قایمقامیەتی قەزای ناوەندی كەركوك، بڕیاریداوە بە روخاندنی ژمارەیەك خانوی زیادەڕۆ لە بەری خۆرئاوای چەمی خاسە، بەهۆی پرۆژەی دروستكردنی شەقامێكی سەرەكییەوە.
ئەو بڕیارە ناڕەزایی هاوڵاتیانی گەڕەكی عروبەی لێكەوتۆتەوە، كە خانوە زیادەڕۆییەكانی تێدایە، داوادەكەن ماڵ و حاڵیان تێكنەدرێت.
فەزیلە ئەحمەد، ئافرەتێكی دانیشتوی خانوە زیادەڕۆكانی عروبەی كەركوكە و دەڵێت لە بارودۆخێكی خراپدا دەژین، بۆیە داواكارن یان قەرەبووبكرێنەوە یاخود وەك گەڕەك و ناوچە زیادەڕۆكانی دیكەی شارەكە ئەوانیش بمێننەوە.
له دوای ساڵی 2003 و نهمانی رژێمی بهعس به سهرۆكایهتی سهدام حسێن، ههزاران خانوو لهسهر ئهو زهوییانه بنیاتنراون كه موڵكی دهوڵهت بون له پارێزگاكانی عیراق به كهركوكیشهوه.
خانوە زیادەڕۆییەكانی گەڕەكی عروبە زیاتر لە 128 خانون بەڵام ئەو خانوانەی بونەتە بەربەست لەبەردەم سایدێكی پرۆژەی دروستكردنی شەقامێكی سەرەكیدا بەشێكیانن نەك هەمووی.
سامی عەلی، دانیشتوی ناوچەكەیە و لە تەمەنی 65 ساڵیدایە، بێ موچە و بێ بژێوی، ناتوانێت كرێی خانوو بدات و داواكارە لە خانوە زیادەڕۆییەكەیدا دەرنەكرێت.
سامی بە (كەركوك ناو)ی وت دەیانەوێت چارەسەر بۆ كێشەكەیان بدۆزرێتەوە، چونكە ئیدارەی شار پێداگرە لەسەر روخاندنی خانوەكانیان بۆ پرۆژەی دروستكردنی شەقامێكی سەرەكییە، لەكاتێكدا بەشێكیان رەزامەندی دروستكردنی خانویان لەو ناوچەیەدا هەیە، بەوتەی ئەو هاوڵاتییە.
ئیدارهی پارێزگای كهركوك پێشتریش ههڵمهتی لابردن و روخاندنی زیادهڕۆییهكانی ناوشاری ههبووه، بەڵام دواتر پرۆسەكە بە كاتی راگیراوە.
"قایمقامیەتی كەركوك سكاڵا و ناڕەزایی هاوڵاتیانی گەیاندە ئیدارەی كەركوك و بڕیاردراوە بە قەرەبوكردنی خاوەنی ئەو خانوانەی دەروخێنرێن، ئەوەش بە بڕە پارەیەكی مامناوەند تا بتوانن لە شوێنی تر خانو دروستبكەن" بەوتحەی كاوە دەلۆ، لێپرسراوی راگەیاندنی قایمقامیەتی قەزای ناوەندی كەركوك بۆ (كەركوك ناو).
هەروەها وتی ئەو هەنگاوە بە ئامانجی نەهێشتنی بەربەستەكانی بەردەم شارەوانییە تا بتوانێت لە شوێنی خانوە روخاوەكان پرۆژەی دروستكردنی شەقامەكە تەواو بكات.
لێپرسراوەكەی قایمقامیەت جەختیكردەوە "كێشەكە بە قەرەبووكردنەوەی ئەوانەی زیادەڕۆییان كردووە چارەسەر كراوە" بەبێ ئاشكراكردنی بڕی ئەو قەرەبووەی بە هاوڵاتیان دەدرێت.
كێشەكانی زیادەڕۆییەكانی كەركوك لەكاتێكدایە، ئەمیندارێتی گشتی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق لە تشرینی دووەمی 2019، بڕیاریدا بە تاپۆكردنی هەموو ئەو خانووانەی لهسهر زهوی زیادهڕۆ دروستكراون لە تەواوی پارێزگاكانی عیراق. ئەوەش بەپێی خەمڵاندنی نرخی زەوییەكە و پێدانی پارەكە بە حكومەت بە شێوەی قیستی 20 ساڵ. بەڵام ئەو بڕیارە لە هیچ پارێزگایەكی عیراقدا هێشتا جێبەجێنەكراوە.