ژنێكی ئاوارە و سێ منداڵی لە نیوەڕۆیەكی گەرمی حوزەیراندا لە كەمپەکەیاندا دیارنامێنن؛ هەر زوو دۆسیەكەی لەنێو كەسوكار و لێپرسراوانی ئێزیدیدا پرسیاری زۆر دروستدەكات، چونكە گوماندەكەن بەنهێنی منداڵەكانی دیكەی وەرگرتبێتەوە، كە پێشتر بەهۆی دەستدرێژیی چەكدارانی ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام (داعش)ـەوە لەدایكبون.
كاتژمێر 2ی دوانیوەڕۆی 20ی حوزەیرانی 2021 لە كەمپی قادیای دهۆك، كە زۆرینەی دانیشتوانەكەی ئێزیدیین، سەلامە عەباس ئیسماعیل (43 ساڵ) دوای خواردنی نانی نیوەڕۆ لەخێوەتی برای هاوسەرەكەی دەچێتە دەرەوە بەرەو خێوەتەكەی خۆیی و دیارنامێنێت.
سەلامە لە هاوسەرە کۆچکردووەکەشی سێ منداڵی هەیە، هەڤگار رەمزی (14 ساڵ)، رزگار رەمزی (12 ساڵ) و بەیار رەمزی (9 ساڵ) كە لە كەمپەكەدا لەگەڵ خۆیدا دەژیان و ئەوانیش هەر ڕفێندراوبوون و دواتر رزگارکرابوون. جگە لەخۆی، هەرسێ منداڵەكەشی نادیارن.
"لە ماڵی ئێمە دەرچوو بۆ خێوەتەكەی خۆی، كە 8 مەتر دوری نێوانمانە؛ دوای كاتژمێرێك ویستم سەردانیان بكەم بەڵام لەوێ نەبون؛ پرسیاری زۆرم لە دراوسێ و لێپرسراوانی كەمپ کرد و كەس هیچی نەوت. دواتر، شایەتحاڵێك كە بینویەتی وتی سەر ئۆتۆمبێلێك كەوتووە و رۆیشتووە" بەوتەی نزار سەمیر میكری، برای هاوسەری سەلامە.
ئەو بە (كەركوك ناو)ی وت ئەو ئۆتۆمبێلەی سەلامەی سەرخستووە، تەنیا شۆفێرەكەی تیابووە، "شایەتحاڵەكە وتی شۆفێرەكە هێلەكی رێكخراوێكی لەبەردا بووە، بەڵام ناوەكە ئینگلیزی بووە و نەیزانیووە چی نوسراوە".
سەلامە زۆر بیری منداڵەكانی دیكەی دەكرد، ئەوانەی باوكیان داعش بوو
سەلامە و منداڵەكانی لە خێوەتێكی سەربەخۆدا دەژیان، هاوسەرەكەی لەكاتی هێرشەكانی ئابی 2014ی داعش بۆ قەزای شنگال كوژراوە و تەرمەکەی یەكێك بوو لەو روفاتانەی دوای دەرهێنانیان لە گۆڕی بەكۆمەڵ و ناسینەوەیان، شوباتی 2021 لە گوندی كۆجۆ بەخاكسپێردران.
ئەو ژنە خەڵكی كۆجۆی شنگالە، لەلایەن داعشەوە رفێنراوە و روبەڕوی دەستدرێژی بۆتەوە؛ بەوهۆیەوە سێ منداڵی لە چەكدارانی داعش هەبووە، بەڵام بێ منداڵەكانی و لە نیسانی 2019دا رزگاركراوە و گەڕاوەتەوە بۆ هەرێمی كوردستان.
"سەلامە زۆر بیری منداڵەكانی دیكەی دەكرد، ئەوانەی باوكیان داعش بوو، بۆیە گوماندەكەین بۆ لای منداڵەكانی رەوانە كرابێتەوە، بەڵام هەر رێكخراوێكیش ئەوە دەكات لانیكەم پێویستە كەسوكاری ئاگاداربكاتەوە، ناكرێت ئاوا بێنە كەمپ و كەسێك ببەن بێ ئەوەی كەس بزانێت" نزار وای وت.
سەلامە باوكی بێسەروشوێنە، دایكی لە هەمان كەمپدا دەژی؛ حەوت خوشك و برای هەیە؛ كە چواریان لە كەنەدا و ئۆسترالیان، ئەوانیتر هەر یەكە و ژیانی خۆی هەیە و لە شوێنی جیاواز نیشتەجێیە.
مەروان جدعان، نوێنەری ئاوارەكانی كەمپی قادیا بە (كەركوك ناو)ی وت "ئەو ژنە رزگاربوەی دەستی داعش نازانین رفێنراوە یان خۆی رۆیشتووە بۆ شوێنێك، ئێستا دیارنییە".
لێپرسراوانی كەمپی قادیا ئامادەنەبون لەسەر دیارنەمانی ئەو ژنە و منداڵەكانی هیچ زانیارییەك بە (كەركوك ناو) بدەن.
بهشێك له ژنانی رفێنراوی ئێزیدی، بههۆی دهستدرێژی سێكسی چهكدارانی داعشهوه منداڵیان بووە؛ ئهوهش روبهڕوی ناڕەزایەتی كۆمهڵگهی ئێزیدی كردنهوه و ئامادهنهبون به منداڵهكانیانهوه وهریانبگرنهوه، بۆیه ئهوانهی دهستبهرداری منداڵهكانیان نهبون نهیانتوانی بگهڕێنهوه نێو كهسوكاریان و ههندێكیشیان تا دۆزینهوهی چارهسهری یاسایی لهلایهن رێكخراوهكانهوه داڵدهدراون.
ئەحمەد مشكۆ، لێپرسراوی راگەیاندن لە نوسینگەی بابەشێخی ئێزیدییان بە (كەركوك ناو)ی وت "زانیاریمان هەیە سەلامە و منداڵەكانی لەڕێگەی رێكخراوێكەوە بە منداڵەكانی دیكەیان گەیشتون كە لە داعش بون".
لە 2ی ئاداری ئەمساڵیشدا، 11 ژنی رزگاركراوی ئێزیدی، چەند كەمپێكی تایبەت بە ئاوارە ئێزیدییەكانیان لە دهۆك بەجێهێشت و بەو منداڵانەیان شادبونەوە كە لەسەردەمی دەسەڵاتدارێتی داعشدا و لە ئەنجامی دەستدرێژی چەكدارانی ئەو ریكخراوەوە لە دایكبون. ئەوەش، دوای ئەوەی كەسوكاریان بەناوی "خول و و گفتوگۆكردن لەگەڵ رێكخراوێك" رێگەی پێدان بچنە دەرەوەی كەمپەکەیان.
مشكۆ دەڵێت بابەشێخ و لێپرسراوانی دیكەی ئایینی و كۆمەڵایەتی ئێزیدی لەگەڵ ئەوەدان "ئەو منداڵانەی لە داعش بون ببرێنە دەرەوەی وڵات و لەوێ بەخێو بكرێن، چونكە كۆمەڵگەی ئێمە ئەو منداڵانە وەرناگرێتەوە و لەگەڵ ئایین و كلتوری ئێمەدا ناگونجێت".
كەسوكاری سەلامە چەند رۆژێكە بەدوایدا دەگەڕێن و ئامادەنین وازبهێنن.
بەپێی بەدواداچونی (كەركوك ناو) كەسوكاری سەلامە و كەمپەكانیش نازانن بەرەو كوێ رۆیشتووە یان ئامادەنین زانیاری بدەن.
برای هاوسەری سەلامە وتی "داوادەكەین بە زوترین كات بدۆزرێتەوە و بگەڕێنرێتەوە".
سەلامە یەكێك بوو لەو ژنانەی ناوی تۆماركرابوو تا ببرێتە دەرەوەی وڵات
چەند ساڵێكە داوای دۆزینەوەی چارەسەری یاسایی بۆ دۆسیەی منداڵانی دەستدرێژی چەكدارانی داعش دەكرێت.
پهرلهمانی عیراق، سەرەتای ئەمساڵ لهسهر داواكاری جڤاتی روحانی ئێزیدی بڕگهیهكی یاسای ژنانی رزگاربوی لابرد، كه تایبهت بوو به یهكلاییكردنهوهی دۆسیهی ئهو منداڵانهی بههۆی دهستدرێژی چهكدارانی داعشهوه له دایكبون.
"سەلامە یەكێك بوو لەو ژنانەی ناوی تۆماركرابوو تا ببرێتە دەرەوەی وڵات، بە دیاریكراوی بۆ فەرەنسا بە ئامانجی وەرگرتنی چارەسەری دەرونی، بەڵام توشی شۆك بوین لە پڕ دیارنەما" دەروێش چوكی جردۆ، بەڕێوەبەری رێكخراوی تولای تایبەت بە رزگاربوانی دەستی داعش وای وت.
ئەوان بە هەوڵی بابەشێخ و رەزامەندی كونسوڵخانەی فەرەنسا بڕیاربووە 15 خێزانی رزگاربوی دەستی داعش رەوانەی فەرەنسا بكەن.
دەروێش دەڵێت نازانن سەلامە خۆی رۆیشتووە یان لەگەڵ رێكخراوێكدا رۆیشتووە، چونكە زانیارییان نییە، بەڵام لە پەیجی رێكخراوەكەدا بانگەوازیان بۆ دۆزینەوەی كردووە.
هیچ كەسێك ئامادەنییە زانیاری لەسەر منداڵانی چەكدارانی داعش لە ژنانی ئێزیدی، شوێنی مانەوە و شادبونەوە بە دایك و كەسوكاریان ئاشكرابكات.
چهكدارانی داعش؛ له ئابی 2014دا، دهستیان بهسهر قهزای شنگال لە خۆرئاوای نەینەوادا گرت؛ شهش ههزار و 417 هاوڵاتی ئێزیدییان رفاند. تائێستا، زیاتر له نیوەیان سێ ههزار و 500 ئافرهت، منداڵ و پیاو رزگاركراون، چارهنوسی زیاتر له دوو ههزار و 700 كهسیش تریشیان نادیاره، بهپێی دوایین ئاماری حكومهتی ههرێمی كوردستان.