنەیەیە كە بۆ ئەو پرسە پێكهێنراوە، وتی "بە هاوبەشی لەگەڵ كاك خالید شوانی – وەزیری هەرێم بۆ كاروباری دانوستان لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ- لە دانوستان و گفتۆگۆ بەردەوامین، مەرجی ئێمە بۆ گەڕانەوەی کەرکوک چۆڵکردنی تەواوی بارەگاکانی پارتی و رادەستکردنەوەمانە، دەبێت تەواوی ئەو خانوو و زەویی و موڵکانەش کە داگیرکراون بگەڕێنرێنەوە بۆ خاوەنەکانیان، هەموو ئەمانە مەرجن بۆ ئەوەی بگەڕێینەوە بۆ ئەو پارێزگایە، دەركردنی میلیشیاکان لەناو شار یەکێکی ترە لە مەرجەکانمان، دەبێت بە زوترین کات دۆسییەی ئەمنی شارەکە رادەستی حكومەتی خۆجێی کەرکوک بکرێت".
پارتی دیموكراتی كوردستان لە دوای روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017ەوە نەگەڕاوەتەوە كەركوك و بەهۆیەوە دەیان بارەگای حزبیی و ئەمنیی دەستیبەسەرداگیراوە، لەوانەش بارەگای ئهنجومهنی سهركردایهتی كەركوك - گەرمیانی حزبەكە كە لە ئێستادا كراوەتە بارەگای فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی كەركوك.
پارتی چەند جارێك پارێزگای كەركوكی بە "داگیركراو" وەسفكردووە و ئاماژەی بەوەداوە تا دۆخەكەی ئاسایینەكرێتەوە ناگەڕێتەوە بۆ كەركوك، هەر بەو هۆیەوە بەشداریی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراقی نەكرد لە ساڵی 2018. بەڵام بۆ هەڵبژاردنی ئەمساڵ دوو كاندیدی هەیە.
درێژەكێشانی پرسی گەڕانەوەی پارتی بۆ كەركوك و رادەستكردنەوەی بارەگاكانی، لەكاتێكدایە مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عیراق و پێشتریش عادل عەبدولمەهدی، سەرۆك وەزیرانی پێشوو بڕیاری رادەستكردنەوەی بارەگاكان و گەڕانەوەی پارتیانداوە، بەڵام هێشتا جێبەجێنەكراوە.
لایەنگرانی حزبە عەرەبی و توركمانییەكانی كەركوك چەندجارێك لەبەردەم بارەگای فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی كەركوك گردبونەتەوە و دژایەتی خۆیان بۆ بڕیارەكانی گەڕانەوەی پارتی و رادەستكردنەوەی بارەگانیان نیشانداوە.
شاخەوان عەبدوڵا وتی "دەبێت دۆخەکە پێش ئەنجامدانی هەڵبژاردن ئاساییبکرێتەوە بۆ ئەوەی لایەنەکان بەشێوەیەکی ئازادانە بانگەشەی هەڵبژاردن بكەن".
دەبێت دۆخەکە پێش ئەنجامدانی هەڵبژاردن ئاساییبکرێتەوە
لە چاوپێكەوتنەكەی 8ی ئایاری ئەمساڵ، كازمی وتی "دەبێت وانە لە هەڵەکانمان فێربین، ئێمە ئێستا لە قۆناغی بونیادنانی متمانەداین و بەرەو هەڵبژاردن دەچین، لە هەڵبژاردنیش دەبێت هەلی یەکسان بۆ هەمووان بڕەخسێت... بەمزوانەش پارتی لە بارەگاكانیان لە كەركوك دەست بە کارەکانیان دەکەنەوە، بەڵام بەبێ چەکدار، چونکە رێگە نادرێت چەکدار لەو بارەگایانەی حیزبەکان هەبن، زۆر بە دڵنیاییشەوە پرەنسیپی دادپەروەری بۆ هەمووان دەبێت".