زیانلێكەوتوانی ئاگرەكەی كەمپی شاریا؛ ژیانێكی نوێی ئاوارەیی دەستپێدەكەنەوە، "بەبێ ترس لە ئاگر و بارانی زستان"، چونكە لەبری خێوەت ئەمجارە شوێنی مانەوەیان بە بلۆك دروستكراوە.
136 خێزانی ئاوارەی نیشتەجێی كەمپی شاریا، كە ئێزیدی خەڵكی شنگال و ناوچەكانی دیكەی نەینەوا بون، لە ناوەڕاستی مانگی رابردوو بەدواوە چونەتە نێو خانوی بە بلۆك دروستكراوەوە، دوای ئەوەی خێوەت و ناوماڵەكانیان لە روداوێكدا بە تەواوی سوتا.
بەپێی ئامارە رەسمییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، 4ی حوزەیرانی 2021 لە روداوێكی ئاگركەوتنەوەدا، 288 خێوەتی كەمپی شاریا بە تەواوی ناوماڵەوە سوتان، كە شوێنی مانەوەی 136 خێزان بووە و 90 خێزانی دیكەش بەشێك لە خێوەت و كەلوپەلەكانیان سوتا.
"زۆر دڵخۆشین لە خێوەت رزگارمان بوو، هەرچەندە ئاگركەوتنەوە سنوری نییە، بەڵام ئەو ترسەمان نەما، ئێستا شەو و رۆژ بە ئارامی و بێ دودڵی دەژین" ئیبراهیم خەلیل موراد، نیشتەجێی كەمپی شاریا بۆ (كەركوك ناو) وای وت.
لەمساڵدا چەندین روداوی دیكەی ئاگركەوتنەوە لە كەمپەكانی ئاوارەییدا رویانداوە كە بەهۆیەوە زیانی گیانی و ماددی لێكەوتۆتەوە.
ئیبراهیم خەلیل، ئاوارەی شنگالە و چەند ساڵێكە لە كەمپە، یەكێك لە زیانلێكەوتوان و جگە لە كەلوپەلی ناوماڵ، چوار ملیۆن دیناریشی لە ئاگرەكەدا سوتاوە وەك خۆی دەڵێت.
"نزیكەی چوار ملیۆن دینارم وەك قەرەبوو وەرگرتووە، لەگەڵ زۆر كەلوپەلی تری ناوماڵ، گلەییمان نییە" ئیبراهیم وای وت.
داواكارییەكی سەرەكی كەمپەكانی ئاوارەیی پێش ئاگرەكە و دواتریش دروستكردنی شوێنی مانەوەیان بوو بە بلۆك لەبری خێوەت، بەوپێیەی لە هاوین مەترسی ئاگركەوتنەوە و لە زستانیشدا بەهۆی بارانی باخوڕ و لافاوەوە دەكەونە بارودۆخی سەخت و پڕ لە مەترسییەوە.
لێپرسراوانی پەیوەندیدار بە دۆسیەی ئاوارەكان دوای ئاگرەكەی شاریا بڕیاریاندا خێوەتی زیانلێكەوتوان بگۆڕن بە بلۆك.
"جگە لەو چوار ملیۆن دینارە، بەفرگرە، موبەریدە، جلشۆر، تانكی ئاو و قاپ و پێداویستی دیكەمان پێدراوە، ئێستا لە ماڵە نوێیەكەماندا زۆر دڵخۆشین" ئەلیاس مەحمود حەجی وای وت.
نزیكەی چوار ملیۆن دینارم وەك قەرەبوو وەرگرتووە، لەگەڵ زۆر كەلوپەلی تری ناوماڵ
بەپێی راپۆرتێكی پێشتری (كەركوك ناو) دوای ئاگرەكە نزیكەی 130 ملیۆن دینتار و چەندین پێداویستی دیكەی ناوماڵ وەك هاوكاری بۆ زیانلێكەوتوانی كەمپی شاریا كۆكرانەوە.
ئەلیاس حەوت ساڵە لە شاریا دەژی و لە ئاگرەكەدا هیچی بۆ دەرنەچووە، بۆیە خانوی لەناو كەمپدا پێدراوە، ژورێكی چوار بەچوار مەتر و مەتبەغێكی بچوكی بۆ دروستكراوە.
لە كەمپی شاریا تەنیا زیانلێكەوتوانی ئاگرەكە خێوەتەكانیان كراوە بە بلۆك و ئاوارەكانی دیكە لە هەمان كەمپ و كەمپەكانی تر هێشتا ئەو بڕیارە نایانگرێتەوە.
له ههرێمی كوردستان 26 كهمپی ئاوارهیی و 10 كهمپی پهنابهری ههن.
كاروان زەكی، لێپرسراوی ڕاگەیاندنی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەكان – سەرپەرشتی دۆسیەی ئاوارەكانی هەرێمی كوردستان دەكەن – بە ( كەركوك ناو )ی وت "لە 38 رۆژدا توانراوە خانوو بۆ 136 خێزانی زیانلێ:ەوتوو دروستبكرێت و هەموو شتێكیان بۆ دابینبكرێت، ئێستاش ژیانی ئەوان ئاسایی بۆتەوە".
كهمپی شاریا له قهزای سێمێلی پارێزگای دهۆكه، دوو هەزار و 309 خێزانی تێدایە، كە لە 12 هەزار و 163 كەس پێكهاتون.
هەكار محەمەد، بەڕێوەبەری كەمپی شاریا بە (كەركوك ناو)ی وت "خێزانە زیانلێكەوتوەكان گەڕاونەتەوە شوێنی خۆیان، لەجیاتی خێوەت خانویان بۆ دروستكراوە بە بلۆك".
هەروەها رونیكردەوە هەر خێزانێكی شەش كەسی یان كەمتر، ژورێك و مەتبەغێكی بۆ دروستكراوە، هەر خێزانێكی شەش تا 15 كەسی دوو ژور و مەتبەخێك، هەر خێزانێكیشی گەورەی سەروو 15 كەسیش سێ ژور و مەتبەخێكی پێدراوە.
لە هاوكارییەكانیشدا هەر خێزانێك نزیكەی چوار ملیۆن دینار و پێداویستی ناوماڵی پێدراوە لە ئامێرە كارەباییەكان و شمەكی دیكە.
هەكار محەمەد وتی "بڕیار هەیە هەموو خێمەكان بكرێن بە بلۆك، بەڵام چاوەڕێی وردەكاری و رێنماییەكانی دیكەی حكومەتیان بۆ جێبەجێكردنی ئەو بڕیارە، چونكە ئاوارەكانی دیكەش رۆژانە پرسیار دەكەن و دەیانەوێت خیوەتەكانیان بكرێت بە بلۆك، كە بێگومان كاریگەری زۆری دەبێت لەسەر كەمكردنەوەی ئاگر و زیانەكانی".
له ههرێمی كوردستان، زیاتر له 664 هەزار ئاواره ههن و سهدا 30یان له پێكهاتهی ئێزیدین كه زۆرینهیان خهڵكی نهینهوان به تایبهت قهزای شنگال، بهپێی دوایین ئامارهكانی ناوهندی هاوبهشی ههماههنگی قهیرانهكان سەر بە وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان.