فەرمانگەی سەرچاوە ئاوییەكانی نەینەوا كاردەكات بۆ دروستكردنی دوو بەنداو لە سنوری قەزای شنگال، ئەوانیش وەك چارەسەرێك بۆ وشكبونی چەند سەرچاوەیەكی ئاوی قەزاكە.
لە ئەمساڵدا ژمارەیەك سەرچاوەی ئاوی قەزای شنگال بە تەواوی وشكبون بەهۆی كەمی رێژەی بارانبارین لە زستانی رابردودا، لە نێویاندا سەرچاوەی ئاوی كانی پیرا خای، کانی سارکێ و کانی دەعدۆش، كە هەریەكەیان ئاوی پێویستی ژمارەیەك گوند و ناوچەی شنگالی دابیندەكرد.
وشكبونی ئەو سەرچاوانە و چەند سەرچاوەیەكی تر ئاو، وایكرد فەرمانگەی سەرچاوە ئاوییەكانی نەینەوا بیر لە دۆزینەوەی چارەسەر بكاتەوە. لە نێویاندا دروستكردنی دوو بەنداو بۆ گلدانەوەی ئاوی باران، ئەوەش بەپێی وتەی بەرەکات عیسا، سەرۆکى فەرمانگەى چاندن لە ناحیەى سنونێ لە شنگال.
بەرەكات بە (كەركوك ناو)ی وت "هەفتەى رابردوو لیژنەیەک لە فەرمانگەى سەرچاوە ئاوییەکانى پارێزگاى نەینەوا سەردانى چەند ناوچەیەکی ناحیەی سنونێ-یان كرد. ئامانج لە سەردانەكە دروستكردنی دوو بەنداو بوو لە ناوچەكە بۆ گلدانەوەی ئاوی باران و رزگاركردنی گوند و ناوچەكان لەو بێ ئاوییەی تێیكەوتون".
لیژنەكە هەردوو گەلی كەرسێ و گەلی شیب-یان هەڵبژاردووە بۆ دروستكردنی بەنداو كە نزیكەی 6-9كم لە ناوەندنی ناحیەی سنونێ-وە دورن.
"پشكنینی وردیان كردووە بۆ ئەو دوو گەلی-یە و پێیانوایە دروستكردنی بەنداو لەو شوێنە، چارەسەرێكی باش دەبێت بۆ جێگرتنەوەی وشكبونی سەرچاوەكانی ئاو"، بەرەكات عیسا زیاتر وتی "هەر بەنداوێك بڕی 600 ملیۆن دیناری تێدەچێت و بەرزی هەر بەنداوێك 30 مەترە"، بەبێ ئاماژەدان بەوەی ئەو بەنداوانە توانای گلدانەوەی ئاویان چەند دەبێت.
بەڵام وتی "دروستكردنی ئەو دوو بەنداوە، سودێكی زۆر بە خەڵكی ناوچەكە دەگەیەنێت، بەتایبەت لەڕوی دابینكردنی ئاوی خواردنەوە و كشتوكاڵ، چونكە ئێستا دانیشتووانی ناوچەكە بەدەست كەمی ئاوی خواردنەوە دەناڵێنن".
دروستكردنی ئەو دوو بەنداوە، سودێكی زۆر بە خەڵكی ناوچەكە دەگەیەنێت، بەتایبەت لەڕوی دابینكردنی ئاوی خواردنەوە و كشتوكاڵ
له چوار مانگی سهرهتای 2021دا تهنیا بڕی 101 ملم باران له شنگال باریوە، ئهوهش كهمتر له نیوهی چوار مانگی سهرهتای ساڵی 2020 بووه، كه بڕی بارانبارین گهیشته 311 ملم، بهپێی ئامارهكانی تایبهت به كشتوكاڵی قهزاكه بۆ (كهركوك ناو).
خودێدا چوکی، بەڕێوەبەرى ناحیەى سنونێ بە (کەرکوک ناو)ی وت "دەیانجار بە فەرمى داوامان لە لێپرسراوانی کارگێڕی پارێزگاى نەینەوا كردووە كە ژمارەیەك بەنداومان بۆ دروستبكەن، هەندێك كۆمەڵگەی نیشتەجێبون و گوند هەیە زیاتر لە 30 ساڵە كێشەی كەم ئاویان هەیە، بەڵام ئەمساڵ بە تەواوی وشكەساڵی تەنگی بە دانیشتووان هەڵچنی و حكومەت بە تانكەر ئاوی خواردنەوەی بۆ دابیندەكردن".
"هیوادارین ئەو کارەى کراوە بۆ دروستکردنى دوو بەنداو هەر تەنها بۆ بانگەشەى هەڵبژاردن نەبێت، بەڵکۆ پڕۆژەکە لە ئایندەیەکى نزیكدا بکەوێتە بوارى جێبەجێکردنەوە"، خودێدا چوكی وایوت.
داود عەلی خەڵەف، دانیشتوی گوندی كەرسێ لە چیای شنگال، ئەمساڵ سێ دۆنم توتنی هەبوو لەگەڵ 150 داری هەنجیر، كە سەرچاوەی ئاودانیان كانی پیرا خای بووە.
ئەو لە راپۆرتێكی پێشوتری (كەركوك ناو)دا، وتی "توشی زیانێكی گەورە بوین، ماندوبونی ئەمساڵمان بە فیڕۆ چوو، ئەو كانییە سەرچاوەی ئاوی كشتوكاڵی سەروو سەد خێزان بوو".