هاوپەیمانی عەرەبی و بەرەی توركمانی لە كەركوك هەڕەشەی جوڵاندنی شەقام دەكەن، ئەگەر كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان وەڵامی داواكارییەكانیان نەداتەوە، لە نێویاندا چارەسەركردنی "راگرتنی كارتی 50 هەزار دەنگدەر"، بەڵام كۆمسیۆن جەختدەكاتەوە لە "ناڕاست"ی ئەو زانیارییانە.
پێنجشەممە 29ی تەمموز، لێپرسراوانی ئەو دوو لایەنە و بەشێك لە لایەنگرانیان، گردبونەوەیەكی ناڕەزاییان لەبەردەم ئۆفیسی كەركوكی كۆمسیۆن رێكخست و تیایدا ئاماژەشیان بەوەدا كە ئەگەری هەیە 50 هەزار دەنگدەری تریان نەتوانن دەنگبدەن، بەهۆی "نا ئارامی ناوچەكانیان و چارەسەرنەكردنی كێشەكانیان لەلایەن كۆمسیۆنەوە".
حاتەم تائی، وتەبێژی هاوپەیمانی عەرەبی بۆ هەڵبژاردنەكان، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لەبەردەم ئۆفیسی كەركوكی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان، وتی "50 هەزار دەنگدەری ئاوارەمان هەیە كە خەڵكی ناوچەكانی باکوری خۆرئاوای کەرکوکن، كۆمسیۆن نەیتوانیوە و سەركەوتوو نەبووە لە دۆزینەوەی چارەسەرێك بۆ ئەو دەنگدەرانە لە رۆژی دەنگداندا".
بەپێی بازنەكانی هەڵبژاردن لە كەركوك، ئەو دەنگدەرانە دەبێت لە ناوچەكانی خۆیان دەنگبدەن، بەڵام بەشێكی زۆریان لە ئێستادا لەناو كەركوك نیشتەجێن و نەگەڕاونەتەوە بۆ گوندەكانیان.
حاتەم تائی وتی "گوندەكانیان لەكاتی شەڕی داعشدا روخاون و ئاوەداننەكراونەتەوە".
"ئەو ناوچانە سەقامگیر نییە و دەنگدەران ناتوانن لەوێ دەنگبدەن، بەڵام لێپرسراوانی نوسینگەی كەركوكی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان دەڵێن ناوچەكان سەقامگیرن و بنكەكانی دەنگدان پارێزراون"، حاتەم تائی وایوت.
جەختیشیكردەوە "لە پاڵئەوەشدا نزیکەی 50 هەزار کارتی دەنگدان لە لایەن ئۆفیسی کەركوکەوە دەستی بەسەرداگیراوە و پێدەچێت ئامانج لێی بۆ ئەوە بێت نەتوانن دەنگبدەن".
نزیکەی 50 هەزار کارتی دەنگدان لە لایەن ئۆفیسی کەركوکەوە دەستی بەسەرداگیراوە
ئەو دوو لایەنە راگەیەنراوێكی هاوبەشیان لەو كۆنگرە رۆژنامەوانییەدا خوێندەوە و تیایدا هاتووە "ئەگەر هەرسێ سەرۆکایەتییەکە و کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان وەڵامنەدەنەوە ئەوە ناچارین خۆپێشاندانی جەماوەری ئەنجامبدەین و شەقام بجوڵێنین لەوەشدا بەشێك لە پێكهاتەی كوردیش كە زوڵملێكراون بەشداردەبن".
جەودەت زلال، لێپرسراوی فەرمانگەی هەڵبژاردنەکانی بەرەی تورکمانی وتی "ئێمە گۆڕانكارییەكانی ئەمدواییەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانیش رەتدەكەینەوە و داوادەكەین ئەو گۆڕانكارییانە هەڵبوەشێنەوە، چونكە چەند لێپرسراوێكی بە توانا بۆ ئەو بنكانە گوازراونەتەوە كە رێژەی دەنگدەری تیادا سست و كەمە، ئەوەش لە بەرژەوەندی لایەنێكی دیاریكرا و كە لە هەڵبژاردنی 2018دا تەزویرییان كردووە".
چەند لێپرسراوێكی بە توانا بۆ ئەو بنكانە گوازراونەتەوە كە رێژەی دەنگدەری تیادا سست و كەمە، ئەوەش لە بەرژەوەندی لایەنێكی دیاریكرا و كە لە هەڵبژاردنی 2018دا تەزویرییان كردووە
لە هەڵبژاردنی ساڵی 2018دا هەردوو پێکهاتەی تورکمان و عەرەب، یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستانیان تۆمەتبارکرد بەوەی تەزویریان کردوە لە بەرژەوەندی کاندیدەکانیان.
پێکهاتەی تورکمان و عەرەب ئەوكات دوای ئەنجامدانی چەندین خۆپیشاندان، مانگرتن و هەڵدانی خێوەت لەبەردەم بنکەی جیاکردنەوەی دەنگەکان، بەڵام دواتر ئەنجامی هەڵبژاردنەكان وەكو خۆی پەسەند کران.
كۆمسیۆنی باڵای سهربهخۆی ههڵبژاردنهكان له عیراق، 2ی حوزهیرانی 2021 زنجیرهیهك گۆڕانكاری له پۆسته ئیدارییهكانی ئۆفیسی كهركوكیدا كرد لەوانە لابردنی سهوسهن تهیب لە پێكهاتەی كورد و دانانی لوئهی ئهركان كاكەیی له پۆستی بهڕێوهبهری ئۆفیسی كهركوكی كۆمسیۆن، لەگەڵ گۆڕینی لێپرسراوی بهشهكانی راگەیاندن، تۆماری دەنگدەران، راهێنان، خزمەتگوزاری، بەشی حزبەكان و كاروباری كاندیدەكان، دارایی، یاسایی و كارگێڕی لە پێكهاتە جیاوازەكانی شارەكە.
لە 8ی حوزەیران و دوای گۆڕانكارییەكانی ناو كۆمسیۆن، 16 حزب و لایەنی كوردی لە كۆبونەوەیەكدا جەختیانكردەوە كە ئەوان رێزی تەواو لە بڕیار و رێكارەكانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان دەگرن و گۆڕانكارییەكانیان قبوڵكرد، ئەوەش "لەپێناو هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد لە عیراقدا".
محەمەد عوسمان، لێپرسراوی مەڵبەندی كەركوكی یەكێتی، ئەوكات لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا وتی "پشكی كورد لە كۆمسیۆنی هەڵبژاردن بەپێی ژمارەی كورسییەكانی نییە و كەمتر لەسەدا 25ی لێپرسراوی بەش و هۆبەكانی ناو نوسینگەی كەركوك كوردن... دەبوو لە سەروی لەسەدا 50ی لێپرسراوی بەشەكان كوردبن، بەڵام رێز لە بڕیارەكان دەگرین".
لە پارێزگای كەركوك، لە كۆی 13ی كورسی پەرلەمانی، كورد شەش كورسی هەیە و هەر شەشی بۆ یەكێتیی نیشتیمانی بووە، عەرەب و توركمانیش یەكی سێ كورسیی و كریستیانیش كورسییەكی كۆتایان هەیە.
حزب و لایەنە كوردییەكان لە كۆبونەوەكانیاندا، هەڵوێستی بەرەی توركمانی و هاوپەیمانی عەرەبییان لەبارەی گۆڕانكارییەكانی نوسینگەی كەركوكی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن بە "دەستوەردان" لە كاروباری كۆمسیۆن ناوبرد.
لوئهی ئهركان كاكەیی، بهڕێوهبهری ئۆفیسی كهركوكی كۆمسیۆن لەبارەی ناڕەزایی هاوپەیمانی عەرەبی و بەرەی توركمانی، وتی "زانیارییەكانیان راست نین، هیچ كەسێك لە دەنگدان بێبەش نابێت و ئەو ناوچانەش كە ئەوان دەڵێن نا ئارامە راست نییە، هەموو بنكەكانمان كراوەن و ناوچەكە سەقامگیرە، تەنیا یەك بنكەی دەنگدانمان لە گوندی مەلا عەبدوڵا لە باشوری خۆرئاوای كەركوك داخستووە، ئەوەش لەبەرئەوەی تەنیا نۆ خێزان لەو گوندە هەبون".
وتیشی "تەنیا 100 كارتی دەنگدان لەلایەن كۆمسیۆنەوە راگیراون، ئەوەش لەبەرئەوەی ناوی دوبارەی تیایە، ئەوان باسی 50 هەزار كارت دەكەن دڵنیاتان دەكەمەوە كە هەموو ئەو زانیارییانە ناڕاستن".
تەنیا 100 كارتی دەنگدان لەلایەن كۆمسیۆنەوە راگیراون، ئەوەش لەبەرئەوەی ناوی دوبارەی تیایە
ئەو كێشمەكێشەی نێوان كۆمسیۆنی هەڵبژاردن و پێكهاتە جیاوازەكانی شاری كەركوك هاوكاتە لەگەڵ نزیكبونەوەی هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمان كە بڕیارە لە 10ی تشرینی یەكەمی 2021دا بەڕێوەبچێت.