كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان لە كەركوك، رەتیدەكاتەوە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق لە پارێزگاكە دوابخات، وەك بەرەی توركمانی و نوێنەرانی عەرەب داوایدەكەن.
ئەو داواكارییە كە كورد بە توندی دژی دەوەستێتەوە، هاوكاتە لەگەڵ هەڵمەتی بانگەشە و نزیكبونەوەی وادەی هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمان، كە بڕیارە لە 10ی تشرینی یەكەمی 2021 بەڕێوەبچێت.
توركمان و عەرەب بە گومانن
ناڕەزاییەكانی عەرەب و توركمانی كەركوك، كە تا هەفتەكانی پێشوو دژی گۆڕانكارییەكانی ناو ئۆفیسی كەركوكی كۆمسیۆن بوو، لە نوێترین هەنگاودا گۆڕدرا بۆ داوای دواخستنی هەڵبژاردن.
حەسەن تۆران، سەرۆكی بەرەی توركمانی و ئەرشەد ساڵحی، پەرلەمانتار و كاندیدی ئەو حزبە و خالد مەفرەجی، پەرلەمانتار و كاندیدی عەرەب و محەمەد تەمیم، پەرلەمانتار و كاندیدی عەرەب لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی هاوبەشدا، 15ی ئەیلولی 2021، ئەو داواكارییەیان بۆ رایگشتی ئاشكراكرد.
لەو كۆنگرەیەدا كە پەیامنێری (كەركوك ناو) ئامادەی بوو، بەیاننامەیەكی هاوبەش خوێندرایەوە كە تیایدا هاتووە "داوای دواخستنی هەڵبژاردنی كەركوك دەكەین بۆ ماوەی هەفتەیەك، تا بە چاودێری و لەژێر سەرپەرشتی ئەنجومەنی كۆمیسیاران و هەموو چاودێرانی نێودەوڵەتیدا هەڵبژاردن لە پارێزگاكە بەڕێوەبچێت".
هەروەها هۆشداری دەدەن كە ئۆفیسی كەركوكی كۆمسیۆن روبەڕوی پێشێلكاری ئیداری بۆتەوە و "بۆ بەرژەوەندی حزبی و دوبارەكردنەوەی دەرەنجامی هەڵبژاردنەكانی 2018 كاردەكەن" ئەوەش بەپێی بەیاننامەكە.
لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی 2018ی عیراق، لایەنەكانی تورکمان و عەرەب، یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان و ئۆفیسی كەركوكی كۆمسیۆنیان بە "ساختەكاری" تۆمەتباركرد، هەرچەندە ئەو حزبە رەتیكردەوە، بەڵام ئەوان چەندین خۆپیشاندان، مانگرتنیان ئەنجامدا و خێوەتیان لەبەردەم بنکەی جیاکردنەوەی دەنگەکان و كۆمسیۆندا هەڵدا، لە كۆتاییشدا ئەنجامی هەڵبژاردنەكان وەكو خۆی پەسەند کران.
عەرەب و توركمان لە بەیاننامەكەیاندا داوا لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نێردەی نەتەوە یەكگرتوەكان دەكەن "مەترسی بارودۆخی كەركوك بەجددی وەربگرن و هەموو لایەنە پەیوەندیدارەكان ئاگاداربكەنەوە كەركوك لە بارگرژی دوربخەنەوە و رێكاری پێویست بگرنەبەر بۆ گرەنتی پاك و بێگەردی پرۆسەی هەڵبژاردن".
حزب و لایەنە توركمان و عەرەبەكانی كەركوك لە مانگەكانی رابردوشدا چەندین بەیاننامە و كۆنگرەی رۆژنامەوانییان دژی گۆڕانكارییەكانی ناو ئۆفیسی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان هەبووە و گومانیان خستۆتە سەر ستافی ئۆفیسەكە و مەترسییان لە ساختەكاری نیشانداوە.
عەرەب و توركمان لە هەڵبژاردنی رابردوی پەرلەماندا هەر یەكێكیان سێ كورسی بەدەستهێنا لە كۆی 12ی كورسی كەركوك بەبێ كۆتای كریستیان.
كورد چاوەڕێی هەڵبژاردنە
لايەنە كوردییەكانی كەركوك، بەپێچەوانەی توركمان و عەرەبەوە، نەك هەر ناڕەزاییان دژی كۆمسیۆن نییە، بەڵكو بە تەواوی ئامادەیی خۆیان بۆ بەشداری لە هەڵبژاردنیش رادەگەیەنن.
عەلی قەڵایی، لێپرسراوی هەڵبژاردن لە مەڵبەندی كەركوكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە (كەركوك ناو)ی وت "داواكاری ئەو دوو لایەنە (بەرەی توركمانی و نوێنەرانی عەرەب) بۆ دواخستنی هەڵبژاردن جێی سەرسوڕمان و مایەی گاڵتەجاڕیشە، چونكە هەفتەیەك چی لە بابەتەكە دەگۆڕێت، لەكاتێكدا ئێستا مەلەفی ئەمنی و ئیداری و سیاسیش لای ئەوانە و تەنیا بەڕێوەبەری ئۆفیسی كۆمسیۆن كوردە".
ئەو دەڵێت لە دابەشكردنی پۆستەكانی كۆمسیۆندا هاوسەنگی هەیە و دەربارەی گومانی عەرەب و توركمان وتی "دەیانەوێت ئەگەر شكستیان هێنا وەك ساڵی 2018 بیخەنە ئەستۆی كۆمسیۆن، بۆیە ئێمە لەگەڵ ئەو داواكارییەی ئەواندا نین".
لە 8ی حوزەیرانیشدا و دوای گۆڕانكارییەكانی ناو كۆمسیۆن، 16 حزب و لایەنی كوردی لە كۆبونەوەیەكدا جەختیانكردەوە كە ئەوان رێزی تەواو لە بڕیار و رێكارەكانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان دەگرن و گۆڕانكارییەكانیان قبوڵكرد، ئەوەش "لەپێناو هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد لە عیراقدا".
خەسرۆ گۆران، لێپرسراوی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموكراتی كوردستان، كە لە خولی رابردودا بایكۆتی هەڵبژاردنیان كرد و لەمساڵدا بەشداری دەكەن لە كەركوك، ئامادەیی حزبەكەی بۆ پرۆسەكە راگەیاند و دەربارەی ناوچەكانی جێناكۆك وتی "لەو ناوچانە بارمان قورسترە، بۆ نمونە لە كەركوك كێبڕكێمان لەگەڵ پارتە عەرەبییەكان و توركمان و سوننە و شیعەكان و... هتد هەیە، چونكە جگە لەوە پرسی ئێمە لەو ناوچانە پرسی كوردایەتییە و نابێت شتێكی وا بكەین رێژەی كورد بە گشتی كەم بێتەوە" بەپێی میدیای زمانحاڵی پارتی.
هەروەها وتی چەندین سەردانیان بۆ بەغدا و كەركوك و ناوچەكانی تر ئەنجامداوە تا لەگەڵ لایەنە ئەمنییەكان رێكبكەون، گرفت بۆ كاندیدان و دەنگدەران دروستنەكرێت و گیانیان پارێزراو بێت.
كورد لە كەركوك شەش كورسی پەرلەمانی هەیە كە هەمووی لای یەكێتییە.
كۆمسیۆن: هەڵبژاردن دواناخرێت
ئۆفیسی كەركوكی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان، كە پێشتر تۆمەت و گومانەكانیان رەتكردۆتەوە، ئێستاش جەخت لەوەدەكەنەوە هیچ پاساوێك نییە بۆ دواخستنی هەڵبژاردن و ستافەكەش وەك جاران دەوامی خۆیان دەكەن، تا ئامادەكارییەكانی پرۆسەی دەنگدان تەواو بكەن.
لوئەی ئەركان، بەڕێوبەری ئۆفیسی كەركوكی كۆمسیۆن بە (كەركوك ناو)ی وت "بەھیچ شێوەیەک ھەڵبژاردن دواناخرێت، چونكە بڕیاری حكومەت و پەرلەمان هەیە و كۆمسیۆنیش ھەموو ئامادەکارییەكی كردووە لە رۆژی دیاریكردودا پرۆسەكە بەڕێوەبچێت، هیچ هۆكارێكیش نییە بۆ دواخستنی هەڵبژاردن".
كۆمسیۆنی باڵای سهربهخۆی ههڵبژاردنهكان له عیراق، 2ی حوزهیرانی 2021 زنجیرهیهك گۆڕانكاری له پۆسته ئیدارییهكانی ئۆفیسی كهركوكیدا كرد لەوانە لابردنی سهوسهن تهیب لە پێكهاتەی كورد و دانانی لوئهی ئهركان كاكەیی له پۆستی بهڕێوهبهری ئۆفیسی كهركوكی كۆمسیۆن، لەگەڵ گۆڕینی لێپرسراوی بهشهكانی راگەیاندن، تۆماری دەنگدەران، راهێنان، خزمەتگوزاری، بەشی حزبەكان و كاروباری كاندیدەكان، دارایی، یاسایی و كارگێڕی لە پێكهاتە جیاوازەكانی شارەكە.
ئهوه دووهم گۆڕانكاریی بوو له ئۆفیسی كهركوكی كۆمسیۆندا له ماوهی حهوت مانگدا، دوای ئەوەی له سهرهتای تشرینی دوهمی 2020دا پۆستهكان دابهشكرانهوە و ئهوكات سهوسهن تهیب محێدین، وهك بهڕێوهبهری ئۆفیس دهستبهكاربوو له پشكی كورد.
بەڵام ئەو گۆڕانكارییانەش لە ساڵی 2020 ناڕەزایی هەردوو ئەنجومەنی عەرەبی و بەرەی توركمانی بەدواداهات و لە 28ی 12ی هەمان ساڵدا و لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی هاوبەشدا دژایەتی خۆیان بۆ دانانی سەوسەن تەیب لەو پۆستە راگەیاند و جەختیانكردەوە لەوەی "رۆڵی هەبووە لەو ساختەکارییانەی لە هەڵبژاردنەکانی 2018دا رویداوە".
لوئەی ئەركان جەختیكردەوە "ئێستا تیمی نێردەی نەتەوە یەكگرتوەكانیش رۆژانە لەگەڵ ئێمەدا دەوام دەكەن و سەرپەرشتی پرۆسەی ئامادەكارییەكان دەكەن".
بەپێی فەرمانێكی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان لە 14ی ئەیلولی 2021، بڕیاردراوە بە پێكهێنانی لیژنەیەك بە سەرۆكایەتی ئەندامی ئەنجومەنی كۆمیسیاران دادوەر عامر موسا محەمەد و ئەندامێتی چوار كەس لە پێكهاتەكانی كەركوك راوێژكارێكی نێردەی نەتەوە یەكگرتوەكان (یونامی) بۆ سەرپەرشتی ئیدارەدانی ئۆفیسی كەركوكی كۆمسیۆن.
بەڕێوەبەری ئۆفیسی كەركوكی كۆمسیۆن دەڵێت ئەو لیژنەیە لەروی هونەرییەوە سەرپەرشتی ئۆفیسی كەركوك دەكەن و "تا رۆژی دەنگدان لێرە دەبن بۆ ئەوەی هیچ گومان و پاساوێك لەسەر كۆمسیۆن نەبێت لەكاتی بڵاوكردنەوەی ئەنجامەكانی دەنگدان" بەوتەی لوئەی ئەركان، كە جەختیشیكردەوە هیچ گۆڕانكارییەك بەسەر ئەرك و لێپرسراوێتییەكانی ئەواندا نەهاتووە.
لە كۆی زیاتر لە ملیۆنێك و 600 هەزار دانیشتوی كەركوك، زیاتر لە ملیۆنێك هاوڵاتی مافی دەنگدانیان هەیە و 130 كاندیدیش بە سەربەخۆ یان لە چوارچێوەی حزب و هاوپەیمانێتیدا كێبڕكێی بەدەستهێنانی 12 كورسی پشكی پارێزگاكە دەكەن لە كۆی 329 كورسی پەرلەمانی عیراق.